سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » 13 رێنمایی سه‌باره‌ت به‌ نووسینی رۆمان له‌ زمانی نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی جیهانه‌وه‌پەڕە 17

13 رێنمایی سه‌باره‌ت به‌ نووسینی رۆمان له‌ زمانی نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی جیهانه‌وه‌

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

نووسین ئاسان نییه‌. ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ بتوانی بڵێی زۆریش قورسه‌. چونكه‌ له‌ڕاستیدا نووسین بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز. زۆر له‌ نووسه‌رانی دنیا وه‌كو (جوان دیدیۆن) نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی ئه‌مریكایی و (دۆن ده‌لیلۆ) نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی ئه‌مریكایی خاوه‌نی خه‌ڵاتی (پین و فۆكنه‌ر). ئامانجی نووسینیان، وه‌كو رێك و پێكردنی بیروبۆچوونی خود باسكردووه‌ و ره‌وتی نووسینیان وا وه‌سف كردووه‌ كه‌ شتێكه‌ له‌ بابه‌تی ئاشنابوون به‌ كار و كرده‌وه‌ی زیهنی خود. (هانته‌ر ئێس سامپسۆن) له‌ وتارێكی خۆیدا نووسیویه‌تی: «من هه‌ستم به‌وه‌ كردووه‌ به‌ نووسین ده‌توانم باشتر ده‌رك به‌و شتانه‌ بكه‌م كه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌نووسم و زۆر بابه‌تیتر له‌ رابردوو هه‌ستیان پێبكه‌م. وشه‌كان ته‌نیا ئامرازن، ئامرازێكن كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ باشی به‌كاربهێنرێن ته‌نانه‌ت ده‌توانن سیستم به‌ ژیانتان ببه‌خشن.» ئه‌گه‌ر تۆ نووسه‌ریت و عاشقی هونه‌ره‌كه‌ی خۆتی و لێشی نائومێدی ئه‌وه‌ بزانه‌ ته‌نانه‌ت نووسه‌ره‌ زۆر به‌تواناكانیش هه‌ندێ جار ده‌توانن سوود له‌ رێنمایی نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌كان ببینن بۆ گه‌شه‌پێدانی توانای بیركردنه‌وه‌ی خۆیان و له‌ داهێنانیان به‌هره‌مه‌ند بن. بۆیه‌ پێشنیاز ده‌كه‌م به‌ زیهنی خۆت وه‌كو نووسه‌رێك گرنگی به‌ رێنمایی نووسه‌رانی مه‌زنی وه‌كو (هێنری میله‌ر و زادی سمیس و ولیام فۆكنه‌ر) بده‌ و به‌ یارمه‌تی ئه‌وان داهێنان بكه‌ و باشترین به‌رهه‌می خۆت بنووسه‌. لێره‌دا هه‌ندێ رێنمایی و خه‌سڵه‌ت و نه‌ریتی ئیلهامبه‌خشی نووسه‌رانمان باسكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یارمه‌تییان بتوانیت وه‌كو نووسه‌رێك بیربكه‌یته‌وه‌ و له‌ نووسیندا داهێنانی خۆت بكه‌یت.

-1به‌رهه‌می نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌كان بخوێنه‌ره‌وه‌:
(سامپسۆن) به‌ نووسینه‌وه‌ی رۆمانه‌كانی هه‌مه‌نگوای به‌ناوبانگ بوو. ئه‌مه‌ی ته‌نیا بۆ ناسین و فێربوونی وشه‌كان ده‌كرد. بۆیه‌ هه‌ردوو رۆمانی (خۆر هه‌ڵدێته‌وه‌) و (ماڵئاوا له‌ چه‌ك)ی هه‌مه‌نگوای نووسییه‌وه‌، به‌و ئومێده‌ی بتوانێت له‌ جاران زیاتر ده‌رك به‌ زانین و روانینی ئه‌ده‌بی خۆی بكات.

-2به‌ وردیی سه‌یری هه‌موو شتێك بكه‌:
مارینا كیگان، نووسه‌رێكی گه‌نج و به‌ توانا بوو كه‌ رێك پێنج رۆژ پاش ده‌رچوونی له‌ زانكۆی ییل به‌ نمره‌یه‌كی به‌رزه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی غه‌مناك مرد. دوا نووسینی له‌ ییل نیوز به‌ ناوی « له‌ به‌رامبه‌ر ته‌نیاییدا» حه‌فته‌یه‌ك پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن خوێنه‌ری هه‌بوو. به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كورتی ده‌توانین بڵێین كیگان مامۆستای هونه‌ری بینین بووه‌، ئه‌و هونه‌ره‌ی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی نووسه‌ره‌. كیگان له‌ داخوازیی خۆیدا بۆ ئاماده‌بوون له‌ كڵاسی بابه‌تی نووسین به‌ شێوه‌ی یه‌كه‌م كه‌س له‌ زانكۆی ییل ده‌نووسێت: «نزیكه‌ی سێ ساڵ پێش ئێستا ده‌ستم به‌ نووسینی فه‌هره‌ستێك كرد. سه‌ره‌تا ئه‌م فه‌هره‌سته‌م له‌ ده‌فته‌رێكی بچووكی یاداشتدا ده‌نووسی به‌ڵام ورده‌ ورده‌ بوو به‌ یه‌كێك له‌ لاپه‌ڕه‌ هه‌میشه‌ كراوه‌كانی ئه‌كاونته‌كه‌م كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ وشه‌، ناوی ئه‌م لیسته‌م نا فه‌هره‌ستی شته‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كان، ئه‌وه‌م قبووڵه‌ كه‌ ورده‌ ورده‌ ته‌واوكردنی رۆژانه‌ی ئه‌م فه‌هره‌سته‌ ده‌بێت به‌ یه‌كێك له‌ عاده‌ته‌ هه‌میشه‌ییه‌كانم. له‌ هه‌موو شوێن و كاتێكدا له‌ كڵاسه‌وه‌ بگره‌ تا كتێبخانه‌ و پێش چوونه‌ ناو پێخه‌ف، له‌ ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ریشدا، هه‌ر شتێك كه‌ به‌لامه‌وه‌ سه‌رنجراكێش بوایه‌ ده‌منووسی و ده‌مخسته‌ سه‌ری. جووڵه‌ی ده‌ستی خزمه‌تكار، چاوی سایه‌ق ته‌كسی و هه‌موو شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ كه‌ ده‌هاته‌ به‌رچاوم و ده‌كرا وه‌سف بكرێت ده‌مخسته‌ ناو لیسته‌كه‌وه‌. مه‌سه‌له‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ حاڵی حازر گه‌یشتۆته‌ (32)لاپه‌ڕه‌ی ته‌واو.»

-3رۆژانه‌ خه‌ون ببینه‌:
ره‌نگه‌ خه‌ونبینین نه‌ریتێكی زۆر په‌سه‌ند نه‌بێت، به‌ڵام ده‌توانێ یارمه‌تیمان بدات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ست و بیرمانه‌وه‌ په‌یوه‌ست بین. خه‌ونبینین سه‌رچاوه‌ی ته‌واوی نووسینه‌ باش و خراپه‌كانه‌. له‌ خۆڕا نییه‌ كه‌ (جوان دیدۆن) قووڵبوونه‌وه‌كانی ئاوا ده‌رده‌بڕێت: «ئایا جگه‌له‌وه‌ی به‌ خه‌ونبینین و نووسین ده‌ستم به‌ ئه‌ندیشه‌كانم ده‌گات شتێكی دیكه‌ هه‌یه‌؟»

-4ئه‌زموونه‌ راسته‌قینه‌ و تایبه‌تییه‌كانی خۆت بنووسه‌ره‌وه‌:
ماركیز له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ پاریس ریڤیو، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌زموونه‌كانی خۆی رێنمایی نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌كانی كرد، ئه‌وه‌ی ده‌یزانن بینووسنه‌وه‌: «ئه‌گه‌ر داوام لێبكه‌ن رێنمایی نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌كان بكه‌م، پێیان ده‌ڵێم ئه‌وه‌ بنووسنه‌وه‌ كه‌ سه‌روه‌ختێ به‌سه‌ر خۆتان هاتووه‌، هه‌میشه‌ به‌ ئاسانی ده‌توانی ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان بكه‌یت كه‌ ده‌قی نووسه‌رێك له‌ ئه‌زموونه‌كانی خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ یان له‌ كه‌سانی دیكه‌ی بیستووه‌ یان خوێندوویه‌ته‌وه‌.» هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «هه‌میشه‌ سه‌رم له‌وه‌ سوڕماوه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ خه‌یاڵه‌ به‌قوه‌ته‌كانم ستایشم ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا له‌ڕاستیدا هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانم بنه‌مایه‌كیان له‌ واقیعدا هه‌یه‌. كێشه‌كه‌ له‌وێدایه‌ كه‌ شته‌ واقیعییه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌ریای كاریبی، زیاتر له‌ خه‌یاڵی رامنه‌كراو ده‌چن.»

-5با نووسین ئه‌وله‌ویه‌تت بێت:
هێنری میله‌ر له‌ ده‌ فه‌رماندا بۆ نووسینی خۆی ده‌ڵێت: «نووسه‌ری جدیی ده‌بێت هونه‌ر و پیشه‌كه‌ی خۆی له‌ سه‌روو هه‌موو شتێكه‌وه‌ دابنێ. میله‌ر رێنماییمان ده‌كات و ده‌ڵێت: پێش هه‌موو ئیشێ بنووسه‌. وێنه‌كێشان، گوێگرتن له‌ مۆسیقا، كات به‌سه‌ربردن له‌گه‌ڵ هاوڕێیاندا، چوونه‌ سینه‌ما و هه‌موو ئیشه‌كانی دیكه‌ ده‌بێت بخرێنه‌ دوای نووسین-ه‌وه‌»
-6سه‌رچاوه‌ی ئیلهامبه‌خشی داهێنانت له‌ هه‌ر جێگایه‌كدایه‌ بیدۆزه‌ره‌وه‌:
(گیرترود ستین) ده‌رباره‌ی ره‌وتی نووسین ده‌ڵێت: «هه‌ستی داهێنانی نووسین دێت، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر هه‌بێت و تۆ مۆڵه‌تی پێ بده‌ی.» به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی نووسین بێت، ده‌بێت سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیلهامبه‌خشی داهێنه‌رانه‌ت بۆ خۆت دۆزیبێته‌وه‌ و به‌رده‌وام بچیته‌وه‌ سه‌ری. ستین ده‌ڵێت: «باشترین بیرۆكه‌ی ئیشه‌كانم سه‌روه‌ختێ هاتنه‌ مێشكمه‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی سه‌یاره‌ لێخوڕیندا له‌ مانگایه‌كی كه‌ناری جاده‌كه‌ رامام.» ستین رۆژی نیو سه‌عات ده‌ینووسی و باقی كاته‌كانی تر له‌ ده‌وری كێڵگه‌كان سه‌یاره‌ی لێده‌خوڕی و هه‌ر كاتێ مانگایه‌كی جیاوازی ده‌دۆزییه‌وه‌، لێی راده‌ما تا بیرۆكه‌ی داهێنه‌رانه‌ی رۆحی دزه‌ بكاته‌ ناو مێشكییه‌وه‌.

-7ئه‌وه‌ی هه‌ڵتبژاردووه‌ قبووڵی بكه‌:
ئایا حه‌زده‌كه‌ی وه‌كو نووسه‌رێك بژیت؟ زۆرباشه‌! به‌ڵام ئایا دڵنیای سه‌رسام نیت به‌ یه‌ك مۆدیل یان ئایدیالێكی ژیانی نووسه‌ر كه‌ له‌گه‌ڵ واقیعدا نایه‌نه‌وه‌؟ مارگرێت ئه‌توود ده‌ڵێت: «بۆ بوون به‌ نووسه‌ر، له‌وانه‌یه‌ پێویستت به‌ فه‌رهه‌نگێكی گشتی و كتێبێكی رێزمانی سه‌ره‌تایی و خۆشه‌ته‌كدان به‌ واقیعه‌وه‌ بێت! ئه‌مه‌ی دوایی واته‌: هیچ شتێك به‌خۆڕایی نییه‌. نووسین كار و پیشه‌ی تۆیه‌. له‌ هه‌مانكاتدا جۆره‌ قومارێكیشه‌. تۆ هه‌رگیز مووچه‌ی خانه‌شینی وه‌رناگریت له‌وانه‌یه‌ هه‌موو خه‌ڵك كه‌مێك یارمه‌تیت بده‌ن به‌ڵام به‌گشتی ده‌بێت له‌سه‌ر پێی خۆت بوه‌ستیت. كه‌س ناچاری نه‌كردووی ببیت به‌نووسه‌ر. خۆت نووسه‌رییت هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌واته‌ بۆڵه‌ بۆڵ و گله‌یی مه‌كه‌.»

-8گۆشه‌یه‌كی ئارام بۆ ته‌نیاییت بدۆزه‌ره‌وه‌:
(زادی سمیس) له‌ چه‌ند یاسایه‌كدا بۆ نووسه‌ران نووسوێتی: «له‌ گروپ و جه‌ماعه‌ت دوور بكه‌وه‌ره‌وه‌. بوونی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ ته‌نیشتته‌وه‌ قه‌ت نابێته‌ هۆی گه‌شه‌كردنی شێوازی نووسینت.» سمیس به‌ تایبه‌تی ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: « ئه‌و جێگایه‌ی بۆ نووسین هه‌ڵیده‌بژێریت ده‌بێت ئارام و چۆڵ بێت. له‌ كاتی نووسیندا پارێزگاریی له‌ كات و فه‌زای خۆت بكه‌. هه‌مووان له‌ نووسینه‌كانی خۆت دوور بخه‌ره‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئازیزترین كه‌سیشت بن.»

-9خۆت بكه‌ به‌ ده‌روونشیكار:
ئه‌گه‌ر هێشتا بۆ نووسینی بابه‌ته‌كانی خۆت گێژیت یان ئه‌سڵه‌ن دڵنیا نیت بۆ نووسین وه‌كو پێویست له‌ ژیانی خۆتدا ئه‌زموونت به‌ده‌ستهێناوه‌ باشتر وایه‌ كه‌مێك به‌ یاده‌وه‌ریی خۆتدا بچیته‌وه‌. (فلانه‌ری ئۆكۆنۆر) ئاوا ئه‌م یاسایه‌ به‌یان ده‌كات: «هه‌ر كه‌سێ به‌ زیندوویی گیانی خۆی له‌ قۆناغی مناڵیی ده‌ربازكردبێت، ئه‌وه‌نده‌ زانیاریی له‌ ژیان به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ بتوانێ هه‌تا كۆتایی ته‌مه‌نی له‌ باره‌یانه‌وه‌ بنووسێت.»

-10رسته‌ی كلیلیی یان بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی بهێنه‌ره‌ به‌رچاوت:
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بیرۆكه‌ یان ئه‌ركی گه‌وره‌ی نووسین هاته‌ به‌رچاوت بۆ ئه‌وه‌ی بیگۆڕیت به‌ وشه‌، به‌ ئاسانی له‌ دنیای نووسینیدا نقووم ده‌بیت. به‌ڵام له‌ ته‌واوی شاكاره‌كاندا ئیتر چیرۆك و رۆمان بن یان نا، هه‌میشه‌ شتێك روویداوه‌. هه‌میشه‌ بیرۆكه‌یه‌ك، رسته‌یه‌ك یان په‌ره‌گرافێك هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ له‌ كاتی گونجاودا بێته‌ به‌رچاوی نووسه‌ر. (ئانا لامۆت) له‌ كتێبی (باڵنده‌ی بابردوو)دا، كه‌ كۆمه‌ڵێ رێنماییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ژیان و نووسین، ده‌ڵێت: «نووسه‌ران ده‌بێت پڕۆژه‌كانی خۆیان وه‌كو هه‌نگاوه‌كانی سه‌ره‌تای مناڵ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رن.» نووسه‌ری كتێبی (هیوایه‌ته‌كانی سه‌فه‌ركردن) هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «براگه‌وره‌كه‌م هه‌وڵیده‌دا راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ باڵنده‌ بنووسێت كه‌ سێ مانگ كاتی هه‌بوو به‌یانی رۆژی ته‌سلیمكردنی بوو. ئێمه‌ هه‌موومان له‌ ژووری میوان دانیشتبووین و ئه‌و له‌سه‌ر مێزی موبه‌ق دانیشتبوو، چوارده‌وری كاغه‌زی سپی و قه‌ڵه‌می جۆرا و جۆر و كتێبی نه‌كراوه‌ بوو ده‌رباره‌ی باڵنده‌، وه‌ها به‌ ده‌ست ئه‌ركی قورسی نووسینی راپۆرته‌كه‌وه‌ دۆش دامابوو هێنده‌ی نه‌مابوو ده‌ست بكات به‌ گریان. پاشان باوكم له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ دانیشت، به‌ هێواشی ده‌ستی خسته‌سه‌ر شانی و وتی: (باڵنده‌ له‌گه‌ڵ باڵنده‌دایه‌ هاوڕێ، ته‌نیا ئاوا بیربكه‌ره‌وه‌ كه‌ باڵنده‌ له‌گه‌ڵ باڵنده‌دایه‌).»

-11ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆتدا ركابه‌ریی بكه‌:
ولیام فۆكنه‌ر كه‌ نووسه‌ری به‌ (بوونه‌وه‌رێك ده‌زانی كه‌ جڵه‌وی به‌ده‌ست شه‌یتانه‌وه‌یه‌)، هه‌میشه‌ له‌ ئیشی خۆی ناڕازی بوو. ئه‌گه‌رچی ناڕازیبوون تا راده‌یه‌ك قابیلی خۆلێلادان نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ست له‌ به‌راودكردنی به‌رهه‌مه‌كانت له‌گه‌ڵ هی كه‌سانی تر هه‌ڵگریت، كه‌مێك به‌ر به‌و هه‌سته‌ ده‌گریت. فۆكنه‌ر له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ پاریس ریڤیۆ ده‌ڵێت: «نووسه‌ران نابێت هه‌رگیز له‌وه‌ی نووسیویانه‌ رازی بن. چونكه‌ نووسین هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ پێویسته‌ بنووسرێت ده‌رناچێت. خۆت به‌ به‌راوردی بێهووده‌وه‌ له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی پێش خۆت و هاوچه‌رخانی خۆتدا عه‌زاب مه‌ده‌. ته‌نیا هه‌وڵبده‌ له‌ خۆت باشتر بیت.»

-12ته‌نها ئیشه‌كه‌ بكه‌:
(ستیفان كینگ) سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چۆن ده‌توانی ببیته‌ نووسه‌رێكی به‌ توانا دوو خاڵی هه‌یه‌ و ته‌قریبه‌ن هه‌موو قسه‌كانی خاڵه‌كانی پێشوو له‌وێدا ته‌واو ده‌بن و ده‌ڵێت: «زۆر بخوێنه‌ره‌وه‌وه‌ و زۆر بنووسه‌. من جگه‌ له‌م دوو رێگایه‌ شاره‌زای هیچ رێگایه‌كی دیكه‌ نیم، خۆت ماندوو مه‌كه‌ هیچ رێگایه‌كی قه‌دبڕ له‌ ئارادا نییه‌.»

-13به‌ چێژه‌وه‌ ئیشه‌كه‌ بكه‌:
جۆیس كارۆل ئۆتس، له‌ یاسای ژماره‌ یه‌ك تا ده‌ی خۆیدا بۆ ئه‌وه‌ی ببیت به‌ نووسه‌رێكی باش (كه‌ له‌ توێته‌ر بڵاوبۆته‌وه‌) ده‌ڵێت: «به‌ دڵی خۆت، به‌ عه‌شقه‌وه‌ بنووسه‌.»

سه‌رچاوه‌: www.iranart.ir

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چیرۆكی عیراقی داڕوخاو

مه‌حمود نه‌جمه‌دین له‌نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی عیراقی دوای پرۆسه‌ی ئازادی و سه‌ره‌تای ...