سەرەکی » ئابووری » پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق بۆ (14 %) زیاد دەكرێت

«بۆ سێ تریلیۆن دینار زیادكراوە»

پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق بۆ (14 %) زیاد دەكرێت

یەكەی ئابووری و بازاڕ

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019ی عیراق لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری تێداكراوە‌و بەشە بودجەی هەرێم بۆ لەسەدا 14 زیادكراوە.

هێشتا لای حكومەتە
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی گەلی كوردستان ئاشكرایكردوە، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019ی عیراق هێشتا لای حكومەتە‌و گۆڕانكاری لە بڕگە‌و ماددەكانیدا دەكرێت.
رئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندوە: بەپێی ئەو زانیاریانەی دراوە بە لیژنەكەیان، حكومەتی عیراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی لە سەدا 12 پۆینت 67وە بۆ لەسەدا 14 زیادكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان داوایانكردبوو رێژەی لەسەدا 17 بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت، ئەگەر ئەوەش نەكرێت ئەوا پێویستە ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بكرێتە بنەما كە بەپێی ئەو ئامارە رێژەی دانیشتووانی هەرێم نزیكەی لەسەدا 14یە.

9 خاڵیان پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە‌
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان لە یەك تریلیۆن دینارەوە بۆ سێ تریلیۆن دینار زیادكراوە، ئەمەش كاریگەری ئەرێنی لەسەر زیادبوونی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەبێت.
لە كۆبوونەوەی مانگی رابردووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی عیراقدا، لیژنەی دارایی پەرلەمان 47 خاڵی وەكو تێبینی لەسەر رەشنووسی بودجەی ساڵی 2019ی عیراق دابوو بە حكومەت، كە 9 خاڵیان پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە‌و تیایدا داواكراوە بودجەی هێزی پێشمەرگە بخرێتەسەر بودجەی سیادی‌و پارەی پێویست بۆ ماددەی 140یش تەرخان بكرێت.

هەوڵەكانیان بەردەوامە
هاوكات چەند رۆژێك لەمەوبەر، بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاندبوو، حكومەتی عیراق رازی بووە لەسەر زیادكردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی عیراق لە (12,67%)ەوە بۆ لە (14 %).
وتیشی:»ئەم هەنگاوەی حكومەتی عیراق دوای ئەوە دێت كە سەرجەم فراكسیۆنە كوردیەكان لە بەغدا هەوڵەكانی خۆیان چڕ كردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی و تا ئێستاش نوێنەرانی كورد لە بەغدا هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ جێگیركردنی بودجەی هەرێم بە رێژەیەكی باشتر».

بە زوویی یاساكەمان بۆ ڕەوانە بكرێت
هەر لەچوارچێوەی پرسی بودجەی عیراق، شیروان میرزا بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە، پێدەچێت بۆ ساڵی داهاتوو كار بەسیستمی‌ یەك لەسەر دوانزەی‌ بودجەی‌ ساڵی‌ رابردوو بكرێت و بۆ هەرێمیش هەمان میكانیزم پەیڕەو بكرێت.
شیروان میرزا راشیگەیاندوە، پڕۆژە بودجەی‌ 2019ی عیراق تائێستا لەلایەن حكومەتی‌ عیراقەوە رەوانەی پەرلەمان نەكراوەو هەرچەندە پێشتر راگەیەنرا لەماوەی‌ یەك هەفتەدا پرۆژەكەمان بۆ رەوانە دەكرێتەوە.
رونیشیكردۆتەوە، ئەگەرتا كۆتایی ئەم مانگە پڕۆژە یاسای بودجەمان بۆ ڕەوانە نەكرێت ئەوا پەرلەمان خولی‌ یەكەمی‌ یاسادانی‌ تەواو دەبێت و دەكەوێتەوە پشوەوە، بۆیە ئێمە وەك لیژنەی‌ دارایی نوسراو بۆ حكومەت دەكەین و داوا دەكەین بە زوویی یاساكەمان بۆ ڕەوانە بكرێت و پەسەند بكرێت.

موچە رەوانە دەكرێت
ئاشكراشیكرد، ئەگەر پرۆژە یاساكە پەسەند نەكرێت ئەوا چاوەڕوان دەكرێت بۆ ساڵی داهاتوو كار بەسیستمی‌ یەك لەسەر دوانزەی‌ بودجەی ساڵی‌ رابردوو بكرێت و بودجە و موچە خەرجبكرێت.
راشیگەیاند: بۆ هەرێمی‌ كوردستانیش هاوشێوەی‌ مانگەكانی‌ ئەمساڵ پارە بۆ موچە رەوانە دەكرێت و كار بەیەك لەسەر دوانزەی‌ بودجەی‌ ساڵی‌ رابردوو دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مەلا بەختیار: كۆنگرە بۆتە داخوازیی رای گشتیی یەکێتی

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەمیانی پێشوازی لەئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی ...