سەرەکی » زانست » با كوردوستان نه‌بێته‌ سه‌ره‌نوێلكی كۆمپانیاكان

با كوردوستان نه‌بێته‌ سه‌ره‌نوێلكی كۆمپانیاكان

ئێستا له‌و وڵاتانه‌دا كه‌ خه‌ڵك ئاستێكی ڕۆشنبیری باشیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت ژینگه‌ ، له‌سه‌ر سندوقی نامه‌كانیان ده‌نوسن ( تكایه‌ پڕوپاگانده‌ی كۆمپانیاو كارگه‌كان مه‌خه‌نه‌ ناو سندوقه‌كه‌مانه‌وه‌ ) مه‌به‌ستیش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و چاپه‌مه‌نیانه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز چاپده‌كرێن و له‌ دروستكردنی كاغه‌زیشا له‌لایه‌ك ته‌خته‌ی دره‌خت و له‌لایه‌ك كلۆر به‌كاردێت بۆ سپی كردنه‌وه‌ی كه‌هه‌ردووكیان زیانی زۆر له‌ ژینگه‌ ده‌ده‌ن . بێگومان خه‌ڵكێكی ئاوا زۆر به‌ وریای مامه‌ڵه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژینگه‌ ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت ئێستا به‌رهه‌می زۆر و زه‌وه‌ندی كارگه‌كان له‌ مادده‌ی نامۆ به‌سرووشت ده‌خرێته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ .كه‌ واده‌كات هه‌ندی شتی فڕێدراو زۆربێت به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ خاك و ئاوو هه‌وا پیس بكات و ژینگه‌و ژیان بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ببێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشی زۆر ترسناك . له‌ هه‌مان كاتدا له‌ هه‌ندێ وڵات به‌كار هێنانی عه‌لاگه‌ی نایلۆن ڕاگیراوه‌ . بڕیاریشه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌كار هێنانی پلاستیك ڕابگرێ .
ئه‌ڵمانیا نایه‌ڵێ ته‌رمۆسی چاو ئاوی گه‌رم له‌ چینه‌وه‌ بێت ،چونكه‌ چه‌ند گرامێك ئه‌سپتۆس (ئه‌زبێز ) له‌ درووستكردنیا به‌كاردێت ئه‌و ئه‌زبێزه‌ی كه‌ هه‌موو پڵیته‌ی زۆپاكانمانن . به‌ڵێ خه‌ڵك وحكومه‌ته‌كانی جیهان خۆیان له‌ گرفته‌ ژینگه‌یه‌كان ده‌پارێزن چونكه‌ ده‌زانن كه‌ چاره‌سه‌ر كردنی نه‌خۆشیه‌كانی خه‌ڵك چه‌نده‌ گران ده‌كه‌وێت له‌ سه‌ریان ، بۆیه‌ چاكتره‌ خۆ بپارێزن .
ڕۆژانه‌ هه‌زاران ترێله‌ی پڕله‌باری جۆراو جۆر دێته‌ كوردوستانه‌وه‌ ، جا شتی ئاماده‌ كراوبێت یان كه‌ره‌سه‌ی خاو ، بێگومان هه‌موو ئه‌م شتانه‌ پاش ته‌مه‌نێك له‌ به‌كارهێنان فڕێده‌درێت . جاله‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی كه‌ره‌سه‌ی ناجۆره‌ و یڕه‌كه‌شی زۆره‌ زوو فڕێ ده‌درێت و خاك و ئاوو هه‌وا ی پێ پیس ده‌كرێت .
بازاڕی ئازاد ، یان زیاتر بڵێین بازاڕی به‌ره‌ڵاو ، نه‌بونی سانسۆرێكی ئه‌وتۆ له‌ سه‌ر بازرگانی ، ده‌رفه‌تی داوه‌ به‌ هه‌ركه‌سێ كه بڕێك پاره‌ی ببێ و سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی كوردوستان بكات . گه‌ر كاڵایه‌ك سه‌رنجی ڕاكێشێ و هه‌ستبكات كه‌ هاورده‌كردنی قازانجی لێده‌كات بێ لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆ ده‌یكڕێ و ده‌یهێنیته‌ كوردوستانه‌وه‌ .وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیاو كه‌سی نه‌شاره‌زا له‌ چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی هه‌نارده‌ی شمه‌ك بكه‌ن بۆكوردوستان.
هه‌رچی كۆمپانیا بازرگانیه‌كانه‌ به‌هۆی ئینته‌رنێته‌وه‌ په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن و چه‌نده‌یان بوێت شمه‌ك ده‌هێنن ، بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ئاگای له‌وی تر بێ .
زۆرێك له‌ كۆگاكان مه‌رجی گونجاویان نی یه‌ ، هه‌ندێ كه‌س قاتی ژێره‌وه‌ی خانوو یان گه‌راجه‌كه‌ی كردۆته‌ كۆگا ، ئه‌و كۆگایانه‌ش كه‌ یه‌ چینكۆ داپۆشراون له‌هاویندا زۆر زوو مادده‌ خۆراكیه‌كانیان تیا خراپ ده‌بێ .
جاری واهه‌یه‌ چه‌ندین كه‌س هه‌مان كاڵا هاورده‌ ده‌كه‌ن ، بێئه‌وه‌ی ئاگایان له‌ یه‌كتر بێت ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌ڵه‌كه‌ بوونی له‌ناو كۆگاو بازاڕه‌كاندا . جائه‌گه‌ر سه‌وزه‌و میوه‌ی فررێش بوو كه‌ زۆرنابات له‌كه‌ڵك ده‌كه‌وێت ، ئه‌واناچار تا كرێی كۆگای زۆر نه‌چێته‌ سه‌ر یان كڕێی بارهه‌ڵگره‌كه‌ی زیاد نه‌بێت ، به‌هه‌رزان ده‌یخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌ خه‌ڵكیش له‌به‌ر هه‌رزانی زیاد له‌ پیویستی خۆیان ده‌كڕن . بێگومان هه‌ندێكی لای بازرگانه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌و هه‌ندێكی تر لای فرۆشیاران و هه‌ندێكیش لای خه‌ڵكی خراپ ده‌بن و فڕێ ده‌درێن كه‌ هاوكات بڕێكی زۆر سه‌به‌ته‌ی پلاستیك گوێنی نایلۆنی و ته‌په‌ دۆر و كارتۆن و نایلۆن ی له‌گه‌ڵه‌ . ئه‌مه‌ش له‌ لایه‌ك كاری كۆمپانیاكانی كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك زیاد ده‌كات له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆربه‌ فیڕۆده‌دات .
ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ شیره‌مه‌نیه‌كان و شه‌ربه‌ت و خواردنه‌ له‌ پاكه‌ت و قوتونراوه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌ ، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا به‌هۆی قه‌یرانی دارایی له‌ ئێران و توركیاو لای خۆشمان ،كڕیاری كه‌م بۆته‌وه‌ ، له‌كاتێكدا به‌هۆی ئه‌و باره‌ ئابوره‌یه‌ی كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لای خۆمان و ده‌وروبه‌رهه‌بوو كڕیار زۆر بوو ، زۆرێك كۆمپانیا به‌رهه‌مه‌كانیان زیادكرد و چه‌ندین كۆمپانیا و كارگه‌ی له‌قوتو شوشه‌و پاكه‌ت نان بۆ شیره‌مه‌نی و شیرینی و پسكیت و خواردن و خواردنه‌وه‌ی هه‌مه‌ جۆر دامه‌زرا .
هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ ، ئێستا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ زۆربه‌ی پیشه‌و كاره‌كان ده‌سكه‌وت بۆ خه‌ڵك دابین ناكه‌ن ، زۆرێك له‌ خه‌ڵك فرۆشگاو بازاڕده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ زۆر له‌وبه‌رهه‌مانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت ،كه‌ ئه‌مانه‌ش واده‌كات بڕێكی زۆر له‌و شمه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ زۆربه‌یان هه‌رزان فرۆشی ده‌كه‌ن به‌ڵام بڕێكی زۆری به‌ هه‌مان شێوه‌ی خواردنه‌ فرێشه‌كه‌ لای فرۆشیار یان لای خه‌ڵك خراپ ده‌بن ، به‌ڵام ئه‌مانه‌ له‌خواردنه‌ فرێشه‌كان بارێكی گرانتر ده‌خه‌نه‌سه‌ر ژینگه‌ چونكه له‌ كاتێكدا به‌كار بێت یان خراپ ببێت هه‌ر به‌زیانه‌ ، ئه‌گه‌ر له‌ پاكه‌ت وسلۆڤیندا بێت ، ئه‌وا بڕێك له‌ بۆیه‌و مادده‌ی نامۆی تیایه‌ كه‌ تێكه‌ڵ به‌ ژینگه‌ ده‌بێت و پیسی ده‌كات . خۆ ئه‌گه‌ر له‌ ناو پلاستیك و نایلۆن دابێت ، ئه‌وه‌ نایلۆن و پلاستیك شیبونه‌وه‌ی زۆر ئه‌سته‌مه‌و چه‌ند سه‌د ساڵێكی ده‌وێت‌ و زۆری كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت و ڕۆژله‌دوای ڕۆژ ڕوله‌ زیاد بونه‌. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ قوتوی كانزاكراون ئه‌وكانزایانه‌ كه‌ ده‌ڕزێن له‌ ناو زه‌ویدا گه‌ر پارچه‌كانیان یان ژه‌نگه‌كانیان تێكه‌ڵ سوڕی خۆراكی زینده‌وه‌ران و مرۆڤ ببێ یان له‌ئه‌نجامی بریندار بوون تێكه‌ڵ خوێن ببێ ژه‌هراوی بونی ترسناك درووست ده‌كات .
ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ شوشه‌دان جاران شوشه‌ چه‌ند جارێك به‌كار ده‌هاته‌وه‌ ، چونكه‌ شوشه‌ پێكهاته‌یه‌كی كیمیایی جێگیره‌ ، به‌ڵام ئێستا شوشه‌كان فڕێ ده‌درێن وه‌ له‌ئه‌نجامی دره‌وشانه‌وه‌ی تیشكی خۆر زۆرجار ئه‌بنه‌ هۆی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌.
جگه‌ له‌ خۆراك شتومه‌كی ناوماڵ كه‌ زۆرینه‌ی پلاستیكه‌ كه‌ هه‌ندێكیان هێنده‌ خراپه‌ به‌رگه‌ی چه‌ند ڕۆژێك ناگرێ وه‌ زۆرێك له‌مانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر هه‌رزانه‌ خه‌ڵك به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌ كه‌ گه‌ر پێویستی به‌دانه‌یه‌ك بێت چه‌ند دانه‌یه‌ك بكڕێت ، وه‌ زۆری مۆدێل و ئاڵو واڵایی هانده‌ره‌ . به‌ هه‌مان شێوه‌ یاری مناڵان كه‌ زۆربه‌ی پلاستیكه‌ كه‌ هه‌ر به‌كارهێنانی له‌لایه‌ن مناڵانه‌وه‌ خراپه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ مناڵ گاز ده‌گرێت له‌و شتانه‌ ، بێگومان زۆرنابات فڕێ ده‌درێت وبارگرانی بۆ ژینگه‌ درووست ده‌كات ، خۆ ئه‌گه‌ر بسوتێنرێ ئه‌وا كۆمه‌ڵێ ژه‌هری كیمیایی ده‌كاته‌ هه‌واوه‌ .
جلو به‌رگیش به‌هه‌مان شێوه‌ ، جلوبه‌رگ ئه‌گه‌ر له‌ لۆكه‌و خوری درووست كرابن بێگومان گه‌ر فڕێدران كێشه‌ دروست ناكه‌ن چونكه‌ ئاساییه‌ شی ده‌بنه‌وه‌ ، به‌ڵام ئێستا زۆرێك له‌ پێكهاته‌ كیمیاییه‌ نامۆكان له‌ درووستكردنی جل و به‌رگ و پێڵاودا به‌كاردێت ، دیسانه‌وه‌ هه‌رزانی و مۆدێل و گۆڕران له‌ قه‌باره‌ی خه‌ڵكدا وای كردووه‌ ده‌یان هێنده‌ی پێویست خه‌ڵك جلو پێڵاو بكڕن . جگه‌ له‌وه‌ش كه‌ چه‌ندین وڵاته‌وه‌ جلی ئاماده‌ كراوو پێڵاوی نوێمان بۆ دێت . ئێستا كوردوستان بۆته‌ سه‌ره‌ نوێلك بۆ جل و كه‌لوپه‌لی ده‌ستی دوو كه‌ زۆربه‌ی له‌ به‌ر بێكه‌ڵكی له‌شوێنی خۆی ده‌ست به‌رداری بوون . بۆیه‌ ده‌بینین به‌ كۆمه‌ڵی گه‌وره‌ له‌م شتانه‌ فڕێ ده‌درێن .
له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ترسناك تر ئامێره‌ كاره‌باییه‌كانه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ پاتری تیا به‌كاردێت كه‌ كۆمه‌ڵێ كانزای ئه‌وتۆ له‌ خۆ ده‌گرێت كه‌ تێكه‌ڵ بونیان به‌ ژینگه‌ ئه‌نجامی زۆر به‌زیانه ‌به‌تایبه‌ت كه‌ گه‌ر بشكێن وورد ببن وه‌ك ئه‌وه‌ی بكه‌ونه‌ ژێر تایه‌ی ئۆتۆمبیل بێگومان جگه‌ له‌ پیسكردنی خاك و تێكه‌ل بوونی به‌ تۆز وخۆڵ به‌هۆی باراناوه‌وه‌ ده‌چێته‌ ژێر زه‌وی و تێكه‌ڵ به‌ ئاو ده‌بێت ، بێگومان ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ری زۆر ئه‌سته‌مه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتان سیستمی كۆكردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌م كاڵایانه‌ هه‌یه‌و له‌زۆربه‌ی وڵاتان حكومه‌ت یان كۆمپانیای درووستكاری یان هاورده‌كاری به‌ شێوه‌یه‌ك ئامێرو پاتریه‌ له‌ كاركه‌وتوه‌كان ده‌كڕێته‌وه‌ . وه‌ سزا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی پابه‌ند نابن به‌ تێكه‌ڵكردنی به‌ خاشاكی تر . زۆرێك له‌م كاڵایانه‌ له‌ وشوێنانه‌ی كه‌ بازرگانانی ئێمه‌ڕوی تێده‌كه‌ن ، به‌بڕی زۆر هه‌یه‌و یان ته‌مه‌نیان به‌سه‌رچووه‌ یان مۆدێلی نه‌ماوه‌ یان كه‌ڵكیان نه‌ماوه‌ . جا به‌پێی یاسای ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌بێت ئه‌وانه ‌هه‌ڵبووه‌شێو بكرێته‌وه‌ به‌ كه‌ره‌سه‌ی خاو یان خۆڕزگاركردن لێی زۆری تێده‌چێ ، بۆیه‌ گه‌ر كه‌سێكی نه‌شاره‌زایان لێ هه‌ڵكه‌وت ئه‌وا به‌نرخێكی زۆر كه‌م یان وه‌ك خه‌ڵات بۆ كڕینی كاڵای تر ئه‌و شتانه‌ی ده‌ده‌نێ . جا زۆر ئاسایی ده‌یهێنێت و هه‌ڕاجی ده‌كات و خه‌ڵكیش له‌به‌ر هه‌رزانی ده‌یكڕێ و دواتر فڕێی ده‌دا ، لایت شه‌حن یه‌كێكه‌ له‌و كاڵایانه‌ .
پاكژكه‌ره‌وه‌كان له‌ هه‌موان زیاتر زیان به‌ ژینگه‌ ده‌گه‌یه‌نن ،چونكه‌ خودی ماده‌كه‌ و ئه‌و ده‌به‌و نایلۆنانه‌ی تیایه‌تی پیسكه‌ری ژینگه‌ن . ئه‌مانه‌كه‌ زۆربه‌یان كلۆر له‌ دروست كردنیا به‌كاردێت ژه‌هرن بۆ ژینگه‌ . كلۆر مادده‌ی سه‌ركیه‌ له‌ چه‌كه‌ كیمییه‌كانا ، زۆربه‌ی پاكژكه‌ره‌وه‌كان له‌كاتی به‌كارهێنانیانا ئاو به‌كار دێت دیاره‌ ئه‌و ئاوه‌ش له‌ڕێی ئاوه‌ڕۆكانه‌وه ‌ده‌گاته‌ چه‌مو جۆگه‌كان . وه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ڕۆژانه چه‌ندین ترێله‌ له‌م پاكژكه‌ره‌وانه‌ له‌ بازاڕه‌كانا دائه‌گیرێن ، بێئه‌وی ئامۆژگاری پێویست هه‌بێت بۆ زیانه‌كانی . دیاره‌ هه‌رزانی نرخی هه‌ندێكیان هانده‌ره‌ بۆ گوێنه‌دان به‌ به‌كارهێنانی .
هاورده‌ كردنی ئۆتۆمبیل دیسان كاره‌ساتێكی ژینگه‌یی گه‌وره‌یه‌ ، دیاره‌ نه‌بوونی گواستنه‌وه‌ی گشتی له‌بار له‌ كوردوستانا هانده‌ره‌ بۆ به‌كارهێنانی ئۆتۆمبیلی تایبه‌ت كه‌ واده‌كات ڕۆژانه‌ ملیۆنه‌ها لیتر سوته‌مه‌نی ببێ به‌ دوكه‌ڵی ژه‌هراوی و تێكه‌ڵ هه‌وا ببێ ، هه‌ندێك له‌و ئۆتۆمبیلانه‌ به‌كارهێنانیان یاساغه‌ له‌و شوێنانه‌ی لێی هاورده‌ ده‌كرێن به‌هۆی خراپیانه‌وه‌ . جگه‌ له‌ گازی ژه‌هراوی مانگانه‌ ئه‌م ئۆتۆمبیلانه‌ بڕێك ڕۆنی پیس و زۆرێك تایه‌و لاسیكی ووردبوو پارچه‌ی خراپ بوو ده‌كه‌نه‌ ژینگه‌ی كوردوستانه‌وه‌ .
هه‌ر زۆری ژماره‌ی ئۆتۆمبیلیشه‌ وایكردووه‌ ناچار بین شه‌قامی زۆر و پان و گه‌راج و وه‌رشه‌ی چاكردن و ویستگه‌ی سوته‌مه‌نی زۆرمان بوێت و شاره‌كانمان جه‌نجاڵ و وه‌ڕست ببێت به‌ هاژه‌ی ئۆتۆمبیله‌كان .
ئه‌مانه‌ و زۆری تر هیچیان كارگه‌ی درووست كردنه‌كه‌یان له‌ لای خۆمان نین ، گه‌ر هه‌شبن هه‌موو پێكهاته‌و كه‌ره‌سه‌كانیان هاورده‌ ده‌كرێن و به‌رهه‌می كارگه‌كانی وڵاتانی تره‌ . كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی پیسبونی ژینگه‌كه‌مان و زیان گه‌یشتنه‌ به‌ ته‌ندروستی خه‌ڵك .
ئێسته‌ په‌یوه‌ندیكردن كارێكی ئاسانه‌و ده‌كرێت له‌ سه‌ر ئاستی هه‌موو كوردوستان سه‌نته‌رێك ڕیك بخرێت و زانیاری بڵاو بكرێته‌وه‌ له‌سه‌ر بڕو جۆری ئه‌و كاڵایانه‌ی دێته‌ كوردوستانه‌وه‌ ، وه‌ ژوری بازرگانی و ڕێكخارو ده‌زگا په‌یوه‌ندی داره‌كان كۆڕ و سیمینار ڕێك بخه‌ن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كاری هاورده‌كردن ده‌كه‌ن و ئاگاداربكرێن له‌ و زیانه‌ی كه‌له ئه‌نجامی بێبه‌رنامه‌یی توشی خۆیان و خه‌ڵك و ژینگه‌ی ده‌كه‌ن ، وه‌هه‌وڵبدرێت كه‌ كاڵای ئه‌و تۆ بهێنرێت كه‌ ته‌مه‌نی زیاتر بێت و باش بێت و له‌ پیویستی تێپه‌ڕ نه‌كات .‌ هه‌مه‌ جۆری شته‌ هاورده‌ كراوه‌كان خه‌ڵك توشی دڵه‌ ڕاوكێ ده‌كات ، چاكتره‌ لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌بێت بۆ ئه‌و كه‌لو په‌لانه‌ی هه‌مان به‌كارهێنانیان هه‌یه‌ تا گونجاو تریان بهێنرێت . هه‌روه‌ها هه‌ر كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵك یان كۆمپانیایه‌ك تایبه‌ندمه‌ند بكرێن به‌ چه‌ند شتێك . تا كه‌ڵه‌كه‌ بوون درووست نه‌بێت .و چیتر كوردوستان نه‌بێته‌ سه‌ره‌نوێلك .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ توێژینه‌وه‌یه‌كی بێ وێنه‌ زاناكان خۆیان ده‌كه‌نه‌ سه‌هۆڵ

جه‌مسه‌ری باكوور بۆ توێژینه‌وه‌یه‌كی بێ وێنه‌ زاناكان خۆیان ده‌كه‌نه‌ سه‌هۆڵ ...