سەرەکی » زانست » زاناكان بۆ ڕۆحی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێن

زاناكان بۆ ڕۆحی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێن

له‌هه‌نگاوێكی نوێدا و به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌ دوای ڕۆحی مرۆڤدا، زانایانی چین سه‌رقاڵی گه‌شه‌پێدانی گه‌وره‌ترین ئامێری وێنه‌گرتنن كه‌ به‌له‌رینه‌وه‌ی موگناتیسیی كارده‌كات و به‌ گه‌وره‌ترین ئامێری له‌و جۆره‌ داده‌نرێت له‌ جیهاندا.
ئه‌و ئامێره‌ كه‌ خه‌رجییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ 100 ملیۆن جونه‌یهی ئیسته‌رلینی له‌ ناو قوڵایی مێشكی مرۆڤدا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ پێكهاته‌ ئاڵۆزه‌كه‌ی تێبگات.
له‌ ڕاپرسییه‌كی پێشوه‌خته‌دا كه‌ زانا چینییه‌كان له‌ ناو خه‌ڵكی ده‌سته‌بژێر و ئاساییدا كردویانه‌، ژماره‌یه‌كی زۆریان وه‌ڵامه‌كه‌یان ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ڕۆح ئه‌و شته‌یه‌ مرۆڤه‌كان له‌ ئاژه‌ڵ جیاده‌كاته‌وه‌ و تا ئێستاش هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ بوونی ڕۆح وه‌ك شتێكی ماددی بسه‌لمێنێت .
خودی زاناكانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن ئه‌و پرۆژه‌ نوێیه‌ (شۆرشێكی نوێیه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مێشكی مرۆڤه‌كان) و ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ گه‌شه‌پێدانی چاره‌سه‌ره‌كانی نه‌خۆشیی له‌رزۆكیی و زهایمه‌ر.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی زانراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بودجه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ بودجه‌ی گه‌وره‌ترین ته‌له‌سكۆبی جیهان كه‌ له‌ چینه‌ و پێی ده‌وترێت ته‌لسكۆبی ڕادیۆیی ده‌مه‌وانه‌ تۆپیی (FAST) و درێژییه‌كه‌ی (500) مه‌تره‌.
یه‌كێك له‌ زانایانی به‌شدار له‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌ڵێت» ئه‌و ئامێره‌ نوێیه‌ جیهانێكی نوێمان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه‌ پێشتر نه‌ماندیوه‌ و ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ ڕۆح بێت».
ئه‌و زانایه‌ وتیشی» ڕه‌نگه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار وێنه‌یه‌كی ته‌واوی هۆشیاری مرۆڤ ته‌نانه‌ت كرۆكی ژیان بگرین، پاشان ده‌توانین پێناسه‌ی بكه‌ین و چۆنیه‌تی كاره‌كانی به‌ زاراوه‌ی فیزیایی ورد ڕاڤه‌ بكه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی نیوتن و ئانیشتاین و هاوكینگ پێناسه‌ی گه‌ردونیان كردووه‌ و ڕاڤه‌یان كردووه‌».
ئه‌و زانایانه‌ ئه‌وه‌ش دوپاتده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پرۆژه‌كه‌یان یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ چاودێریی مادده‌ كیمیاییه‌ جۆراوجۆره‌كانی وه‌ك پۆتاسیۆم و فسفۆر و سۆدیۆم، ئه‌م ماددانه‌ش زۆر یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن له‌ ئه‌ركه‌كانی مێشكدا و به‌شداری ده‌كه‌ن له‌ گه‌یاندنی په‌یامه‌كان له‌ ناو خانه‌ جیاجیاكاندا.
پێویسته‌ بوترێت ئه‌و ئامێره‌ جۆرێك دیزاینكراوه‌ كه‌ ورده‌كارییه‌كه‌ی هه‌زار جار زیاتره‌ له‌ئامێره‌كانی وێنه‌گرتن به‌ له‌رینه‌وه‌ی موگناتیسیی و ده‌توانێت وێنه‌ی ئه‌و ته‌نانه‌ش بگرێت كه‌ درێژییان (1) ملیمه‌تره‌ .
ئه‌مانه‌ له‌ كاتێكدایه‌ یه‌كێك له‌ پرۆفیسۆره‌ ناوداره‌كانی ئه‌كادیمیایی زانسته‌كانی چین له‌ په‌كینی پایته‌خت به‌ ناوی (هی رۆنگكیاو) ڕه‌خنه‌ی له‌و پرۆژه‌یه‌ گرت و وتی» هۆشیاریی چییه‌؟ ته‌نانه‌ت پێناسه‌یه‌كی زانستیی نییه‌، كاتێك نه‌توانین هۆشیاریی و ڕۆح پێناسه‌ بكه‌ین، چۆن ده‌توانین بزانین ئه‌وه‌ی ده‌یبینین هه‌مان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێین؟».

سه‌رچاوه‌: رویته‌رز

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

من وژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان (به‌شی دووەم) كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز / 16/ ...