سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » یه‌كه‌مین ترپه‌ عاشقانه‌كانی دڵم

یه‌كه‌مین ترپه‌ عاشقانه‌كانی دڵم

هۆشیار جه‌مال

كتێبی یه‌كه‌مین عاشقانه‌كانی‌ دڵم بریتییه‌ له‌ نامه‌كانی‌ فروغ فه‌روخزادی‌ شاعیری‌ گه‌وره‌ی‌ ئێرانی‌ بۆ په‌روێز شاپوری‌ هاوسه‌ری‌. ئه‌م كتێبه‌ له‌لایه‌ن ره‌ووف بێگه‌رد و شه‌یدا سه‌ڵاحه‌وه‌ وه‌رگێڕراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی‌ كوردی‌ و له‌لایه‌ن ده‌زگای‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ رادیۆی‌ نه‌واوه‌ چاپكراوه‌، له‌م كتێبه‌دا فروغ به‌ سێ زنجیره‌ی‌ جیاواز كۆمه‌ڵێك نامه‌ ده‌نێرێت بۆ په‌روێز كه‌ له‌ به‌شی یه‌كه‌مدا ئه‌و نامانه‌ن كه‌ پێش شووكردنی به‌ په‌روێز نووسراون و به‌شی دووه‌م ئه‌و نامانه‌ن كه‌ فروغ له‌ دوای‌ پێكهێنانی‌ ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ نووسیویه‌تی‌ به‌شی سێیه‌م و كۆتایی ئه‌و نامانه‌ن كه‌ دوای جیابوونه‌وه‌ی‌ فروغ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ نووسیویه‌تی‌ له‌ڕاستیدا ئه‌م نامانه‌ گرنگییان زۆره‌ چونكه‌ ته‌نها نامه‌یه‌كی‌ ئاسایی نین كه‌ نووسرابێتن و دواتر فرێ بدرێن به‌ڵكو ‌وه‌م كۆمه‌ڵه‌ نامه‌یه‌ك له‌ ئاستێكی‌ ئه‌ده‌بی‌ زۆر به‌رزدا نووسراون كه‌ هه‌مووی هه‌ستی‌ جوان و مرۆڤدۆستی شاعیر ده‌رده‌خات فروغ له‌م نامانه‌دا راستگۆیی خۆی ده‌رده‌خات و هه‌موو هه‌سته‌كانی‌ خۆی ده‌دركێنێت و له‌پشت هه‌رنامه‌یه‌كه‌وه‌ دنیایه‌ك خۆشه‌ویستی‌ بێسنوور ده‌بینیت گه‌وره‌یی فروغ له‌وه‌دایه‌ ئه‌م نامانه‌ی‌ به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ ئه‌ده‌بیه‌ له‌ ته‌مه‌نی (16) ساڵی سه‌ره‌تای ژیانیدا نووسیوه‌ و په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ په‌روێز تا (5) ساڵ به‌رده‌وام بووه‌ دواتر جیابوونه‌ته‌وه‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌م زه‌واجه‌ كوڕێكه‌ به‌ ناوی‌ (كامیار) له‌ دوای مردنی‌ په‌روێز فروغ سه‌رجه‌م ئه‌م نامانه‌ی‌ كۆكرده‌وه‌ و له‌ كتێبێكدا چاپی كرد.

یه‌كێك له‌ نامه‌كانی‌ فروغ بۆ په‌روێز:
په‌روێزی‌ ئازیزم دوو سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر نامه‌كه‌تم پێگه‌یشت نازانم بۆ تا ئه‌مڕۆ وه‌ڵامم بۆ نه‌نووسیویت وه‌لێ ئه‌مڕۆ له‌ خۆمه‌وه‌ هه‌ستم كرد پێویسته‌ نامه‌ت بۆ بنووسم ئێستا (10)ی شه‌وه‌ هه‌موو نووستون و من تاقوته‌نیا له‌ ژووره‌كه‌مدا دانیشتووم وبیر له‌ تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بڵێم حاڵم باشه‌ درۆ ده‌كه‌م چونكه‌ له‌ سه‌رگه‌ردانییه‌ رۆحییه‌كه‌ی‌ من بێده‌رمانه‌ و ده‌زانم هه‌رگیز ناگه‌مه‌ ئاسووده‌یی له‌ مندا هێزێك كه‌ له‌ رسوایی دوورم ده‌خاته‌وه‌ و به‌ چاكی‌ هه‌ست به‌ رسوایی ژیان و بوون ده‌كه‌م و ده‌زانم پابه‌ندی‌ ئه‌م زیندانه‌م ئه‌گه‌ر من هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌م كه‌ مه‌به‌ست و سه‌رنجراكێشانه‌، نا من بڕوام وایه‌ له‌ژێر ئه‌م ئاسمانه‌دا شینه‌دا مرۆڤ تووشی هیچ شتێكی‌ تازه‌ نابێت و ژیان و بوون له‌ رسوایی دووباره‌بوونه‌وه‌ پێكهاتووه‌ من ده‌مه‌وێت ژیانم تێپه‌ڕێت ده‌ژیم له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌م باره‌ بگه‌یه‌نمه‌ هه‌وار نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ژیانم خۆش ده‌وێت په‌روێز نابێ قسه‌كانم ناڕه‌حه‌تت بكه‌ن ئه‌مشه‌و زۆر دێوانه‌م زۆر گریام نازانم بۆ؟ ته‌نیا ئه‌وه‌م له‌بیره‌ كه‌ گریام خۆ ئه‌گه‌ر نه‌گریامایه‌ ده‌خنكام هیچ شتێك قه‌ره‌بووی‌ ته‌نیایی رۆحیم ناكاته‌وه‌. من نازانم چیت بۆ بنووسم خۆزگه‌ بمتوانیایه‌ وه‌ك خه‌ڵكانی‌ دی خۆم له‌ رسوایی ژیان ته‌رك بكه‌م خۆزگه‌ به‌رگێكی‌ نوێ یان ژینگه‌ی‌ گه‌رمی‌ خێزانی‌ یان خواردنێكی‌ باش بیانتوانیایه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی‌ شادمانی‌ بخه‌نه‌ سه‌ر لێوم ئاخ تۆ نازانیت تا چ راده‌یه‌ك به‌دبه‌ختم من له‌ ژیاندا به‌دوای‌ فریوێكی‌ تازه‌دا ده‌گه‌ڕێم به‌ڵام داخ كه‌ ئیتر ناتوانم درۆ له‌گه‌ڵ خودا بكه‌م، من زۆر ته‌نیام ئه‌مڕۆ له‌ ئاوێنه‌دا ته‌ماشای خۆمم كرد وا ورده‌ ورده‌ له‌ سیمای خۆم ده‌ترسم ئایا من ئه‌و فروغه‌ی جارانم ئه‌و فروغه‌ی كه‌ له‌ به‌یانیه‌وه‌ تاشه‌و به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌ ده‌وه‌ستاو خۆی به‌ هه‌زار شێوه‌ ده‌گۆڕی ودڵیشی‌ پێی خۆش بوو ئه‌م چاوه‌ نه‌خۆشانه‌ ئه‌م رووه‌ شێواو لاوازه‌ و ئه‌م چرچ ولۆچه‌ ناوه‌خته‌ی‌ ژێر چاوو ته‌وێڵ هی‌ منن به‌خۆم ده‌ڵێم بۆ خۆت ده‌ده‌یه‌ ده‌س هه‌سته‌كانت؟ بۆ له‌ خۆته‌وه‌ ژیان به‌سه‌ختی‌ ده‌گریت؟ بۆ سوود له‌م رۆژانه‌ نابینی‌ و تێده‌په‌ڕێ و ئیدی‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌؟ په‌روێز گیان سه‌قامگیری‌ كارێكی‌ ئاسان نییه‌ نائومێدی‌ وه‌ك مۆرانه‌ رۆحم ده‌كاته‌ تۆز و په‌ڕو كه‌چی به‌سه‌رپێوه‌ وه‌ستاوم جارێك ده‌گریم و تاوێك پێده‌كه‌نم به‌ڵام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ من شه‌كه‌تم و ده‌مه‌وێت هه‌ڵبێم و بڕۆم ون بم به‌م ئه‌عسابه‌ نه‌خۆشه‌مه‌وه‌ نازانم سه‌رئه‌نجام به‌كوێ ده‌گه‌م نامه‌وێت شت زۆر بنووسم په‌روێز من حاڵم زۆر خراپه‌ ئه‌گه‌ر ئێره‌ به‌جێنه‌هێڵم شێت ئه‌بم كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم بڕوام پێبكه‌ ئه‌مڕۆ له‌ رێگا تووشی حاڵه‌تێك بووم ته‌واو نائومێدی‌ كردم كه‌س ناتوانێت له‌ ده‌ردم بگات هه‌موو وا ده‌زانن من ته‌ندروست و خۆشبه‌ختم له‌ كاتێكا خۆم ده‌زانم كه‌ رۆژ به‌رۆژ زیاتر ده‌پووكێمه‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕۆم هه‌ست ده‌كه‌م له‌شم لێك ئه‌ترازێت و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ خوارێ من هیچ بابه‌تێك گه‌وره‌ ناكه‌م و له‌ وتنی‌ گه‌لێك له‌ ناخۆشییه‌كانی‌ خۆم ده‌گرم بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ك ده‌وروبه‌رم وا بزانن نازونووك ده‌كه‌م، بریا یه‌كێك سه‌رمی بنایه‌ته‌ سه‌ر سنگی‌ و زار زار بگریامایه‌ یه‌كێك هه‌بووایه‌ به‌ میهره‌بانیه‌وه‌ ماچی بكردمایه‌ په‌روێز به‌دبه‌ختی من له‌وه‌دایه‌ كه‌ هیچ شتێ نییه‌ روحم رازی بكات هه‌ندێك جار بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ په‌نا بۆ ئاین به‌رم له‌خۆمدا باوه‌ڕ دروست بكه‌م به‌ڵكو له‌وێوه‌ ئاسووده‌بم وه‌لی چاك ده‌زانم كه‌ ئیدی‌ ناتوانم خۆبخه‌ڵه‌تێنم گیانم له‌ دۆزه‌خی‌ سه‌رگه‌ردانیدا ده‌سووتێ‌ و من نائومێدانه‌ له‌ خۆڵه‌مێشه‌كه‌یدا ده‌مێنم بیر له‌و ژن و مێردانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌ناو ماڵ و مێردیاسه‌رگه‌رمی‌ خه‌ونی‌ مناڵانه‌ن و چێژ له‌ كاوێژكردنه‌وه‌ی‌ خۆشگوزه‌رانی‌ رابردوویان وه‌رده‌گرن .

print

 17 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*