گه‌لێك شاعیر هه‌بوون و هه‌ن شیعریان بۆ سیاسه‌تمه‌دار و شۆڕشگێڕه‌كان نووسیوه، یان بۆ شۆڕش و تراژیدیا و بۆنه‌ی نیشتمانی نووسیوه، به‌ڵام كه‌میان سه‌ركه‌وتووبوون به مانای شیعر. به‌شی زۆری ئه‌و شیعرانه‌ی بۆ كه‌سایه‌تییه‌كان نووسراون كه‌متر هونه‌ری شیعریان تێدا به‌رجه‌سته‌كراوه و زۆرتر لاوانه‌وه و مه‌دح و وه‌سفی ساده‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌و شیعرانه‌ی كه بۆ مام جه‌لال نووسراون به تایبه‌تتر دوای له دنیا ده‌رچوونی زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانه زیاتر شیوه‌ن و لاوانه‌وه و قوڕپێوانێك بوون، به‌ڵام ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی نووسه‌ر و شاعیر سه‌ڵاح جه‌لال ده‌كرێت بڵێین جیاوازه له هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی بۆ مام جه‌لال نووسراون، قه‌سیده‌یه‌كه پڕ به پڕی شیعر و شیعرییه‌ته و شاعیر به ئاستێكی به‌رزی هونه‌رییه‌وه كه پڕ له هونه‌ری شیعر قه‌سیده‌كه‌ی نووسیوه، نه‌ك ستایشی رووت و لاوانه‌وه، شاعیر له‌م قه‌سیده‌یه‌دا كه‌سایه‌تی تاڵه‌بانی خوێندوه‌ته‌وه وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌وی كێشاوه و په‌یوه‌ستی كردووه به شیعره‌وه، له‌م قه‌سیده‌یه‌دا تاڵه‌بانی لكێنراوه به شۆڕش و تراژیدیای گه‌لی كورده‌وه به‌جۆرێك تاڵه‌بانی و شۆڕش و فیكر و رۆژنامه‌گه‌ریی و سیاسه‌ت و تراژیدیا و شاخ و شار به‌یه‌كه‌وه گرێدراون كه له‌یه‌ك جودا ناكرێنه‌وه، سه‌ڵاح جه‌لال شاعیرانه كه‌سایه‌تی تاڵه‌بانی به هه‌ڵوێسته سیاسی و نیشتمانییه‌كانییه‌وه گرێداوه، بۆ نموونه له باسی فیكردا ده‌رده‌شه‌ی فیكری تاڵه‌بانی ده‌كات و دهیلكێنێ به فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و ده‌یباته‌وه بۆ فهلهستینهكهی نایف حه‌واتمه و جۆرج حه‌به‌ش، نووسه‌ر ده‌یه‌وێت وێنه‌ی ئه‌و هاوسۆزییه‌ی تاڵه‌بانی نیشان بدات له دۆزی فه‌له‌ستین و كورد. هاوكات له تاڵه‌بانی قه‌ندیله‌وه باز ده‌دات بۆ تاڵه‌بانی كورسی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و رۆحی لێبوورده‌یی تاڵه‌بانی له‌به‌رانبه‌ر سزای سێداره‌ی سه‌دام حوسێنێك كه رۆژگارێك لێبووردنی بۆ هه‌موو كورد ده‌ركرد جگه له جه‌لال تاڵه‌بانی به‌رانبه‌ر ئه‌و رق و نائینسانییهتهی سه‌دام تاڵه‌بانی لێوڕێژه له لێبووردهییهكی سه‌یر كه ته‌نیا كه‌سێكه ئاماده نییه واژۆی له سێداره‌دانی ئه‌و دوژمنه خوێنمژه‌ی بكات و ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دۆژمنهكهی خۆشده‌وێت، نه‌خێر به‌ڵكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی مرۆڤی خۆش ده‌وێت و ئاماده نییه واژۆی سێداره‌ی هیچ مرۆڤێك بكات له پێناوی مرۆڤایه‌تی و لێبوورده‌یی.. شاعیر هاتووه وێنه‌ی قاره‌مانێك ده‌كێشێ كه رۆژگارێك سته‌م لێكراوه بووه له‌به‌رانبه‌ر سته‌مدا شۆڕشی كردووه و دوا رۆژیش ئاماده نه‌بووه ببێته‌وه به سته‌مكار. سه‌رله‌به‌ری ئه‌م شیعره وێنه و چواندنی شیعرییه و شاعیر به زمانێكی به‌رزی هونه‌ری شیعره‌وه وێنه‌ی ئه‌م كه‌سایه‌تییه مه‌زنه ده‌كێشێ. وێنه‌ی مرۆڤدۆستی و جیهانی ئه‌و ده‌كێشێت بۆ نموونه له به‌شێكی قه‌سیده‌كه ده‌ڵێت:
«ئێستا مام جه‌لال دوا تابلۆی شێوه‌كاری بوونه(…)
وه‌ك تریشقه هاواری جیهان ره‌نگ ده‌كات
چه‌قۆی ئیسماعیلی خستۆته سه‌ر ملی
به دوا وشه‌ی مه‌رگی عاشقانه‌وه
دوا قومی ژه‌هری سوقرات ده‌خواته‌وه:
من نوێنه‌ری گه‌لێكم له ئه‌تۆم
خاكێك له پێست و قژه سه‌ر
نیشتمانێك له ئێسك و مۆره‌غه
من جه‌لال تاڵه‌بانیم وێنه‌ی ئێوه‌م
بیرده‌كه‌مه‌وه كه‌واته من هه‌م(…)»
ئه‌مه نموونه‌یه‌كه له‌و قه‌سیده‌یه كه وێنای ئه‌و كه‌سایه‌تییه ده‌كێشێت و به‌راوردی ده‌كات به قوربانییه‌كانی مێژوو، قوربانی مرۆڤایه‌تی و قوربانی فیكر. تاڵه‌بانی سوكراتی سه‌رده‌می خۆیه‌تی و ژه‌هری حه‌قیقه‌تێكی نۆشیوه و به‌ڵام لێی پاشگه‌ز نه‌بووه‌ته‌وه، هه‌ر وه‌كو چۆن ئه‌م كه‌سایه‌تییه مه‌زنه‌ی شۆڕش و كوردایه‌تی گه‌لێك بڕیاری راست و دروست ده‌ركرد و زۆرجار رووبه‌رووی تانه و توانج بووه‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز له حه‌قیقه‌ت لای نه‌دا و ژه‌هره‌كه‌ی نۆشی له‌پێناوی ئه‌وه‌ی له حه‌قیقه‌ت لانه‌دا و لێی پاشگه‌ز نه‌بێته‌وه. شاعیر له زۆر شوێنی شیعره‌كه‌دا وێنه‌ی تاڵه‌بانی كۆلاج ده‌كات و تێكه‌ڵی وێنه‌ی تراژیدیای ئه‌نفال و كیماباران و ته‌رحیل و ته‌بعیس ده‌كات و كۆڵی غه‌م و كه‌سه‌ر و تراژیدیا و شۆڕشی له كۆڵ ناوه.. هه‌مووشمان ده‌زانین تا دواساته‌كانی وجودی ده‌ستبه‌رداری خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان و مرۆڤایه‌تی نه‌بوو، كاره‌كانی وای كرد له نێو گه‌لانی دنیادا ناسراو بێت و گه‌لێك نازناویشی وه‌رگرت، گه‌رچی له نێو خۆماندا به پێچه‌وانه‌وه گه‌لێك نازناوی ناشیرینیان دایه پاڵی، چونكی حه‌قیقه‌ت خوازێك بوو به پێچه‌وانه‌ی بیروبۆچوونی دواكه‌وتوو و چه‌قبه‌ستوو ویستی گرفتی مرۆڤ چاره‌سه‌ر بكات و به‌بێ جیاوازی خزمه‌ت بكات و دوور له عه‌قڵی توند ناسیۆنالیستی خزمه‌تی كرد و كه مردیش ئه‌وسا خه‌ڵكانێك په‌نجه‌ی په‌شیمانیان گه‌زی… به‌ڵام شاعیر ئه‌م قه‌سیده‌یه سه‌ڵاح جه‌لال زۆر جوان له كه‌سایه‌تی تاڵه‌بانی حاڵی بووه و جوان و راستگۆیانه وێنه‌ی ئه‌و پیاوه‌ی كێشاوه، ته‌نیا وێنه‌ی روخسار و گۆچانه‌كه‌ی و پێكه‌نین و نوكته‌كان نا، به‌ڵكه وێنه‌ی هه‌ڵوێست و بیر و بۆچوونه‌كانی… وێنه‌كانی ئه‌م قه‌سیده‌یه له‌دوو توێی به‌یته شیعره‌كاندا شێوه‌ی هونه‌ری خۆیان و شیعرییه‌تیان له ده‌ست نه‌داوه و به پێچه‌وانه‌وه ئاستی شیعر زۆربه‌رزه و مهلحهمهیهكی جوانی لكێنراوه به شۆڕش و مێژوو و تراژیدیاوه. له كۆتاییدا ده‌ستخۆشی له شاعیر و نووسه‌ر سه‌ڵاح جه‌لال ده‌كه‌ین كه به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری و دوور له ستایشی رووت و شین و شه‌پۆڕ شیعرێكی هونه‌ری ئاست به‌رزی بۆ كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌زنی كورد و جیهان نووسیوه و به‌و هیوایه‌ی هه‌ر شاعیرێك كاتێ بڕیار ئه‌دات قه‌سیده‌یه‌ك بۆ سه‌ركرده‌یه‌ك بنووسی ئاوهای بنووسێ، قه‌سیده‌یه‌ك دوور له شین و شه‌پۆڕی خۆبردنه پێشه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه، قه‌سیده‌یه‌ك شاعیره‌كه‌ی به‌ڕاستی بۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ی بسووتێ و چێژی راسته‌قینه‌ش له‌نووسینی ببینێ.
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
259 جار بینراوە