سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » مشتومڕی ئیسلام نێوەندی سیاسی ئەڵمانیای کردۆتە دووبەش

مشتومڕی ئیسلام نێوەندی سیاسی ئەڵمانیای کردۆتە دووبەش

ماوەی چەند ساڵێکە و لەگەڵ پەیدابونی ئیسلامی سیاسی لە ئەوروپا و جیابونەوەی لە ئیسلامی میانڕەو و هێمن، لە نێوەندی سیاسی ئەڵمانیادا بۆچونی جیا پەیدا بوە لەسەر ئەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاینی ئیسلام بکرێ بە شێوەیەک کە لە لایەک ئازادیەکانی خەڵک پیشێل نەکری و لە لایەکی تریش ئەو کەیسە نەبێتە هەلێک بۆ توندڕەوەکان تا سود وەرگرن و ئامانجی خۆیان بپێکن لە بەدیهێنانی سیاسەتی ڕادیکاڵی و بەلاڕێدابردنی بەشێک لە کۆمەڵگە.

گفتوگۆی توندی نێوان لیبراڵ و پارێزگارەکان
حکومەتی ئەڵمانیا ئەوە چوار ساڵە لەسەر ئەم کەیسە کۆنگرەیەکی تایبەت دەبەستێ و بانگهێشتی هەموو شارەزاو مەلا و سیاسیەکانی ئەڵمانیا دەکات تا وتوێژ بکەن و ئاڕاستەی مامەڵەی حکومەت و شێوازی کارکردن بدۆزنەوە، لە چەند رۆژی ڕابردودا لە بەرلینی پایتەخت چوارەمین کۆنگرە بە سەرپەرشتی « هۆرست زیهۆڤەر» ی وەزارەتی ناوخۆ سازدرا و دوای سێ رۆژ لە ووتوێژی درێژ لە نێوان لیبرالەکان و پارێزگارەکان دروست بوو لە هەندێک تەوەر نەگەیشتنە ئەنجام و لە زۆر تەوەریش بۆچونەکان لێک نزیک بونەوە.

نابێت وڵاتان مزگەوتەکان بۆ خۆیان بەکار بێنن
خاڵی ناکۆکی نێوان کەسایەتیەکان لەسەر یارمەتی دەرەکی بۆ مزگەوت و بنکە ئاینیەکان ، زۆرێک پێیان وابو کە دەبێت هەموو ئەو بارەگا و شوێنە ئاینیانە لەژێر چاودێری حکومەتی ئەڵمانیا بن ولەوێوە یارمەتی بدرێن و ئاڕاستە بکرێن ، دەزگای تایبەتیش مەلایان بۆ پەروەردە بکاو دایانمەزرینێت نەک وڵاتانی ئیسلامی لە دەرەوە بە ئارەزوی خۆیان مزگەوتەکان بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکار بێنن و زیان بە ئەڵمانیا بگەیەنن، نەیارەکانی ئەو بۆچونەش پێیان وایە کە دەبێت سود لە هاوکاری ویارمەتی وڵاتە ئیسلامی وعەرەبیەکان وەربگرێت بۆ پێگەیاندنی مەلاو خوێندکارانی موسڵمان و ئەڵمانیاش ئەوە بکات و نابێت ڕێ لە هیچ لایەک بگیرێت بۆ خزمەتی موسڵمانان.

پارتی سەوز پرۆژەی هەیە
پارتی سەوزی ئەڵمانیا پرۆژەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا هاتووە کە وڵات پەیمانگا و خولی تایبەت بکاتەوە بۆ وەرگرتنی فەقێ و پێگەیاندنی مەلا و زانایانی ئاینی ئەمەش بە هاوکاری کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئیسلامیەکانی ناو وڵات بکاو نەهێڵێت وڵاتانی دەرەکی دەست بخەنە ناو کاروبارەکانیانەوە.

دیتیب سیخوڕە
پارتی سەوز پێی وایە کە ئەو ڕێکخراوەی کە ناوی یەکێتی ئیسلامی تورکی « دیتیب» ە سەر بە حکومەتی تورکیایە و لەوێوە ئاڕاستە دەکرین، هەروەها لە لایەن سەرپەرشتکارانەوە سیخوری بەسەر ئەندامەکانیانەوە دەکەن و ڕاپۆرت بۆ وڵاتی خۆیان دەنێرن کە ئەمە پێچەوانەی دەستوری ئەڵمانیایە و دەبێ سنورێکی بۆ دابندرێت.

نوێکردنەوەی ئیسلام
«جەم ئۆزدەمێر» سەرۆکی پێشوی پارتی سەوز کە موسڵمانە و بە ڕەگەز کوردی باکوورە رایگەیاند ئەڵمانیا پێویستە ئیسلامەتی بەعەلمانیەت بکات واتە ئیسلامەکان بەشێوەیەک دابونەریتی ئاینی خۆیان جێبەجێ بکەن کە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیا بگونجێ و شاز نەبێت، نابێت حکومەت ڕێگا بە مەلا و زانیانی ئاینی بدات کە خۆیان لە سیاسەت بددەن و ئاڕاستەی خەڵک بکەن. ووتیشی: نابێت بهێڵین وڵاتانی دەرەوە بە ناوی بڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلامەوە خۆیان لە کاروباری ناو ئەڵمانیا هەڵقورتێنن.

«مەلا سەیران» یش بەشدای کرد
خاتوونێکی کورد بەناوی مەلا» سەیران ئاتاش « نوێنەرایەتی ئیسلامی لیبراڵ دەکات و سەرنجی حکومەت و تەواوی پارتەکان و بەتایبەت وەزیری ناوخۆی بەلای ئیسلامی لیبڕال ڕاکێشاوە، کە ئەم ژنە نوسەر و چالاکوانە کوردە بە دژە ئیسلامگەراکانی تورک- ئەڵمان ناسراوە و کە کار بۆ مافەکانی ئافرەتانی موسوڵمان دەکات و دژی تونڕەوی ئیسلامی سیاسیە لە ئەڵمانیا و ئەوروپا و ئەو پڕەنسیپانەی ئەو ژنە لەو کۆنگرەیە باسیکرد، بووە مایەی سەرنج و تێڕامانی ئامادەبوان بەشێوەیەک کە بتواندرێت ئیسلامەتی بە شێوەیەکی مۆدێرن جێبەجێ بکرێت، جێی باسە مەلا سەیران لە مزگەوتێکی بەرلین پێشنوێژی بۆ پیاوان و ژنان دەکات، خوتبەو ووتارەکانی بریتیە لە دینداری و گونجاندنی لەگەڵ سەردەمی نوێ و تێکەڵاوبون لەگەڵ کۆمەڵگە ئەوروپیەکان و خۆگونجاندنیان.

ئیسلام بەشێکە لە ئەڵمانیا
« هۆرست زیهۆفەر»ی وەزیری ناوخۆ لە وتەیەکیدا بە پێجەوانەی لێدوانەکانی پێشووی کە هەمیشە دەیوت ئیسلام لە ئەڵمانیا بونی نییە، ئەمجارەیان پێی لەسەر ئەوە داگرت کە موسڵمان لە ئەڵمانیا هەیە، بەڵام دەبێت هەموومان وەک یەک ملکەچی دەستوری ئەڵمانیا بین، لەو کۆنگرەیەدا کە ٢٤٠ کەس تیایدا بەشداربو ئەو بەرپرسە ووتی: بەداخەوە زۆربەی ڕێکخراو و بارەگا ئیسلامیەکانی ئەڵمانیا بۆنەتە داردەستی وڵاتانی دەرەوە و حیساب بۆ بەرژەوەندی ئەڵمانیا ناکەن کە ماف و ئیمتیازات و ئازادی پێ بەخشیون، ئەو وەزیرە داوای لە مەلا لیبرالیەکان کرد،کە دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر و هاوکاری وەزارەتی ناوخۆ و دەزگاکانی حکومەت بکەن بۆ بەرەنگاری ئیسلامی سیاسی وسەلەفی تا بتوانن ئازادی ئاینی وخواپەرستی بۆ خەڵکەکەیان فەراهەم بکەن و دوارۆژێکی پرشنگداریش بۆ وڵات و نەوەکانیان بنیات بنێن.

کاندیدی پۆستەکەی میرکل دژی بوونی ئیسلامە لە ئەڵمانیا
«فریدریش میرتس» کاندیدی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کریستیان کە ئێستا هی مێرکلە، داوایکرد چاودێری دەوڵەت لەسەر خوێندگە حوجرەکانی خوێندنی ئاینی ئیسلام و قورئان زیاتر بكرێت و كۆی یاسای عیلمانی ئەم وڵاتە بەسەر هەموو کەس بە موسوڵمانانیشەوە بە بێ جیاوازی جێبەجێبكرێت،ئەوەشی ڕەت کردەوە کە شوێنێک بۆ ئاینی ئیسلام لەناو ئەڵمانیا هەبێت.

سەرچاوە: -کەناڵەکانی میدیای ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئه‌مریكا و روسیا ململانێکانیان ده‌بەنە كشمیر؟

ئه‌و باره‌ شڵه‌ژاوه‌ی كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی كشمیر دروست بووه‌، ...