سەرەکی » وتار » مستەفا محەمەد » بژاردەی کورد لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا

شەن و كەو

بژاردەی کورد لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا

بڕیارە چاوەڕواننەکراو و لەناکاوەکەی دۆناڵد تڕەمپ بۆ کێشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لێکەوتەی زۆری بەدوای خۆیدا ێنا و نیگەرانیەکانیش لە ئیدارەکەیدا گەیشتونەتە لوتکە ، کاردانەوەکان هێندە خێران کەدور نیە کۆشکی سپی پازگەزبکەنەوە ، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕونەدا لە ماوەی 100 رۆژی داهاتوودا تەواوی هێزەکانی ئەمریکا کە ژمارەیان لە دوو هەزار تێپەڕی کردووە سوریا جێ دێڵن ، . ئەم بڕیارە هەرچۆنێک درابێ بۆبەرپرسانی باڵای ئەمریکا پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو و نامەدروس بووە و کاریگەری خراپیشی لەسەر سیاسەتی ئەمنی قەومی ئەمریکا داناوە و لەڕووی متمانەشەوە سومعەی ئەو وڵاتەی توشی داکشان کردوە ، زۆرینەی چاوەکانیش لەسەر خودی تڕەمپن کە تاک لایەنە بڕیارەکەی دابێ ، چونکە بڕیارەکە لە حساباتی ئەمریکادا بەهیچ شێوەیەک وارید نەبووە ، دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمریکاش لەسەروی هەموشیانەوە جەیمس ماتیس و برێت مەکگۆرک بەمانای خۆداماڵین دێ لەبەرپرسیارێتی لێکەوتەکانی دوای ئەو بڕیارە.
جارێ ڕوون نەبۆتەوە ئەو سەفقەیەی ترەمپی ڕازی کردوە چییە ، بەڵام گومانی تێدانیە کە لێکتێگەیشتن و ئەجندایەکی هاوبەشی تورکی – ئەمریکی لەپشتی ئەم بڕیارەوە هەیە و کاریگەری ڕاستەوخۆشی بۆ تەواوی ناوچەکە بەعیراق و هەرێمی کوردستانیشەوە دەبێ ، خۆ ئەمە ڕاستە لەو پێشهاتەدا ستراتیژی واشنتۆن ڕوون نیە و تەوقیتەکەشی وەک موبادەرەیەکی ناعەقڵانی لە سیاسەتی ئەمریکادا لێک دەدرێتەوە ، بەڵام ناشبێ ئەوە لەبەرچاونەگرێ کە دەکرێ وەک هەنگاوێکی تەکتیکی ئەمریکا تەڵەیەک بێ بۆ اکێشانی تورکیاو هاوپەیمانەکانی بۆ ناو قوڵایی کێشەکانی سوریا و دواجاریش نغرۆ کردنیان ، هەر ئەمەشە وای لە تورکیا کردوە بەحساباتی خۆیدا بچێتەوە و وەک هەفتەیەک پێش ئێستا مکوڕ نەبێ بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فوڕات و پلانی لەشکرکێشیەکەشی تا کاتێکی نادیار دواخستوە.
هەروەک دیارە بڕیارەکەی تڕەمپ بۆ کشانەوە لە سوریا و ئەفغانستانە ، لەکاتێکدا بۆ وجودی خۆی لەو دوو وڵاتە ئیدارەی ئەمریکا تەفویزی لە کۆنگرێسەوە وەرگرتوە و ستراتیژیەتی تەواجودی سەربازیشی لەو وڵاتانە بەدەرەجە یەک بۆ دژایەتی و لێدانی ئێران و پاراستنی هاوپەیمانەکانیەتی لە پێشیشیانەوە ئیسرائیل کە لەئەمڕۆدا بەم هەنگاوەی تڕەمپ نیگەرانە و پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانیەتی ، ڕێگەش بۆ ئێران و ڕوسیا دەخاتە سەرپشت تا بەئارەزوی خۆیان لە ناوچەکەدا ڕۆڵ و پێگەی بەهێزترلەجاران بسەپێنن ، بەتایبەتتریش کە ئێستا روسیا و ئێران بەهەماهەنگی تورکەکان خەریکی پێشنیازێکی نوێن بۆ داڕشتنەوەی شێوەی مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ، دەسپێکیش لەئاییندەی سوریاوە دەستیان پێ کردوەو دەیانەوێ لە ڕێگەی دانانی لیژنەی پێداچونەوە و ەرلەنوێ نوسینەوەی دەستور بگەنە تەوافوقێکی نێودەوڵەتی بۆ کەیسی سوریی ! تێگەیشتن لە بڕیارێکی ئاوا بۆ دۆخی سوریا وا سانا نیە ، چونکە پرسیار زۆرە و وڵامیش نادیار ، لێ لۆژیکی نیە ئەمریکا وا بەئاسانی سوریای دابێتە دەستی تورکیا و هاوپەیمانەکانی و بەبیانوی کۆتایی هاتنی داعش لەئان و ساتێکدا لە پڕچەککردنی کوردانی خۆرئاوا کە ژمارەیان لە پەنجا هەزار تێپەڕدەکا و زیاتر لە یەک لەسەر چواری کۆنتڕۆڵی خاکی سوریایان بەدەستەوەیە پاشگەزبوبێتەوە! لەوەش خراپتر ڕەوایەتی بە لەشکرکێشی سوپایەکی وەک تورکیا بۆ سەر هەسەدە و هێزەکانی تر بدا کە هێشتا بەهێزترین وجودی سیاسی و عەسکەریان لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریادا هەیە!
دوا سەرنجیش ئەوەیە کە لەئەگەری دوای کشانەوەی ئەمریکا بوار دەڕەخسێ بۆ ئەردۆگان تا هێرش بکاتە سەر خۆرئاوای کوردستان ، ئایە هەسەدە و هێزە کوردیەکان پێویستە چ هەڵبژێرن ، شەڕێکی نابەرابەر لەگەڵ تورکیای بەهێزترین هاوپەیمانی ناتۆ و دوبارەکردنەوەی ئەوەی لە عەفرین ڕویدا ، یا پێکهاتن و ڕێگەخۆشکردن بۆ هەماهەنگی لەگەل سوریای ئەسەد؟ لەئەگەرێکی ئاوا
کراوەشدا گومانی تێدا نیە پێویستە «پەیەدە « بێ دودڵی بژاردەی دووەم هەڵبژێرێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كورد چۆن سوود له‌ كابینه‌كه‌ی…

كورد چۆن سوود له‌ كابینه‌كه‌ی مه‌هدی وه‌رده‌گرێ؟ له‌ كه‌وتنی‌ رژێمی‌ ...