سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » عەدالەت عەبدوڵڵا: چەند هۆكارێك وایكردووە هێشتا فۆرمی حكومەتی نوێی هەرێم یەكلانەبێتەوە

عەدالەت عەبدوڵڵا: چەند هۆكارێك وایكردووە هێشتا فۆرمی حكومەتی نوێی هەرێم یەكلانەبێتەوە

كوردستانی نوێ

عەدالەت عەبدوڵڵا رۆژنامەنووس‌و چاودێری سیاسی، رایدەگەیەنێت كە چەند هۆكارێك وایكردووە هێشتا فۆرمی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكلانەبێتەوە.

هێزە سیاسییەكان هەردوو ئەزموونەكەیان تاقیكردۆتەوە
عەدالەت عەبدوڵڵا، لەمیانی چاوپێكەوتن‌و گفتوگۆیەكدا لە سۆشیال میدیای كوردستانی نوێ، سەبارەت بەدۆسێی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و چۆنێتیی بەشداربوونی هێزە سیاسییەكان لەحكومەتی داهاتوودا، ئەوەشی خستەڕوو كە هێزە سیاسییەكان هەردوو ئەزموونەكەیان تاقیكردۆتەوە، ئەزموونی حكومەتی بنكەفراوان، كە ئەو حكومەتە زیاتر لە دوو هێزی سەرەكی پێكیدەهێنن، ئەمە لەڕابردووی 26 ساڵی حكومەتدا لەساڵی 1992وەوە دەستپێدەكات‌و بەم ئەزموونەدا رۆیشتووین‌و حكومەتی بنكەفراوانیش لەكابینەی پێشوودا زیاتر رەنگیدایەوە، لەكابینەكانی پێشووتریشدا بەشی هەرەزۆری حزبەكان بەشداردەبوون، كە لێرەشدا پرسیار دەكرێت ئایا ئەوە ئەزموونێكی باش بووە؟، قابیل بەوەیە جارێكی تر بگەڕێینەوە سەری؟، یان نەخێر بیر لەوە بكەینەوە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێ یان لەدەرەوەی مەسەلەی ئیستحقاقی هەڵبژاردنیش بابەتەكە بسپێردرێتە مەسەلەی ئارەزووی هێزەكان بۆ بەشداربوون لەحكومەت یان نا؟، هەموو ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە ئێستا دەكرێن، بەڵام بەبڕوای من هەلومەرجی سیاسی‌و ئابووریی كوردستان‌و دۆخی هەرێمایەتی، هەموو ئەمانە كاریگەرییان هەیە، تەنانەت سیاسەتی نێودەوڵەتیش لەسەر ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاریگەریی هەیە لەسەر ئەوەی كە ئایا بۆ نموونە حكومەت پێكبهێنرێت لەچەند هێزێكی دیاریكراو باشە، یان نەخێر هەموو هێزەكان یان زۆربەی زۆری هێزەكان بەشداربن؟.

بەشی زۆری هێزەكان لە دۆخێكی دوودڵیدان
لەدرێژەی چاوپێكەوتنەكەدا، عەدالەت عەبدوڵڵا، وەڵامی ئەو ئەگەرو پرسیارانەی دایەوە كە لەسەر حكومەتی نوێ دەكرێن‌و وتی: بەبڕوای من چەند پرسیارێكی سەرەكی هەن كە دەستنیشانی فۆرمی حكومەتی داهاتوومان بۆ دەكات، كە یەكێك لەخاڵەكان ئەوەیە ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆن بوون لەڕابردوودا، كە هیچ هێزو پارتێكی سیاسی نییە بۆ ئەوە دروستبووبێت تەنها ئۆپۆزسیۆن بێت، ئەمە بەشێكی بەرچاوی ئەو بنكە جەماوەرییەیە كە لەدەوری هەر هێزێك كۆدەبێتەوە، كە لەقۆناغێكدا بژاردەی ژیانی بەرهەڵستكاریی هەڵدەبژێرێت، بڕوایان وایە كە دەبێ قۆناغی بەرهەڵستكاریی قۆناغێك بێ كە وەكو ئامرازێك تاماشابكرێت بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، چونكە بزووتنەوەی بەرهەڵستكاریی تەنها بزووتنەوەیەك نییە بۆ رەخنەگرتن لەدەسەڵات، بەڵكو بزووتنەوەیەكە خاوەن پڕۆژەیەكی جێگرەوەشە، واتە پڕۆژەیەكی بەدیلە‌و خاوەن بەرنامەیەكە بۆ چۆنێتی بەڕێوەبردنی وڵات، كە ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەش بەرنامەكەیان بە چی جێبەجێ دەبێت، ئەگەر خۆی حوكمڕان نەبێت؟، بێگومان دەبێت خۆی بەشداربێت لەحكومەتدا. بۆیە كە تەماشا دەكەیت بۆ ئەم كابینەیەی لەئێستادا لەگفتوگۆدان بۆئەوەی پێكبهێنرێت، هەست دەكەیت بەشی زۆری هێزەكان دەتوانین بڵێین لەدۆخێكی دوودڵیدان، كە ئایا بڕیاربدەن بچنەناو حكومەتەكەوە، یان نا؟، چونكە لەلایەك دەزانن كە بەشداربوون لەحكومەت ترسی ئەوەی لەڕێگەیە كە روبەڕوی هەمان ئەزموونیان بكاتەوە، كە لەقۆناغێكی دیاریكراودا تووشی بەریەككەوتن بن لەگەڵ هەندێ لەهێزەكانی تردا‌و نەتوانن ئەو بەرنامەیە جێبەجێبكەن، لەلایەكی تریشەوە ترسیان لەوە هەیە كە ئەگەر لەدەرەوەی حكومەت بن، رەنگە ببێتەمایەی زیاتر پەراوێزخستنیان. بۆیە ئێستا دەتوانین بڵێین فۆرمی حكومەتەكە هێشتا یەكلانەبۆتەوە‌و گفتوگۆكان دەستنیشانی دەكات.

لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكان
ئەوەشی روونكردەوە كە بەشی زۆری هێزەكان ئەوانەی لەدەرەوەی یەكێتی‌و پارتی-ن، دەتوانین بڵێین تائێستا بڕیاری یەكلاكەرەوەیان نەداوە‌و بنكەی جەماوەریی خۆیشیان رۆڵی هەیە، كە لەوەی بڕیارەكان چۆن بێت. ئاراستەی جیاجیا هەیە لەناو سەركردایەتیی ئەو هێزانەی كە هێشتا بڕیاریان نەداوە كە ئایا چۆن لەحكومەتدا بەشداربن؟ بەشداربن، بەشدارنەبن؟، هەموو ئەمانە وایكردووە كە هێشتا فۆرمی حكومەتی داهاتوو یەكلانەبێتەوە، بەڵام ئایا چ جۆرە حكومەتێك پێویستە بۆ كابینەی داهاتوو؟، بۆ ئەوەش بڕوام وایە دەبێت حكومەتێك بێت لەسەر بنەمای بەشداریی ئارەزوومەندانە بێت، واتە ئەو هێزانە كە بەشداردەبن، هێزێك بن لەسەر بنەمای تێگەیشتن لەبەرژەوەندیی خۆیان وەكو حزب‌و بەرژەوەندیی باڵای وڵات‌و میللەت تەقدیری ئەوە بكەن كە بەشداردەبن یان بەشدارنابن‌و لەسەر ئەم بنەمایە بڕیاربدەن‌و هەر بژاردەیەكیشیان یەكلاكردەوە ئایا بە بەرهەڵستكاریی بمێننەوە یان دەچنە ناو حكومەتەوە؟ دەبێت پێویستییەكانی خەباتی سیاسیی خۆیان لا روون بێت، كە دەبنە بەشێك لەحكومەت كەواتە ئیتر بەشێكن لەحكومەت، كە ئۆپۆزسیۆنن كەواتە دەبێت بژاردەی ئۆپۆزسیۆن هەڵبژێرن تا چانسی دەورەیەكی تر دێتەپێشەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ژنێك لەجوانی و خانمە شۆڕشگێڕێكی بوێر

چەند ژنە کەسایەتییەکی ناسراو لە مێژووی کورددا هەن کە لەبواری ...