سەرەکی » وتار » مستەفا محەمەد » خوێندنەوەی رۆڵی ئێستای گۆڕان

شەن و كەو

خوێندنەوەی رۆڵی ئێستای گۆڕان

لە دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر وادەی ئەنجامی هەڵبژاردندا هێشتا هەنگاوە کردەییەکانی سازانی هێزە براوەکان لە هەرێمدا سست و لاوازن، هەر لایەنێکێکیش بە ئەجندا و پێشمەرجی جیاوازەوە گریمانەی لەدایکبوونی کابینەی نۆ دوورتر دەخاتەوە، پارتی لە لایەک دەیەوێت حکومەت بەپێی خواستی تاک لایەنەی خۆی و دەستبردن بۆ پەرتکردنی تەوافوقی پێشوو و بە هێنانە ئارای هێزی سێیەم کە گۆڕانە گورزێک لە هاوبەشە سەرەکیەکەی لەحوکمڕانیدا بوەشێنێ، لەلایەکی تریش ئۆباڵی پێکنەهاتن و لەدایک نەبوونی کابینەکە بخاتە گەردنی یەکێتی کە لەئێستادا حەزێکی شیرینی باڵی بازەکانیەتی و دەیەوێ بۆ کاتێکی نادیار دوای بخات.
قسەی من لەسەر ڕاز و مرازی پارتی نیە ، هێندەی مەبەستمە تیشکێک بخەمە سەر گۆڕان و نیەتی چڤاتی نیشتمانی وبڕیار بەدەستانی ئەو بزوتنەوەیە بۆ بەشداریەکی لاواز و قۆستنەوەی ئاڵۆزیەکانی پارتی و یەکێتی و شەڕی بە وەکالەتی هەڵسوڕاوەکانیان لە پێناوی بەدەستخستنی پۆست و مەکانە ، شیرینی و چەوریی ، ڕۆڵ و پێگەی ناشەرعی دەسکەوت و بەرژەوەندی شەخسی لە کابینەی نۆدا لەسەر حسابی یەکێتی!
هەمیشە پێم وابووە شەڕی لەمێژینەی ئەو بزوتنەوەیە لەوەتەی خۆی ڕاگەیاندووە ڕووەو یەکێتی بووە نەک پارتی ، بەڵگە و بورهان زۆر و زەوەندن لێرەدا ئاماژە بەهەندێکیان دەکەین:
٭ ئەم بزوتنەوەیە لەسەرەتای دروستبوونیەوە هەوڵ دەدات ببێتە جێگرەوەی یەکێتی و ناتوانێ ، لە کابینەی هەشتیشدا بە « 24 « کورسی پەرلەمانیەوە هەوڵێکی زۆریدا وەک دیفاکتۆ خۆ نمایش بکا و شکستی خوارد ، دواجار بەهەڵڵا و هوریای کورتبینانەوە لەجێی پێداکوتین ، شوێن لەق بوون و بینیمان فریای خۆکۆکردنەوەش نەکەوتن ، پارتی تاک لایەنە ئاوتی حکومەتی کردن و وەزیرەکانیشی وەک فەرمانبەری سزادراو تا ئەودیو دێگەڵە بردن،کەچی ئێستا لەکابینەی نۆدا بە نیوەی هێزی پێشوشیانەوە داوای پێگە و سەنگی یەکێتی دەکەن!
٭ کاتێک بارزانی باوک ویستی خۆهەڵبژاردنەوەی هەبوو لە دەرەوەی پەرلەمانەوە ، تاکە سەرکردەیەکیان نەبوو بڵێ من هەم و لەبەرامبەریدا بێتە مەیدان ، لەکاتێکدا زۆرێک لە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ئامادەیی ئەوەیان تێدا بوو دەنگ بە پاڵێوراوەکەیان بددەن و نەیانکرد ، تەنها هەوڵیان ئەوەبوو کە لەپەرلەمانەوە سەرۆک هەڵبژێردرێ و پارتی دژی وەستایەوە ، بەڵام لە ئێستادا کە پارتی بۆتە خاوەنی 45 کورسی پەرلەمانی و بە کەمینەکانەوە دەتوانێ زۆرینەی پەرلەمانی وەدەستخاو هیچ کێشەیەکی نیە کە سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێ ، گۆڕان ئەم وەرچەرخانەی پارتی بە خاڵێکی ئیجابی لە قازانجی پڕۆسەی سیاسی لێک دەداتەوە!
٭ سەختترین گێرمە و کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێم بوو کە بووە هۆکاری پەکخستنی پەرلەمان و ناردنەوەی سەرۆک پەرلەمانەکەشیان بۆ سلێمانی ، کەچی لەکاتی زیادکراودا بەچەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی «30-9-2018 « پڕۆژەیەکیان بۆ پارتی ئامادەکرد تا پرسی سەرۆکایەتی هەڵپەسێرێ ، پارتیش بەدەستخۆشانەوە پێشوازی لێکرد و پڕۆژەکەیانی تێپەڕاند ، تاکە بیانوی گۆڕان بۆ ئەو پێداگریەیان لە هەڵپەساردنی بریتی بوو لەوەی کە ئەم پۆستە زیادەیە ، کەچی کە ئێستا پارتی دەیەوێ پۆستەکە زیندوو بکاتەوە و لەڕاگرتنی هاوسەنگی ماڵباتی بارزانیدا مەرجی پێکهاتنیشیەتی لەگەڵ لایەنەکاندا ، سەرانی گۆڕان بەسەر لەقاندن بەڵێ بۆ چالاک کردنەوەی دەکەن و ئامادەشن دەنگ بەکاندیدەکەیان بدەن!
‌٭ شاراوە نیە لەم دۆخەدا پەیوەندیەکانی یەکێتی و پارتی لەئاستی پێویستی قۆناغەکەدا نیە کە دەکرا گۆڕان وەک تەڕەفی سێیەم بە موبادەرەیەک ڕۆڵێکی بۆ ئەهوەن کردنەوەی ئەو گرژیانەی نێوان ئەو دوو حزبە گێڕابا ، بەڵام نەک ئەوە لە فەرهەنگی سیاسیاندا حزوری نیە ، بەڵکو ئەندامانی چڤات و بەرپرسانی مەکۆکانیان لەلایەکەوە لێدوانی ئاگرین دەدەن بۆ خۆشکردنی ئاڵۆزیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی ، لەلایەکی تریشەوە دڵنیایی و ئاسودەیی دەدەنە پارتی کە لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا ھیچ نزیکبوونەوەیەک نییە ، بگرە بەدەنگی بەرزیش ڕایدەگەیەنن کە کۆبوونەوەی ژێربەژێر، یاخود ئاشکرا نیە و ناکرێ ، نەشیان شاردۆتەوە ئەگەر پارتی بیەوێ ئەوان زۆر حەز دەکەن لەسەر یەکێتی نەوەستن و کابینەی نۆ بەبێ یەکێتی پێکبهێنرێ ، بە مەزندەی ئەوان بەشداریکردن و نەکردنی گۆڕان لە کابینەی نوێدا هیچ پەیوەست نییە بە یەکێتییەوە ، هەربۆیە لە ئێستادا بە دوانزە کورسیەوە جێگری سەرۆکی حکومەت بە ئیستیحقاقی خۆیان دەزانن!
٭ پارتی لەسەرەتاوە ڕایگەیاندوە کە دوو جەمسەریی لەمامەڵەی سیاسی گۆڕان لایان مەقبوڵ نیە و چیان بوێ لە کارنامەکەیان ، یا سەرۆکی کابینەکە لەئیدارەدانی حکومەتدا چۆن مامەڵە بکا بەڕەهایی دەبێ گۆڕان ئەشەهەدوبیلای بۆ بکا ، ئەی کەواتە ئەو هەموو پەیمان و بەڵێنانەی لەبارەی ڕوبەڕووبونەوەی گەندەڵی و چاودێری کردنی کارەکانی حکومەت و بەدامەزراوەیی کردنی حکومڕانی و شەڕی ڕاوەدوونانی پاشکۆیەتی و دابەشکاری پۆست کە بەدەنگدەر و هەوادارانی خۆیان دابوو چیان لێ بەسەردێ ؟!
پرسیاری دوا دێڕیش ئەوەیە کە ئایە بەم هەنگاوە دژبەیەکانەی لەگەڵ جەماوەرەکەی خۆیدا ، بە سەقڵی داچۆڕاو و ئاستی پاشەکشێی لە متمانەی شەقامدا ، گۆڕان دەتوانێ ببێتە بەدیلی یەکێتی؟ یا پارتی وەک شوێنگرەوەی یەکێتی لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمدا دەتوانێ پشت بە گۆڕان ببەستێ و ڕێککەوتنێکی نوێی سیاسی پێ بێنێتە بەرهەم ؟ پێم وایە بیرکردنەوە لە گریمانەیەکی لەو شێوەیە واتای وورد نەخوێندنەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێم و سەر دەرنەکردنی بانگەشەکارانیەتی لەستراتیژیەتێکی لۆژیکیانە ، ئاکامەکەشی بۆ هەموولایەک ڕوونە و پێویست بە شیکاری زیاتر ناکا!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كورد چۆن سوود له‌ كابینه‌كه‌ی…

كورد چۆن سوود له‌ كابینه‌كه‌ی مه‌هدی وه‌رده‌گرێ؟ له‌ كه‌وتنی‌ رژێمی‌ ...