سەرەکی » وتار » د.كاوە رەزا » حكومەتەكەی برا گەورە

کلیک

حكومەتەكەی برا گەورە

(7)

برا گەورە ئەو نازناوەیە كە پارتییەكان، لە مەسرور بارزانی، راسپێردراوی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان ناوە، دیارە مەبەست لەم نازناوە دوو لایەنە، لەلایەك دەگەڕێتەوە بۆ خودی ناوبراو كە كوڕە گەورەی مەسعود بارزانییە، لەلایەكی دیكە بۆ هاوسۆزەكانی پارتی كە بە برا گەورەی خۆیانی ئەزانن.
بەڵام روون نییە، برا گەورە لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا بە برا گەورەی هەموو پارتییەكان دەمێنێتەوە یاخود دەبێتە فاكتەری دابەشكاریی نێوان پارتییەكان‌و لە رووی وەلاو بەرائەتەوە تەنها بە برا گەورەی هەندێكیان دەمێنێتەوە، چونكە راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان دۆستانی خۆیی‌و بارزانی ئامۆزادا هەروا ئاسان نییە‌و دەستنیشانكردنی پۆستە وەزارییەكان سەنگی مەحەكی مانەوەی نازناوی برا گەورەیە لە نێوان دۆست‌و نەیارانی نێو حزبدا.
هەرچی تێڕوانینی لایەنەكانە لەسەرووی هەمووشیانەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان, بە تەمومژاوی سەیری كەسێتیی بارزانی كوڕ دەكەن‌و بە جیاوازی بارزانی برازا لە شێوازی حكومڕانیكردنی كوردستاندا دوودڵن‌و بەرچاوڕوون نین، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری حزب‌و لایەنە سیاسییەكان شارەزاییەكی ئەوتۆیان نییە لەسەر مەسرور بارزانی. بە وریایی‌و ئامادەباشییەوە مامەڵە لە بەشداریكردن یان نەكردن دەكەن، هەرچەندە بە تێڕوانینی ئێمە هەریەكە لە یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی حوكمڕانی دەكەن‌و یەكلابوونەتەوە.
ئەوەی دەربارەی بارزانی كوڕ دەزانرێت تەنها لەو گۆشەنیگایەوەیە، كە ناوبراو كەسێكی ئەمنییە، بە جیاوازیی نێچیرڤان بارزانی كەمتر كراوەترو موجامەلەكارو خۆش مەشرەبە، بەڵام ناتوانرێت حاشا لەوە بكرێت، كە ناوبراو كەسایەتییەكە بەشداری سەدان خولی لە بواری ئیداری‌و سیخوڕی‌و سەربازی‌و دیپلۆماسی‌و سیاسیدا لە ئاستی وڵاتانی جیهاندا كردووە، كە دەكرێت یارمەتیدەرێكی باش بێت گەربێتو بتوانێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ هێزو لایەنەكاندا پراكتیزەی بكات، بەڵام ئاستی سوودبینین لەو خولانەو رەنگدانەوەی لە ژیانی سیاسی‌و حوكمڕانیدا پرسیارێكە لە ئایندەدا وەڵامەكەی دەستەبەردەبێت، بۆیە لەم تێگەیشتنەوە رووندەبێتەوە كە پێكهێنانی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی ئاسانەو درێژەكێشانیشی قورسە.
بەو پێیەی مەسرور بارزانی لەبەردەم یەكەم ئەزموونی حكومڕانیدایە، ئەوا بەرچاوی لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا گەر لە بەرچاوی لایەنەكانی تر تەمومژاویتر نەبێت، روونتر نییە، سەرەڕای كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی بەتایبەتیش لایەنگرانی نێچیرڤان بارزانی كە چاوەڕواندەكرێت ئەركەكەی قورستر بكات، لەگەڵ لایەنەكانی تریشدا گەر نەتوانێت ژیرانە مامەڵە بكات، ئەوا كوردستان بەرەو ئایندەیەكی تەمومژاوی‌و هەڵدێرو چارەنووس نادیار دەبات، بەمەش كار لەكار ئەترازێت‌و هەموو لایەك لە چاوەڕوانییە باشەكان نائومێد دەكات!!!
پەیوەندییەكانی مەسرور بارزانی لە هەندێك رووەوە ناشەفافە، بەتایبەتی لە شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ هەریەك لە ئێران‌و توركیاو سوریاو عیراقدا، دروستبوونی لاسەنگیش لەگەڵ هەریەك لەو وڵاتانەدا كاریگەری راستەوخۆی دەبێت بۆ سەر كۆی پرۆسەی سیاسی‌و ئابووری هەرێمی كوردستان، ئەمەش بەڵگەی خودی كەناڵەكەی، كە بە ئاشكرا لە رووی هاوسۆزی بۆ كوردەكانی سوریاو توركیاو گواستنەوەی چالاكییەكانیان‌و سەركەوتنەكانیان، هەست بە جیاوازیی تێڕوانینی ئەم كارەكتەرە دەكرێت، بەپێچەوانەی كەناڵەكەی نێچیرڤان بارزانی كە هەمیشە هاوسۆزی بۆ توركیاو رەجەب تەیب ئەردۆگانە.
كەیسی كۆنترۆڵكردنی نەوت، داهاتووی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان‌و ئایندەی پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداو كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان لە سەرەكیترین ئەو ئاڵنگارییانەن كە رووبەڕووی كابینەكەی مەسرور بارزانی دەبنەوە، چونكە هەریەكە لەو كەیسانە ئاراستەی حكومڕانی لە كوردستان بەتەواوی دیاری دەكەن، كۆنتڕۆڵكردن‌و سەقامگیری هەریەكە لەو كەیسانە گەواهیدەری باش‌و خراپی چوار ساڵی حكومەتەكەی مەسرور بارزانییە، ئەوەش وابەستەیە بە شێوازی ئیدارەدانی پەیوەندیی ناوخۆیی‌و هەرێمی‌و نێودەوڵەتی ئەم حكومەتەوە بەوانی دیكەوە.
سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەكان بۆ حكومەتەكەی مەسرور بارزانی، چاوەڕوان دەكرێت، بەسوودوەرگرتنی هەموولایەك لەهەڵەكانی رابردوو حكومەتێكی بوژاوەی سەقامگیرو شەفافترو بێ‌ تەنگ‌و چەڵەمەی لایەنەكان بێت، جگە لەوەش برا گەورەكەی پارتییەكان دەكرێت هەموو هەوڵەكانی خۆی بخاتەگەڕ تا ئەزموونێكی نوێ‌ پێشكەشی هەموو لایەك بكات، بۆئەوەی مانەوە لە پۆستەكەیدا بۆ چوار ساڵی تر مسۆگەر بكات، بۆیە چوار ساڵەكەی مەسرور بارزانی، یان كوردستان دەكاتە كوردستانێكی بەهێزترو سەربەخۆتر، یاخود دووئیدارەبوونی كوردستان دەكاتە دیفاكتۆو ئەمری واقیع.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كەركوك‌ و پارێزگارێكی سەربەخۆ

(11) كەركوك ئەو شارەی بەدرێژایی مێژوو، كورد خوێنی بۆ رشتووەو ...