سەرەکی » راپۆرت » دوه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و زانكۆی كوردستان (سنه‌) و زانكۆی سلێمانی

دوه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و زانكۆی كوردستان (سنه‌) و زانكۆی سلێمانی

راپۆرت:تاریق که‌مال

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 11/12/2018 له‌ هۆڵی بۆنه‌کانی هۆتێل تایتانیک له‌ سلێمانی، به‌ چاودێری د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و به‌سه‌رپه‌رشتی لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیكاری كۆنفرانس و به‌دروشمی (ئێمه‌ پلان به‌ ستراتیژیانه‌ داده‌ڕێژین یۆ به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یران و چاره‌سه‌ركردنی)، دوه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و زانكۆی كوردستان (سنه‌) و زانكۆی سلێمانی ده‌ستیپێکرد.

ده‌ستپێک
به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و د. فه‌ردین ئه‌خلاقیان سه‌رۆكی زانكۆی كوردستان (سنه‌) و پ.ی.د.ره‌زا حه‌سه‌ن سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبەكر پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاری سنه‌ و سه‌رکونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مامۆستایانی زانكۆ و توێژه‌ران و میوانانی كۆنفرانس،دووه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد.
سه‌ره‌تا، وتاری به‌خێرهاتن له‌لایه‌ن د.كازم فه‌رەج‌ پێشكه‌شكرا، پاش به‌خێرهاتنی میوانه‌كان ڕایگه‌یاند كه‌ به‌هه‌وڵی هه‌رسێ زانكۆی ناوبراو ژماره‌یه‌كی زۆر توێژینه‌وه‌ به‌ده‌ست لیژنه‌ی زانستی كۆنفرانس گه‌یشتوه‌ له‌ناوه‌وەو ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نها 37 توێژینه‌وه‌ قبوڵ كراوه‌ بۆ پێشكه‌ش كردن.
دواتر له‌لایه‌ن پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ناوی خۆی و سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانییه‌وه‌ وتارێكی پێشكه‌شكردو تیایدا به‌خێرهاتنی گه‌رمی میوانانی كۆنفرانسی كرد و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان سێ زانكۆی كوردستان و یه‌كهه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی بابه‌تێكی هه‌ستیار كه‌ ئه‌ویش به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ هاوچه‌رخه‌كانه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ سه‌راپای جیهانی گرتۆته‌وه‌.

به‌خێرهاتن
له‌ وتاره‌که‌یدا سه‌ره‌تا پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی رایگەیاند: بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی، پارێزگاری كوردستان-سنە، بەڕێز نوێنەری جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەندامانی پەرلەمانی كۆماری ئیسلامی ئیران‌و سەرۆكی زانكۆكانی پۆلیتەكنیكی‌و سنە‌و سلێمانی‌و مامۆستایانی زانكۆ‌و توێژەر‌و میوانە بەڕێزەكان، بەخێربێن بۆ كۆنفرانسی هاوبەشی نێودەوڵەتی نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی‌و زانكۆی كوردستان-سنە‌و زانكۆی سلێمانی، بەناونیشانی (پلانی ستراتیژی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە هاوچەرخەكان).
بەڕێزان، لەدوای شۆڕشی پیشەسازی‌و دەركەوتە سیاسی‌و دیموگرافیە نوێیەكانی جیهان‌و پێدانی بلۆكە ئابوورییە زەبەلاحەكانی دونیا، ئابووریناسان كەوتنە تەقەلا بۆ دانانی چوارچێوەیەكی ئاركۆلۆجی نوێی‌و دنیابینی نوێ لە پێناو سەقامگیركردنی ئاسایشی ئابووری گەلان.
لەدرێژەی وتارەكەیدا وتی:»لێرەوە جەنگی ساردی ئابووری نێوان شارستانییەتەكان هاتەگۆڕی‌و بە تەواوی رووە جیاوازەكانی فەلسەفەی ئابووری هەر وڵاتێك چووە قۆناغێكی نوێوە، ئەگەر پێشتر كاری وڵاتان بریتیی بووبێت لە وابەستەبوون بە میكانیزمی دانانی ژێرخانێكی ئابووری پتەو بۆ وڵاتەكەیان، ئەوا لە قۆناغی نوێدا تەنها بەوەوە ناوەستێ كە ژێرخانی ئابووری سەقامگیر بكرێ، بەڵكو ئابووری هەر وڵاتێك بەندە بە رادەی سەركەوتنی لەجەنگی پێدادانی ژیارەكاندا‌و هەروەها رادەی دەركەوتن‌و بەرهەمهێنان بە بەراوورد لەگەڵ وڵاتانی جیهانی دیكە.
بێگومان تێڕامان‌و وردبوونەوە لەرەهەندی ئابووریش هەرگیز نایەتە دەست ئەگەر نەتوانین ببینە خاوەن ستراتیجێكی ئەوتۆ كە هەموو ئەو قەیرانە مرۆیی‌و سیاسیی‌و هەنووكەییانە بەڕێوەبەرێت، چونكە ئیدارەدانی قەیرانە مرۆییەكان هەنووكە بۆتە بەشێكی گەورە لە خودی پاراستنی ئاسایشی ئابووری وڵات‌و لەهەمان كاتدا فاكتەری سەرەكیشە بۆ پاراستنی جۆر‌و قەبارەی بەرهەم‌و پێگەی وڵات لە نەخشەی ئابووریی جیهاندا.

دوو بابەتی سەرەكی
لەبەشێكی تری وتارەكەیدا رایگەیاند: لەم دیباجەیەوە دەگەینە سەنگ‌و گرنگی ئەم كۆنفرانسە، كە بەگشتی دوو بابەتی سەرەكی دەخاتە بەر توێژینەوەی زانستی:
یەكەم: شێوازی دروستكردنی بازنەیەكی ئابووری كە لەسەر ئاستی لۆكاڵی پارێزگاری لە خودی نیشتمان‌و پێكهاتەی نەتەوەیی میللەتان دەكات.
دووەم: میكانیزمی زانستی بۆ پارێزگاریكردن لەو بازنە ئابوورییە لەسەر ئاستی جیهانی، كە بێگومان هەریەك لەم بابەتانە پێویستی بە توێژینەوەی زانستی ورد‌و قوڵە بۆ دانانی هێڵە گشتییەكانی خودی ئەو ستراتیژ‌و میكانیزمە كە دەبێتە بنەمایەكی هەرە سەرەكی بۆ پێشكەوتنی خەڵك.
هەروەها وتیشی:» قەیرانەكانی ئەم ساڵانەی دوایش كاری كردە سەر پێكهاتەی سۆسیۆلۆژی ‌و لە هەندێ باریشدا كاری كردە سەر رۆڵ ‌و پێكهاتەی تاك‌و كۆمەڵگە لەسەر ئاستی هەموو مەیدانە جیاوازەكانی ژیان.

کۆتایی
لەكۆتایی قسەكانیشیدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی رایگەیاند: سوپاسی بێ پایانمان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا كە هەمیشە پاڵپشتمانە لە كاری زانستی ‌و بەرەوپێش بردنی زانكۆ‌و جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا دكتۆر یوسف گۆران كە چاودێری ئەم كۆنفرانسە دەكات، سوپاس بۆ هەردوو لیژنەی ئامادەكاری‌و زانستی كە دوای ماندووبوونێكی زۆر كۆنفرانسەكەیان گەیاندە ئەم رۆژە.

پانێڵەكان
دواتر پانێڵەكانی ئەم كۆنفرانسە هاوبەشەی نێوان هەردوو زانكۆی پۆلیتەكنیكی‌و سنە دەستی پێكرد، كوردستانی نوێ لە سۆنگەی پەرۆشییەوە بۆ كۆنفرانسەكە‌و گرنگی بابەتەكان لە ژمارەكانی داهاتویدا روماڵی تایبەتی سەرجەم توێژینەوەكان دەكات‌و بڵاویان دەكاتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

راپۆرتێکی تایبەت بە كوژرانی خاشقچی..

راپۆرتێکی تایبەت بە كوژرانی خاشقچی بڵاوكرایەوە رەوتەكان- لێكۆڵەری تایبەت بە ...