سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » لووتکەی دەوڵەمەندەکان

لووتکەی دەوڵەمەندەکان

لووتکەی بیست یان G20 ، ساڵی 1999 دەرئەنجامی قەیرانبی دارایی لە دونیادا هاتە ئاراوە، مەبەست لە هێنانەکایەی ئەم لووتکەیە یان ئەم گروپە، چارەسەری کێشە دارایی و ئابوورییەکان و دەستگیرۆیی کردنی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و بیرکردنەوەش لەو وڵاتە نەدار و فەقیرحاڵەکان بوو، یەکەم کۆبوونەوەش پایزی ساڵی 2008 بوو.
وڵاتانی بەشداربوی ئەم لووتکەیە بە ژمارەی دانیشتوانی 2/3 ی دانیشتوانی جیهانن، 2/3 بازرگانی جیهانیان بەدەستەوەیە ، هەر پێنچ وڵاتەکەی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی تێدایە، وەلحال « واتە» بەشێکی گەورەی چارەنووسی وڵاتانی جیهان بە دەست ئەم گروپەوەیە.
هەموو کۆبونەوەکانی ئەم گروپە تا ئێستا، مەبەستەکەی واگوتراوە، کە کێشە ئابورییەکانی جیهان، گرفتەکانی ئاووهەواو ژینگە، کەمکردنەوەی فەقیری و نەداری، چارەسەر دەکات، بەڵام لە راستیشدا تا ئێستا هیچ یەکێک لەو گرفتانە چارەسەر نەبوون، بە پێچەوانەوە گرفتی گەورەی تر بەرۆکی جیهانی گرتووە.
سەرانی ئەو گروپە و سەرۆکی ژمارەیەک رێکخراوی جیهانی لە کاتێک دا لە ئەرجەنتین کۆدەبنەوە، 860 ملیۆن مرۆڤ بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنێ، کە دەکاتە 1/8 ی دانیشتوانی گۆی زەوی، 138 ملیۆن منداڵ روبەرووی مەترسی کەم خۆراکی بونەتەوە، دەیانە وڵاتی فەقیر هەن بەتایبەتی لە ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین.
کێشەی پیسبونی ژینگە و قەتیس بونی گەرما وەکو خۆیانن و بێ چارەسەرن، شەڕو ئاژاوەو بێ ئارامی بەرۆکی چەندین وڵاتی گرتوە، زۆربەی وڵاتە زلهێزەکان بەتایبەتیش ئەمریکا، بە ویستی خۆیان و بە پێوانەی بەرژەوەندییەکانیان سیاسەت دەکەن و مامەڵە لەگەڵ وڵاتە بچوکەکان دەکەن، بەداخەوە ئەوان لە چاوی قازانجی ئابوری خۆیانەوە مەرحەبای وڵاتانی تر دەکەن و رووداوەکان هەڵدەسەنگێنن.
لووتکەی بیست تاکو ئێستا نەیتوانیوە کێشەی برسێتی و نەداری و سەدان ملیۆن کەس لە دونیادا چارەسەر بکات، تادێت سەرمایەی دونیا لەدەست چەند وڵاتێک و لەدەست چەند سەد کەسێک دا کۆدەبێتەوە.
لووتکەی بیست، جگە لە تأکیدکردنەوەی باڵا دەستی وڵاتانی سەرمایەدار و کۆبونەوەی داهاتی دونیا لە بانکی زلهێزەکاندا و سوربونیان لەسەر سەپاندنی سیاسەتی خۆیان و تێپەڕاندنی بەرنامەی خۆیان، هیچ چارەسەرێکی ئەوتۆیان نەخستۆتە روو بۆ کێشەکانی فەقیری و ناعەداڵەتی و کەشوهەواوژینگە و کێشە ئابورییەکان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كارێكی باشە، بەڵام!

(1) ماوەی چەند ساڵێكە، بەرهەمی ناوخۆ لەچاوخۆیدا زیادی كردووە‌و لەمەشدا ...