سەرەکی » وتار » نڤیسکار » باوو..نەریتە؟

دەردە دڵ

باوو..نەریتە؟

ئه‌وه‌ی له‌ میدیای كوردستان ده‌كرێت په‌لاماردانی خراپی و گه‌نده‌ڵی و لاساری سیاسیی وئیداری و ره‌فتاریی نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ یان سه‌نگه‌ر لێكگرتنی حزبی و سیاسییه‌ یان په‌لاماردانی خه‌ڵكانێكن ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ بوارێكی ژیانی گشتی كۆمه‌ڵگه‌دا ناسراون و ناو به‌ده‌رن. جا ئه‌و ناوده‌ركردنه‌ له‌سه‌ر هه‌ق یان ناهه‌ق، له‌سه‌ر به‌هره‌ یان ته‌فره‌ بێت، هیچ له‌مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆرێت. میدیای كوردستان و سۆسیال میدیاكه‌ی و بگره‌ هه‌ندێ جار روانینی باوی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ و داوده‌زگاكانی ناو وناتۆره‌ دوای خه‌ڵك ده‌خه‌ن ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ ناو به‌ده‌رن، ئه‌مما خه‌ڵكانی تر كه‌ كه‌تن وتاوان و كرداریان په‌نهانه‌ و كه‌س پێیان نازانێت ئه‌وا كاریان مه‌یسه‌ر و جێبه‌جێكراوه‌ و كه‌س لێشیان ناپرسێته‌وه‌ چونكه‌ ناو ده‌رناكه‌ن و له‌سێبه‌ردا ده‌خۆن و ده‌له‌وه‌ڕن.
له‌ كوردستانی باشووردا میدیا و ته‌نانه‌ت به‌شێكی دامه‌زراوه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵیش به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌دواداچوون وبنكۆڵكاری و پشكنینی ورد قسه‌ و سه‌نجدانی گشتی دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. ته‌نانه‌ت بێ ره‌چاوكردنی راستی و دروستی ئه‌وی ده‌یبیستن قسه‌و قسه‌لۆك و پروپاگه‌نده‌گان دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ وه‌ك قاووقیلی كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كان وایه‌ كه‌ تۆمه‌تی ئه‌خلاقی و سكانداڵی كۆمه‌ڵایه‌تی دوای ژنێك یان كچێك ده‌خه‌ن ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاوێك یان كورێك قسه‌یان كردووه‌، له‌كاتێكدا حوكمی ئاین له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ قورسه‌ و به‌ڵگه‌و شایه‌ته‌كان ئه‌وه‌نده‌ دژوارن كه‌ بینینی سه‌رپێی ژن وپیاوه‌كان به‌س نین بۆ بریاردان له‌سه‌ر لادان و ده‌ست تێكه‌ڵاوكردن.
به‌داخه‌وه‌ چۆن له‌ كورده‌وارییدا باوی كۆمه‌ڵگه‌ و حوكمه‌كانی له‌ بنه‌ماكانی دین و شه‌ریعه‌ت له‌ پێشترن و هه‌ر ئه‌وان ده‌یخۆن پێده‌چێ ناوهێنان و پروپاگه‌نده‌ له‌ یاسا و رێوشوێنه‌ یاساییه‌كانیش گرنگتر بن و میدیاش به‌ دوای شۆره‌ت و ناوده‌ركرده‌وه‌كان ده‌كه‌ون و ئاره‌زووی خۆیانی پێ پر ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌رچی لادان ولاده‌ره‌ ناوی تاریكی و نوته‌كه‌ی هه‌یه‌ وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رده‌چن.
تا ئه‌م هاوكێشه‌ چاره‌ نه‌بێت نه‌ میدیامان، نه‌ دامه‌زراوه‌ گشتییه‌كانمان سه‌نگ په‌یداناكه‌ن و سه‌نگه‌ری خۆیان له‌ بێویژدانی و بێدادی جیا ناكه‌نه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سودان هەمان وانە دەڵێتەوە

هەموو جارێك دیموكراسییەكە دەیسەلمێنێتەوە كە یەك پاكێجە و دابەش نابێت. ...