سەرەکی » دۆسێ » پانۆڕامای رووداوەكانی ساڵی 2018

پانۆڕامای رووداوەكانی ساڵی 2018

ساڵی 2018، دەكرێت بە ساڵێكی پڕ لە رووداو بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە و جیهان دابنرێت، لە دوتوێی ئەم بابەتەشدا كە لەلایەن ستافی كاری (pukmedia) ئامادەكراوە، زۆرێك لەو رووداوە گرنگانە خراونەتەڕوو كە جگە لە لایەنی سیاسی، لایەن و كایەكانی تریش لەخۆدەگرێت، بۆیە پاشكۆی (رەوتەكان) لەبەر گرنگی بابەتەكە بە باشی زانی دووبارە لە دوتوێی چەند لاپەڕەیەكدا، بیانخاتەوە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیزی (كوردستانی نوێ‌).

ئامادەکردنی : ستافی pukmedia

رووداوەكانی شەشە مانگی یەكەمی ساڵی 2018
مانگی كانوونی دووەم
*1/1/2018 : دوای دەركردنی یاسایی لێبوردنی گشتی لەپەرلەمانی كوردستان وبڵاوبوونەوەی لەرۆژنامەی وەقائعی كوردستان، چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
* 1/1/2018 : فڕۆكەیەكی گەشتیاری بە 12 سەرنشینەوە كە 10 لەو سەرنشینانە ئەمریكایی بوون لەناوچەی بونتا ئەیسلیتا لە وڵاتی كۆستا‌ریكا كەوتە خوارەوە و تەواوی گەشتیارەكان گیانیانلەدەستدا.
*3/1/2018: دادگای توركیا سزای ساڵ و نیوێك زیندانی بەسەر ئایسەڵ تۆغلۆك جێگری ھاوسەرۆكانی گشتیی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە)دا سەپاند.
*7/1/2018 : هێزە ئەمنییەكانی توركیا وتەبێژی پارتی دیموكراتی گەلان ( هەدەپە) یان لە شاری ئیزمیری توركیا دەستبەسەر كرد.
*7/1/2018: بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەك لەسەری، هێزە ئەمنییەكانی توركیا عوسمان بایدەمیر ئەندامی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) یان ئازاد كرد.
*8/1/2018: وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیركردنی 25 تاوانباری راگەیاند كە لەچەندین تاوانی جیاجیاوە تێوەگلابوون و بەپێی یاسای سزادانیش راگیرابوون.
*8/1/2018: بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتیەكانی ناوچەكانی دەرەوەی سلێمانی، هێزەكانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی توانیان گروپێكی تیرۆریستی دەستگیر بكەن سەرجەم ئەندامەكانی ژن بوون و لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بانگەشەیان بۆ بیروفكری داعش دەكرد و ئامانجیان بوو، ژورێكی راگەیاندنی هاوبەش، پێكبهێنن بۆ گەیاندن و بڵاوكردنەوەی چالاكییەكانی تیرۆرستانی داعش لە هەرێم و ئامادەكاری بكەن بۆ هاوكاریكردنی شانە نەنوستوەكان لەكاتی جێبەجێكردنی مەرامەكانیان.
*12/1/2018 : لە شاری سلێمانی لە مەراسیمێكدا لە نەخۆشخانەی دڵ بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان ئامێری ڕۆتابلەیتەر خرایە كار كە بەكاردێت بۆ ئەو نەخۆشانەی كە كلس دەمارەكانی دڵی گرتوەو كلسەكە ناهێڵێت شبكەو باڵۆن دابنرێت بۆ دەمارەكان، هەر هەمان رۆژ یەكەمین نەشتەرگەری بەو ئامێرە كرا.
*15/1/2018 : حكومەتی عیراق بریاریدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ حكومەتی ھەرێم بەندیخانەی فیدرالی لە چەمچەماڵ كە زۆرینەی بەندكراوەكانی بە تاوانی تیرۆر سزا دراون بە ھۆكاری ئەمنی بگوێزێتەوە بۆ بەندیخانەی سوسێ لە رێوشوێنی ئەمنی تونددا پرۆسەكە ئەنجام درا‌.
* 16/1/2018: بەھۆی بەكارھێنانی وشەی «كوردستان» لەلایەن عوسمان بایدەمیر پەرلەمانتاری ھەدەپە، لە پەرلەمانی توركیادا، پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بڕی زیاتر لە 12 ھەزار لیرەی توركی لە مووچەی ئەو پەرلەمانتارە ببڕێت، ھاوكات دادگای توركیا سزای 2 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر <>لەزگین بۆتان>> پەرلەمانتاری ھەدەپە دا سەپاند.
*31/1/2018 : لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خانووە بێ تاپۆكانی سنووری ئیدارەی راپەڕین تاپۆ دەكرێن.
*7/2/2018 : بە پاساو‌ی ئەوەی كە پاڵپشتی لە پارتی كرێكارانی كوردستان كردووە پەرلەمانی توركیا مافی پەرلەمانتاری لە فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان «ھەدەپە» سەندنەوە.
*2/1/2018 19: حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنگرەی هەفتانەی خۆیدا لە شاری بەغدا رایگەیاند: حكومەتی هەرێم بەڵنیداوە ئەمساڵ داهاتەكانی تەسلیمی حكومەتی عیراق بكات، تەئكیدیشیكردەوە، داهاتی نەوتی هەرێم بەشی لە 80% ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات.
*6/1/2018 : ھەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و بەریتانیا بۆ زیاتر بەھێزكردنی پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەكانیان رێكەوتنێكیان ئیمزا كرد كە پێدانی چەك بەعیراق و مەشق و راھێنانی سەربازی و گۆڕینەوەی زانیاری ھەواڵگری دەگرێتەوە.
*10/1/2018 : سادق لاریجانی سەرۆكی دەزگای دادوەری ئێران ڕایگەیاند بەپێی یاسای نوێی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، جێبەجێكردنی بڕیاری لەسێدارەدانی تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەكانی ڕادەگێرێت و دەبێت جارێكی تر چاو بە دۆسیەی تاوانباراندا بخشێندرێتەوە.
*12/1/2018 : بۆ (٧٢١)ە مین جار ، داواكاری پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان ، رێبەری زیندانی كراوی پارتی كرێكارانی كوردستان «پەكەكە» بۆ سەردانی ئیمراڵی رەتكرایەوە .
*25/1/2018 : دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی هێزەكانی سەوزو چەپی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا دژ بەتوركیا لەبەرامبەر بەكارهێنانی چەكی ئەڵمانی دژ بە خەڵكی عەفرین، فڕۆشتنی تانك و زرێپۆش بەتوركیا راگیرا.
*22/1/2018 : سەرۆك كۆماری عیراق بەمەرسومێك رۆژی 12ی ئایاری 2018ی وەك رۆژی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریكرد.
*26/1/2018 : پۆلیسی ئینتەرپول، «عەبدولفەلاح سودانی» وەزیری بازرگانی پێشووی عیراقی ڕادەستی حكومەتی بەغداد كردەوە ئەوەش دوای ئەوەی ئەو وەزیرە تۆمەتبارە بە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و لەلایەن دادگاوەشەوە داواكراوبوو.
*27/1/2018: وەزارەتی دادی عیراق لەراگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد ‌ژمارەی زیندانیكراوانی داعش و ئەوانەی بەتۆمەتی پەیوەندییان بەداعشەوە دەستگیراون، لە گرتووخانەكانی عیراقدا گەیشتە 20 ھەزار كەس.

مانگی شوبات
*2/2/2018 : سایلۆی سلێمانی لە لایەن كۆمپانیای ھیوا رەئوف-ەوە بە شێوەی تەقینەوەی دەستكرد تەقێنرایەوە. سایلۆی سلێمانی لە ساڵی 1978 دا دەستكراوە بە دروستیكردنی، بەڵام بەهۆی جەنگی نێوان عێراق و ئێرانەوە نەتوانراوە لەكاتی خۆیدا تەواوبكرێت و بەهۆی سوود وەرنەگرتن لێی، بڕیاردا كە سایلۆكە لەناوبچێت و لەشێوینی كۆمەڵگایەكی گەشتیاری بە ناوی (داون تاون) دروستبكرێت كە هەلێكی كاری زۆر بۆ دانیشتوانی خەڵكی سلێمانی دەڕەخسێنێت.
*12/2/2018 : دادگای دەستپاكی عیراق لە كۆی 8 تۆمەت كە روبەروی فەلاح سودانی وەزیری پێشووی بازرگانی عیراق كرابوون سیانیانی بەسەردا سەپاند و بە 21 ساڵ زیندانی سزا درا.
*8/2/2018 : نادیە موراد كچە ئێزدی رزگاربوی دەستی داعش لە مەراسیمێكدا كە لە هۆڵی گاستن لە زانكۆی جۆرج‌ تاون لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا سازكرا خەڵاتی كلنتۆن بۆ بەرەوپـێشچوونی ژنان لە ئاشتی و ئارامیدای پێبەخشرا .
*21-2-2018: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیمزای لەسەر بڕیاری دابەشكردنی 11 هەزار و 141 پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری ئەنفالكراوان كرد.
* 28-2-2018: بۆیەكەم جار كۆبۆنی خۆراكی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عیراقەوە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بۆ ساڵی 2017_2018 چاپ كرا.

مانگی ئادار
* 6-3-2018: ساڵیادی 27 ساڵەی راپەڕینی ناوچەی بازیان و دەوروبەری كرایەوە.
* 5-3-2018: یادی 27هەمین ساڵڕۆژی راپەڕینە مەزنەكەی رانیەی دەروازەی راپەڕین بەسەر رژێمی بەعسی روخاودا كرایەوە.
*7-3-2018: یادی 27هەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەكەی شاری سلێمانی كرایەوە.
*16-3-2018: لەچەندین مەراسیمی جیادا یادی 30 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە كرایەوە.
*20-3-2018: ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە شاروشارۆچكەكانی كوردستان بەڕێوەچوو.
*16-2-2018: وەزارەتی دارایی و حكومەتی عیراق پرۆسەی بلۆككردنی پارە و سامانی تیرۆرستانی داعشی لە عیراق دەستپێكرد بەمەبەستی وشككردنی سەرچاوە داراییەكانیان.
*16-2-2018: بەپێی چەند گرێبەستێكی نێوان مۆسكۆ و بەغدا، روسیا ژمارەیەك تانكی T90 ی رەوانەی عیراق كرد.
*13-3-2018: بە فەرمانێكی رەسمی حەیدەر عەبادی سەرك وەزیرانی پێشووی عیراق گەشتەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێر دەستیانپێكردەوە، پاش ماوەیەك لە راگرتنی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە.
* 27-2-2018: دادگای كۆماری چیك ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی ئازاد كرد و بەو هۆیەشەوە هەزاران كورد لەو شارە بەردەوامیان بە خۆپیشاندانەكانیان دا.
* 4-3-2018: ئاهەنگی دابەشكردنی 90 هەمین خولی خەڵاتی ئۆسكار لە هۆڵی شانۆیی دۆڵبی لە هۆڵیود لە لۆس ئەنجلۆس بۆ بەرهەمە سینەماییەكانی ساڵی 2017، بەڕێوەچوو.
13-3-2018 بۆ یەكەم جار لە مێژووی ئەمریكا ژنێك بووە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگیری CIA ، ئەو ژنەش ناوی جینا هاسپێڵدی بوو.
*14-3-2018: زانای ناسراوی بواری زانستی فیزیا ستیڤن هاوكینگ كەلێكۆڵەری بورای گەردوون بوو لە تەمەنی 76 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

مانگی نیسان
*3-4-2018: دەستەی نیشتمانی هەڵبژاردنەكانی میسر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی راگەیاندو بەپێی ئەنجامەكانیش عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری ئێستای میسر توانی زیاتر لە 97%ی دەنگەكان بەدەسبهێنێت و جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار.
*5-4-2018: 21هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە ناوی عەفرینەوە دەستیپێكرد و تێیدا وێرای خوێندنەوەی چەند وتارێك لە ماوەی دوو رۆژدا چەندین چالاكی هونەری و دیبەیت ئەنجامدرا.
* 7 – 4 – 2018: بە ئامادەبوونی هەریەكە لە حاكم قادر حەمەجان و شێخ جەعفەر مستەفا و بڵێسەجەبار فەرمان و مستەفا چاوڕەش، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كەسوكاری سەر بەرزی شەهیدان و فەرماندەكانی یەكێتی و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان، مەڕاسیمی یادی 41 ساڵەی 12 شەهیدی داستانی ساوێنی بناری قەندیل لە رانیە كرایەوە.
* 8-4-2018 : لەساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەددا، هاوسەرو خانەوادەكەی سەردانی گۆڕی كۆچكردوویان كردو تاجە گوڵینەیان لەسەر گڵكۆكەی دانا.
*8-4-2018: شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی هەولێر دەستنیشانكرا.
* 8-4-2018 : دیاردەیەكی گەردوونی ناوازە لە ئاسمانی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رویدا، ئەویش دروستبونی سێگۆشەیەك بوو لە ئاسماندا لە نێوان مانگ و هەردوو هەسارەی مەریخ و زوحەل كە بە چاویش دیاردەكە دەبینرا.
*10-4-2018: بە ئامادەبونی محەمەد مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندام و كادر و لاینگرانی و جەماوەرێكی زۆری خورماتوو بارەگای مەڵبەندی 16 ی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە خورماتوو كرایەوه و یەكێتی لە ناوچەكەدا دەستی بە كارە حزبییەكانی كردەوە.
* 10-4-2018 : مەریەم باروتچیان ونبوویەكی شاری هەڵەبجە بوو ساڵی 2015 لە وڵاتی ئێرانەوە گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی پشكنین و دۆزینەوەی خێزانی راستەقینەی خۆی. دوای ئەنجامدانی پشكنینەكان و چەند لێكۆڵینەوەیەك دەركەوت كە ناوی هاونازە. بەپێی ئەو زانیاریانەی ئەوكات دەركەوت، لەلایەن دادگای سلێمانیەوە رادەستی خێزانێك كرا كە بە خێزانە راستەقینەكەی ناوبرا. پاشان دەركەوت كە منداڵی ئەو خێزانە نییەو دادگا چەند دانیشتنێكی لەوبارەیەوە ئەنجامدا، بەوپێیەی برایەكی هاوناز داوای یاسایی تۆماركردبوو گوایە ئەو كچە هاوناز نییە، دوا دانیشتنی دادگا ئەنجامدرا و دواتر مریەم رایگەیاند: «وێرانم، تەواو وێران بووم بەدەست ونبوونی خۆمەوە».
* 10-4-2018 : خاوەنپشكەكانی چاڤیلاند خۆپیشاندانیان ئەنجامداو بڕیاریاندا بە ڕەسمی لە دادگا سكاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحد تۆمار بكەن بەهۆی ئەوەی خاوەن پشكەكان كە ژمارەیان زیاتر لە 70 كەسە بەپێی یاسا پارەیان خستووەتە بانكەوە بۆ بون بە خاوەن پشك لە چاڤیلاند بەڵام شاسوار عەبدولواحد هیچ بڕە پارەیەكی نەخستوەتە بانكەوە.
* 11-4-2018 : لە مەراسیمێكی شایستەو پڕشكۆدا لەنێو دەربەندی سەرتەكی بەمۆ لە ناوچەی گەرمیان، پەردە لەسەر تابلۆی وێنەی پۆلێك شەهید لادرا. تابلۆی شەهیدانی سەرتەكی بەمۆ پێكهاتوون لە شەهیدانی براو ئامۆزایان (ئەیوب یوسف محەمەد، حەیدەر عەبدوڵا محەمەد، خالید عەبدوڵا محەمەد، فاتیح عەبدوڵا محەمەد، بابان ئەحمەد محەمەد) كە لەسەر رێگای سەرەكی نێو دەربەندی سەرتەكی بەمۆ جێگیركرا‌.
*12-4-2018: لەچوارچێوەی چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پرۆژەیەكی ستراتیجی بەناوی (خزمەت)، بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان، دەخاتەڕوو، جەختیش دەكاتەوە كە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەباشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتیانی بكات.
* 12-4-2018 تێكۆشەری دێرین سارم خانی سادق وەزیری تێكۆشەری دێرین و سیاسەتمەدار و پارێزەر و روناكبیری ناسراوی كورد كۆچی دوایی كرد.
* 16-4-2018: بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرپەرشتیاری هەردوو مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی و چەمچەماڵ، لە رێوڕەسمێكی شایستەدا لە بارەگای مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەلایەن هەڤاڵان جێگران و كارگێڕو ئەندامانی مەڵبەندو كادیرانی سنوری مەڵبەندەوە پێشوازیكرا لە حاكم قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی وەك سەرپەرشتیاری مەڵبەند.
* 16-4-2018: لەسەر مەزاری شەهیدانی دۆڵی بالیسان یادی 31 ساڵەی كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان كرایەوە كە 31 ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی پێشوی عیراق بە چەكی قەدەغەكراوی كیمیای بۆردومانی ئەو ناوچەیەی كرد كە بەوهۆیەوە زیاتر لە 600 هاووڵاتی بە ژن و مناڵەوە شەهیدو بریندار بوون.
* 22-4-2018 لە بەشی تەكنیكی میدیاو هۆڵی سیمیناری كەمپی كۆلێژە تەكنیكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، چەند چالاكییەكی ئەكادیمی و تایبەت بەبۆنەی 120ـەمین ساڵەی رۆژنامەگەری كوردییەوە ئەنجام درا.
* 24-4-2018: لە نزیك فامیلی مۆڵ لەهەولێر (فارس محەمەد سادق) پێشمەرگەی دێرینی یەكێتی و بەڕێوەبەری گشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەسەر پشكی یەكێتی، بەر دەستڕێژی گوللـە دراو شەهیدكرا.
* 24-4-2018: ژنە شاعیری كورد، كەژاڵ ئیبراهیم خدر هاوسەری رۆژنامەنووس رێبوار محەمەد یوسف لەشاری سلێمانی كۆچی دوایكرد.
* 24-4-2018 : بەئامادەبونی ژمارەیەك بەرپرسی حزبی و حكومی و چین و توێژ و خەڵكی شاری سلێمانی ساڵیادی كردنەوەی سەكۆی ئازاد لەسەر دەستی سەرۆك مام كرایەوە.
*26-4-2018 : لەسەر گڵكۆی هەڤاڵ مام جەلال 42 هەمین ساڵیادی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان كرایەوە
*29-4-2018: بە لەبەرچاوگرتنی كارو چالاكییەكانی لە شاخ و تۆماركردنی مێژووی پێشمەرگەو ژیانی شاخ و خزمەتە بەردەوامەكانیشی بۆ پێشمەرگەو كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان خەڵاتی نموونەی «ژنی شاخ» بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەخشرا.

مانگی ئایار
* 6-5-2018: قوباد تاڵەبانی لە سەردانێكیدا بۆ گەرمیان قەزای كفری بەسەر كردەوە و پەردەی لەسەر پەیكەری ئیبراهیم خانی دەلۆ لادا. ئیبراهیم خانی دەلۆ یەكێكە لە سەركردە مەزنەكانی سەردەمی شێخی نەمر شێخ مەحمودی حەفید.
* 8-5-2018 : لە لایەن د.خالید شكور نەشتەرگەرییەكی سەركەوتوو مێشك بۆ د. ئەنوەر شێخە پسپۆڕی نەخۆشییەكانی خوێن و شێرپەنجە ئەنجامدرا.
* 10-5-2018: بە بەشداری نزیكەی 2 ملیۆن دەنگدەر ب دەنگدانی تایبەت لە لە دەرەوەی وڵات و 900 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
*12-5-2018: پرۆسەی دەنگدانی گشتی لەهەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عیراق بۆ خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو.
*17-5-2018: وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزی دیاریكرد.
*6-4-2018 : دادگایەكی ئەمریكا حكومی كۆتایی بۆ دوو پاسەوانی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا دەركردوە كە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا لەكاتی سەردانێكی ئەردۆگاندا بۆ ئەمریكا هێرشیانكردە سەر ئەو خۆپیشاندەرە كوردانەی دژی هاتنی ئەردۆگان بۆ ئەمریكا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بوو.
* 21-4-2018: كیم جون ئون سەرۆكی كۆریای باكوور ڕایگەیاند پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ڕادەگرێت و چیدی تاقیكردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام نادەن چونكە ئەوەی مەبەستیان بووە پێگەیشتوون و بەرنامەی سەربازی ئەو وڵاتە لە بواری ئەتۆمیدا گەیشتووە بە ئامانجی خۆی.
*22-4-2018: میدیا رەسمی و نارەسمییەكانی ئەڵمانیا هەواڵی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا خاتوو»ئەندریاس نالیس»یان بڵاوكردەوەو كردیانە مانشێتی هەواڵەكان و رایانگەیاند، ئێستا ئیتر هەردوو گەورە پارتی دەسەڵاتداری یەكێتی كریستان دیموكرات و سۆسیال دیموكراتەكانی ئەڵمانیا دووسەركردەی ژن»ئەنگێلا مێركل وئەندریاس نالیس»بەڕێوەی دەبەن، جگە لەچەندین پۆستی گرنگی حزبی لەناو حزبەكانی تری وەك چەپەكان و سەوزەكان و دیموكراتی ئازادو حزبی ئەلتەرناتیف لەپێناوی ئەڵمانیا. ئەندریاس نالیس تەمەن 47 ساڵ كچی كرێكارێكی خانوبەرە ئەمڕۆ 22ی نیسان لەكۆنگرەی نائاسایی سۆسیال دیموكراتەكانی ئەڵمانیادا كەلەشاری «ڤیس بادن»بەرێەچوو بە كۆی لەسەدا 66% ی دەنگەكان وەك یەكەمین ژن لەمێژووی155ساڵەی ئەو حزبەدا سەركەوتنی بەدەست هێناو بووە سەرۆكی سۆسیال دیموكراتەكانی ئەڵمانیا.

*24-4-2018: سێرج سەركیسیان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا ‌بەهۆی هێنانەدی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی ‌دەستی لەكاركێشایەوە، كەتەنها ماوەی دوو هەفتەیە ئەو پۆستەی وەرگرتوە.

*27-4-2018: هەردوو سەرۆكی كۆریای باكوور و كۆریای باشوور كۆبونەوەو تەوەری گرنگی كۆبونەوەكەیان كۆتایی هێنانی جەنگی نێوان هەردوولا بوو.
كێم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكوور بەرەسمی سەردانی كۆریای باشووری كردوو لەلایەن مون جائە ئین سەرۆكی كۆریای باشوور پێشوازی لێكرا.

* 8-5-2018: دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، رێككەوتننامەی ئەتۆمی نێوان وڵاتەكەی و ئێرانی هەڵوەشاندەوەو پێش ئیمزاكردنی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەكەش وتارێكی پێشكەشكردو رایگەیاند: ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی دەدات، وتیشی: رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و ئەمریكا بواری بە ئێراندا بەردەوامبێت لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم.

* 14-5-2018: رۆژنامەی «هائاڕتس» ی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، سەرەڕای رەتكردنەوەی بڕیاری گواستنەوەی پایتەختی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیمەوە بۆ شاری قودس لەلایەن روسیاو دەوڵەتانی عەرەبیەوە، بەڵام 32 دەوڵەت بەشداری مەراسیمی كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەكەن لە قودس.

* 15-5-2018 : حكومەتی توركیا بە رەسمی داوای لە باڵیۆزی ئیسرائیل لەئەنقەرە كرد‌ كە وڵاتەكەی جێبهێڵێت و بەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی.

* 18-5-2018: عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشی لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد. عادل موراد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، یەكێك بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزراندنی یەكێتی و لە تەمەنی 69 ساڵیدا بەهۆی نەخشییەوە كۆچی دوایی كرد.
* 20-5-2018: زرار سلێمان بەگی دەرگەڵیی نووسەر و پێشمەرگەی دێرینی كۆماری كوردستان لە تەمەنی 91 ساڵی كۆچی دوایی كرد.
* 20-5-2018: بە گوڕی چوار پلەی ڕیختەر بوومەلەرزە پارێزگای كرمان-ی لە ئێران هەژاند.
* 21-5-2018: بومەلەرزەیەك بە گوڕی 4 پلەی رێكختەر شاری ئورفای باكوری كوردستانی هەژاند.
*22-5-2018: بومەلەرزەیەك بەگوڕی 4.5 پلەی رێكختەر پارێزگای هەڵەبجەی هەژاندو خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی و ماڵی نەبوو.
* 24-5-2018: تەرمی خوالێخۆشبوو عادل موراد لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە گەیشتەوە، هەرێمی كوردستان و هەمان رۆژو لە رێورەسمێكی شایستەدا لە گردی سەلیم بەگ بەخاك سپێردرا.
* 25-5-2018: تەقینەوەیەك لە چێشتخانەیەكی شاری میسیساگاوی لە كەنەدا 15 برینداری لێكەوتەوە.
* 26-5-2018: نووسەر و لێكۆلەوەر و مامۆستای زانكۆی د.محەمەد ساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە شەپۆل بەهۆی نەخۆشی لەتاران كۆچی دوایی كرد.
* 29-5-2018: بەهۆی پابەندنەبوون بە بەرنامە و كارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری عیراق لەسەر فراكسیۆنەكەی لە ڕیزەكانی گۆڕان دەركرد.
*30-5-2018: مامۆستایەكی ئاینی شاری كەركوك لە هەولێر درایە بەرچەقۆو كوژرا.

سەرەتای حوزەیران و یادی دامەزراندنی یەكێتی
* 1-6-2018: یەكێتییەكان یادی دامەزراندنی یەكێتیان لەسەر مەنزڵگەی سەرۆك مام جەلال كردەوە.
* 2-6-2018: بۆ یەكەمجار لە مێژوودا سعودیە وەزارەتی رۆشنبیری دامەزراند.
* 3-6-2018: بەهۆی نقومبوونی بەلەمێكی كۆچبەران لە كەناراوەكانی ئەنتالیای توركیا 9 كۆچبەر خنكان.
* 6-6-2018: بەهۆی تەقینەوەی گوللە تۆپێك لە گوندێكی سەربە پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان 5 كەس كوژران و برینداربوون.
* 6-6-2018: یەكەمینجار لە مێژووی سعودیەدا ژنان توانیان مۆڵەتی شۆفێری وەربگرن.
* 7-6-2018: تەلال دەركی دەرھێنەری كوردی ڕۆژئاوای كوردستان، خەڵاتی زێڕینی پەنجاو ھەشتەمین فێستیڤاڵی فیلیمی دۆكومینتاری كراكۆڤی وەرگرت بۆ فلیمیكی بە ناوی «باوكەكان و كورەكان» ، فیلمەكە لەسەر پەروەردەی كورەكان بوو لەلایەن باوكەكانەوە لەناو تیرۆرستانی داعشدا.
* 8-6-2018: سێ تەقینەوەی یەك لەدوای یەك لەگەڕەكەكانی قودس و موسەڵاو رێگەی بەغدای شاری كەركوك روویانداو 15 كوژراو و برینداریان لێكەوتەوە.
* 8-6-2018: پۆلیسی ئەڵمانیا تەرمی كچێكی دۆزییەوە كە لەمانگی 4ەوە دیار نەمابوو لەلایەن پەنابەرێكی عیراقییەوە دوای دەستدرێژی كردنەسەری كوژرابوو.
* 9-6-2018: بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە ژنان كەناڵی رەوشتی مەلا مەزهەر لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە داخرا.
* 10-6-2018: دوای هەشت مانگ لە وەستانی بەهۆی بڕیاری ریفراندۆمەوە، گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان سلێمانی و تاران دەستیپێكردەوە .
* 10-6-2018: ئاگر لە كۆگایەكی هەڵگرتنی سندوقەكانی دەنگدان لە بەری رەسافەی بەغدا كەوتەوەو بەو هۆیەشەوە بەشێكی زۆری سندوقەكان سوتان.
* 12-6-2018: كۆبوونەوەی مێژوویی نێوان هەردوو سەرۆكی ئەمریكاو كۆریای باكوور دوای 73 ساڵ لە ناكۆكی بەڕێوەچوو و ڕێكەوتنێكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزا كرد.
*13-6-2018: عەبدولڕەزاق فەیلی هەڤاڵ و هاوڕێی سەرۆك مام جەلال و یەكێك لە دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهۆی نەخۆشی لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد و گەیشتە كاروانی هەڤاڵانی نەمری.
* 13-6-2018: بۆ یەكەمینجار لەمێژووی ئێراندا بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی.
* 15-6-2018: لە بۆردومانێكدا لەئەفغانستان مەلا فەزلولڵا رابەری بزووتنەوەی تاڵیبان كوژرا.
* 18-6-2018: بومەلەرزیەك بە گوڕی 6.1 پلە بە پێوەری رێختەر چەند ناوچەیەكی باكوری وڵاتی ژاپۆن هەژاند و زیانێكی زۆری ماددەی و گیانی لێكەوتەوە.
* 21-6-2018: دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی تێكۆشەری دێرین بایز تاڵەبانی سەرۆكی دەزگای چاودێری و دارایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و وەزیری پێشووی دارایی هەرێم كۆچی دوایی كرد.
* 23-6-2018: بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.4 پلەی ڕێختەر ناوچەی قوتور-ی لە قەزای خۆی لە پارێزگای ورمێی هەژاند.
* 29-6-2018: بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێكی كۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست 100 كۆچبەری نایاسایی خنكان.

مانگی تەمموز
* 1-7-2018: دوای 37 ساڵ كاركردن لە بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی، دارا حەسەن بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكە، خانەنشینكرا و ماڵئاوایی لە فەرمانبەرانی كرد.
*1-7-2018: پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كە پێشتر لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتییەوە ئامادەكرابوو بەیەكجاری درێژكردەوە.
*1-7-2018: خولی سێیەمی نوێنەرانی عیراق كە بە دەسەڵاتی گەل ناودەبرێت كۆتایی هات، پەرلەمانتارانیش رایانگەیاند درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان نایاساییەو دەستوور رێگەی نەداوە بەهیچ شێوەیەك ماوەی پەرلەمان درێژبكرێتەوە.
*1-7-2018L: سەرۆك كۆماری عیراق لە راگەیەنراوێكدا سوپاسی ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمانی كرد لەپای هەوڵ مانبوونیان خولی سێیەمی پەرلەمان كۆتایهات.
*2-7-2018: كۆگایەكی گەورەی چەك و تەقەمەنی هێزەكانی زێرەڤانی لەهەولێر تەقییەوەو بەتەواوی كۆگاكە سوتا. لەماوەی كەمتر لەساڵێكدا زیاد لەچوار كۆگای گەورەی چەك و تەقەمەنی هێزەكانی زێرەڤانی لەو سنورە سوتاوە، لەسلێمانی و دهۆكیش كۆگای چەك و تەقەمەنی تەقینەوە.
*2-7-2018: رۆژنامەی بێڵدی ئەلمَانیا بڵاویكردوە كە هۆرست زیهۆفر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا دەستی لەكاركێشاوەتەوە.
*3-7-2018: پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەستی لەكەركوك ئەنجامدراو یەكێتیش لەڕێی چاودێرەكانییەوە چاودێری پرۆسەكەی كرد، دوای كۆتایهاتنی پرۆسەكەش هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر كورسییەكانی كورد لەوشارەدا نەهات.
*4-7-2018: لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیای راگەیاندو بەپێی ئەنجامەكانیش هەدەپە 67 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
*4-7-2018: لەمیانەی شەڕ وپێكدادانەكان لەشاری حومس لە سوریا حوزەیفە بەغدادی كوڕی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كوژرا.
*9-7-2018: بەپێی ریزبەندی گوگڵ سكوڵەر سایتەشنی جیهانی، زانكۆی دایك (زانكۆی سلێمانی) لەناو تەواوی زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 كە 15 زانكۆن، پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە.
*9-7-2018: پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە دەست لەشاری سلێمانی بۆ دەنگی ئەو سندوقانەی كەتێبینی و سكاڵایان لەسەر بوو بەڕێوەچوو.
*7-7-2018: دامەزرێنەری تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕیژەی سامانەكەی گەیشت بە زیاتر لە 81 ملیار دۆلار و بوو بەسێیەمین دەوڵەمەندی جیهان.
*7-7-2018: بەتاوانی چەندین كردەوەی تیرۆرستی دادگای شۆڕشی ئێران هەشت تیرۆریستی داعشی لەسێدارەدا كە ساڵی رابردوو پەلاماری پەرلەمانی ئێران و مەزاری ڕابەری پێشووی ئێرانیان دابوو و چەندین كەسیان كوشت.
*8-7-2018: جەیمز جیرارد، فەرماندەی چالاكییە تایبەتیەكانی هاوپەیمانی دژبە داعش رایگەیاند: هێشتا كۆتایی نەهاتووەو بەردەوامی هەیەو هێزەكانمان لەسوریا دەمێننەوە.
*9-7-2018: رەجەب تەیب ئەردۆگان وەك سەرۆك كۆماری نوێی توركیا سوێندی یاسایی خواردو بووە یەكەم سەرۆك كۆمار بە سیستمی كۆماریی لەو وڵاتدا.
*11-7-2018: پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی پەسەندكرد كە لەلایەن فراكسیۆنی گۆڕانەوە پێشكەشكرابوو، چەند فراكسیۆن و بەشێكی زۆریش لەپەرلەمانتاران دەنگیان بەپرۆژەكە نەداو رەخنەیان لەپرۆژە یاساكە گرت كە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمەو پێدانی دەسەڵاتەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمە بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
*11-7-2018: ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست هاوشێوەی سلێمانی و كەركوك لەپارێزگای هەولێر بۆ ئەو سندوقانەی سكاڵایان لەسەر بوو بەڕێوەچوو، دەنگی سندوقی ئاوارەكانیش بەهۆی قردێلەی سورەوە سوتێنران.
*11-7-2018: بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ لەبەردەم گەراجی شاری سنە تانكەرێكی نەوت خۆی كێشاوە بە پاسێكداو لە ئەنجامدا 13 كەس سوتان و ژمارەیەكیش برینداربوون.
*12-7-2018: كرواتیا لە نیوەی كۆتایی جامەكە توانی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێك لە ئینگلتەرا بباتەوەو بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بگاتە یاری كۆتایی.
*13-7-2018: دادگای ئەڵمانیا رەزامەندی نیشاندا بەڕادەستكردنەوەی پۆگدیمۆنی سەرۆكی پیشووی كەتەلۆنیا بەئیسپانیا كە سەرپەرشتی ریفراندۆمی كرد بۆ سەربەخۆیی.
*13-7-2018: بۆ باشكردنی كارەباو ئاو و خزمەتگوزاریی دیكەو دابینكردنی هەلی كار خۆپیشاندان لەچەند پارێزگایەكی باشوری عیراق رویداو جگە لەوەستانی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نەجەف، خۆپیشاندەران لەچەند پارێزگایەكی باشورو ناوەڕاست بارەگای چەند حزبێكیان سوتاندو حەیدەر عەبادی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی وەزرانی عیراق لەبرۆسلكەوە گەڕایەوە عیراق و فڕۆكەكەی لەبەسرە نیشتەوەو دواتر چەند بڕیارێكی لەبەرژەوەندی خۆپیشاندەران دەركرد، هەروەها بەخۆی خۆپیشاندانەكانیشەوە چەندین كەس كوژران و دەیانی دیكەش بریندار بوون و خزمەتگوزاری تۆڕەكانی ئینتەرنێتیش لەزۆربەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق و بەغدای پایتەخت لەكارخرا. ئەمریكاش پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاند.
*14-7-2018: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەكۆلێژی كشتوكاڵی دهۆك پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگی 331 سندوقی سكاڵا لەسەری پارێزگای دهۆك دەستپێكردو رۆژی 16ی تەموز كۆتاییهات.
*16-7-2018: لەشاری هەولێر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم تیروپشكی بۆ ژمارەی لیست و هاوپەیمانێتییە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامداو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بەژمارە 105 بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی كرد.
*18-7-2018: بەپێی مەرسومی ژمارە (49)ی كۆماری د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق كە پشتی بەستووە ئەندامانی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران كە ژمارەیان 328 پەرلەمانتار بوون خانەنشین كران.
*19-7-2018: حكومەتی توركیا باری نائاسایی سەر وڵاتەكەی كە لە دوای كودەتا شكست خواردوەكەی شەوی 15/16 ی 7 ی ساڵی 2016 راگەیەندرابوو هەڵگرت.
*23-7-2018: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان شانۆی رۆمانی لەپاركی هەواری شاری سلێمانی كردەوە كە بەشێوەیەكی كۆلۆسیۆم بنیاتنراوەو یەكێكە لە پڕۆژە هونەرییەكانی شاری سلێمانی و بەڕووبەری 8 هەزار و 500 مەتر دووجا بونیادنراوە.
*23-7-2018: چەند چەكدارێك هێرشیانكردە سەر بینای پارێزگای هەولێرو دوای چەند سەعاتێك لەكۆنترۆڵكردنی بینای پارێزگا، لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە بیناكە كۆنترۆڵكرایەوەو چەكدارەكانیش كوژران كە سەرجەمیان خەڵكی هەولێر بوون و قوتابی قۆناغی ئامادەیی بوون.
*25-7-2018: دادگای تاوانەكانی نەینەوا سزای لەسێدارەی بۆ موهاجر كە سەربڕێكی داعش بوو دەركرد كە لەكاتی داگیركردنی شەنگالدا بەشداری سەرەكی تاوانەكانی كۆمەڵكوژكردنی پیاوان و ژنانی شەنگالی كردبوو.
*27-7-2018: درێژترین ماوەی مانگگیران لەم سەدەیەدا لەسەرانسەری جیهاندا روویداو لە باشوری كوردستانیش مانگ گیرانەكە بەتەواوی دەكەوت كە بەدرێژایی 83 ساڵ ئەو ناوچەیە مانگ گیرانی لەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینی بوو.
*28-7-2018: ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ناوی 99 كاندیدەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرد. هەروەها قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی لیستی ژمارە 105ی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پەسەندكرد.

مانگی ئاب
*2-8-2018: كۆچەر بیركار خەڵاتی فیڵدزی بواری بیركاری كە بەنۆبڵی ئەو بوارە دادەنرێت لەگەڵ سێ پڕۆفیسۆری دیكە لە بەرازیل بەدەستهێنا، جگە لە مەدالیاكە، بڕی 15 هەزار دۆلاریشی پێبەخشرا.
*2-8-2018: بەهۆی رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لەبازاڕی قەیسەری شاری هەولێر 150 دوكان سوتان.
*9-8-2018: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئەنجامی كۆتای بەدەست ژماردنەوەی ئەو بنكەو سندوقانەی سكاڵایان لەسەر بوو راگەیاندو لەئەنجامەكەدا تەواوی پارێزگاكان هیچ گۆڕنكاریەكی بەسەر نەهاتوە.
*14-8-2018: بەهۆی داڕمانی پردێك لە شاری جەنەوای ئیتاڵیا كە بەرزییەكەی 40 مەتر 30 كەس گیانیان لەدەستداوەو ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون.
*15-8-2018: چەند فڕۆكەیەكی توركیا لەقەزای شەنگال بۆردومانی ناوچەی شلۆیان كرد كە خاڵێكی پشكنینی هێزەكانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە)ی لێبوو، بەهۆی بۆردومانەكەشەوە سەركردەیەكی هێزەكەو چەند كەسێكی دیكە شەهید بوون.
*15-8-2018: تەرمی ئەو چوار كۆچبەرەی لە دەریای ئیجەدا خنكان لە قەزای زاخۆوە گەیشتنەوە خاكی هەرێمی كوردستان و دوای گەیشتنەوەیان بۆ قەزای خورماتوو بە ئامادە بوونی كەس و كار و هاووڵاتیانی خورماتوو لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاك سپێردران.
*18-8-2018: ئەمریكا لەناوچەی شەدادیەیی سەربە شاری حەسەكە لەرۆژئاوای كوردستان، دەستی بەكردنەوەی فڕۆكەخانەیەكی سەربازی كردوە، ئەمریكا زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی سەربازی بارهەڵگر كەرەستەی بۆ ئەو شوێنە گواستووەتەوەو ژمارەیەكی زۆر سەربازیش لەو ناوچەیە جێگیركردوە.
*18-8-2018: نەسیبە شەهبازی كچە تایكواندۆكاری كوردی خەڵكی مەریوانی رۆژهەڵات، توانی لەئۆڵۆمپیادی گوێگرانەكانی جیهان، لەوڵاتی چین پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت.
*19-8-2018: داوی 306 ڕۆژ لە داخستنی، رێگای نێوان كەركوك – هەولێر لە رێگەی پردێكی ئاسنەوە كرایەوە.
*19-8-2018 : بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 5.9 پلەی ڕێختەر شاری تازە ئابادی لە پاڕێزگای كرماشان لەڕۆژهەڵاتی كوردستانی هەژاند و ژمارەیەك كوژراوو برینداری لێكەوتەوە.
*28-8-2018 بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە شاری ھەولێر پڕۆژەی خزمەت بۆ چاكسازی لە فەرمانگەكانی حكومەت و خزمەتكردنی زیاتری ھاووڵاتیان رادەگەیەنرا.
*30-8-2018: دوای چەند مانگێك لەراگیرانی، هەفتەنامەی هەواڵ كە تاكە رۆژنامەی كوردیی كەركوكە دەست بەدەرچوون دەكاتەوەو بەڕێوەبەرەكەشی دەڵێت بەشێوازێكی نوێ هەواڵ دەردەچێتەوە.
*16-8-2018: دادگای فیدڕاڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12-5ی پەسەند كردو ناوی سەرجەم كاندیدە دەرچووەكانی بۆ پەرلەمانی عیراق راگەیاند.
*22-8-2018: ھەناردەی رۆژانەی نەوتی باشووری عیراق گەیشتە 3 ملیۆن و 700 ھەزار بەرمیل و بەو پێیەش بەراورد بە مانگی تەموزی رابردوو رۆژانە 160 ھەزار بەرمیل زیادیكردوە.
*24-8-2018: دەستەی حەجی عیراقی خۆكوشتنی حاجییەكی عیراقی لە مەككەی پیرۆز راگەیاند، كە لە كاتی تەوافدا بە هۆكارێكی نادیار كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، حاجییەكە ناوی حسێن حەمید حەیدەرییە و لە دایكبووی ساڵی 1975 ەو خەڵكی بەغدا بوو .
*29-8-2018: لیژنەیەكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ ناوچە ژەهراویبووەكانی پارێزگای بەسڕەیان بەسەركردەوەو ئاشكرایانكرد، تائێستا 18 هەزار هاووڵاتی لە پارێزگای بەسڕەو دەوروبەری بەهۆی ژەهراویبوونی سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە بە پاشەڕۆی كیمیایی كارگەكان و ئاوەڕۆوە نەخۆشكەوتوون.
*31-8-2018: حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە پۆستەكەی دوورخستەوە، لەبەرئەوەی دەستی بەكاری سیاسی و حزبی كردووە و ئەوەش لەگەڵ ئەركە حكومییەكەیدا ناگونجێت.
*17-8-2018: پەرلەمانی پاكستان متمانەی بەسەرۆكی حزبی (PTI) بەخشی و عومران خان بوو بە سەرۆك وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە.
*18-8-2018: كوفی ئەنان سكرتێری پێشووتری نەتەوە یەكگرتووەكان لە تەمەنی 80 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
*18-8-2018: لە شەشەمین كۆنگرەی پارتی دادو گەشەپێدان «ئاكەپە»، رەجەب تەیب ئەدۆگان بەبێ ركابەر وەك سەرۆكی ئەو پارتە هەڵبژێردرایەوە.
*19-8-2018: نادیە موراد، كچە كوردی ئێزیدی و باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكان، هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕێكی ئێزیدی بە ناوی عابد شەمدین پێكهێنا.
*19-8-2018: بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بۆ ئەمساڵ 2 ملیۆن و 371 هەزار و 675 حاجی روویان لە وڵاتی سعودیە كردوە، كە لەو ژمارەیە نزیكەی 6 هەزار حاجی لە هەرێمی كوردستانەوە روویان لە سعودیە كردبوو‌.
*26-8-2018: جۆن مەكین سیناتۆری دیاری ئەمریكاو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتە، لەتەمەنی 81 ساڵاندا كۆچی دوایی كرد.
*28-8-2018: پاش 44 ساڵ لەنوسینی نامەیەكی سەرۆكی باشووری ئەفریقا نێلسۆن ماندێلا و پیشاندانی نامەكە لەپێشانگایەكدا بەمەبەستی فرۆشتن كرایە زیادكردنی ئاشكراوەو بە 100 هەزار پاوەن فرۆشرا.
*30-8-2018: بەبەشداری زیاتر لە 20 هەزار كەس فێستیڤاڵی ساڵانەی شەڕە تەماتە لەبونولی رۆژهەڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.

مانگی ئەیلول
*4-9-2018: د.جەمال ئەحمەد رەشید پسپۆڕی پزیشكی منداڵان ناسراو بە باوكی منداڵان لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كردو لە رێگەی فرۆكەخانەی سلێمانییەوە گەیشتەوە هەرێمی كوردستان و لەمەراسیمێكی شایستەدا بە پرۆتۆكۆڵێك بە خاك دەسپێردرا.
*8-9-2018: بنكەكانی هەردوو حزبی دیموكرات لە قەڵاو زەوییە سپی لەسنوری قەزای كۆیە لە لایەن ئێرانەوە بەچڕی بۆردومان كران و بەهۆیەوە چەندین سەركردەو كادێری ئەو حزبە كوژران و برینداربوون، حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ئیدانەی ئەو دەستدرێژییەی ئێرانیان بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان كرد.
*8-9-2018: رامین حسێن پەناهی و دوو هاوڕێی چالاكوانی، لەئێران لەسێدارەدران و تەرمەكانیان رادەستی خێزانەكانیان كرانەوە.
*10-9-2018: وەزارەتی رۆشنبیری و دەزگای میدیایی كوردسات یەكەمین دیداری سلێمانی بۆ فیلم-یان بەڕێوەبرد كە ماوەی 5 رۆژی خایاند.
*19-9-2018: د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی ی.ن.ك وەك تاكە كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق دیاریكرا.
*27-9-2018: لەدوای وتارەكەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان جارێكی دیكە نرخی تەمەنی ئێرانی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
*28-9-2018: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پارێزگاكانی هەرێم ئەنجامدرا. 99 بنكەی دەنگدانی تایبەت لەهەرێمی كوردستان لە پارێزگاكانی ( سلێمانی و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە ) بۆ دەنگدانی تایبەت كرانەوەو 174 هەزار و 146 كەس مافی بەشداری كردنی دەنگدانی تایبەتیان هەبوو.
*30-9-2018: پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی چەندین نوێنەری وڵاتانی جیهان و ناوخۆیی بەڕێوەچوو، كە تێیدا 2 ملیۆن و 914 هەزارو 572 كەس لە هەموو هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەبوو، هەروەها لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان ھەزارو 260 بنكەی دەنگدان بۆ دەنگدەران ئامادەكرابوون، كە پێنج ھەزار و 941 وێستگەی دەنگدانی لەخۆ ‌گرتبوو.
*6-9-2018: ژمارەیەك خۆپیشاندەر لە شاری بەسرە بۆ داواكردنی خزمەتگوزارییەكانیان هاتنە سەرشەقام و بەهۆی تەشەنەكردنی خۆپیشاندانەكەوە بینانی ئەنجومەنی پارێزگاكە سوتا، دوای ێەند رۆژێكیش لە بەردەوامیی خۆپیشاندانەكان بارەگای چەندین حزب و رێكخراو سوتێندرا، هەروەها لەو خۆپیشاندانەدا چەندین كەش كوژران و برینداربوون.
*8-9-2018: لەسەر داوای سەرۆك كۆمارو بەسەرۆكایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتار، یەكەم كۆبوونەوەی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستیپێكردو دوای وتنەوەی سرودی نیشتمانی عیراق و خوێندنەوەی چەند سورەتێك لە قورئانی پیرۆز، د. فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق وتارێكی پێشكەشكردو داوای لە ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران كرد پێویستە كاری جددی بكەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی سەرجەم هاووڵاتییانی عیراق.
*11-9-2018: لەكاتی كاركردن لە بینا رووخاوەكانی زانكۆی موسڵ، زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار دۆزرایەوەو رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرا.
*13-9-2018: یەكێتیی ئەوروپا سزاكانی سەر بانكی ناوەندی عیراقی هەڵگرت كە لەسەردەمی رژێمی لەناوچووی سەدام حسێن بەسەریدا سەپێنرابوون.
*15-9-2018: ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی كۆبووەوەو دەنگدانی نهێنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەچوو، كە هەریەك لە محەمەد حەلبوسی و خالید عوبێدی كێبڕكێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیان دەكرد. دواتر بەدەنگدانی نهێنی محەمەد حەلبوسی بە جیاوازییەكی زۆر لەپێش خالید عوبێدییەوە بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و محەمەد حەلبوسی بووە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و حەسەن كەریم كەعبی-یش ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر لیستی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە، بەجێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا، هەروەها د. بەشیر خەلیل حەداد كە كوردە بە بەدەستهێنانی 185 دەنگ بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق هەڵبژێردرا.
*19-9-2018: دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ جێگرەكەی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش دەركرد.
*20-9-2018: لیوا فازڵ بەرواری فەرماندەی فرقەی ئاڵتونی عیراق بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لەهەولێر كۆچی دوایی كرد.
*22-9-2018: محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەسەردانێكی رەسمی گەیشتە هەولێرو لەگەڵ لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە. ئەوەش یەكەم سەردانی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عیراقە بوو، بۆ هەرێمی كوردستان دوای ئەووەی رۆژی 15ی9ی 2018 بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانتاران بەسەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
*25-9-2018: سەباح جبوری یەكێك لەباڵابەرزترین پیاوانی جیهان لە وڵاتی هیندستان كۆچی دوایكرد. جبوری خەڵكی شاری دیوانیەیە و درێژی باڵای 2.42 سم، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی عیراقی لەكاتی نەشتەرگەری غودەی دەرەقی چەند جارێك جەڵتەی دڵ لێیداوەو بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
*27-9-2018: قاسم عەبدولهادی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی رەسافە رایگەیاند‌: بەسێ گوللــە تارە فارس یاریدەدەری شاجوانی پێشووی عیراق تیرۆر كرا.
*3-9-2018: ئاگرێكی گەورە لە مۆزەخانەی نیشتمانیی بەرازیل لە شاری ریۆ دی جانیرۆ كەوتەوە كە كۆنترین دامەزراوەی زانستی ئەو وڵاتەو گەورەترین مۆزەخانەی مێژوویی سروشتی ئەمریكای لاتینە.
*4-9-2018: بەهێزترین زریان و گەردەلوول لە ماوەی 25 ساڵی رابردوو چەند ناوچەیەكی ژاپۆنی گرۆتەوەو بەهۆیەوە دەیان كەس گیانیانلەدەستداوەو زیاتر لە 100 كەسی تریش برینداربوون.
*9-9-2018: لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی سویددا 8 پارت بەشدارن و ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە جیادەكاتەوە لە هەڵبژاردنەكانی دیكە، ئەوەیە كە حزبێكی عونسڕیڕاسیست زیادیكردوەو بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات.
*18-9-2018: بەهۆی رودواێكی هاتووچۆوە لەسەر رێگای نێوان كاشان و نەتنز لەپارێزگای ئەسفەهان ژمارەیەكی زۆر گەشتیار گیانیان لەدەستدا. روداوەكە لەنێوان پاسێكی نەفەر هەڵگر لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی سوتەمەنی لەسەر رێگای نێوان كاشان و نەتنز لەپارێزگای ئەسفەهان لەناوەندی ئێران روویداوەو بەهۆیەوە 19 كەس گیانیان لەدەستداوەو 27 كەسی دیكەش بریندار بوون.
*19-9-2018: هونەرمەندی ناوداری میسر جەمیل راتب دوای ململانییەكی زۆر لەگەڵ خۆشیدا لەتەمەنی 92 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

*27-9-2018: تۆڕی فراوانی جیهانی بۆ گەڕان ( گوگڵ ) لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا لە كەلەكردنەوەی تۆڕی گوگڵ نیشاندرا یادی 20 ساڵەی دامەزراندنی كردەوە.

مانگی تشرینی یەكەم
* 1-10-2018،سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی هێرشە چەكدارییەكەی سەر ئەهواز چەند مۆڵگەیەكی داعشی لە خاكی سوریا مووشەكباران كرد.
*2-10-2018: د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح كاندیدی یەكێتیی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لەپرۆسەیەكی دیموكراسیدا لە ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا بە دەنگی 189ی ئەندام و لە بەرامبەردا د.فواد حسێن كاندیدی پارتی 89 دەنگی هێنا.
*2-10-2018: پەرلەمانی ئەڵمانیا ماوەی مانەوەی هێزەكانی لەعیراق بۆ شەڕی دژ بەداعش درێژكردەوە.
*2-10-2018: لەڕێوڕەسمێكی پڕۆتۆكۆلیدا د.بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆماری نوێی عیراق لە كۆشكی سەلام دەستبەكاربوو.
*2-10-2018: پەرلەمانی توركیا پڕۆژەی درێژكردنەوەی مانەوەی هێزەكانی سوپای توركیای لەناو خاكی سوریاو عیراق پەسەندكرد.
*3-10-2018: لەسەر مەزاری مام جەلال لەدەباشان مەراسیمی یادكردنەوەی شكۆی نیشتمان» سەرۆك مام جەلال» بەڕێوەچوو.
*4-10-2018: لەراگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكێتیی 287 هەزارو 575 دەنگی بەدەستهێنا.
* 6-10-2018: لەشاری ڤینتۆنی بەریتانیا تەرمی كچێكی كورد بە ناوی ئاڤان نەجمەدین تەمەن 32 ساڵان لە ماڵەكەی خۆیدا دۆزرایەوە.
*6-10-2018: حەفتاهەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لەسەر ئاستی جیهان لەفرانكفۆرتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
*6-10-2018: ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆبۆوە.
*7-10-2018: دیار نەمانی رۆژنامەنووس جەمال خاشوقچی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لەئیستانبوڵ راگەیەندرا.
*7-10-2018: دانیمارك بڕیاریدا ساڵی 2018 هیچ پەنابەرێك لە نەتەوەیەكگرتووەكان وەرناگرێت.
*7-10-2018: پۆلیسی توركیا ڕایگەیاند رۆژنامەنووش جەمال خاشوقچی لەناو كونسوڵگەری سعودیە لە ئەستەنبول كوژراوە.
*8-10-2018: ئازاد تۆفیق وەك پارێزگاری نوێیی هەڵەبجە بەرەسمی دەستبەكاربوو.
*9-10-2018: لە هۆڵی نیشتمانی ئەمنەسورەكە هەردوو كتێبی یادی وەفا و تریفەی وشەی نووسەر و روناكبیر مستەفا ساڵح كەریم بڵاوكرانەوە.
*10-10-2018: بەبەشداریكردنی زیاتر لە 300 دەزگای چاپ و پەخشی كتێب لە 17 وڵاتی جیهان، سیازدەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر كرایەوە.
*10-10-2018: كارەكانی سێهەمین ڤیستیڤالی فیلمی سلێمانی بەبەشداری 122 فیلم لە52 وڵاتی جیهان بۆ ماوەی حەوت رۆژ لەسلێمانی دەستی پێكرد.
*10-10-2018: بەلەمێكی كۆچبەران كە زۆربەیان عیراقی بوون لە شاری ئیزمیری توركیا ژێرئاوكەت.
* 11-10-2018: زریانی مایكڵ كەناراوەكانی فلۆریدا لەئەمریكا هەژاند و 370 هەزار كەسی ئاوارە كرد.
*12-10-: دادگای توركیا ئەندرۆ برانسۆن قەشە ئەمریكییەكەی ئازادكرد و سزای زۆرە ملێی لەسەر هەڵگرت.
* 12-10-2018: دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، عەمید نەریمان عزیز فەقێ محەمەد بەڕێوەبەری پێشووی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی كۆچی دوایكرد.
*13-10-2018: پرۆژەی شەقامی 100مەتری شاری سلێمانی دوای راگرتنی بۆ ماوەی چەند ساڵێك دووبارە دەست بەكارەكانی كرایەوە.
*14-10-2018: بەهۆی پیسبوونی ئاوی بەسڕە 90 كەس گیانیانلەدەستداوەو 111 هەزار كەسی تریش ژەهراوی بوون.
*14-10-2018: گروپی تیرۆرستی داعش لەسنوری پارێزگای دێر ئەلزوری سوریا 10ی كەسی گوللــەباران كردو 130 كەسی تریشی رفاند.
*15-10-2018: وەلید موعەلم وەزیری دەرەوەی توركیا داوای لەكوردەكان كرد پشت لەئەمریكا بكەن و بگەڕێنەوە بۆ باوەشی سوریا.
* 15-10-2018: پۆلیسی قەزای پێنجوێن كوژرانی بەڕێوبەری ناحیەی ناڵپارێزی راگەیاند.
* 16-10-2018: لەسنوری میرجانی ئێران، لەلایەن گروپە چەكدارەكانی دژ بەو وڵاتە كە سوپای بلوجیەكان ناسراون 14 بەسیجی و سەربازو هەواڵگری ئێران رفێندران.
* 17-10-2018: لە رێگەی تۆری كۆمەڵایەتی تویتەرەوە موقتەدا سەدر، رەخنە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای بە فیرعەون وەسف كرد.
* 17-10-2018: بەتۆمەتی هاوكاریكردنی ڕێكخراوی بەسیج وەزارەتی دارایی ئەمریكا ژمارەیەك بانك و كۆمپانیای ئێرانی بایكۆت كرد.
* 17-10-2018: لەسنوری پارێزگای دیالە، سوپای ئێران ئەبو زوحا، سەرپەرشتیاری كردەوە تیرۆرستیەكەی شاری ئەهوازی كوشت.
* 18-10-2018:لە بۆردومانێكی ھەڵەی فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیماناندا بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش لە نزیك ھەجین، 21 شەڕڤانی ھێزەكانی سوریای دیموكرات شەھیدو برینداربوون.
* 19-10-2018: عەلائەدین قەیسی قورئان خوێنی بەناو بانگی عیراقی لە عەمانی پایتەختی ئەردەن گیانیلەدەستدا.
*19-10-2018: بەڕێوبەری گشتی فەرمانبەرانی جەزائیر، فەرمانی قەدەغەكردنی پەچەی لەشوێنە گشتیەكانی ئەو وڵاتە راگەیاند.
* 20-10-2018: سەلمان بن عەبدلعەزیز پاشای عەرەبستانی سعودیە ژمارەیەك بەرپرسی وڵاتەكەی لە كارەكانیان دوورخستەوە.
* 20-10-2018: میدیای سعودیە بە رەسمی كوژرانی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی رۆژنامەنووس لەناو كونسوڵخانەی عەرەبستانی سعودیە لەئیستەنبوڵ راگەیاند.
* 20-10-2018: كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێم ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند، یەكێتیی 21 كورسی بەدەستهێنا.
* 20-10-2018: شەشەمین فێستیڤاڵی فیلمی دهۆك دەستیپێكرد، كە تێیدا 105 فیلم لە 50 وڵاتی جیهانەوە بەشداری پێكراوەو 40 فیلمیان كوردین.
* 21-10-2018: قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی 105ی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان،182551 هەزار دەنگی هێنا .
*25-10-2018: جارێكی دیكە بازاڕی لەنگەی هەولێر ئاگری گرت و زیانێكی زۆری لێكەوتەوە.
*25-10-2018: پەرلەمانی عیراق متمانەی بە 14 وەزیری حكومەتی نوێی عیراق دا كە عادل عەبدولمەهدی بۆ راسپێردرابوو.
*28-10-2018: پیاوێكی تەمەن 46 ساڵە لە ویلایەتی پەنسلیڤانیا لە ئەمریكا تەقە لە پەرستگایەكی جولەكەكان كرد و لە ئەنجامدا 11 كەس كوژران.
*28-10-2018: یەكەمین دیداری ھونەری و ئاشتی لەقەزای كفری لەگەرمیان دەستی بەكارەكانی كرد، دیدارەكە بۆماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام بوو.
*28-10-2018: د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كرد.
*29-10-2018: ئەنجێلا مێركل راوێژكاری باڵای ئەڵمانیاو سەرۆكی حزبی دیموكراتی مەسیحی بڕیاریدا لەهەڵبژاردنەكانی مانگی 12دا خۆی كاندید نەكاتەوە.
*29-10-2018: گەورەترین فڕۆكەخانە لەجیهان لەشاری ئستەنبوڵ لەسەر رووبەری 76 ملیۆن و 500 هەزار مەتر چوارگۆشە كرایەوە.
*31-10-201: خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دواهەمین كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا.
*31-10-2018: لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە مەزارگەی باوە مەحمود لەقەزای خانەقین بەتەواوی تەقێنرایەوە.

مانگی تشرینی دووەم
*2-11-2018: روسیا سزای دارایی بەسەر دەیان لێپرسراو و خاوەن كۆمپانیاكانی ئۆكرایندا سەپاند.
*6-11-2018: تیمی فریاكەوتنی دەریایی ئیسپانیا گیانلەدەستدانی 17 كۆچبەری لە كەناراوەكانی ئیسپانیا راگەیاند.
*6-11-2018: یەكەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو.
* 6-11-2018: یەكەمین گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و فڕۆكەخانەی شارقە لە ئیمارات دەستپێكرد.
*7-11-2018: بەفەرمانی عادل عەبدولمەهەدی لەناو لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عیراق زمانی كوردی جێگركرا.
*9-11-2018: سێهەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تاران دەستی بەكارەكانی كرد، كە تیایدا چەند كورتە فیلمێكی فیلمسازانی كورد بەشداربوون.
*10-11-2018: پەرلەمانی عیراق بەكۆی دەنگی نوێنەران،بڕیاری لەسەر كاراكردنەوەی كارەكانی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی دا.
*11-11-2018: بەبۆنەی یادی 100 ساڵەی كۆتایهاتنی جەنگی جیهانی یەكەمەوە، سەرۆكی 70 وڵاتی جیهان لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا كۆبونەوە.
*11-11-2018: د.بەرهەم ساڵەح سەرۆك كۆماری عیراق بەوەفدێكی رەسمی گەیشتە كوێت و لەلایەن میری ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێكرا.
*12-11-2018: پۆڵا شەهید سیروان وەك لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی5ی بەغدای یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەستبەكاربوو.
*12-11-2018: سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح بە سەردانێك گەیشتە ئەبو زەبی پایتەختی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی.
*13-11-2018: بەبڕیاری جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان 12 كورسی خویندن لە قوتابخانەی كەلاری نێودەوڵەتی (سابیس) بۆ نەوەی شەهیدان دابین كرا.
*13-11-2018: یەكەمین كۆنفرانسی پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی لەكوردستان بەڕێوەچوو.
*14-11-2018: یادی 234 ساڵەی دامەزراندنی سلێمانی بەچەندین چالاكی جۆراوجۆر لەشوێنە جیاجیاكانی شارەكە كرایەوە.
*15-11-2018: د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، بەسەردانێك گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردن.
* 15-10-2018: زنجیرەیەك تەقینەوەی یەك لەدوای یەك قەزای خورماتووی هەژاند و پێنج هاووڵاتی بریندار بوون.
* 15/11/2018: دوای نكۆڵی كردنێكی زۆری سعودیە لە كوشتنی نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی، شەلعان شەلعان داواكاری گشتی سعودیە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی لەوبارەیەوە راگەیاند و ئاشكرایكرد، كە تاوانباران تەرمی خاشقچیان لەتوپەت كردووە دوای كوشتنی.
*17-11-2018: شێخ وسام خراوی یەكێك لە چالاكوانێكی دیاری شاری بەسڕە كەبەشداری خۆپیشاندانەكانی كردبوو، لەبەردەم ماڵەكەیدا بە چەكی رەشا تیرۆر كرا.
* 18-11-2018: نووسەر و وەرگێڕی دیاری كورد حەكیم كاكە وەیس لە شاری بەغدا كۆچی، لەساڵی 1949 لەدایك بوەو نوسەری چەندید كتێبە و چەند كتێبێكیشی لە زمانی عەرەبی و سویدییەوە بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاوە.
* 18-11-2018 :چین یەكەمین ئوتێلی ژێر زەوی لە نزیك شەنگەهای لەچین كردەوە كە نزیكەی 16 نهۆم لە ژێر زەوییەو 2 نهۆمیشی لەژێر ئاوە و بڕی 288 ملیۆن دۆلاری تێچوە.
*19/11/2018: بەهۆی دۆزینەوەی بۆمبێكی كۆنی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم لە شاری بولونیای ئیتاڵیا 7 هەزار كەس لە ترسان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت، بۆمبەكە دروستكراوی وڵاتی ئەمریكایەو كێشی 52 كیلۆ گرامەو یەكێكە لە بۆمبە مەترسیدارە وێرانكەرەكان .
*شەوی 20-11-2018: لەقەزای چەمچەماڵ بەهۆی شورتی كارەباوە، حەوت ئەندامی خیزانیك گیانیان لەدەستدا، كەپێكهاتبوون لە دایك و باوك و نەنك و چوار منداڵ، بنكەی ئاگركۆژێنەوەی چەمچەماڵ-یش رایگەیاند رووداوەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە.
* 20-11-2018: تەقینەوەیەك لەكابوڵ-ی پایتەختی ئەفغانستان روویداو بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو برینداری لێكەوتەوە، تەقینەوەكە لە كاتی ئاهەنگ گێڕان بۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لەكابوڵ-ی پایتەختی ئەفغانستان و بەهۆیەوە 40 كەس كوژران و زیاتر لە 60 كەسی دیكەش برینداربوون.
* 21-12-2018 : پەرلەمانی عیراق بڕیاریدا بە لابردنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەرێم و پارێزگاكانی دیكەی عیراق، نوێنەرانی كەركوكیش لەپەرلەمانی عیراق رایانگەیاند: چاودێری كارەكانی حكومەت دەكەین و دەبێت حكومەت پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمان بێت.
* 23-11-2018: لە دەڤەری رەواندز گەنجێكی تەمەن 22 ساڵ لەكاتی لاسایكردنەوەی یاری پۆبجی گوللــەی لەدەست دەردەچێت و گیانلەدەستدەدات، گەنجەكە لەگەڵ چوار هاوڕێیدا ویستویەتی هاوشێوەی یاری پۆبجی چەكەكە بگرێتە دەست و وێنەیەك بگرێت، بەڵام نەیزانیوە كە گوللــەیەك لەبەریەتی و پێیدا تەقیەوەو كوشتوویەتی.
* 23-11-2018: بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی كە زۆربەی ناوچەكانی عیراقی گرتبووەوە لافاو لە قەزای شەرقاتی پارێزگای سەڵاحەدین هەستا و لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتی خنكاون و زیانێكی زۆری بە هاووڵاتییان و رێگاوبان گەیاند و پردێكیشی رووخاندووە.
* 24-11-2018: بۆ یەكەمجار لەسلێمانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق بەبێ كردنەوەی قەفەزەی سنگ، تیمێكی ئەڵمانی بەهاوكاری پزیشكانی ناوخۆ نەشتەگەری گۆڕینی سەمامەی دڵ-یان بەسەركەوتووی ئەنجامدا و نرخی هەر سەمامەیەكیش 40 هەزار دۆلارە.
* 25-11-2018: بەهۆی روودانی بومەلەرزەیەكەوە لەسنووری گەرمیان و دوو كەس گیانیانلەدەستدا و زیاتر لە 50 كەسیش رەوانەی نەخۆشخانە كران، تەندروستی گەرمیانیش ئاشكرایكرد ئەو دوو كەسەی بەهۆكاری كاریگەری بومەلەرزەكە گیانیانلەدەستدا.
* 25-11-2018: بەهۆی بارانبارینی بەخوڕو دروستبوونی لافاوەوە وەزارەتی تەندروستی عیراق گیانلەدەستدانی شەش كەسی لەسنووری پارێزگای واست راگەیاند، كە لەناو قوربانییەكانی لافاوەكەدا ژن و منداڵیش هەبوون.
*26-11-2018: بەمەبەستی داواكردنی ژیانی باشتر و دەستەبەر كردنی مافەكانیان، ھەزاران ژن رژانە سەر شەقامەكانی پاریسی پایتەختی فەرەنساو بەتوندی دەستدرێژیی كردنیان بۆسەر ژنان ئیدانە كرد، بەپێی زانیارییەكانی میدیاكانی ئەو وڵاتە لەنزیكەی 50 شاری فەرەنسا خۆپیشاندان كراوە و هەزاران ژن بەشدارییان تێدا كردووە.
*شەوی 27-11-2018: ئاگرێكی گەورە لەبەشی رۆژهەڵاتی قەیسەریەی كۆنی كەركوك كەوتەوەو بەو هۆیەوە زیانی گەورەی لێكەوتووەتەوە، ئاگرەكە بەشی بازاڕی ئاڵتون و چەند شوێنێكی تری گرتەوە و تیمەكانی ئاگر كوژێنەوە بەمەبەستی كۆنترۆڵ كردنی ئاگرەكە بەزویی گەیشتنە شوێنی روداوەكە.
*28-11-2018: تۆڕی تەلەفزیۆنی نیكۆلۆدیۆن هەواڵی كۆچی دوایی ستیڤن هێلنبێرگی داهێنەری فیلم كارتۆنی سپۆنج بۆب سكویەرپانتسی لەتەمەنی 57 ساڵان راگەیاند، هێلنبێرگ لە ساڵی 2017 دا ئاشكرایكرد كە تۆشی نەخۆشی پوكانەوەی دەمار بووە.
30-11-2018: شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگوندێكی سەربە دێر ئەلزور یاریدەدەرێكی ئەبو بەكر بەغدادی رابەری گروپی تیرۆرستی داعش-یان دەستگیركرد، كە تاوانبارە بەئەنجامدانی 40 كردەوەی تیرۆرستی و كەسێكی دیاری داعش و بڕواپێكراوی بەغدادی بووە.

مانگی كانوونی یەكەم
*1-12-2018: فەریقی یەكەم كەمال موفتی وەزیری پێشووتری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكێك لەفەرماندە سەربازییەكان، بەهۆی نەخۆشییەوە لەشاری پزیشكی فاروق كۆچی دوایكرد، كەمال موفتی، یەكەم وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لەساڵی 1992 لە یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم.
* 1-12-2018: ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بەهۆی دروستبوونی لافاو بەرزبوونەوەی حەوت مەتر ئاو لە دۆڵی كەسب، باری نائاسایی لەسنووری پارێزگاكە راگەیاند و دەوامی خوێندنگاو زانكۆكان راگیراو تیمەكانی فریاكەوتن خرانە دۆخی ئامادەباشیەوە.
* 1-12-2018: وتەبێژی بنەماڵەی بۆش رایگەیاند، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا لە تەمەنی 94 ساڵیدا بەهۆی ناڵاندنی بە چەندین نەخۆشی كۆچی دوایی كرد، بۆشی باوك بۆ یەك خول سەرۆكی ئەمریكا بوە لە ساڵی 1989 بۆ ساڵی 1993 و ئەو باوكی سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا جۆرج دەبلیو بۆش بوو.
* 3-12-2018: لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە تەقە لەپزیشكێك كراو بەهۆی سەختی برینەكەشییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی كرا، پزیشكەكە ناوی د.كەمال ئەحمەد سەعیدە و پزیشكی نەشتەرگەری گشتییە، لەناو نۆرینگەكەی خۆی لەشەقامی ئۆرزدی شاری سلێمانی تەقەی لێكرا، دوای چەند رۆژێك لەرووداوەكە پۆلیسی سلێمانی كەسێكیان بەتۆمەتی تەقەكردن دەستگیركرد.
* 3-12-2018: دوای 60 ساڵ لە ئەندامبوونی قەتەر لە رێكخراوی ئۆپێك ، بڕیاری كشانەوەی دا، سەعد كەعبی وەزیری وزەی قەتەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسدا رایگەیاند، قەتەر بڕیاریداوە لەپێناو چاكسازیكردن و پێداچوونەوە بە پلان و ستراتیجییەتی كەرتی وزەیدا لە سەرەتای ساڵی 2019 لە ئەندامێتی رێكخراوی ئۆپیك بكشێتەوە.
* 4-12-2018: دوای ئەوەی كە بۆ ماوەی سێ هەفتە هاووڵاتییانی فەرەنسی لەدژی بڕیاری زیادكردنی باجی سەر سووتەمەنی خۆپیشاندانیان ساز كرد، دواجار حكومەتی فەرەنسا بڕیاری زیادكردنی باجی لەسەر سووتەمەنی هەڵوەشاندەوە، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات كە سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا لەگەڵ ئیمانۆئێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا كۆبۆوە و بەهۆی خۆپیشاندانەكانی فەرەنسا سێ كەس كوژران و بەسەدان كەسی دیكەش برینداربوون.
* رۆژی 5-12-2018 : دادگای توركیا سزای زیندانی بەسەر هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) سەپاند، دادگای ئەستەنبوڵ بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان، سزای چوارساڵ و هەشت مانگ بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان ( هەدەپە) سەپاند.
* 6-12-2018 : میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، لەناوچەی چابەهار لە پارێزگای بەلووچستان، تەقینەوەیەك روویداو بەپێی ئامارەكان لەتەقینەوەكەدا سێ كەس كوژران و چەند كەسێكی دیكەش برینداربوون.
* 7-12-2018: لە ڕووداوێكی هاتوچۆی گوماناویدا ڕەحیم زەبیحی، دەرهێنەری بەتوانای كورد و براكەی گیانیان لە دەست دا، رووداوەكە لەسەر رێگەی نێزەڕۆی بانە روویداوە كە ئۆتۆمبێلەكەی دەرهێنەر رەحیمی زەبیحی وەرگەڕاوەو دواتر گڕی تێپەربووە و خۆی و برایەكی گیانیانلەدەستدا.
*8-12-2018: لە ئاهەنگێكی بووك گواستنەوە لە شارۆچكەی چەمەنی بەهۆی تەقەكردن چوار كەس كوژران و 16 كەسیش برینداربوون، هۆكاری رووداوەكە یەكێك لە میوانەكان بوو كە پێشینەی شەڕ و تێكدەری هەبووە و پاش ئەوەی لەگەڵ چەند كەسێك لێی دەبێت بەشەڕ، بە چەكی كڵاشینكۆف تەقەی كردووە و لەئەنجامدا ژنێك و سێ پیاو كوژراون و 16 كەسی دیكەش برینداربوون.
*10-12-2018: حكومەتی عیراق و یەكێتی ئەوروپا 3 رێككەوتنیان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی دوای جەنگ و وەبەرهێنان و چەسپاندنی شەفافیەت لە دەزگا حكومییەكان و بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ئاو و ژینگە و هەڵگرتنەوەی مین و چەند بوارێكی تر ئیمزاكرد.
* 10-12-2018: حكومەتی عیراق دوای 15 ساڵ ناوچەی سەوزی بەغدای بەرووی هاووڵاتیاندا كردەوە، هاوكات لەگەڵ ساڵڕۆژی سەركەوتن بەسەر تیرۆرستانی داعش حكومەتی عیراق ناوچەی سەوزی بە رووی هاووڵاتیاندا كرایەوە و پێشتریش حكومەت چەند جارێك هەوڵی كردنەوەی ئەو ناوچەیەی دابوو بەڵام بەهۆی باری ئەمنیەوە دوادەخرا.
*10-12-2018: لەشاری ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویژ رێورەسمی دابەشكردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەڕێوەچوو و خەڵاتەكە بەخسرایە نادییە موراد كچی كوردی ئێزدی و دینس مۆكویگی پزیشكی كۆنگۆیی، نادییە موراد، كچە كوردی ئێزدی ساڵی 2014 لەلایەن گروپی تیرۆرستی داعشەوە رفێنراو دوای ماوەیەك لەدەستی داعش رزگاركرا.
*شەوی 11-12-2018: پاش ململانێیەكی درێژخان لەگەڵ نەخۆشی، ڕۆژنامەنووس بەهار مستەفا هاوسەری هونەرمەند سەلام ڕەشید لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد، بەهار مستەفا فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی بوو كە چەند ساڵێك بوو لەبواری راگەیاندنی چالاك بوو.
*شەوی 13-12-2018 : لەشاری عەفرین ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بەچەكدارانی سەربە توركیا تەقیوەتەوە سێ كەس كوژران و ژمارەیەكیش بریندار بوون، ئۆتۆمبێلەكە بۆمبڕێژكراو بووە و بەچەكدارانی سەربەتوركیا تەقیوەتەوە و سێ كوژراو دەیان برینداری لێكەوتەوە.
* 13-12-2018: حەشدی شەعبی، دۆزینەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵی لەناوچەی ئەلبوكەمال لە سوریا راگەیاند و زۆربەی قوربانییەكانیشھاووڵاتی عیراقین، لەگۆڕە بەكۆمەڵەكەشدا روفاتی زیاتر لە 900 كەسی تێدابوو و بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانیش زۆربەی قوربانییەكان دانیشتووی قەزای قائیمی سەربە پارێزگای ئەنبارو ناوچەكانی تری عیراقن.
* 15-12-2018:پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر داوایەكی دادگای دەستوری وڵاتەكەی، بڕیاریدا لەخانەی رەگەزی تۆماری باری كەسێتی و لەدایكبووندا لەپاڵ رەگەزی نێر و مێدا خانەیەك بۆ رەگەزی سێیەم زیاد بكات، دوای ئەوەی دادگای دەستوری ئەڵمانیا بەر لەساڵێك داوای لەپسپۆڕانی دانانی یاساكرد تا كۆتایی ساڵی 2018 یاسای باری كەسێتی ئەڵمانیا بگۆڕن لەبەر رۆشنایی ئەو داوایەی دادگای دەستوریدا.
* 16-12-2018 نووسەرو رووناكبیرو ڕۆژنامەنووسی بەتوانای كورد مامۆستا مستەفا ساڵح كەریم لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد، مستەفا ساڵح كەریم یاریدەدەری لێپرسراوی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكێك لەكۆڵەكەكانی میدیا و ئەدەب و ڕۆشنبیری كوردی و قەڵەمێكی بە ئەمەك و نووسەرێكی لێهاتوو بوو، لەتەمەنی 85 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا و هەمان رۆژ لەڕێوڕەسمێكی شایستەدا بەخاك سپێردرا.
* 16-12-2018: بەهۆی ئاگر كەتنەوەوە لە ماڵێك لەگەرەكی ئاسوودەی قەزای چەمچەماڵ دایكێك و سێ منداڵ سوتان و سەرجەم منداڵەكانیش گیانیان لەدەستداكە تەمەنیان لە نێون شەش مانگ بۆ ٥ ساڵبوو. دوای چەند رۆژێكیش دایكەكە كە ناوی سێوان قادرە كۆچی دوایی كرد.
* 16-12-2018: لەروانگەی پابەندبوون بە دەستووری عیراقەوە، سەرۆك بەرهەم ساڵح دەستبەرداری رەگەز نامە بەریتانییەكەی بوو، لوقمان فەیلیوتەبێژ بە ناوی سەرۆكایەتی كۆمارەوە رایگەیاند، رێوشوێنە یاساییەكانی پەیوەست بە رادەستكردنەوەی رەگەز نامە بریتانییەكەی تەواو بووە و سەرۆك كۆمار لە كاتێكدا سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە شانشینی بریتانیا كردووە لەبەرامبەر بەخشینی ئەو رەەزنامەیە لەو رۆژگارانەی كە لە ریزەكانی ئۆپۆزیسیۆندا بووە دژی ڕژێمی لە ناوچوو.
*19-12-2018: تۆفیق سندی و كوردستانی هاوسەری كە خێزانێكی كوردن لەكەنەدا دادەنیشن بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی تازەوە تكیتێكی یانسیب دەكڕن و بەو تكتەش دیارییەكی هەشت ملیۆن دۆلارییان بۆ دەردەچێت.
*20-12-2018: لە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی بە پەلەی هێزەكانی لە سوریا دەركرد، یەكینەكانی پاراستنی گەلیش ئەو كشانەوەیە بە خیانەت لە خوێنی شەهیدان لە قەڵەم دا .
* 21-12-2018: رەوف حەسەن نووسەری كورد لەتەمەنی 73 ساڵیدا لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد، ڕەئوف حەسەن لە ساڵی 1945 لە شاری سلێمانی لەدایكبووەو خاوەنی چەندین رۆمان و ڕەخنەی ئەدەبی و چیرۆكە.
* 21-12-2018: لەهەڵبژاردنی چوارەمین شاجوانی كوردستان، كچە هەڵەبجەییەك بەناوی سانا مەحمود لەڕێوڕەسمێكدا وەك شاجوانی 2018ی كوردستان هەڵبێژردرا.
*20-12-2018: لە بەرامبەر كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا و ئەفغانستان، جیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریكا دەستی لەكاركێشایەوە. دەستلەكاركێشانەوەكەی ماتیس رۆژێك دوای راگەیاندنی بڕیاری كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا بوو لە سوریا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە، ئەوەش بە ئاماژەیەك لێكدەدرێتەوە بۆ بوونی ناكۆكی قوڵ لەنێوان ترەمپ و ماتیسدا لەسەر ئەو پرسە.
* 22-12-2018: پارێزگاری بەغدا بە رەسمی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەپۆستەكەی پێشكەش ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا كرد، عەتوان عەتوانی پارێزگاری بەغدا لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشكرد.
* 22-12-2018: برێت مەكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش دەستی لەكاركێشایەوە، بەهۆی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەستی لەكاركێشایەوە.
* 26-12-2018:دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و هاوسەرەكەی بەسەردانێكی چاوەڕوان نەكراو لە شەوی كریسمسدا سەردانی عیراقیان كردو سەربازانی وڵاتەكەیان بەسەركردەوە.
* 28-12-2018: هێزەكانی سوپای سوریا لەسەر داوای خەڵكی منبج چونە ناو شارۆچكەی منبج لە خۆرئاوای كوردستان و ئاڵایان تێدا هەڵكرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حه‌سه‌ن زیره‌ک ئه‌ستێره‌ گەشەی گۆرانی کوردی

د. مه‌ولود ئیبراهیم حه‌سه‌ن تیۆره‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك، بۆ به‌ ...