سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » ترەمپ وەزیرێکی تری دەردەکاتپەڕە 2

ترەمپ وەزیرێکی تری دەردەکات

دووبارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە سەر واڵەی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی تویتەر رایگەیاند: لە کۆتایی ئەمساڵدا رایان زینک وەزیری ناوخۆ، واز لە پۆستکەی دەهێنێت، زینک پێشتر یەکێک بووە لە ئەفسەرە ناسراوەکانی ئەمریکا و ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بووە لەسەر ولایەتی مۆنتانا و پێشتریش بە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی ترەمپ دادەنرا، بەڵام لە ماوەی پێشوودا بە هۆی ئاشكرابوونی، کۆمەڵێک گەندەڵی، میدیای ئەمریکا هێرشی زۆریان کردە سەر و ئەمەش هۆکاری سەرەکی وازهێنان و دەرکردنی بووە. بەمەش سێهەمین وەزیری حکومەتەکەی ترەمپ دەبێت، کە لە مساڵدا واز دەهێنێت، هەربۆیە زۆرێک لە میدیاکانی ئەمریکا، تیمی ئیداری ترەمپ، بە تیمێکی لاواز دادەنێن.

هۆکاری وازهێنانی
جێگەی ئاماژەیە ماوەیەکە زینک بە هۆی هەندێک هەڵسوکەوتی شەخسییەوە، بۆتە مایە‌ی رەخنەگرتنی میدیا و ناوەندە سیاسییەکان. چونکە لەو ماوەیەدا ئاشكرابووە، کۆمەڵێک خانوبەرەی گرانبەهای کڕیوە، هەروەها کۆمەڵێک گەشتی کردووە کە زۆرجار فرۆکەی تایبەتی گرانبەهای بەکارهێناوە، کەئەمەش خەرجی زۆری ویستوە،بۆنموونە لە ماوەی پێشوودا میدیاکانی ئەمریکا هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە زینک بۆ گەشتێک لە لاس ڤێگاوەو بۆ ولایەتی مۆنتانا بە فرۆکەیەکی تایبەت گەشتی کردووە ، کە نزیکەی 12 هەزرا دۆلاری تێچووە.

ئەفسەرەکەی مارینز
رایان زینک لە 1 نۆڤێمبەری 1961 لە ولایەتی مۆنتانا لەدایک بووەو پاشان خوێندنی ئەکادیمی لە هەردوو زانکۆی ئۆریگۆن و سانت دیگۆ تەواوکردووە، پاش تەواوبوونی زانکۆ، پەیوەندی بە سوپای ئەمریکاوە کردووەو لە هێزی دەریاوانی وەکو ئەفسەرێک کاریکردووە، پاشانیش لەسەر لیستی پارتی کۆمارییەکان، بۆتە ئەندامی کۆنگرێس و نوێنەرایەتی ولایەتی مۆنتانەی کردووە. لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، یەکێک بووە لە دۆستە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپ و هەمیشە پشتگیری سیاسەت و بۆچوونەکانی کردووە.

دووبارە تویتەر
ئەوەی جێگەی سەرنجی زۆرێک لە میدیا و ناوەندە سیاسییەکان بوو، دووبارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەرێگەی تویتەرەوە هەواڵی دەرچوونی یەکێک لە وەزیرەکانی راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدا دەبوایە بە شێوەیەکی فەرمی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمەی رابگەیاندایە.

حکومەتێکی لەرزۆک
جێگەی ئاماژەیە حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ لەمساڵدا، کۆمەڵێک لە وەزیرەکانی پۆستەکانیان بەجێهێشت، لەوانە وازهێنانی ریکس تیلەرسۆنی وەزیری دەرەوە و جیف سیشنز وەزیری داد، هەروەها هەفتەی پێشووش، یەکێک لە گەورە راوێژکارەکانی وازیهێنا، بە وازهێنانی وەزیری ناوخۆش، هێندەی تر ترەمپ رووبەروی رەخنەی زیاتری میدیاکان بۆوەو تیمی ئیدارەکەی بە لەرزۆک وەسف دەکەن.

سەرچاوە: ئاژانسەکان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*