سەرەکی » مانشێت » كارەساتی ئێزدییەكان بە یاسایەك بە جینۆساید بناسێنن

سەرۆك كۆمار بۆ ئەنجومەنی نوێنەران:

كارەساتی ئێزدییەكان بە یاسایەك بە جینۆساید بناسێنن

نادیە موراد: خەڵاتەكە پێشكەش دەكەم بەهەموو قوربانییەكانی دەستی داعش

دوێنێ لەبەغدا، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لەوتارێكدا لەڕێوڕەسمی رێزلێنان‌و پێشوازی لە خاتوو نادیە موراد چالاكوانی ئێزدی‌و خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی‌و باڵیۆزی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ نیازپاكی، داوای لەئەنجومەنی نوێنەران كرد كارەساتی 3ی ئابی ساڵی 2014 كە بەسەر ئێزدییەكاندا هات، بەیاسایەك بەتاوانی جینۆساید، بناسێنێت.

گەیاندنی نەهامەتی‌و مەینەتیی خەڵكی عیراق بەجیهان
لەڕێوڕەسمەكەدا، كە خانمی یەكەم خاتوو سەرباخ ساڵح‌و ژمارەیەك لەخانەوادەی قوربانیانی رووداوی كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەر‌و تاوانەكانی تری داعش‌و تاوانەكانی ئەنفال‌و هەڵەبجە‌و ژمارەیەك لەپەرلەمانتاران‌و نوێنەرانی ئایینی‌و ژمارەیەك لەباڵیۆز‌و نێردە دیپلۆماتییەكان لەعیراق، ئامادەیبوون، سەرۆك كۆمار، ئاماژەی بەچەندین لایەنی گرنگ‌و سەركەوتنی خاتوو نادیە موراد بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، كرد لەگەیاندنی نەهامەتی‌و مەینەتیی خەڵكی عیراق بەجیهان لەسەر دەستی تیرۆر‌و دڕندەیی داعش، وتیشی: پێشكەشكردنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بە خاتوو نادیە، رێزلێنان‌و هاوسۆزیی جیهان دەردەخات بەرامبەر بەو كەسانەی بوونەتە قوربانیی تاوانەكانی داعش لەعیراقدا.

سەركەوتن بەردەوامبێت
سەرۆك كۆمار، راشیگەیاند: هەموو عیراقییەكان، لەهەرێمی كوردستانەوە تا ناوەڕاست‌و باشوور، بەشدارییان كردووە لەبەدەستهێنانی سەركەوتن بەسەر گروپی داعشی تیرۆریستدا، كە دەبێت ئەم سەركەوتنە سەربازییە بەردەوامبێت‌و لەئاستەكانی سیاسی‌و خزمەتگوزاری‌و ئابوورییدا رەنگبداتەوە، بەوجۆرەی ژیانێكی شایستە‌و سەربەرز بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان‌و ئایندەیەكی گەش بۆ نەوەكانی داهاتوومان دەستەبەربكات. داواشی لەوڵاتانی دراوسێ‌و ناوچەكە‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتی كرد ناكۆكی‌و دووبەرەكی وەلابنێن‌و تواناكان یەكبخەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر‌و بیری توندڕەوی‌و وتیشی: ئەو سەركەوتنە مەزنەی بەدەستهاتووە بەسەر داعشدا سەركەوتنی هەموو ناوچەكە‌و جیهانیشە، كە بووە فاكتەری دوورخستنەوە‌و پاراستنی هەموو وڵاتان‌و گەلان لەمەترسییەكانی تیرۆرو لێكەوتەكانی.
لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، سەرۆك بەرهەم ساڵح، سوپاس‌و پێزانینی پێشكەشكرد بەمەرجەعیەتی ئایینی، كە تیرۆر‌و داعشی ئیدانەكرد بەتایبەتی ئایەتوڵڵا عوزما سەید عەلی سیستانی، كە هەڵوێستی جوامێرانەی نیشاندا بەرامبەر ئێزدییەكان‌و مەینەتییەكانیان.

ئاسەواری تاوانەكانی داعش، نەسڕاونەتەوە‌و ساڕێژنەبوون
لەكۆتایی وتەكانیشیدا، سەرۆك كۆمار، وتی: ئەو خەڵاتەی پێشكەشی خاتوو نادیە كراوە، مافێكی سروشتیی خۆی‌و رۆڵە‌و پێكهاتەی ئێزدییەكانە، كە روبەڕووی تاوانێكی گەورە بوونەتەوە‌و مرۆڤایەتی لەئاستیاندا شەرمەزارە، كە ئاسەوار‌و بەركەوتەكانی تاوانەكانی داعش تائێستاش نەسڕاونەتەوە‌و ساڕێژنەبوون. ئاشكراشە خاتوو نادیە؛ نوێنەرایەتی خۆی ناكات بەتەنها، بەڵكو دەنگی زوڵاڵی زۆربەی كچانی رەگەزەكەی خۆیەتی لەعیراق‌و سەرانسەری جیهاندا.

هەموومان قوربانیی دەستی یەك تیرۆرین
پاشان، خاتوو نادیە موراد، لەوتەیەكدا سوپاسی پێشوازی‌و پشتیوانییەكانی سەرۆك كۆماری كردو راشیگەیاند: ئەو خەڵاتەی بەدەستمهێناوە، بەگەورەترین خەڵاتی نێودەوڵەتی دادەنرێت، پێشكەشی دەكەم بەهەموو قوربانییەكانی دەستی تاوانەكانی داعش، بەتایبەتی بۆ ژنانی ئێزدی‌و وتیشی: «بەخەڵاتی نۆبڵەوە هاتووم بۆ بەغدا، تا بەهەموو عیراقییەكان بڵێم ئێوە باشترین خەڵكی ئاشتیخوازن، لەگەڵ یەكتردا تەبا‌و یەكدەست بن. سەرەنجام ئیرادەی چاكە بەسەر شەڕخوازیدا سەركەوت، ئازادییش بەسەر كۆیلایەتیدا سەركەوت‌و هەمووشمان قوربانیی دەستی یەك تیرۆرین». هەروەك سوپاسی مەرجەعیەتی ئایینی لەنەجەف كرد بەتایبەتی ئایەتوڵڵا عوزما سەید سیستانی لەبەرامبەر پشتیوانییان لەئێزدییان. داواشی لەزانایانی ئایینی عیراق‌و ناوچەكە كرد، هەمان رۆڵ ببینن.

پەلەبكرێت لەئاوەدانكردنەوەی شنگال‌و خزمەتگوزارییەكانیدا
لەدرێژەی قسەكانیدا، خاتوو نادیە، ئاماژەیكرد بۆ گرنگیی پێكهێنانی تیمێكی پسپۆڕ‌و شارەزا بەهاریكاریی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ گەڕان بەدوای كچ‌و ژنانی تری ئێزدی رفێنراو. جەختیشیكردەوە لەسەر پەلەكردن لەئاوەدانكردنەوەی قەزای شنگال‌و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكی‌و پێویستەكان.
لەكۆتایی رێوڕەسمەكەشدا، لەپاڵ دەربڕینی رێز بۆ چالاكوانی ئێزدی نادیە موراد، سەرۆك كۆمار بەڵێنیدا كە بەهاریكاریی هەردوو دەسەڵاتی حكومی‌و پەرلەمانی‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان، كاربكرێت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكان كە خرانەڕوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەردۆگان: لە S-400 پاشگەز نابینەوە

رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیـــــــــاند: S-400، پەیوەندیی راستەوخۆی ...