سەرەکی » ئابووری » مووچەی وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان‌ و زیندانیان زیاد دەكرێت

دەكرێتە ملیۆنێك و 200 هەزار دینار

مووچەی وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان‌ و زیندانیان زیاد دەكرێت

پێش نیوەڕۆی دوێنێ 8ی 12ی 2018، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزیری كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بە هەوڵەكانی وەزارەت كرد بۆ هاوتاكردنی مووچەی شەهیدان لەگەڵ شەهیدانی عیراق‌و ئاماژەی بەكاری ئەو لێژنەیە كرد كە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ژمارە ٢٦ی ساڵی ٢٠١٨ سەردانی بەغدای كردبوو و رایگەیاند: «داوامان كردووە لەساڵی نوێدا یەكبخرێتەوەو بەو شێوەیەش مووچەكەیان رێكدەخری دوای ئەوەی یاساو رێنمایی‌و سیاسەتە دارایی‌و ئیدارییەكان هەموار دەكرێ».

كاتەكەی دەستنیشان نەكراوە
وتیشی: «لەچەند رۆژی رابردوودا وەفدێكمان سەردانی بەغدا كردو لەكۆبوونەوەیەكدا یاداشتێكیان ئیمزا كردوە كە تێیدا داوای سەرجەم مافەكانی كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و زیندانیان سیاسییان كراوەو لەگەڵ سەرفكردنی زیادەی مووچەكانیشیان كە لەعیراق دابەش دەكرێت».
وتیشی: «بۆ هاوتاكردنی مینحەو ئیمتیازاتەكان‌و هەمواركردنەوەی ئەو رێنمایانەی لە عیراق‌و هەرێم جیاوازە لەكۆبوونەوەكەدا چەند راسپاردەیەك ئیمزا كراوەو رەوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەكەین‌و بەدڵنیایشەوە زیندانیانی سیاسی‌و كەسوكاری ئەنفالكراوان‌و شەهیدانی هەرێم مینحەكەیان وەكو عیراقی لێ دەكرێت‌و زیاد دەبێت».
سەبارەت بەكاتی هاوتاكردنی مووچەكەش، مەحمود حاجی ساڵح ئەوەی خستەڕوو، ئێمە داوامان كردووە لەساڵی نوێدا هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و زیندانیانی سیاسی هەرێم جێبەجێ بكرێت، بەڵام بە دیاریكراوی كاتەكەی دەستنیشان نەكراوە.
ئاشكراشیكرد، لەهەرێمی كوردستان بەپێی پلە بڕی مووچەكەیان جیاوازە، بەڵام لە عیراق ئەو جیاوازییە نییەو هەموویان بڕی مووچەكەیان وەكە یەكە، بۆیە دەبێت ئەو رێنمایی‌و یاسا داراییانە یەك بخرێتەوە.

وەك وەزارەتی لێ بكرێت
وەزیری شەهیدان‌و ئەنفاكراوان ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ راییكردنی تەواوی كارەكانی قوربانیانی كیمیاباران‌و جینۆسایدو شەهیدان‌و زیندانیانی ‌عیراق‌و هەرێم پێشنیاز كراوە، دەزگای شەهیدانی عیراق گەورەتر بكرێت‌و وەك وەزارەتی لێ بكرێت.
سەبارەت بەكرێی خوێندنی خوێندكارانی كەسوكاری شەهیدان روونیكردەوە: «لە راسپاردەكانی لێژنەكە داوا كراوە كۆبوونەوەیەكی فراوان لەنێوان وەزارەتی شەهیدان‌و هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق‌و هەرێم ساز بكرێ‌و باسی پرسی وەرگرتنی كوڕو كچی شەهیدان‌و زیندانیانی سیاسی لە سەرجەم زانكۆكانی عیراقدا تاوتوی بكرێت‌و بڕیاری بۆ بدرێت، بەوەش كوڕو كچی شەهیدان‌و زیندانیانی سیاسی كوردستان دەتوانن بە كێبڕكێ لەسەرجەم زانكۆكانی عیراق درێژە بە خوێندن بدەن».

كرێی خوێندنی ساڵی (2017 ـ 2018)
لەبارەی خەرجكردنی كرێی خوێندنی خوێندكارانی كەسوكاری شەهید، ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، «تائێستا رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی كرێی خوێندنی ساڵی (2017 ـ 2018)ی ئەو خوێندكارانە نەدراوە، بەڵام رەزامەندی لەسەر كرێی ساڵانی خوێندنی رابردوو دراوە».
جێگەی ئاماژە بۆ كردنەوە، بەگوێرەی‌ ڕێنمایی و یاساكانی هەرێم، مووچەی شەهیدان لەبڕی 500 هەزارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە بەرزترین موچە كە كەسی شەهید پلەی فەرماندەی هەبووە، بەڵام لەعیراق بەو شێوەیە نییەو هەموو مووچەخۆرێك یەك بڕ مووچەی هەیە كە بریتییە لە ملیۆنێك‌و 200 هەزار دینار، بۆیە هەوڵەكانی ئێستا بۆ ئەوەیە ئەو مووچەی ئەو چەند توێژەی هەرێم بۆ ئەو بڕە زیاد بكرێت.

بێجگە لە ئیمتیازاتەكان
هەروەك ئاماژەی بە خاڵەكەنی راسپاردەكانی لێژنە تایبەتەكە كردو هیچ كاتێكی دیاریكراوی دیاری نەكردو گەشبینی خۆی بۆ بە ئەنجام گەیاندنی كارەكانی هاوتاكردنی مووچەی شەهیدان‌و زیندانیانی سیاسی دەربڕی.
هەر لە كۆنفرانسەكەدا ئەحمەد مام رەسوڵ سەرۆكی ئەو وەفدەی سەردانی بەغدایان كردووە رایگەیاند: «پێشوازییەكی باشیان لەلایەن حكوومەتی عیراقەوە لێی كراوەو ئەنجامەكان جێی ئومێدن».
وتیشی: «شێوازی مووچەكەش مانگانە بە بڕی یەك ملیۆن‌و 200 هەزار دینار دەبێت، بێجگە لە ئیمتیازاتەكانیش».

 370 جار بینراوە