سەرەکی » راپۆرت » پێشنیاز بۆ ״چاكسازی نه‌وجوانان״

چه‌پكه‌ گوڵ

پێشنیاز بۆ ״چاكسازی نه‌وجوانان״

کۆچکردوو کاک عیسمەت نامق کە ھەمیشە بە راپۆرتە بەپێزەکانی ھاوکاری کوردستانی نوێی دەکرد کۆمەڵێک راپۆرتی پێشوەختی بۆ ئامەد کردبوین کە بە زنجیرە بڵاویدەکەینەوە. رۆحی شاد بێت و یادی ھەر بمێنێ

عیسمه‌ت نامیق شه‌ریف

له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ساڵی 1921ه‌وه‌ چه‌ندین یاساو رێسا ده‌رچوون، كه‌ هه‌ندێكیان تا ئێستاش كاریان پێده‌كرێت‌و هه‌ندێكی تریشیان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌و هه‌مواركراوه‌ یان گه‌شه‌ی پێدراوه‌، یه‌كێك له‌وانەش ئه‌م بڕیاره‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت:
كاتێك نه‌وجوانێكی زیندانیكراو ته‌مه‌نی ده‌گاته‌ سه‌روو 18 ساڵان، پێویسته‌ له‌زیندانی نه‌وجوانان»چاكسازی نه‌وجوانان»ه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ زیندانی گه‌وران، ئه‌ و هۆكارانه‌ی یاساناسیش پیشتی پێ به‌ستووه‌ بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ له‌و كاتدا راست بووە، كه‌ ئه‌ویش پارێزگاری كردن بووه‌ له‌نه‌وجوانان‌و تێكه‌ڵ نه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی له‌خۆیان گه‌وره‌تر، ئه‌وه‌ش كارێكی لۆژیكییه‌و له‌گه‌ڵ عورفی گشتیدا دێته‌وه‌، به‌ڵام پێشنیار لێره‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌مكی چاكسازیدا بگونجێت‌و هاوشێوه‌ بێت‌و پێویست بێت ، ده‌ركردنی یاساییه‌كی‌ نوێیه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌ له‌خۆ بگرێت:
-هه‌ر نه‌وجوانێكی زیندانیكراو له‌»زیندانی چاكسازی» كه‌ ته‌مه‌نی له‌سه‌روو 18 ساڵ بێت، پێویسته‌ هۆڵی تریان بۆ دابین بكرێت، كه‌ تایبه‌ت بێت‌و دوربێت له‌زیندانی نه‌وجوانان‌و هه‌روه‌ها زیندانی گه‌وران له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌:
ئه‌و خزمه‌ت‌و چاودێریی‌و سه‌رپه‌رشتییه‌ی‌ له‌زیندانی چاكسازی نه‌وجوانان هه‌یه‌ زۆرباشه‌‌و سه‌رده‌میانه‌یه‌و تازه‌ترین شێوازه‌كانی چاكسازی تێدا جێ به‌جێ ده‌كرێت، هه‌ر له‌سه‌رپه‌رشتیكردن‌و په‌ره‌رده‌كردن‌و رۆشنبیركردن، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی چاكسازی كردن له‌ناو زیندانیاندا‌و ته‌قییم كردنیان‌و فه‌راهه‌م كردنی چانس بۆیان بۆ دووباره‌ چوونه‌وه‌ به‌ر خوێندن، كاتێك زیندانیان ته‌مه‌نیان ده‌گاته‌ سه‌رو 18 ساڵان به‌شێكی باش رۆشنبیربوون‌و په‌روه‌ده‌كراون‌و به‌شێك له‌پێوه‌ره‌كانی چاكسازیان به‌سه‌ردا جێ به‌جێكراوه‌، ئه‌م هه‌وڵ‌و كاره‌ باشه‌ش هه‌مووی له‌ده‌ست ده‌چێت ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌وجوانانه‌ دواتر تێكه‌ڵ به‌زیندانیانی تری‌ حوكمدراو به‌موئه‌به‌د له‌سه‌رتاوانی ترسناك بکرێن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر پێویسته‌و باشتره‌ بینایه‌كی نوێیان بۆ دروستبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و په‌روه‌رده‌و سه‌رپه‌رشتی و چاكسازییه‌ی‌ بۆیان كراوه‌ له‌ده‌ست نه‌درێت.
به‌م پێشنیارو كاره‌ش بیرۆكه‌ی‌ یاسادانه‌ری پێش خۆمان گه‌شه‌ پێده‌ده‌ین، به‌گواستنه‌وه‌ی‌ نه‌وجوانانی زیندانیكراو كه‌ ته‌مه‌نیان ده‌چێته‌ سەروو 18 ساڵ بۆ بینای تایبه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێویستی به‌سه‌رپه‌رشتی‌و گرنگی زیاتر ده‌بێت له‌به‌ر هه‌ستیاری ته‌مه‌نه‌كه‌ی‌.
لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه‌ بۆ پێویستی كردنه‌وه‌ی‌ ئاماده‌یش بكه‌ین له‌ناو زیندانی چاكسازیدا‌و هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ی‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی كه‌ چه‌مكی چاكسازی زیاتر ده‌چه‌سپێینێت‌و په‌روه‌رده‌و هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌وجوانانیش باشتر ده‌كات.
به‌كردنه‌وه‌ی‌ ئاماده‌یش له‌ناو زیندانی چاكسازی بوار به‌نه‌وجوانان ده‌درێت كه‌ فێری به‌كارهێنانی ئامێره‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان ببن، وه‌كو كۆمپیوته‌ر، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر دروستكردنی كه‌سێتی نه‌وجوان، پرۆسه‌ی‌ چاكسازیش ئاسانتر ده‌كات، دوای ده‌رچوونیان له‌زیندان، به‌هۆی‌ ئه‌و ئاسته‌ی به‌ده‌ستی دێنن له‌خوێندنیش زووتر ده‌توانن تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگه‌ بن، ئه‌وه‌ش ئامانجی سه‌ره‌كی دروستكردنی»زیندانی چاكسازییه‌» لێره‌و له‌هه‌موو وڵاتانی تری جیهان.

 205 جار بینراوە