سەرەکی » ئاراستە » تەنزە گلەیی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ

تەنزە گلەیی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ

رەوەند چالاک
خۆ بە زل زانین نیە گەر چویت بۆ شوێنێک بە پاس بێت یان تەکسی هەوڵ بدەیت بە پاسێکی\تەکسی پاک و مۆدیل بەرز بڕۆیت چونکە تا ڕادەیەک دڵنیای لەوەی کە جلەکانت پیس نابێت و توشی پاڵنان (کە سەیارەکە پەکی بکەوێت) نابیت!
ئەمڕۆ کە چووم بۆ شوێنێک، بە پاسێک ڕۆشتم (لە ناچاری وپەلەدا) کە پێم وایە ئەم وێنەیەی لەبەرچاودایە زۆر تۆکمەو باشتر بوو لەوەی پێی ڕۆشتم!
بۆیە دەڵێم بەڕێزانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ، ماندوو نەبن بۆ کارەکانتان بەڵام ئەگەر بە ویژدان بم، ئەبێت ئەوەتان پێ بڵێم کە پێویستە لەسەرتان ئەو جۆرە ئۆتۆمبیلانە بە ڕەوا نەزانن کە بۆ خزمەتی گشتی بەکار بێت لەبەر ئەم هۆیانە:
١- دیمەنی دەرەوەی ئەوەندە ناشرینە، گەر لە کاتی نانخواردندا بیرمان بکەوێتەوە یان بەبەرچاوماندا بڕوات، هێڵنج ئەدەین و تێک ئەچین!
٢- کاتێک دەچینە ناوەوە، ئەبێت شایەتومان بهێنین و خۆمان بسپێرین بە خوا!
٣- پاسەکە بریتی بوو لە ٦ تایەو سوکانێک و چەند کوشنێک لە تەنەکەیەکی لاکێشەی گەورەدا، داشبڵی هەر نەمابوو، پێم وایە کابرای سەکن قاچی دەرهێنابوو بۆ ئیشارەت چونکە پاسێکی وەها بێگومان لایتی ئیشارەتی کار ناکات.
٤- کوشنەکانی لە قوماشێک گیرا بوو کە پێم وایە پێشتر خاولی دەستی فیتەر بوبێت!
٥- ئاگرکوژێنەوەیەکی هەڵواسیبوو جگە لەوەی دڵنیام کە بەسەرچوو بوو، ئەوەندە بچوک بوو لەوەنەیە فوو باشتر بوبێت بە جۆرێک گەر مۆبایلێک گڕی بگرتایە نەیدەکوژاندەوە!
٦- جامەکانی هیچی دەسکی نەمابوو، بە پارچە شووشەو چەسپ دەسکی بۆ دروست کردبوو کە من بەمناڵیی لەوە جوانترم دروست ئەکرد لە هەشتاکاندا…!
٧. وابزانم شاسی عەرەبانەی مەکینەی لێ بەسترا بوو چونکە کە ئەیدا لە تاسە وات هەست ئەکرد لە هەڵپەڕکێدایت! واوەیلا بۆ ئافرەتی دوو گیان!
٨- ئەبێت بڵێم کە سودێکی باشیشی هەیە ئەویش ئەوەیە بەو شڕەییەوە وەک ماتۆڕ دەڕوات و زوو دەگەیت چونکە هیچ سەیارەیەکی دەوروبەر ناوێرێت توخنی بکەوێت بۆیە شەقامی بۆ چۆڵ دەکەن!
٩- داماوی تری زۆر هەبوو بەڵاـ هەر ئەوەندەم بیر بوو جگە لەوانەی کە نەمبینیون. ئەوەی جێی سەرنج بوو بە لامەوە ئەوە بوو کە کابرای شۆفێر لە من پۆشتەو کەشخە تر بوو، ئەمووت تۆ بڵێی مامۆستای زانکۆ نەبێت و دەرەقەتی گرانیی نەیەت؟!
بەڕێزانی هاتوچۆ، بڕوا بکەن ئەوە خزمەتگوزاری نیە لە ساڵێ ٢٠١٨دا! ئاخر ئەو میللەتە گوناهی چیە کە ناچاری ئامێرێکی گواستنەوەی وەها بێت؟
دەکرێت ئەمە چارەسەر بکرێت و هەلی کار بۆ کۆمەڵیک خەڵک و خزمەتێکی چاک بە حکومەت بکات بەوەی کە پاسی مۆدیل بەرز و پاک و خاوێن لە بودجەی خۆی تەرخان بکات بۆ هێڵەکانی و بە تەندەر بیدات بە شۆفێران لەسەر بنەمای ئەزموون و نەبوونی سزاو هەندێک پێوەری تر (کە بێگومان بە لیژنە باشتر دیاری دەکرێت) وە لە بەرامبەردا بە پێی بوونی نەفەر لە هێڵە جیاوازەکان، مانگانە یان ساڵانە بڕێک لە دەستکەوتی شۆفێر بگەڕێندرێتەوە بۆ داهاتی گشتی، لێرەدا هەم حکومەت قازانج دەکات هەم هەلی کار بۆ کۆمەڵێک خەڵکی بێ کار مسۆگەر دەبێت ئەمە جگە لەوەی خزمەتە بە شار و هەرێمەکە. وە دەکرێت ئەوەی خۆی پاسی هەیە ئێستا، بە مراندنی ئەوەی خۆی و دانانی پاسێکی نوێ لە جیاتی بەرامبەر بە قیستی درێژ خایەن و پێدانی قازانج بە حکومەت وەریگرێت، بەم شێوەیە سیمای شارەکە جوانتر دەبێت و وە قەیرانی شەقامەکانیش تا ڕادەیەک چارەسەر دەکات چونکە زۆر لە هاوڵاتیانم دوواندووە کە زۆربەی زۆریان لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە پاس بەکار ناهێنن بۆ هاتوچۆیان.
لە کۆتاییدا دەڵێم حکومەت خۆی خاوەنی چەندین شارەزا و ئەندازیارە بۆ چارەسەرکردنی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە بە هەموو شێوەکانیەوە بە دانانی لیژنەی تایبەت بەو بوارانە کەواتە دەتوانێت گەر بیەوێت کاری باش و فەرمیی تێدا بکات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

موحسین بایز و مه‌جیدی حاجی عه‌لی

ئاوات كۆكه‌یی موحسین بایز فه‌رمانده‌و تێكۆشه‌ری كۆچكردوو محسین بایز یه‌كێكه‌ ...