سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » هه‌موو ڕێگاكان ده‌چنه‌وه‌سه‌ر بیره‌ نه‌وتێك !

هه‌موو ڕێگاكان ده‌چنه‌وه‌سه‌ر بیره‌ نه‌وتێك !

هه‌نوكه‌ سیاسه‌تی زلهێزه‌كانی جیهان له‌ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌ڕوات له‌و هێز و پارتانه‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌ كه‌ داهاتی‌ هه‌رێمێك یان نه‌وت و سه‌رچاوه‌ی سروشتی وڵاته‌كانیان له‌لایه‌ و مامه‌ڵه‌ی بازرگانی‌ پێوه‌ده‌كه‌ن.
هه‌ر هێزێك بتوانێت ئه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتیانه‌ بخاته‌ خزمه‌ت زلهێزێكه‌وه‌، ئه‌وا به‌پێوه‌ری‌ به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان گه‌وره‌ ده‌كرێـت و ده‌بێته‌ ده‌سه‌ڵاتدارو بڕیارده‌ری‌ ناوخۆی وڵات و هه‌ندێكجاریش وه‌ك هێزی خاوه‌ن پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر په‌ل بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌هاوێژێت و به‌شداری‌ له‌سیاسه‌ت و جوڵه‌ سیاسییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌یشدا ده‌كات.
به‌واتایه‌كیتر، زۆربه‌ی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌شێوه‌ی‌ سروشتی سیاسیانه‌ یان به‌پێوه‌ری‌ تێگه‌شتنی هاوڵاتیان له‌ كارو به‌رنامه‌و پرۆژه‌یان گه‌وره‌ نه‌بوونه‌، ئه‌م هێزانه‌ به‌ڕێگه‌ی‌ ناسیاسی! گه‌وره‌ بوونه‌ و سه‌رچاوه‌ی ئابووری‌ وڵاتیان له‌پێناو گه‌وره‌بوونی خۆیاندا به‌كارهێناوه‌ تاكو به‌و ڕاده‌یه‌ گه‌وره‌ ببن و به‌هێز ببن كه‌ به‌هێزی بچووك و ئۆپۆزیسیۆنێكی لاواز و بێ كاریگه‌ر توشی ڕاچڵه‌كین و له‌رزین نه‌بنه‌وه‌
ئال سعود و سه‌رانی ده‌سه‌ڵات له‌ سعودیه‌ یه‌كێكن له‌دیارترینی ئه‌و وێنه‌ واقیعییه‌ی‌ هه‌ستی پێده‌كرێت و ده‌بینرێت، ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ تاكو ئابوری‌ وڵات به‌ده‌ستیانه‌وه‌ بێت و نه‌وتی سعودیه‌ بخه‌نه‌ خزمه‌ت خۆیانه‌وه‌ وه‌ك سه‌رداری‌ سعودیه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و هه‌ر بڕیارده‌ری سعودیه‌ ده‌بن، چونكه‌ له‌ساڵی 1973 ه‌وه‌ ئیدی به‌شێكن له‌پیلان و به‌رنامه‌ی‌ ئه‌مریكای‌ زلهێز بۆ گه‌وره‌بوون و ده‌سه‌ڵاتی‌ ڕه‌های‌ ناوخۆی‌ سعودیه‌و هه‌ندێكجاریش له‌ناوچه‌كه‌دا، له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌بێت ئه‌مریكا ده‌ستی بگاته‌ نه‌وتی سعودیه‌و هه‌روایش بوو. ئه‌وه‌تا ئێستا سعودیه‌ و به‌تایبه‌ت میر محه‌مه‌د بن سه‌لمان به‌كاری‌ تیرۆركردنی جه‌مال خاشقچی تێوه‌ گلاوه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نه‌وت له‌ژێر ده‌ستی میری سعودیه‌دایه‌ و ئه‌مریكایش له‌م پارووه‌ چه‌وره‌ ده‌ستی لێساوه‌ته‌وه‌! ئه‌وه‌تا ئه‌مریكا و به‌تایبه‌ت دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌دیدارێكی كه‌ناڵی‌ (ئێن بی سی)دا بێبه‌ریبوونی محه‌مه‌د بن سه‌لمان له‌ڕووداوه‌كه‌ پیشان ده‌دات و ئه‌مریكاو خودی ترامپیش ده‌یه‌وێت له‌پێناو نه‌وت ڕووداوی خاشقچی بشارێته‌وه‌.
به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌گوزه‌رێت ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ سیاسه‌ت و هونه‌ری‌ مامه‌ڵه‌كردن نییه‌ له‌نێوان وڵاتاندا كه‌ ئایا كه‌شێكی ئارام له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌گوزه‌رێت یاخود كه‌شێكی پڕ توندوتیژی و نائارامی باڵ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا ده‌كێشێت. ئێستا نه‌وت و بازرگانی‌ به‌نه‌وته‌وه‌ له‌نێوان وڵاتاندا بووه‌ته‌ جێگره‌وه‌ی سیاسیه‌ت, ئه‌وه‌ نه‌وت و شیرینییه‌كانی‌ نه‌وته‌ جێگای‌ به‌موماره‌سه‌ی سیاسه‌ت و جوڵه‌ی‌ سیاسی چۆڵ كردووه‌، واته‌ نه‌وت ده‌توانێت ئارامی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ر نه‌وتیش ده‌توانێت نائارامی له‌ناوچه‌كه‌دا دروست بكات.
له‌م ژینگه‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌دا نه‌وت ده‌توانێت هێزێكی چه‌پۆكه‌دراوی لاوازكراو له‌دۆخێكی بچوكه‌وه‌ گه‌وره‌ بكات بۆ هێزێكی گه‌وره‌ی به‌هه‌ژموون و به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ هێزێكی گه‌وره‌ له‌لوتكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدا بچوك بكاته‌وه‌ بۆ دامێن و بیخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هاوكێشه‌كان. ئێستا پرۆتۆكۆڵات و زۆرو كه‌می نه‌وت لینكی نێوان وڵاتانه‌ به‌جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ و نه‌وت ده‌توانێت دۆخی جه‌نگ دروست بكات و نه‌وتیش ده‌توانێت دوو وڵات بباته‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ و ئاشتی به‌رقه‌رار بكات. به‌ته‌عبیره‌ كوردییه‌كه‌ هه‌موو ڕێگاكان ده‌چنه‌وه‌سه‌ر بیره‌ نه‌وتێك ! هه‌ر كێشه‌ و دانیشتن و مێزگرد و پێكهاتنێكی سیاسی ئه‌گه‌ر بیره‌ نه‌وت و شیرینی نه‌وتی تێكه‌وت ئه‌وا زۆر به‌ئاسانی هه‌نگاو به‌ره‌و چاره‌سه‌ری‌ ده‌نێت.
ئه‌وه‌ی‌ له‌م جوڵه‌ ناسیاسییه‌!دا ده‌بینرێت یه‌كێكه‌ له‌ڕه‌نگه‌كانی‌ ته‌وژمی‌ جیهانی‌ سه‌رمایه‌داری‌ كه‌ ئه‌گه‌رچی ده‌بێت له‌م جیهانه‌دا سیاسه‌ت پاشقولگرتن و له‌زه‌ویدانی‌ ئه‌وانیتر بێت، به‌ڵام هه‌موو جوڵه‌ ئابورییه‌كانیش به‌لینكێكی ماكیاڤیللیانه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌م جیهانه‌وه‌ و ئابوری و نه‌وتیش لقێكی ئه‌م جوڵه‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازییه‌ی زلهێزه‌كانه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا. له‌م جیهانه‌دا كه‌ جه‌نگی یونیڤێرساڵێتی زلهێزه‌كانه‌ هیچ هێزێك گه‌وره‌ ناكرێت و ته‌نانه‌ت هیچ هه‌نگاوێكیش به‌ئاراسته‌ی‌ كرانه‌وه‌ی هیچ وڵاتێكیش نانرێت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كی زیاتر و زۆرتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بازرگانی‌ و نه‌وتییه‌كان نه‌بێت.
له‌م نه‌خشه‌ نوێیه‌ی‌ زلهێزه‌كاندا بۆ وڵاتانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست هه‌مان ئه‌و گوته‌زایه‌ ده‌بینینه‌وه‌ كه‌ «یان ده‌بێت یاری بكه‌ن یان ده‌بێت تێكی بده‌ن»، به‌گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌م بۆچوونه‌ بۆسه‌ر بابه‌ته‌كه‌مان، یان ده‌بێت ئه‌م زلهێزانه‌ له‌نه‌وت و سامانی‌ سروشتی وڵاتان به‌شی خۆیان ببه‌ن یان بیانویه‌ك دروست ده‌كه‌ن بۆ سزادان و دژایه‌تیكردنی ئه‌و وڵاتانه‌ی ناچنه‌ژێر داواكارییه‌كانی‌ زلهێزه‌كان. قه‌ته‌رو ئێران دوو له‌و وێنه‌ ڕاسته‌یه‌ كه‌ له‌كاتێكدا ئه‌مریكا ناتوانێت سودیان لێوه‌ربگرێت و ئه‌و دوو وڵاته‌یش له‌گه‌شه‌دان و ئێران په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ سنوره‌كانی‌ سوریا و لوبنان و یه‌مه‌ن و له‌گه‌شه‌ی زیاتردایه‌ و قه‌ته‌ریش وا له‌وڵاتێكی بیاباننشینه‌وه‌ ده‌بێته‌ جوانترین وڵاتی ناوچه‌ی كه‌نداو و له‌دوای‌ ساڵی 1981ی ئه‌نجومه‌نی‌ وڵاتانی‌ كه‌نداوه‌وه‌ له‌وڵاتێكی بێئه‌جێنداوه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ له‌جوانترین شێوازی‌ جیهانیدا و به‌پێشكه‌وتووترین یاریگای جیهان پێشوازی‌ له‌مۆندیالی 2022 بكات، بۆیه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت ئه‌م دوو وڵاته‌ یان بچنه‌ ژێر داواكانی‌ ئه‌مریكا یان لاوازیان بكات ، هه‌ر ئه‌م ویسته‌یش بوو له‌لوتكه‌ی‌ ڕیازی 2017 دا ئه‌مریكا چوار وڵاتی‌ كه‌نداوی‌ دژی قه‌ته‌ر به‌كارهێنا و تاكو ئێستایش یانزده‌ وڵاتی عه‌ره‌بی و كه‌نداو ناكۆكن له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر.
ئه‌م وێنه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ مێژووی‌ ڕابردوو و ئێستای‌ عێراق و كه‌ركوكیش هه‌مان شت بێت كه‌ توركیا چاوی بڕیوه‌ته‌ نه‌وت و خێری بێری كه‌ركوك و به‌رده‌وام شه‌ڕ ده‌خاته‌ناو كه‌ركوكه‌وه‌ له‌پێناو سودی خۆیدا. پاشان ئه‌گه‌ر پێمانوابێت ئه‌مریكا ته‌نها بیانوی جه‌نگی هه‌بوه‌ بۆ ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن ئه‌وه‌ كارێكی لۆژیكی نییه‌. نه‌خێر ئه‌مریكا له‌كۆتاجاردا ڕووداوی‌ 11ی سێبته‌مبه‌ری‌ كرده‌ بیانو بۆ هێرشكردن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستوری‌ ئه‌مریكیدا چه‌سپیوه‌، ئه‌گینا ئه‌مریكا له‌و پێداكوتانه‌ی‌ ڕوسیایش ترساوه‌ كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا له‌گه‌شه‌ی زیاتر و زۆرتردا ده‌بینراو خه‌ریكبوو عێراق له‌ژێر چاودێری ئه‌مریكا بباته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌مریكا نه‌توانێت ده‌ستی بگاته‌ عێراق. له‌باری واقیعیدا ئه‌وه‌ی له‌كه‌نداوی‌ یه‌كه‌مدا ده‌ست ئه‌مریكا كه‌وت بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر عێراق هێنده‌ی‌ بیانووه‌كانی‌ 2003 بوو بۆ ئه‌مریكا، به‌ڵام له‌2003دا ئه‌مریكا گه‌یشته‌ كه‌ناری بێ ئارامی و ئیدی شتێك نه‌ما بۆ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌مریكا. ئیدی ئه‌مریكا له‌وه‌ تێگه‌شت خه‌ریكه‌ عێراق ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌وه‌وه‌و ئیدی بیره‌ نه‌وته‌كان سودیان بۆ ئه‌مریكا نابێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌جه‌نگی عێراقی 2003دا ڕوویدا چه‌نده‌ وه‌ڵامی ڕووداوی‌ 11ی سێپته‌مبه‌ر بوو ئه‌وه‌نده‌ش جه‌نگی نوێكردنه‌وه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكا بوو له‌عێراقدا.

print

 87 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*