سەرەکی » ئاراستە » ئەوێ ڕۆژێ

ئەوێ ڕۆژێ

هەڵكەوتەی جوگرافیی گوندی «دێلێژە» ترانزێت ئاسا بوو (گەر ئەم وێناكردنە دروست بێت) لە ڕۆژئاواوە دەبووە دوایین گوندی «قەرەداغ».
لە باكوورەوە كەوتبووە پێش یەكەم گوندی ناوچەی گەرمیان «ژاڵەی بەردەربەند». لە باشوورەوە كەوتبووە پشتی «خێوەتە»ی »بازیان»ەوە.
خاڵی وەستان و وێستگەی پشووی بەشێكی زۆری هاتن و گەڕانەوەی پێشمەرگەكانی ئەو سەروەختە بوو.
بێ زیادەڕۆیی.. ماڵی ئێمەش ترانزێتێكی بچووكی ناو ترانزێتە گەورەكە بوو.
چێشتەنگاوێكی درەنگی، ڕۆژێك لە ڕۆژەكانی ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٦، پیاوێكی بە ساڵاچووی كەواو سەڵتە لەبەر، چەفییەیەكی سپی میلداری لە سەرنابوو، بە سۆراخ و پرسیار گەیشتە ماڵی ئێمە.
چاوەكانی چەندێ مات بوون، هێندەش پڕ پرسیار و جووڵە!. دوای بە خێرهێنان وتی:
من باوك «فەوزی»م، لە بەغداوە هاتووم. خەبەریان داوە فەوزی بریندارە و لە ماڵ ئێوەیە.
باوكم وتی:كام فەوزی؟!.
هەڵبەت ناوی خوازراو پێشیینەیەكی كۆنی هەیە، ڕەنگ بێ هیچ كاتێك هێندەی شۆڕشی نوێی ئەو عەیامە، ناوی خوازراو یان ناوی دووەم ئەو ڕەنگدانەوەیەی نەبووبێت.
وتی:برادەرانی پێیدەڵێن كامەران،
كامەران، ڕاستر كامەرانە عەرەب، كوردی دانیشتووی بەغداد و بەر لە هاتنە ڕیزی پێشمەرگە، لە سوپای عێراقیدا قوات خاصە بوو، شێوەزاری فەیلییەكانی هەبوو.
دوای دانیشتنەكەی گوندی «گوڕباز»ی! كە كاك فەرەیدون لێپرسراوێتی فەرماندەی كەرتی ٥ی ٥٧ی سەگرمەیان پێ سپارد، كامەران چەكی هەڵگرتەوە و لەو كەرتە درێژەی بە ژیانی پێشمەرگایەتی دایەوە.
لە كاتی گرتنی ڕەبیەییەكی نزیك گوندی «باخ» پێكرا و شەهیدبوو!.
باوكم وتی: پێیان وتوویت.. كامەران بریندارە؟!!.
گریا، گریانێكی بێدەنگ، زۆر بێدەنگ!.
وتی: ئەزانن لە كوێ نێژراوە؟.
بوومە چاوساغی
بە پێی هەنگاونانەكەی ئەو، بەرەو گۆڕستانەكەی «دێلێژە» ڕۆشتین.
گۆڕەكەی «كامەران»ی بینی،(وادەی هەفتەیەك ئەبوو بەخاك سپێردرابوو).
كەوتە ماچكردنی گڵی سەر گۆڕەكەی، باسكەكانی واڵاكرد وەك ئەوەی تەواوی گۆڕەكەی لە باوەش بگرێت.
ڕوومەتی خستە سەر گڵی گۆڕەكەی.. چاوەكانی كەمێك نووقاند، چوون ئەوەی بیەوێت بنوێت. بە دەنگێكی بەرزتر گریایەوە، چەند جارێكی كە كێلەكەی ماچ كردەوە.
گەڕاینەوە، نە هاتە ژوورەوە، بە ڕێگای مەكتەبەكە ڕووەو چەمەكە شۆڕ بۆوە، هەر وەك ئەوەی پەلەی بێت.. چی زووترە ئەو كۆستە بەسەر خانەوادەكەی دا دابەش بكات.

*وێنەی گوندی «دێلێژە»م لە «كوردیپیدیا» وەرگرتووە

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ یادی 40 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا

ئاوات كۆكه‌یی شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ...