سەرەکی » ئابووری » 2018 ساڵی رووبەڕووبوونەوەی ئابووری بوو

2018 ساڵی رووبەڕووبوونەوەی ئابووری بوو

فەیسەل عەلی*

لەگەڵ ئەوەی ساڵی ٢٠١٨ بە تەواوی كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی و ئابووریی جیهان كە لە ساڵی ٢٠٠٨ تەقییەوە، كۆتایی هات، بەڵام شەڕی گەورەی بازرگانیی بەخۆیەوە بینی، كە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر بازاڕ و بزاوتی ئابووریی جیهان هەبوو، وێڕای ناكۆكییەكانی نێوان ئەمێركاو دەوڵەتانی تری جیهان لەسەر ژینگە، بە هەموو حاڵەكان رەوشی ئابووریی ساڵی ٢٠١٨ رەوشێكی تەمومژاوی بوو، بەو پاشەكشێ مەترسیدارەی ئەم كۆتاییەی ساڵی پشكەكانی ئەمێركا و بارگۆڕانی بازاڕەكانی تری ئابووریی خۆرئاوا، بەبێ ئەوەی بیرمان بچێت، ئەو كاریگەرییانەی كە بڕیاری هاتنە دەرەوەی بریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا بەجێی دەهێڵێت، بەتایبەتیش ئەو ناكۆكییانەی دەرئەنجامی ئەو هاتنەدەرەوەی بریتانیا دەكەونەوە. لەكاتێكدا جیهان خۆشحاڵە بە كۆتاهاتنی دەرهاویشتەكانی قەیرانی ٢٠٠٨، خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی زنجیرەیەك قەیرانی تردا بینییەوە، تەنانەت لە نێوان خودی هاوپەیمانە مێژووییەكانیشدا.

پارێزگاریی بازرگانییەوەیە
سندوقی نێودەوڵەتیی نەخت و بانكی نێودەوڵەتی لە هەموو بۆنەكاندا ئاگاداری ئەدەن لەسەر دەرهاویشتە نەرێنییەكانی سیاسەتی خۆپارێزیی بازرگانیی هەندێك دەوڵەتی گەورەی ئابووری لەسەر ئابووریی جیهان، ئەم سیاسەتی خۆپارێزییە بەدرێژایی چەندین ساڵ بە روونی دیار نەبوون، بەڵام ئێستا بە روونی پەیڕەوی لێ دەكرێت.
بێگومان ئەو سیاسەتە بازرگانییەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمێركا پەیڕەوی دەكات، هۆكاری كاراكردنی شەڕە بازرگانییەكانی نێوان دەوڵەتان بوو، بەڵام دەوڵەتی چین هەمان كاری ئەمێركا دەكات، ئەو سیاسەتەی ترامپ رایگەیاند كتوپڕ نەبوو، ترامپ بەر لەوەی بێتە سەرۆكی ئەمێركا باسی لە گرتنەبەری ئەو هەنگاوە دەكرد، ترامپ دەیەوێ بە شێوازی خۆی ئابووریی ئەمێركا بپارێزێت، ئەویش لەڕێی پارێزگاریی بازرگانییەوەیە، قورساییەكان بخاتە ئەستۆی ئەو دەوڵەتانەی لێوەی هاوردە دەكات. لێرەوە رێككەوتنی (نافتا) نێوان ئەمێركا و كەنەدا و مەكسیكی گۆڕی بۆ رێككەوتنێكی نوێ، هەروەها رووبەڕووی دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی بووە، بە ئەڵمانیا و فرەنسا و بریتانیاشەوە.

هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی جەنگێكی گشتگیری بازرگانی
ئەوەی روویدا بەرانبەرەكانی ئەمێركا هەمان رێچكەی ئەمێركایان گرتەبەر، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر بزاوتی ئابووریی جیهان هەبوو، ئەم هەنگاوانەی ئەو دوو لایەنە پێویستی بە لێكتێگەیشتن هەبوو، بەتایبەتی لە نێوان دەوڵەتە گەورەكان كە كاریگەریی دیار و گەورەیان لەسەر نەخشی گشتیی ئابووریی جیهان هەیە، بەبێ لێكگەیشتن ساڵی ٢٠١٩یش وەكو ساڵی ٢٠١٨ دەبێت، ترسەكە لەوەدا وەك چاودێرانی ئابووری ئاماژەی بۆ دەكەن، هیچ ئاماژە و نیشانەیەك بۆ گەیشتن بەو لێكگەیشتنە لانیكەم لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بوونی نییە، چونكە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ نە ئارەزووی دانوستان و نە نەرمی نواندی هەیە، وێڕای ئەوەی هەندێك لایەنی تری جیهان توندتر بوونە لەسەر هەڵوێستەكانیان.
لێرەدا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بكرێت كە ئەو رووبەڕووبوونەوە بازرگانییەی ئێستای نێوان دەوڵەتان هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی جەنگێكی گشتگیری بازرگانی، ئەمەشە بۆتە رێگر یان دواخستنی لە مەترسی كاریگەرییەكانی لەسەر ئابووریی جیهان.
چەندین هۆكار هەن كە ساڵی ٢٠١٨ لە رووی ئابوورییەوە بە ساڵێكی خراپ دابنرێت، لەوانە ئەو ناجێگیری و گرژییەی دەرئەنجامی ناكۆكی نێوان دەوڵەتان لە رووی بازرگانییەوە كەوتۆتەوە، كە كاریگەرییەكی قوڵی نەرێنی لەسەر ئەدائی بازاڕەكانی جیهان كردووە، لەسەر ئاستی بۆرسە، هەموو بۆرسەكانی جیهان زۆر هەستیار بوونە بۆ هەر رووداوێكی سیاسی یان ئابووری، ئەگەر زۆر ئاساییش بێت، ئەمەش جارێكی تر ئەو راستییە دووپات دەكاتەوە، كە لێكنەگەیشتنی جیهانی لەسەر پرسە ئابوورییە گرنگ و هەستیارەكان، ناجێگیری دەخوڵقێنێت و ئەو متمانەیەی لە بازاڕیشدا هەیە لەبار دەبات.

بەرپرسیارێتیی هەمووانە
لێرەدا پرسە گرنگەكە لەوەدایە، كە دەبێ لێكگەیشتنێك لە نێوان دەوڵەتە گەورە ئابوورییەكانی جیهان هەبێت، ناكۆكییە بازرگانییەكانی نێوانیان لە قاڵب بدەن، بەدوای ئەو رێگەیەدا بن كە بەردەوامی بە گەشەی ئابووری بدەن بەو ئاستەی كە ئابووریی جیهان پێویستی پێی هەیە، بێگومان ئەمەش بەرپرسیارێتیی هەمووانە، بەتایبەتیش دەوڵەتە گەورەكان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئێكسۆن مۆبیل؛ عیراق تەنگەتاو دەكات

سەرەتای ئەم هەفتەیە كۆمپانیای (ئێكسۆن مۆبیل)ی ئەمریكی هەموو ستافە بیانییەكانی ...