سەرەکی » ئابووری » شارەوانی:دابەشكردنی‌ زەوی‌ دەستپێدەكاتەوە

شارەوانی:دابەشكردنی‌ زەوی‌ دەستپێدەكاتەوە

یەکەی ئابووری

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانیەكانی سلێمانی ئاشكرایدەكات، دەست بە جێبەجێكردنەوەی پڕۆژەكانی‌ ساڵانی‌ رابردوو كراوە، دەشڵێت:»بۆ ساڵی داهاتوو زەوی بۆ دابەشكردن دابین دەكەین».
كەمال مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەكانی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، «بەراورد بەساڵی رابردوو 2017، جموجۆڵ لە پڕۆژەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین دەستیپێكردۆتەوەو بەڵێندەرانیش بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەستبكاربوونەتەوە».
وتیشی:»لە سنورەكەدا بەڕێوەبەرایەتییەكەو وەكو پڕۆژەی بەردەوام، 28 پڕۆژەی گەورە هەن كە لەسەر بودجەی نەوت و پەرەپێدانی پارێزگاكان و بودجەی ئاسایی بەبڕی 51 ملیار دینار جێبەجێدەكرێن».
ئاشكراشیكرد، «كۆی گشتیی پارەی تەرخانكراو بۆ پڕۆژە وەستاوەكانی سنورەكەش نزیكەی 60 ملیار دینارەو لەلایەن پارێزگاری سلێمانیشەوە بەبڕی هەشت ملیار دینار هاوكاری كراوین بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو تەنها دوو ملیار دینار تەرخانكرا».
بەوتەی كەمال مستەفا، «پلانی ئێمە لەساڵی داهاتودا بریتییە لە بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە وەستاوەكانی سنورەكە، هەروەها دروستكردنی كارگەیەكی ریسایكلین».
ئەوەشی وت:»پڕۆژەی سەرەكی ئێمە بریتییە لەپڕۆژەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك كە بەسەر سێ زۆندا دابەشكراون، زۆنی شارەزور، كە 12 شارەوانی لەخۆدەگرێت و توانراوە مانگانە 303 تۆن خۆڵ خاشاك كۆبكرێتەوە».
زیاتر وتی‌: »لەزۆنی (چەمچەماڵ ـ دوكان ـ خەلەكان)یش كە 23 شارەوانی لەخۆدەگرێت، مانگانە 268 تۆن خۆڵ و خاشاك كۆكراوەتەوە، دوا زۆنیش كە بریتییە لە شارباژێڕو عەربەت و 12 شارەوانی لەخۆدەگرێت، توانراوە مانگانە 177 تۆن خۆڵ و خاشاك كۆبكەنەوە».
ئەوەشی راگەیاند، «تەواوی پێداویستییەكانی دروستكردنی كارگەی ریسایكلین لەزۆنی چەمچەماڵ دابینكراوەو زەوی پڕۆژەكەش رادەستی كۆمپانیاكە كراوە، بۆیە لەدەستپێكی ساڵی داهاتودا كاركردن لەو پڕۆژەیە دەستپێدەكات».
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەكانی سلێمانی زانیاری زیاتری‌ خستەڕوو ئاشكرایكرد، «لە2018دا هەزارو 414 موڵكمان بەكرێداوە كە بریتیبون لەدوكان و تاوەری كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن و كۆشك، تەنها (17%)ی داهاتەكەی دەتوانین بەكاربهێنین».
لەبارەی دابەشكردنی زەویشەوە، ئەو بەرپرسەی شارەوانیەكان وتی:»174 پارچە زەوی بەسەر پیشەوەرانی بازیان دابەشكراوە، لەگەڵ 107 پارچە زەوی بۆ پێشمەرگەی كەمئەندامی سەنگەرو 25 پارچە زەویش بۆ چین و توێژەكانی دیكە، هەروەها چوار زەویش بۆ شەهیدان، بەردەوامدەبین لەدابینكردنی زەوی بۆ سەرجەم چین و توێژەكان».
ئەوەشی‌ وت:»پلانی ساڵی داهاتومان بریتییە لەدابینكردنی زەوی بۆ ئەوكەسانەی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانیان هەیە لەكەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و قوربانیانی جینۆساید».

 288 جار بینراوە