سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » یاسای خزمەتی سەربازی

دەر و دراوسێ

یاسای خزمەتی سەربازی

لەوەتەی دەوڵەتی عیراق دامەزرێنرا لە سەرەتای بیستەكانی سەدەی پێشووەوە هەرلەگەڵیشیدا سوپای عیراق دامەزرێنرا هەرلەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانیادا یەكینە سەرەتاییەكانی ئەو سوپایە پێكهێنرا سەرەتا لە فەوجی ئیمام موسای كازم و پێكهێنانی سەركردایەتی گشتی هێزەچەكدارەكان كە ناوەند و بارەگاكەی لە بەغدادی پایتەخت بوو، دواتر لە ساڵی 1931 هێزی ئاسمانی دامەزرا و دوای ئەویش لە ساڵی 1937 هێزی دەریایی دامەزرێنرا و لە ساڵی 1935 یشەوە یاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملی دەركراوەو كاری پێكراوە بەناوی یاسای خزمەتی ئیلزامی یان خزمەتی ئاڵا كە بە یەكێك لە كۆنترین یاساكانی دەوڵەتی عیراق دێتە ئەژماردن .
بەڵام لە دوای داگیركردنی عیراق لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمریكاوە كە ئەمریكیەكان خۆیان بە یاسا سوپای ئەمریكایان بە داگیركەری عیراق ناساند ئەو یاسایان لەكار خست بە فەرمانی پۆل بریمەری حاكمی ئەوسای ئیدارە ی مەدەنی ئەمریكا لە عیراق .
لە ئێستاشدا و لە پێشتریش بۆچەند جارێك پرسی زیندووكردنەوەو و بەكار خستنەوەی یاسای خزمەتی سەربازی یان خزمەتی ئاڵا واتا سەربازگیری زۆرە ملی كە هەموو هاوڵاتیەكی عیراقی ئەو ئەركە بەجێبهێنێت خراوەتە بەرباس لە ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزارەتی بەرگری عیراقیش بەڵام لایەنە سیاسیەكان نەگەیشتنە سازان و ڕێككەوتن لەسەری تا لەم خوولەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە گەرمی باسی لێوە دەكرێت و تەنانەت لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئەم پرسەی واتە یاسای خزمەتی سەربازی لەكارە لەپێشینەكانی خۆی داناوەو لەگەڵ ڕەچاو كردنی كردنی تاقانەی خێزان و ئەوانەی كەبەرپرسیارێتی خێزانیان لەسەرە .

سوودەكانی خزمەتی سەربازی ئیلزامی زۆرەملی
هەرچەندە خزمەتی سەربازی یاسا و عورفێكی دەتوانین بڵێیین نێودەوڵەتی و جیهانیە و زۆربەی وڵاتانی جیهان پەیڕەوی دەكەن لەبەرئەوەی خزمەتی ئاڵا ئەركێكی پیرۆەزەو سوپا و هێزە چەكدارەكان لە لایەنگیری حزبی و تائیفی و ناوچەگەری و نەتەوەیی و خێڵەكی دوور دەخاتەوە و سوپاو هێزە چەكدارەكان بێلایەن دەكات لە ململانێ سیاسیەكانی وڵات، لە لایەكی تریشەوە سەربازگیری زۆرەملی لاوانی وڵات سازو ئامادە دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی زۆرلە ئالەنگاری یەكان و ڕاهاتن لەسەر مەشق و بەرگەگرتنی زۆری ماندوێتی و ڕاهێنان بۆ بەرنگاربوونەوەی هەموو پێشهات و ئەگەرەكان .
لەلایەكی تریشەوە سەربازگیری هۆكارێك دەبێت بۆبەرزكردنەوەی گیانی نیشتمانپەروەری لە نێو ڕیزی لاوان و كەمكردنەوەی بێكاری بەتایبەتی ئەوانەی كە بواری ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە قۆناغەكانی خوێندن تەواو بكەن .
بۆیە ئەم پرۆژەیە ئەگەر سەربگرێت و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تێبپەڕێت و ببێتە یاسا ئەوە پڕۆژەیەكی گرنگە بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عیراق دژ بە تائیفیەت و هێزی میلیشیایی حزبی و هاوكار دەبێت بۆ كۆكردنەوەی هەموو چەكەكان لە دەستی دەوڵەت و حكومەت پێكهێنانی سوپایەكەك لە هەموو پێكهاتەكانی عیراق بە شێوەیەكی تەواو هاوسەنگ كە ڕەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی بێت بە مەرجێك بە ئایدیۆلۆجیەتیەكی دیموكراسی و فیدراڵی پەروەردە بكرێن دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینی .

زیانی خزمەتی سەربازی
تاكە زیانێك كە ئەم یاسایە هەیبێت ئەوەیە نیگەرانی هەندێك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیە كە ئەم یاسایە كۆمەڵگا بەرەو بە سەربازكردن دەبات .
ئەوندەی لە ساڵانی ڕابردوودا من ئاگاداربم كە ئەم یاسا و پرسە لە ئەنجوومەنی نوێنەران هاتبێتە ئاراوە فراكسیۆنە كوردستانیەكان دژی بوون من نهێنی ئەوە تێناگەم ئەگەر وابێت ئەو یاسا بۆ هەرێمی كوردستانیش ڕەچاوی تایبەتمەندی هەرێم بكات، دەكرێت ببێتە دەرچەیەك بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم تایبەت بەو بابەتە ئەوا هەرێمیش ئەو كات دەبێتە خاوەنی هێزی سەربازی یان پێشمەرگەی یەكگرتووی خۆی بەتایبەتی لە دەستووری عیراقیشدا ناوی هاتووە یان هەرناوێكی دی لێبنێیین.
هەربۆیە دەركردنی یاسای خزمەتی سەربازی وجێبەجێكردنی هۆكارێكی گرنگ دەبێت بۆ بە سیستەم كردنی هەموو دامودەزگاكانی بەرگری و ڕاهێنانی كادر و توانای زۆر باش بۆ بەرگریكردن لە خاكی وڵات و هەروەها دامەزراندنی هێزێكی پشتیوان( احتایات ) بۆ سوپا لەكاتی پێویستدا سوود لە تواناكانیان دەبینرێت كە ئەمەش بەشدارییەكی باشە بۆ بنیاتنانی سوپایەكی بەهێز لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتیەوە و كۆتایی هێنان بە دیاردەی بندیوار .

 1,437 جار بینراوە