سەرەکی » دۆسێ » خۆپیشاندانەكان لە بەسرە سەرهەڵدەدەنەوە

كێشەكانی پارێزگاكە چارەسەرنەكراون

خۆپیشاندانەكان لە بەسرە سەرهەڵدەدەنەوە

لەگەڵ تێپەڕینی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر خۆپیشاندانە فراوانەكانی پارێزگای بەسرە كە وایان لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق كرد، هێزێكی زۆر بۆ دامركاندنەوەیان رەوانە بكات، و دواتر بەڵێن بە چارەسەركردنی كێشەكان بدات، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو كێشانە چارەسەرنەكراون و وەك خۆیان ماونەتەوە، ئەمەش وای لە دانیشتوانی شاری بەسرە و ناوچەكانی تری پارێزگاكە دەكات، خۆپیشاندانی ناڕەزایی تر سازبكەن و بێنەوە سەر شەقامەكان بۆ داواكردنی مافەكانیان.
لەئێستادا ناوبەناو دانیشتوانی پارێزگای بەسرە، لەبەردەم بارەگای حكومەتی خۆجێی لە ناوەڕاستی پارێزگاكە و بارەگاكانی تری حكومەتدا گردبوونەوەی ناڕەزایی سازدەكەن و داوای چارەسەری ئەو كێشانە دەكەن كە رۆژانە هاوڵاتیان بەدەستیانەوە گیرۆدەیە، لە دوایین خۆپیشاندانی بەسراییەكانیشدا ، داواكرا سەعد عێدانی پارێزگاری بەسەرە واز لە پۆستەكەی بهێنێت.
لەم چەند رۆژەی دوایی خۆپیشاندانێكی نوێ‌ لەلایەن دەیان هاوڵاتی شاری بەسرە لەبەردەم بارەگای حكومەتی خۆجێی شارەكە ڕێكخراو و تێیدا خۆپیشاندەران داوای ڕۆیشتنی پارێزگاریان كرد و داواشیان كرد، ئەنجومەنی پارێزگاكە هەڵبوەشێنرێتەوە.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكانی تایبەت بەو رووداوە، خۆپیشاندەران لە دوای گردبوونەوەیان لەبەردەم بارەگای ئەنجومەنی خۆجێی پارێزگای بەسرە، بەرەو بارەگای فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاكە ڕۆیشتوون و لەوێ‌ داوای ئازادكردنی ئەو زیندانیانەیان كردووە، كە لە خۆپیشاندانەكانی پێشوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كرابوون.
پێشتر هێزە ئەمنییەكان لە بەسرە، ژمارەیەكی زۆرییان لەو كەسانە دەستگیركردبوو، كە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكانی پێشووی پارێزگاكەدا كردبوو.
خۆپیشاندانەكانی بەسرە، لە مانگی تەمموزی ڕابردووەوە بەهۆی خراپی خزمەتگوزارییە حكومییەكانەوە سەریانهەڵدا و لە مانگی ئەیلولدا گەیشتنە ترۆپك، دانیشتوانی شارەكەش لەئێستادا خۆپیشاندانیان دەستپێكردۆتەوە و دەڵێن، “بەهۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن، ژێرخانی پارێزگاكەیان داڕماوە و كارەبای پێویست و ئاوی شیاوی خواردنەوە لەلایەن حكومەتەوە بۆ دانیشتوان فەراهەم ناكرێن”.
لە مانگی تەمموزی رابردوو بەسرە تەوژمێكی خۆپیشاندانی بێ‌ پێشینەی بەخۆوەبینی كە تێیدا بارەگا و نوسینگەی زۆربەی حزب و بزوتنەوەی سیاسییەكان سوتێنران، وێڕای سوتاندنی دامەزراوە حكومییەكان و سوتاندنی كونسوڵخانەی گشتی ئێران لەشارەكە، هەروەها خۆپیشاندەران هەڵیانكوتابووە سەر نەخۆشخانەی بریندارانی حەشدی شەعبی، ماڵ و تەلاری هەندێك لە بەرپرسانیش رووبەڕووی دەستدرێژی بۆونەوە، لەوانە سوتاندنی ماڵی عەواتیف نیعمە پەرلەمانتاری پێشووی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانیش لە پارێزگاكە، چەند جارێك لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە، بە گوللـە هاون بۆردومان كرا، ئەمەش وای لە وڵاتەكە كرد بارەگای نێردە دیپلۆماتییەكەی لە پارێزگاكەدا دابخات.
ئەمریكا لە كۆتایی مانگی ئەیلولی 2018، بارەگای كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە شاری بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوت دابخات، هۆكاریی داخستنەكەشی بۆ مەترسییە ئەمنییەكان گەڕاندەوە.
دوایەدوای ئەوەش، وەزارەتی دەرەوەی عیراق، لە 28ی ئەیلولی 2018 بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند»وەزارەتی دەرەوەی عیراق، پابەندە بە پارێزگاری لە نێردە دیپلۆماسییە بیانییەكان لەسەر خاكەكەی، حكومەتی عیراقیش بە توندی رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە دەبێتەوە كە نێردە دیپلۆماسییەكان، یان نێردەی هەر وڵاتێك لەسەر خاكی عیراق دەكەن ئامانج، عیراق بەجێگەیاندنی ئەو ئەركە بە بەشێك لە فەراهەمكردنی ئاسایشی خۆی دەزانێت و بە پابەندبونێكی یاسایی و ئاكاریی خۆی دادەنێت»، داواشی لە نێردە دیپلۆماسییەكان كردبوو، بایەخ بەو پڕوپاگەندانە نەدەن كە ئامانج لێیان شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی و تێكدانی پەیوەندییەكانە لەگەڵ عیراق».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەمریكا هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە رووداوەكانی ئەو دەمەی شاری بەسرەی عیراق ئاشكرا كردبوو، لەو بارەیەوە هیدز نویرت وتەبێژی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی رووداوەكانی شاری بەسرەی عیراقەوە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو”بەپێی دەستوی عیراقی، مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە فەراهەم كراوە و ئەركی پاراستنی سامانی گشتی و تایبەت، بە هەمان شێوە لە دەستوری عیراقیدا ئاماژەی پێكراوە».
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو”ولایەتە یەكگرتووەكان ئیدانەی كاریی توندوتیژی دەكات لە دژی دیپلۆماتكاران، بەو رووداوانەش كە لە بەسرە رویاندا، داواش لە هەموو لایەنەكان دەكات بە هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەرانیش، پشتیوانی لە گردبوونەوەی ناڕەزایی ئاشتیانە بكەن و دیپلۆماتكاران و دامەزراوەكان بپارێزرێن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دەنگۆی دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی رەتدەكرێتەوە

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نەسر، ڕەتیدەكاتەوە لەئێستادا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق ...