سەرەکی » ئابووری » داوای‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاورده‌ی‌ مریشكی‌ به‌ستوو ده‌كرێت

داوای‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاورده‌ی‌ مریشكی‌ به‌ستوو ده‌كرێت

یەکەی ئابووری

كێڵگه‌ په‌لەوه‌رییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زیانه‌كانیان ئاشكراده‌كه‌ن و چه‌ند داواكارییه‌كیش ئاراسته‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن، وته‌بێژی كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، «زۆربه‌ی‌ خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان 15 ده‌فته‌ر دۆلار قه‌رزاری‌ بازاڕن»، هاوكات داوای‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاورده‌ی‌ مریشكی‌ به‌ستوو بۆ هه‌رێم ده‌كرێت.
نازم عه‌بدوڵڵا وته‌بێژی‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كان له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، «داوا له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ین هاورده‌ی‌ مریشكی‌ به‌ستوی‌ توركی‌ و وڵاتانی‌ دیكه‌ بۆ هه‌رێم قه‌ده‌غه‌ بكات، چونكه‌ زیان له‌ به‌رهه‌می‌ مریشكی‌ ناوخۆ ده‌دات».
وتیشی‌: »وه‌كو خاوه‌نی‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كان جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر دانانی‌ نرخێكی‌ جێگیر بۆ مریشك له‌هه‌رێم كه‌ كه‌متر نه‌بێت له‌دوو هه‌زارو 500 دینار بۆ هه‌موو كاتێك له‌گه‌ڵ دابینكردنی‌ گازو به‌نزین بۆ كارپێكردنی‌ مۆلیده‌كان».
جه‌ختیشیكرده‌وه‌، «ئێستا به‌رهه‌می‌ مریشكی‌ هه‌رێم زۆرباشه‌و هاورده‌ی‌ به‌غداشی‌ ده‌كه‌ین، ده‌توانین بڵێین رێژه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ مریشك له‌هه‌رێم له‌ 50% زیاتره‌ له‌پێویستیه‌كانی‌ ناوخۆ».
په‌یامێكیشی‌ ئاراسته‌ی‌ هاووڵاتیانی‌ هه‌رێم كردو دڵنیایی كردنه‌وه‌، مریشكی‌ به‌رهه‌مهاتووی‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كان هیچ كێشه‌یه‌كی‌ نییه‌و به‌گوێره‌ی‌ ستانداردی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، «هه‌فته‌ی‌ دوجاریش لیژنه‌كانی‌ قائیمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌ سه‌ردانی‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كان ده‌كات و پشكنین و چاودێری‌ زۆر وردیان هه‌یه‌».
ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌، «له‌خانه‌قینه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ زاخۆ وه‌كو كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كان یه‌ك كێشه‌مان هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ له‌30% بۆ 35%ی‌ خاوه‌نی‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كان داویانه‌ به‌خه‌ڵكانی‌ دیكه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌، زۆربه‌ی‌ خاوه‌نی‌ كێڵگه‌كانیش 15 ده‌فته‌ر قه‌رزاری‌ بازاڕین».

 409 جار بینراوە