سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״هەماهەنگیی نێوان هێزە سەربازییەكانی عیراق‌ و هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕاوەكان زۆر پێویستە״

״هەماهەنگیی نێوان هێزە سەربازییەكانی عیراق‌ و هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕاوەكان زۆر پێویستە״

«ئەگەر هەماهەنگیی پێویست لەنێوان هێزە ئەمنییەكانی عیراقی فیدراڵ‌و هێزەكانی پێشمەرگەدا نەبێت، ئەوا مەترسیی تیرۆریستان لەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكان؛ بەردەوام دەبێت» ئەمە وتەی فەرماندەو شارەزایانی سەربازیی‌و بەرپرسانە لەوەزارەتی پێشمەرگە، كە لەمیانی لێدوانیاندا بۆ كوردستانی نوێ خستیانەڕوو و چەندین زانیارییشیان ئاماژەپێكرد.

فەریق جەبار یاوەر: چەند میكانیزمێكی هاوبەشمان هەبوو
لەوبارەیەوە، فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەكوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە لەمیانەی كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ هاوپەیمانان ئەوەمان پێڕاگەیاندن كە هۆكاری سەرەكیی زیادبوونی جموجوڵی تیرۆریستانی داعش بۆ نەبوونی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگەو هێزەكانی دیكەی عیراقی فیدرالە، كە لەدوای ساڵی 2014وە ئەو هەماهەنگییە لەنێوانیاندا تاڕادەیەكی زۆر نەماوە. وتیشی: بەر لەشەڕو روبەڕوبونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، میكانیزمێك بۆ هەماهەنگی لەنێوان هەرێم‌و بەغدا هەبوو لەڕووی سەربازیی بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان، كە هەماهەنگییەكەش بریتی بوو لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، بنكەی هەماهەنگی، كردەی سەربازی، بازگەی هاوبەش‌و گەڕان‌و كێوماڵی هاوبەش.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەشی راگەیاند كە ئێمە ئامادەیی خۆمان نیشانداوە بۆ دەستپێكردنەوەی ئەو هەماهەنگیانە تاكو بتوانین كۆنتڕۆڵی ئەمنیی ئەو ناوچانە بكەین، چونكە جموجوڵی تیرۆریستان بۆتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەی پێشتر مەترسیی داعشیان لەسەر بووە.

لیوا روكن مەریوان: بەهۆی نەبوونی هەماهەنگییەوەیە
هەر سەبارەت بەو باسە، لیوا روكن مەریوان حەمەئەمین فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانیی دووی وەزارەتی پێشمەرگە، بەكوردستانی نوێی وت: ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین، لەچەند ناوچەیەك جموجوڵی داعش تاڕادەیەك لەناوچە دابڕاوەكان ماوە، بەتایبەت لەشەواندا لەو ناوچانەدا بەئاشكرا جوڵە دەكەن‌و چالاكیی قێزەونیان هەیە. وتیشی: مانەوەی داعش لەناوچە دابڕاوەكان‌و زیادبوونی جموجوڵەكانیان بۆ نەبوونی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عیراق دەگەڕێتەوە، كە هۆكاری ئەوەش كەمتەرخەمیی حكومەتی عیراقە، كە حكومەتی فیدراڵ هیچ هەماهەنگییەك ناكات لەگەڵ پێشمەرگەدا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش، كە ئێمە هەموو جۆرە هەماهەنگییەكمان دەربڕیوە.
لیوا روكن مەریوان، ئاماژەی بەوەشدا كە لەڕابردوودا لایەنی عیراقی؛ بەتەنها چەند ئۆپەراسیۆنێكیان كردووە دژی ئەو چەكدارانەی پاشماوەی داعشی تیرۆریست، بەڵام وەك پێویست نەبووەو تاڕادەیەك سەركەوتوو نەبوون لە كۆتاییپێهێنانیان، هۆكارەكەشی ئەوە بووە بەبێ پێشمەرگە ئەنجامیانداوە، بۆیە ئامادەبوونی پێشمەرگە لەو ناوچانەو ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو هێزە عیراقییەكان، بەڕای من كۆتایی بەمەترسییەكانی داعش دەهێنرێت.

لیوا روكن بەختیار: وەك گروپی چەكدار بوونیان هەیە
هاوكات، لیوا روكن بەختیار محەمەد راوێژكار لەوەزارەتی پێشمەرگە لەسەر هەمان بابەت، ئەوەی بۆ كوردستانی نوێ خستەڕوو كە بەدڵنیاییەوە مەترسیی داعش لەسەر ناوچە دابڕاوەكان بەردەوامە‌و پێمانوایە داعش وەك فكر‌و تەنانەت وەك گروپی چەكداریش لەو ناوچانە لەناونەچوون‌و بوونیان هەیە. وتیشی: ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانی عیراقی فیدراڵ نەبێت ئەوا مەترسیی گەورە لەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكان دروستدەبێت، ئەوەش دواجار وادەكات داعش گەشەبكات‌و بتوانێت زیانی زۆر بەهەردوو لایەنی هەرێم‌و بەغدا بگەیەنێت، كە زیانەكەش بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانەو هێزە ئەمنییەكان دەبێت بەشێوەیەكی گشتی.

ئەحمەد رەسوڵ:هۆكارەكان سیاسیین
لای خۆیشییەوە، ئەحمەد رەسوڵ وەك شارەزایەكی بواری سەربازی، سەبارەت بەڕەوشی ئەمنیی ناوچە دابڕاوەكان، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: من پێموایە هۆكارە سیاسییەكان رێگرن لەئاساییبوونەوەی بارودۆخی ئەمنیی ناوچە دابڕاوەكان، كە ئاشكرایە هەر كاتێك هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عیراقی لەسەر میكانیزمی پاراستنی ئەو ناوچانە رێكبكەون بەتەئكید تیرۆریستان ناتوانن بەو جۆرە جموجوڵ بكەن، كە ئەو هەماهەنگییەش بەگەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕاوەكان‌و ئەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە، دەبێت.
ئەحمەد رەسوڵ، ئەوەشی ئاشكراكرد كە لەڕابردوودا تیرۆریستان لەو ناوچانە زیاتر گەشەیان كردووەو جموجوڵەكانیان زیاد كردووە كە بۆشایی ئەمنیی هەبووبێت، ئێستاش هەر بەوشێوەیەیە كە هێزە عیراقییەكان نەیانتوانیوە وەكو پێویست پارێزگاری لەناوچە دابڕاوەكان بكەن، وتیشی: لەبەر ئەو هۆكارەی كە ئەو ناوچانە زۆرینە دانیشتووانەكانیان كوردن‌و كوردستانین، پێویستە پێشمەرگە بوونیان هەبێت تیایاندا، ئەگەر بەو شێوەیەش نەكرێت‌و پێشمەرگە نەگەڕێتەوەو بەهەماهەنگی هێزە عیراقییەكان ئەو ناوچانە نەپارێزن، ئەوا رەوشەكە بەرەو خراپتر دەڕوات‌و مەترسییەكان زیاتر دەبن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دەستەی دەستپاكی هەرێم راپۆرتی 2018ی راگەیاند

رۆژی 15ی 4ی 2019، دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان راپۆرتی ئاماری ...