سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ئیدانەی دەستگیركردنی كادرانی یەكێتی لە هەولێر دەكرێتپەڕە 3

مەڵبەندی هەولێر و فراكسیۆنی سەوز لە پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە

ئیدانەی دەستگیركردنی كادرانی یەكێتی لە هەولێر دەكرێت

مەڵبەندی هەولێری یەكێتی و فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێكدا ئیدانەی دەستگیركردنی ژمارەیەك كادری یەكێتییان لە هەولێر كرد و داوای دەستبەجێ ئازادكردنیان دەكەن.

״هیچ بنەمایەكی یاساییان نییە״
دەستگیركردنی ژمارەیەك كادر و ئەندامی رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە هەولێر بەبێ هیچ بیانوویەك و بەدەر لە یاسا و رێسا كارپێكراوەكان، كاردانەوەی لێكەوتەوە و لەوبارەیەوە كۆتایی هەفتەی رابردوو، ئەنجومەنی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا خوێندرایەوە هاتووە «ئێمەی یەكێتییەكانی هەولێر چاوەڕوانی ئەوە بووین كە ساڵی نوێ، كۆبوونەوەكان لەنێوان لایەنەكان بەگشتی و ی.ن.ك و پ.د.ك بە تایبەتی چڕوپڕتر بن و بە ئەنجام بگەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و چارەسەركردنی كێشەكانی بەغدا و ناوچە دابڕێنراوەكان، بەڵام بەداخەوە چەند رۆژێكە لێرە و لەوێ، دام و دەزگاكانی ئەمنیی پارێزگای هەولێر دوور لە هەموو عورفێكی یاسایی و شارستانیانە كە لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە، شەوانە هەڵدەكوتنە سەر هەڤاڵانمان بە بیانووی بێبنەمای یاسایی لەلایەن هێزی دەمامكدارەوە دەڕفێندرێن».
هەر لە راگەیەنراوەكەدا داوای دیاریكردنی چارەنووسی دەستگیركراوەكان و دەستبەجێ ئازادكردنیان دەكات و داواش لە پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ دەكات لەسەر ئەو دیاردەیە بە ئەركەكانی خۆیان هەڵبسن.

هەڵوێستی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر
لە پێشهاتێكی تازەشدا، تاریق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لە لێدوانێكدا كە كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاویانكردۆتەوە، لەوبارەیەوە دەڵێت: چەند رۆژێك پێشتر كوڕێكی ئەكبەری حاجی رۆستەم لە گەرمیان بە بڕیاری دادگا ئازادكراوە، بەڵام دواتر هێزێكی یەكێتی چوونەتەوە سەر ماڵی گەنجەكە بردوویانە و سۆراغی نییە. تاوەكو كوڕەكەی ئەكبەری حاجی رۆستەم چارەنووسی دیارینەكرێ و ئازادنەكرێت، ئەو كادیرەی یەكێتیش ئازادناكرێت.
ئەم لێدوانەش لە تۆڕەكانی سۆشیال میدیا كاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا و تێیدا جگە لە هەڤاڵانی یەكێتی، كەسانی سەر بەلایەنەكانی دیكە و تەنانەت بێلایەنیش، رەخنەیان لەو هەڵوێستە گرتووە.

״كۆتایی بەو دیاردەیە بهێنرێت״
هەر لەسەر ئەو رووداوانە، سابیر كاریتانی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە پێویستە گفتوگۆیەكی بنەڕەتی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا بكرێت و كۆتایی بەو دیاردەیە بهێنرێت.

هاوكاتە لەگەڵ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت
مەڵبەندی هەولێری یەكێتی و فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوەكەیاندا داواش لە وەفدی دانوستانكاری یەكێتی دەكەن «هەڵوێستی جددی وەربگرن و ئەو جۆرە دیاردانە بووەستێنن، تاكو كۆبوونەوەكان بەردەوام بن».
ئەم داواكارییەش لەكاتێكدایە بڕیارە بەم نزیكانە خولێكی دیكەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستپێبكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

״گفتوگۆ لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر ...