سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » لە بەشە میراتدا داوای یەکسانی لەگەڵ پیاوان دەکەن

بەهاری ژنانی مسوڵمان لە تونسەوە سەری هەڵدا

لە بەشە میراتدا داوای یەکسانی لەگەڵ پیاوان دەکەن

تونس پێشەنگی وڵاتە عەرەبیەکانە لە بواری مافەکانی ژنان و بە پێی دەستورەکەی کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنە و لە ساڵی ١٩٥٦ داڕێژراوە، فرە ژنی تێدا قەدەغەکراوە، ژن و پیاو یەکسانن لە کارکردن و بەرهەمهێنان و ئەرک و مافەکانیاندا، لە ساڵی ١٩٩٨ ئەو بەندە خرایە ناو دەستورەوە کە ژن ومێرد وەک یەک مافی موڵکایەتی ناو ماڵ و خانوبەرەو زەوی و زاریان هەیە لە کاتی جیابونەوەیان لە یەکتر دەبێت وەک یەک حیسابیان بۆ بکرێت، لە ساڵی ٢٠١٤ ەو دوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و لە هەموارکردنەوەی دەستورەکەیدا دیسان ئەوە دوپاتکراوەتەوە کە یەکسانی ژن و پیاو لەو وڵاتە شتێک نییە گفتوگۆی لەسەر بێ و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بیخەنە بواری پراکتیزەوە، ساڵی پاریش هەمدیسان پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە پڕۆژە بریارێک سزای توندی بۆ ئەو کەسانە دیاریکرد کە توندوتیژی دژ بە ژنان دەکەن. ئەم پرسە لە نێوەندە سیاسی و ئاینیەکانی وڵات و دەرەوەی وڵات بە تایبەتی لە دونیای عەرەبی و ئیسلامیدا مشتومرێکی زۆری دروستکردوە. نەیارانی بە حەرامی دادەنێن و نەوال سەعداوی بیرمەندی ناسراوی میسریش، بە هەنگاوێکی گەورەی دادەنێت.

پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات
لە ژێر فشاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تایبەت بە مافەکانی ژنان و چالاکوانان لەم ماوەیە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەت بڕیاریدا کە ژنان لە بەشکردنی میراتدا مافی وەکیان هەبێت لەگەڵ پیاوان ، بڕیاریشە لە ماوەی نزیکی داهاتودا پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات وببێتە بڕیار.

هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە
ئەم پرسە لە نێوەندە سیاسی و ئاینیەکانی وڵات و دەرەوەی وڵات بە تایبەتی لە دونیای عەرەبی و ئیسلامیدا مشتومرێکی زۆری دروستکردوە، داکۆکیکەرانی پێیان وایە کە ئێستا زەمان گۆڕاوە و دەبێت ژنان لە ئەرک و مافەکانیاندا لەگەڵ پیاوان یەکسان بن، کاتێک ژن وەک پیاو لە دەرەوەو ماڵەوە کار بکات و ئەرکی پەیداکردنی بژێوی ژیان جێبەجێ بکات ،بۆ دەبێ لە مافەکاندا نیوەی پیاوان بێت.

نابێت ئاین تێکەڵاوی یاساکانی وڵات بکرێت
هەروەها بونیاتنەرانی بیرۆکەی وەک یەکی لە میرات دابەشکردندا دەڵێن، ڕاستە تونس وڵاتێکی ئیسلامیە بەڵام ئاین تایبەتە بە تاک و نابێت تێکەڵاوی دەستورو سیاسەت بکرێت « باجی قائد سەبەسی» سەرۆکی وڵات و سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک وەزیر پشتیوانی لەو بۆچونە دەکەن، دکتۆرە « نەوال سەعداوی» نوسەر و ڕوناکبیر و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لەگەڵ ئەم بۆچونەدایە و بە هەنگاوێکی مەزنی دەزانێت.

هەندێک دەڵێن ئەوە حەرامە؟
بەڵام نەیارانیان پێیان وایە ئەوە لادانە لە ئیسلام و ئاینەکەمان پشکی میراتی بە هەر یەکێک لە ئەندامانی خێزان دیاریکردوەو نابێت دەستکاری بکرێت، نەیارانی ئەو پرسە هەوڵدەدەن زۆرترین پشتیوانی بۆ خۆیان کۆبکەنەوە، بۆیە لەمڕۆژانە زانایانی ئەزهەر و دەزگا ئاینیە عەرەبیەکان هاتونەتە دەنگ و بەیاننامەیان لەسەر بڵاوکردۆتەوە، بەڵام لەوەناچی کاریگەی نەرێنی بکاتە سەر رای گشتی و زۆرینەی تونسیەکان پێیان وایە ئەم مەسەلەیە کێشەیەکی ناوخۆییە و هەر خۆیان دەتوانن بڕیاری لێ بددەن، دەشڵێن، زانایانی ئەزهەر بۆیان نییە چارەنوسی ژنانی تونسی دیاری بکەن.

زۆرینە لەگەڵ پڕۆژەکەیە
لە ناو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان « نیدای تونسی و ئیئتیلافی نیشتیمانی و ڕەوتی دیموکراتی و بەرەی گەل « ئەو بۆچوونە پەسەند دەکەن کە سەرۆکی خێزان بۆی هەبێت ئەوە دیاری بکات کە ئایا وەک یەک بن یان کوڕ دوو ئەوەندە کچ بێت، بەڵام کێشەکە لە وەدایە دەیانەوێت بۆ حاڵەتی ڕەتکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە چ بکرێت.

بڕیارەکە دەدرێت
ڕەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانتاران کۆکراوەتەوە لەسەر یەکسانی ژن و پیاو ئەم پرسە پێویستی بە ١٠٩ دەنگ هەیە تا ببێتە بڕیار و پێدەچێت بەم زوانە یەکلایی بکرێتەوەو تونس دیسان ببێتەوە بە پێشەنگی هەموو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان لە بوارەکانی مافەکانی ژنان و شانازیەکی تر بۆ خۆی تۆمار بکات.

سەرچاوە :DW ، Faz net،France Press

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

جیهان و پڕۆژە نوێكەی چین

لە 25/26 لە پكینی پایتەختی چین، دووەمین كۆڕبەندی «پشتوێن و ...