سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » وەزیری تەندروستی: کە بووم بە وەزیر سەرۆک مام جەلال پێی وتم لە سلێمانی کاری باشت کردووە کە بوویت بە وەزیر ئەو کارانە لە هەولێر و دهۆکیش بکە و خۆت لێ نەگۆڕێ

لە دیدارێکی تایبەتیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ

وەزیری تەندروستی: کە بووم بە وەزیر سەرۆک مام جەلال پێی وتم لە سلێمانی کاری باشت کردووە کە بوویت بە وەزیر ئەو کارانە لە هەولێر و دهۆکیش بکە و خۆت لێ نەگۆڕێ

وەزارەتی تەندروستی، یەكێكە لەوەزارەتە گرنگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەوپێیەش دەبێت ئەو وەزیرەی بۆی كاندید دەكرێت، جگە لەوەی دەبێت ئەكتیڤ بێت لەكارەكانیدا، واش گونجاوترە بۆ ئەو پۆستە پزیشكێك كاندید بكرێت، لەلایەك شارەزایی باشی هەبێت ‌و پسپۆڕ بێت لەبواری تەندروستیدا، لەلایەكی تریشەوە خاوەنی ئەزموون ‌و كەسایەتییەكی باش بێت، چ لەبوارەكەی خۆیدا‌و چ لەناو خەڵكدا.
رێكەوت حەمە رەشید یەكێكە لەو پزیشكە ئەكتیڤانەی كە لە دوو كابینەی یەك لەدوای یەكدا پۆستی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستانی پێ سپێردراوە، ئەگەرچی هەردوو خولەكەی كابینەی حەوتەم ‌و هەشتەم كاندیدی ی.ن.ك بووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام بەبێ جیاوازیی كاری كردووە لە زاخۆوە تا خانەقین، كارەكانیشی لە پەرەپێدان ‌و چاكسازیی لە كەرتی تەندروستیدا گەواهیی ئەوەی بۆ دەدەن، بۆیە بۆ ئاشنابوونی زیاتر بەكارەكانی، كوردستانی نوێ ئەم دیدارەی لەگەڵدا سازكرد.

دیداری: محەمەد رەزا

ئەگەرچی پێش وەرگرتنی پۆستی وەزارەت ماوەیەك سەرۆكی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە و دواتریش بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای سلێمانی بووە، بۆیە لەبارەی دەستبەكاربوونی وەك وەزیری تەندروستی لە كابینەی حەوتەمدا‌و دواتر دانانەوەی بۆ هەمان پۆست لە كابینەی هەشتەمدا رایگەیاند: لە مانگی نیسانی ساڵی 2012 وەكو وەزیری تەندروستی لە كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەست بەكاربووەو وتی: «دواتر جارێكی تر لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كاندیدكرامەوە بۆ كابینەی هەشتەم». ئاماژەشی بەوەكرد كە لە مانگی ئابی ساڵی 2014، بەوشێوەیە دەستیپێكردو بە ئامانەتەوە ‌و بەبێ جیاوازیكردن كاری بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان كردووە.
سەبارەت بە جیاوازیی كاری ئەو وەزارەتەش لەگەڵ وەزارەتەكانی دیكە، روونیكردەوە كە كار لەسێكتەری تەندروستی كارێكی پیرۆزە و وتی: «سوپاسی زۆری ی.ن.ك و بەتایبەتی جەنابی مام جەلال و دادە هێرۆ ‌و سەرجەم ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەكەم بۆ ئەو متمانەیەی كە بە منیان بەخشی، كە لە تەمەنی مندا‌و لە كابینەی حەوتەمدا من گەنجترین وەزیری كابینەكە بووم روونیشیكردەوە كە وەزارەتی تەندروستی وەزارەتێكی خزمەتگوزاریی تەندروستی گەورەیە‌و پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیان ‌و تەندروستیی خەڵكەوە هەیە، بۆیە وەزارەتێكە پڕە لە كێشە‌و حكومەت بەهەموو توانایەكی دارایی ‌و مرۆییەوە كاردەكات بۆئەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان ‌و خۆپارێزییەكان ‌و خزمەتگوزاریی ‌و چارەسەرییەكان دابینبكات بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەگشتی.
دانانی ستیكەر ‌و نرخ
سەبارەت بە كاری چوارساڵی یەكەمی بەو پێیەی كە وەك وەزیرێكی نوێ و ئاستەنگ ‌و زەحمەتییەكانی بەردەمیشی وتی: من شانازیی بەوەوە ئەكەم كە لە كابینەی حەوتەمدا یەكەم وەزیر بووم كارنامەی خۆمم پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كارنامەكەشم لەچەند خاڵێكدا بەرجەستە كردبوو، یەكەمیان زیادكردن یان دروستكردنی ژێرخانی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئەگەر قەیران نەبوایە، ئێمە ئێستا نزیكەی بایی یەك ملیار ‌و دووسەد ملیۆن دۆلار پڕۆژەمان هەیە، ئەم پڕۆژانە لە 2500 «بێد» واتە قەرەوێڵەدا خۆی دەبینێتەوە لە زاخۆوە تا خانەقین، هەروەها ئیشێكی باشمان لەسەر كوالێتی دەرمان كرد، چونكە ئێمە كە بووین بە وەزیر، كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان قفڵی لێ درابوو، داخرابوو، هەر لەیەكەم كۆبوونەوەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كاك نێچیرڤان بارزانی ‌و كاك عماد ئەحمەد كە ئەوكات جێگری سەرۆكی حكومەت بوو، رایانسپاردین بەرنامەیەكی تۆكمە دابنێین بۆ ئەكتیڤكردن ‌و باشكردنی دۆخی دەرمان، هەربۆیە لێبڕاوانە دەستمانكرد بە پشكنینی دەرمان و دەستمانكرد بە هاندان ‌و چاككردنی توانا مرۆییەكانی كوالێتی كۆنترۆڵ و هێنانی كەلوپەل ‌و ئامێری پێویست.
جگەلەوەش پزیشكی دەرمانسازمان لە بازگەكان دانا، تیمەكانی چاودێریی بازاڕمان بەهێزتركرد، بەهەزاران تۆن دەرمان ‌و پێداویستی پزیشكی لەناوبران ‌و گەڕێنرانەوە بۆ ئەو شوێنانەی لێوەی هاتوون، دانانی (ستیكەر) ‌و دانانی نرخ لەسەر دەرمان، كە بە هەزاران جۆری دەرمان نرخی بۆ دانراوە.
وتیشی: توانیومانە لە كوالێتی كۆنترۆڵی هەرێم كە داتابەیسمان داناوە ‌و كوالێتی كۆنترۆڵمان گرێداوەتەوە بە بازگەكان و بە دەروازە سنوورییەكانەو بە فڕۆكەخانەكانەوەو بە كۆمپانیاكانی دەرمانەوە، كە بەنیازین لە ئایندەیەكی نزیكدا بە دەرمانخانە‌و كۆگاكانیشەوە پەیوەستیان بكەین ‌و گرێی بدەینەوە‌و هەروەها (ئەپڵیكەیشنێك) لەسەر مۆبایلە سمارت مان هاووڵاتیان دادەنێین، كە پێیان دەڵێت نزیكترین دەرمانخانە كوێیە و ئەو دەرمانەی كە دەیانەوێت بەچەندە، سەرجەم زانیاریی ‌و زانستە پزیشكییەكان لەسەر ئەو دەرمانە دەنووسرێت كە هاووڵاتییەكە پێویستی پێیەتی.
هەروەك سوپاسی سەرۆك ‌و جێگری سەرۆكی حكومەتی لەهەردوو كابینەی حەوتەم ‌و هەشتەمدا كرد بۆ هەموو ئەو هاوكارییانەی كە كردوویانە لەگەڵ وەزارەتەكەی ‌و وتی: «ئەوەی كە داوام كردبێت بەپێی ئیمكان ‌و بەپێی ئەو دۆخەی كە كوردستانی گرتۆتەوە بۆیان جێبەجێ كردووم.
داواكاریی لە كابینەی نۆیەم چییە؟
لەبارەی ئەوەشەوە كە ئەگەر وەزیرێك خۆی ئیشكەر‌و ئاكتیڤ بێت دەتوانێت چ كاریگەرییەك لەسەر دەوروبەرەكەی دابنێت؟ دكتۆر رێكەوت روونیكردەوە كە ئەكتیڤی وەزیر گرنگە، چالاكی ئەو وەزیرە زۆر گرنگە، بەڵام بێگومان چواردەورەكەش گرنگە، گرنگە تۆ لە وەزارەتی تەندروستی خەڵكێكت لەگەڵدابێ كە شارەزا بن، خەڵكێكت لەگەڵدا بێت كە پسپۆڕ ‌و خەمخۆر بن لەبوارەكەدا، سوپاس بۆ خوا ئێمە لەو 6 ساڵ ‌و 8 مانگەی كە وەزیری تەندروستی بووین، توانیومانە هەندێك پڕۆژە جێبەجێ بكەین ‌و هەندێك كاریش جێبەجێ بكەین كە پێشتر لە وەزارەتی تەندروستیدا نەكرابوو، هیواداریشین ئەوەی دەبێتە وەزیری تەندروستی لەكابینەی نۆیەمدا ئەو كارانەی تەواو نەكراوە تەواویان بكات.
وتیشی: هەندێك كارمان هەبوو وەكو چەند یاسایەك، لەوانە یاسای ئەنجومەنی پزیشكی، یاسای بیمەی تەندروستی، یاسای مافی نەخۆش، كە ئێستا لە پەرلەمانە وەكو یاسای جیاكردنەوەی كەرتی تایبەت ‌و كەرتی گشتی، هیوادارم هەندێك لەو یاسایانەی سەندیكایی دەستكاریی بكرێت ‌و چاك بكرێت، كە ئێمە لەم دوو كابینەیەی رابردوودا دەركمان پێكردووە‌و وەكو پێشنیاز‌و پڕۆژە ناردوومانن بۆ ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها ئێمە پڕۆژەی دامەزراوە «موئەسەسە»ی دەرمانمان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، كە بریتییە لەوەی موئەسەسەیەكی دەرمان دروستبكرێت لەنێوان كەرتی گشتی ‌و كەرتی تایبەتدا، واتە كەرتی تێكەڵاو بۆئەوەی ئەو دامەزراوەیە لێپرسراوبێت لە هاوردەكردن ‌و دابەشەكردنی دەرمان.
روونیشكردەوە كە زۆر كاریان تەواو كردووە، بەڵام كاریش زۆر ماوە كە تەواو نەكراون ‌و وتی: ئەوەشمان بیر نەچێت كە لە چوار ساڵی دووەمدا ئێمە تووشی قەیرانی دارایی بووین، تووشی شەڕی نەگریسی داعش بووین، تووشی دابەزینی نرخی نەوت ‌و بڕینی بودجە ‌و هاتنی زیاتر لە یەك ملیۆن ‌و 800 هەزار ئاوارە بووین، كە بارگرانیی زۆری خستە سەر كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستاندا. زۆبەی سێكتەرەكانی تر ئەرك ‌و ماندووبونیان كەمتر بووە، بەڵام ئێمە لە كەرتی تەندروستی ئەرك ‌و ماندووبونەكانمان زیادیكرد، لەشەڕگەكان لەگەڵ برا پێشمەرگەكانمان تیم ‌و كارمەندەكانی ئێمە لەگەڵ ئەمبوڵانسەكاندا لەگەڵیاندا بوون، لە كەمپەكان خزمەتی ئاوارەكانیان دەكرد، لە نەخۆشخانەكانیش سەرقاڵی خزمەتكردنی نەخۆش بوون.
جێی خۆیەتی لەماوەی كاركردنماندا شانازی بكەین بەوەی كە رێگریی بكەین لە نەخۆشییەكانی كۆلێرا ‌و گرانەتا‌و چەندین نەخۆشی ترسناكی تر لەناو ئەو ملیۆن ‌و 800 هەزار ئاوارەیەدا، كە توانیمان وەك پێویست ‌و بەتەواوی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەین، ئەمانەش سەرجەمیان بە هاوكاریی بەڕێوەبەرە گشتییەكان ‌و فەرمانگە تەندروستییەكان ‌و پزیشكان ‌و كارمەندان كە سەرەڕای نەبوونی مووچە ‌و قەیرانی دارایی، بەگیانی خۆڕاگریی ‌و لێپرسراوێتی و بەگیانی كوردانەوە كارەكانیان جێبەجێ دەكرد كە لێرەوە زۆر سوپاسیان دەكەم.
مام جەلال چی پێی وتووە؟
د. ڕێكەوت لەبارەی قورسی ئەركی وەزارەتەكەی بەتایبەتی لە راگرتنی هاوسەنگی لە پێشكەشكردنی خزمەت لە زاخۆوە بۆ خانەقین رایگەیاند: من بەر لە هەموو شتێك پزیشكم، دووەم لەسەرەتای دەستبەكاربوونمەوە رەحمەتی سەرۆك مام جەلال، بانگی كردم ‌و پێی وتم: تۆ لە سلێمانی زۆر كاری باشت كردووە، ئێستاش لەم كابینەیەدا وەزیرێكی گەنجیت ‌و نامەوێت لەخۆت بگۆڕدرێیت، دەمەوێت ئەو كارانەی كە لە سلێمانی كردووتە، بەهەمان شێوە‌و بەبێ جیاوازیی لە هەولێر‌و لە دهۆكیش ئەو كارانە جێبەجێ بكەیت، من كە گوێم لە رێنماییە جوانەكانی بوو، بەڵێنم پێدا كە بەوجۆرە كار بكەم، دواتر بەڕێزیان وتی: بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كاك نیچێرڤان پشتیوانت دەبێت ‌و من لەو رووەوە گرەنتیت پێ دەدەم، هەر بۆیە سوپاس بۆ خوا ئێمە هیچ جیاوازییەكمان نەكردووە، لە سۆنگەی كاركردنمانەوە لە زاخۆوە تا دەگاتە خانەقین ‌و بەیەك چاو تەماشامان كردووە. ئەگەر نەخۆشخانەیەكمان پێویست بووبێت لە پارێزگای دهۆك كردوومانە، ئەگەر نەخۆشخانەیەكیشمان لە گەرمیان بەپێویست زانیبێت كردومانە، هەروەها سەبارەت بە دامەزراندنیش لە تەواوی شارەكانی كوردستان هیچ جیاوازییەكمان نەكردووە، چونكە گومانی تێدا نییە ئێمە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆمان بە پارتێكی سۆشیال دیموكرات دەزانین، پارتێكین كە لە ئەولەویەتی كارەكانمان ‌و خزمەتكردنمان بەهێزكردنی كەرتی گشتییە، هەروەها فەراهەمكردنی گەیشتنە بە خزمەتگوزاریی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستاندا ‌و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەگشتی.
وەزارەتەكە فرە رەهەندە
لەبارەی ئەوەش كە ئاخۆ ئەو مەرجانە چین كە دەبێت لەكەسێكدا هەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی تەندروستی؟ دكتۆر رێكەوت لەوبارەیەوە دەڵێت: وەزارەتی تەندروستی وەزارەتێكی خزمەتگوزارییە، لەهەمان كاتیشدا وەزارەتێكی پسپۆڕییە، واتە ئەوەی كە دەبێتە وەزیری تەندروستی، مەرجە دەبێت شارەزا بێت لە بواری پزیشكیدا، لە بواری دەرمانسازیدا، هەروەها پێویستیشە ئەزموونی هەبێت لەو بوارانەدا، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەزموونیشی هەبێت لە بواری كارگێڕیی ‌و یاساییشدا، چونكە كاری وەزارەتی تەندروستی فرە ڕەهەندە، لە (65) ناونیشان زیاترە كە لەناو وەزارەتی تەندروستیدا كاردەكەن، لەپزیشكەوە، لە پزیشكی ددانەوە، لە پزیشكی دەرمان سازەوە، لە پەرستارەوە، لەهەموو ئەو بەشانەی تری تاقیگە ‌و تیشك ‌و سۆنار ‌و بێهۆشكاری ‌و هەروەها ئەندازیار‌و كادری خزمەتگوزاریی ‌و گارگێڕیی ‌و هەموو ئەوانە، بۆیە پێموایە ئەوەی دەبێتە وەزیر لە وەزارەتی تەندروستی، پێویستە ئاگاداری ئەو شتانە بێت و بەئاگا بێت لەو گۆڕانكارییانەو لە هەیكەلی وەزارەتی تەندروستی.
دووەم خولی وەزارەت
سەبارەت بە هۆكارەكانی پشت كاندیدكردنەوەی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكەی لە كابینەی هەشتەمدا، رایگەیاند: من نزیكەی (7) ساڵ وەزیر بووم، یان راستتر بڵێم 6 ساڵ ‌و 8 مانگ بوو، ئێمە تا ساڵی 2014، تا قەیران نەبوو، تا حكومەتی عیراق بودجەكەی نەبڕیبووین و ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیەمان بۆ نەهاتبوو و تووشی جەنگی دژبە داعش نەببووین، توانیبوومان بەشێوەیەكی باش بەرنامەكانی خۆمان جێبەجێ بكەین، تەنانەت وامان دانابوو بەرنامەیەكی پێنج ساڵیمان دانابوو لەلایەن وەزارەتی پلان دانانەوە، كە ئێمە لەژێرخانی تەندروستی بەشێوەیەك پێشكەوین كە بەگەینە یەكێك لە ووڵاتە پێشكەوتووەكانی ئەوروپا، وە بەفعلی ئێمە توانیمان لەماوەی ئەو ساڵ ‌و ئەوەندەی كابینەی حەوتەم بایی نزیكەی یەك ملیار ‌و دووسەد ملیۆن دینار پرۆژەمان هەبێت لە هەرێمی كوردستاندا.
(ڕاوەدونانی مافیاكانی دەرمان)
لەبارەی پڕۆژەی (2500 قەرەوێڵەییشەوە وتی ئەگەر ئەو ئاستەنگانەی باسمكرد نەهاتنایەتە رێگەمان ئەوكاتە هەرێم دەگەیشتە ئاستی دەوڵەتێك لە ژمارەی خەستەخانە‌و قەرەوێڵەدا، بۆ نموونە ئاستی وڵاتێكی وەك ئەڵمانیا، ئێمە پلانەكەمان وابوو، كە بۆ هەموو هەزار كەسێك لە هەرێمی كوردستاندا قەرەوێڵەیەكی نەخۆش دابنێین، كە دەتوانم بڵێم لەزۆر لە وڵاتانی جیهاندا هەر بەو شێوەیەیە.
سەبارەت بە پەرەپێدانی توانا مرۆییەكانیش، ناردنی پەرستاران بۆ راهێنان لە وڵاتانی وەكو ئوردون ‌و ناوچەكانی تر. ئاماژەشی بەوە دا كە كۆنترۆڵكردنی دەرمان ‌و راوەدونانی مافیاكانی دەرمان ‌و ئەو كۆمپانیا‌و كۆگایانەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی دەرمان دەهێنن ‌و دەبەن، ئەوانە هەمووی ئەو كارانەبوون كە ئێمە كروومانە، هەروەها كاری زۆریشمان كردووە لەبواری گۆڕینی هەندێك یاسا‌و رێسا لە وەزارەتی تەندروستیدا كە ئێستا هەندێكیان لە پەرلەمانە ‌و چاوەڕێی ئەوەین كە دووبارە بچێتەوە پەرلەمان، لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردراوە بەو هیوایەین كە لەم خولەدا كارەكانمان جێبەجێ بكرێت ‌و ئەو یاسایانە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
تەلەفۆنمان كراوە بووە
ئەوەشی روونكردەوە كە ئەوەی كە شانازی پێوە دەكات ئەوەیە كە بەردەوام لەگەڕاندا بوون بۆ شار ‌و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانیان بەسەر كردووەتەوە، لەگەڵ سەرجەم چین ‌و توێژەكانی بواری تەندروستیدا، واتە هەر بەتەنیا بەڕێوەبەری گشتی ‌و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكانیان نەبینیوە، بەڵكو هەموو خەڵكە جیاوازەكان چ كارمەندانی تەندروستی ‌و كارمەندانی كارگێڕی ‌و كارمەندانی خزمەتگوزاریی ‌و چ پزیشكان ‌و پزیشكانی گەنج و وتیشی: لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئێمە شەو و رۆژ تەلەفۆنمان كراوە بووە، لەهەر كاتێكدا تەلەفۆنمان بۆ كرابێت بەپێی ئیمكان وەڵاممان داوەتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەی كە كێشەیان هەبووە، یان ئەو هاووڵاتیانەی خوانەخواستە لە نەخۆشخانەیەك نەچووبن بەدەنگییەوە یان هەر كێشەیەكی تریان هەبووبێت، ئێمە وەك وەزیری تەندروستی هەڵمان داوەتێ تا بەپێی ئیمكان خۆمان بۆیان جێبەجێ بكەین. هەروەها هێڵێكی پەیوەندیی باشیش بووین لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان ‌و وەزارەتی دارایی ‌و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیراندا كە بەسوپاسەوە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ‌و سەرۆك ‌و جێگر ‌و وەزارەتی دارایی هاوكاریی ئێمە بوون، چونكە وەكو ئاماژەم پێدا وەزارەتی تەندروستی وەزارەتێكی خزمەتگوزاییە، پارەیەكی زۆری دەوێت، كەلوپەلێكی زۆری دەوێت، كە نزیكەی سەروو (52) هەزار پزیشك ‌و كارمەند لەم وەزارەتە خزمەتگوزارییەدا كاردەكەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە ئێمە نزیكەی ملیۆنێك ‌و 800 هەزار ئاوارە رووی تێكردبووین، كە هەموویان تەواوی نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستانیان بەكاردەهێنا، خزمەتگوزاریی تەندروستیان بەبێ بەرامبەر بۆ دەكرا، هەندێك جار نەخۆشەكانی خۆمان، هاووڵاتیانی خۆمان دەچوونە نەخۆشخانە ‌و كلینكی راوێژكاریی ئەهلی، بۆئەوەی ئەم نەخۆشە هەژار‌و ئاوارانە لە نەخۆشخانە حكومییەكان چارەسەریان بۆ بكرێت.
ئەكتیڤكردنەوەی كوالێتی كۆنترۆڵ
-من پێموایە ئێمە كاری زۆر باشمان كردووە، بەڵام دەتوانم بڵێم مەسەلەی كۆنترۆڵی دەرمان ‌و مەسەلەی ئەكتیڤكردنەوەی كوالێتی كۆنترۆڵ، مەسەلەی راوەدونانی قاچاغچیانی دەرمان ‌و بازرگانانی دەرمانی خراپ، هەورەها ئێمە بەهۆی قەیرانەوە، ئەو بینا‌و نەخۆشخانانەی دەستمان پێ كردبوو، تەواو نەبوون، ئەگەرنا ئەو نەخۆشخانانەی كە بە بڕی ملیارێك ‌و 200 ملیۆن دۆلار دەبوایە تەواوببوایە، ئێستا ژێرخانی كەرتی تەندروستی كوردستان، شانی دەدا لە ژێرخانی تەندروستی وڵاتانی ئەوروپا.
سەبارەت بە كەرتی خوێندنیش ئێمە بە هەزاران پزیشكی گەنجمان لەڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستی عیراق ‌و لەڕێی وەزارەتی تەندروستی خۆمانەوە و هەزاران پزیشكی گەنج ‌و بایۆلۆجی ‌و پەرستیار ‌و كیمیایی، كە ئەمانە هەموو پلەی پسپۆرییان وەرگرتووە، دبلۆم ‌و چەند بۆردێكمی جیاوازیان وەرگرتووە، ئێستا وایلێهاتووە نەك تەنها نەخۆشخانەكانی ناوشاری سلێمانی ‌و هەولێر ‌و دهۆك بوونەتە سەنتەری خوێندنی بۆرد، بەڵكوو نەخۆشخانەكانی دەرەوەی شاریش وەكو رانیە ‌و سۆران ‌و زاخۆ ‌و كەلار ‌و ئامێدی ‌و شەقڵاوە‌و هەموو ئەوانەش بوونەتە سەنتەری خوێندن ‌و سەنتەری بۆرد، هەربۆیە كاری زۆر هەیە كە ئەنجاممان داوە ‌و شانازیشی پێوەدەكەین، بۆنموونە یەكێك لەو كارانەی كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پلانەوە كراوە، ئێمە هەموو هەرێمی كوردستان بە هەموو بنكە ‌و دامەزراوە تەندروستییەكانی كوردستانمان دابەشكردووە، لەئایندەیەكی نزیكیشدا هەموو هاووڵاتییەك دەتوانێت ئەو ئەپڵیكەیشنە دابەزێنێت ‌و پێی بوترێت نزیكترین نەخۆشخانە یاخود نزیكترین بنكەی تەندروستی ‌و نزیكترین فریاكەوتن لەكوێیە، ئێمە كاری زۆرمان لەو شێوازە كردووە، جگە لەوەی كە توانیومانە خزمەتگوزاری تەندروستی لەئاستێكدا رابگرین لەگەڵ ئەوەی بودجەش كەم بووە، لەگەڵ ئەوەی ئاوارەیەكی زۆر هاتووە، بەڵام رۆژێك لە رۆژان نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن یان نەشتەرگەریی نەوەستاوە.
هێز لەچییەوە وەردەگرن؟
لەبارەی ئەوەشەوە كە ئاخۆ چ پڕۆژەو كارێك هەبووە كە بەنیازبوون بیكەن ‌و بواریان نەبووە یان ئاستەنگیان بۆ دروست بووە، وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند: كە بۆخۆی پێیوایە بواری تەندروستی لە كوردستاندا هێشتا ماویەتی و وتیشی: چەند یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەو یاسایانەش وەكو یاسای ئەنجومەنی پزیشكی، یاسای بیمەی تەندروستی، دانانی دامەزاروەی دەرمان، هەروەها زیادكردنی پشكی تەندروستی لە بوجەی هەرێمی كوردستان)، هەموو ئەو یاسایانە كە دەتوانرێت بواری تەندروستی لە كوردستاندا پێ باشتر بكرێت.
روونیشیكردەوە كە زۆر جاریش لەناخەوە دڵخۆش و ئاسوودە نەبووە و دەڵێت: بەڵام من ویستوومە وەكو پێشەنگێك دڵی ئەو پزیشك ‌و كارمەندانە خۆش بكەم، چونكە ناكرێت من سەردانی شوێنێك بكەم ‌و وا خۆم نیشان بدەم كە بێتاقەتم، یان دڵخۆش نیم، دەبێت ئەوان كە سەیری من بكەن هێز‌و توانا لە وەزیرەكەیانەوە وەربگرن، لەبەرئەوهۆیە ئێمە چەند ساڵێكی ناخۆش ‌و قورسمان تێپەڕاند، پێموایە لەئێستادا وردە وردە قەیرانەكان باری مووچە ‌و باری دارایی هەرێم باشتر دەبێت، بەراستی جێگەی خۆیەتی من لێرەوە سوپاسی هەمو پزیشكان ‌و كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی و دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە ‌و نەخۆشخانەكانی شۆڕش بكەم، كە بەڕاستی ئەوانیش لە ناوچەكانی پارێزگای سلێمانیدا، شانبەشانی براكانیان لە وەزاراتی تەندروستی، كاری باش ‌و رێكوپێكیان كردووە، خزمەتی پێشمەرگە‌و كەسوكاری پێشمەرگە‌و هاووڵاتیان و كەسوكاری شەهیدانیان كردووە.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا رایگەیاند كە ناتوانێت بڵێت لەهەموو جومگەكاندا تەواوو بێ كەموكوڕیی بوون بەڵام وتی: دەتوانم بڵێم ئێمە كاری زۆر باشمان كردووە، یەكێك لەو كارە باشانە لە مەسەلەی كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان كە بەرەو پێشەوە چووە، بەراستی ئەمە بەرژەوندیی هەموو تاكێكی ئەم كوردستانە لەخۆ دەگرێت، پاشان ئێمە لە مەسەلەی بچووككردنەوەی هەیكەلیەت ‌و كەمكردنەوەی زیادە مەسرەفی بەش و بەڕێوەبەرایەتییەكان، لە دانانی هەندێك پەیڕەو بۆ هێنانە ژوورەوەی دەرمان ‌و پێداویستیی پزیشكی.
بەردەوام، لە ئەندازەی پزیشكی، لە دروستكردنی باڵەخانە ‌و نەخۆشخانە، هەروەها لەبواری خۆپاراستنی تەندروستی، لەبواری رۆشنبیریی تەندروستی كە ئێمە نزیكەی زیاتر لە (1500) مامۆستا ‌و توێژەری كۆمەڵایەتی ‌و خولی راهێنانمان كۆكردووتەوە بۆئەوەی لە خوێندنگاكانی خۆیاندا هەم وەكو كارمەندێكی تەندروستی، هەم وەكو رێنماییدەرێكی تەندروستی، رێنمایی بدەن بە خوێنكاران، رێنمایی بدەن لەسەر چۆنێتی پاراستنی تەندروستی دەم و ددانیان، لەسەر تەندروستیی خێزانی، لەسەر تەندروستیی سێكسی، لەسەر تەندروستی دەروونی، لەسەر هەموو ئەو شتانە، هەر بەراستیش، من ناتوانم بەتەنیا بڵێم بواری تەندروستی زۆر پێشكەوتووە، ئێمە لەچەند رۆژی رابردوودا رامانگەیاندووە، وەزارەتی پلاندانان وەزیری پلان بەسوپاسەوە رایگەیاند.
لەوبارەیەشەوە دەڵێت: وەزارەتی پلاندانانی عیراق و هەرێم دەستەی ئاماری عیراق ‌و دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، بەهاوكاریی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تەندروستی ‌و پەروەردە‌و شارەوانی، كۆمەڵێك رووپێویان كردبوو، كە پێی دەوترێت روپێوی پێشووی فرەلایەن، كە پێی دەووترێت مێكس كە ساڵانە لە (50 بۆ 60) وڵات لەلایەن رێكخراوی یۆنیسیف ‌و حكومەتی ئەو وڵاتانەوە دەكرێت، دوایین ساڵ، لەساڵی 2011دا لە عیراق ‌و كوردستاندا كراوەو زۆربەی ئەو ئاماژانەش لە مردنی منداڵی خوار پێنج ساڵ، لەمردنی خوار یەك ساڵ، لەمەسەلەی رێژەی كوتان، لە كوتانی دایكی دووگیان لە مەسەلەی سەردانی دامەزراوە تەندروستیەكان، لەلایەن منداڵان ‌و دایكانەوە، لە زۆربەوی زۆری ئەو بوارانەدا ئێمە لەهەموو عیراق زۆر باشترین، لە ناوەڕاست و باشووری عیراق.
وتیشی: ئێمە لەساڵی 2011-ش هەر باشتر بووین، بەڵام ئێمە ئێستا لە هەندێك ئاماردا بەشێوەیەك كەم بۆتەوە كە لەهەندێك مردنی منداڵی خوار پێنج ساڵ ‌و خوار یەك ساڵ، لە هەندێك وڵاتی پێشكەوتووی تەندروستی وەكو ئوردن-یش باشترین، بەراستی ئەم ژمارەو ئامارانە زۆر دڵخۆشكەرن، هیوادارم ئەو پلان و بەرنامانە‌و پتەوكردنی ژێرخانی تەندروستی بەردەوام بێت، بۆئەوەی هەموو ئەو خەونانەی كە ئێمە هەمانبووە بێنەدی و هەموویان بەتێكڕایی جێبەجێ بكرێن.
دادگا بڕیاری لێوە بدات
لەبارەی سیستمی سزاو پاداشت‌ و چۆنێتی گرتنەبەری رێوشوێن لەبەرامبەر سەرپێچیكاریی‌و كەمتەرخەمیشەوە دەڵێت: ئێمە خەڵكمان زۆر پاداشت كردووە، خەڵكیشمان زۆر سزا داوە، زۆرجار هەندێك لە راگەیاندنەكان باس لەوە دەكەن كەس سزا نەدراوە، بەڵام وانیە، خۆ ئێمە ناچین ئەوەی سزا بدرێت بیخەینە سەر تەلەفزیۆن ‌و لەراگەیاندنەكانەوە بەدیاریان بخەین، ئێمە سزای ئیداریمان بۆ سەدان كەس دەركردووە، دەیان كەسمان داوەتە دادگا، پزیشك هەیە كە نمرەی پسپۆرییەكەیمان لێ سەندووەتەوە، پزیشكیش هەیە نەمانهێشتووە لە نەخۆشخانە كاربكات، پزیشك هەیە گواستومانەتەوە، پزیشك هەیە سزامان داوە، خەڵك هەیە یەكسەر دۆسیەكەیمان رەوانەی دادگا كردووە، لەرۆژی دەستبەكاربوونیشمەوە، یەك لیژنەی لێكۆڵینەوەم بێ سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی دەرنەكردووە، تەنانەت ئەگەر فەرمانبەرێكیش نەهاتبێت، هەربۆیە سەرجەم لیژنەكانی ئێمە داواكاری گشتیی تێدایە، بۆیە من پێموایە سزاو پاداشت پەیڕەوكراوە و دەبێت پاداشتی ئەوانە بكرێت كە بەرێكوپێكی كار دەكەن، دەبێت سزای ئەوانەش بدرێت كە بە رێكی كارناكەن، بێگومان سزادان بۆئەوە نییە بەرامبەرەكەت بشكێنیت، بەڵكو بۆئەوەی ئەوانەی كە لەخەت لایانداوە بیان هێنینەوە سەرخەت، چونكە لیژنەی لێكۆڵینەوە هەر بۆ ئەوە نییە كە خەڵكەكەی پێ بشكێنیت، هەر لێكۆڵینەوەیەك كە ئەنجامی دەدەیت بۆئەوەیە كە بزانیت كەموكوڕییەكانی خۆی چییە، كەموكوڕیی سیستمەكە چییە، هەروەها ئەوانەی كە هەڵەیان كردووە، هەڵەكانیان بایی ئەوەبێت كە راستی بكەیتەوە، ئەو هەڵانەشی كە زۆرن دەبێت رەوانەی دادگا بكرێت، دادگا بڕیایی لێ دەدات.
كوردستانی نوێ ماڵی رۆشنبیرانە
هەر وەكو لە سەرەتاشەوە ئاماژەم پێداوە من دەستخۆشی ‌و پێزانینم هەیە بۆ ستاف ‌و پزیشك ‌و ئەو كارمەندانەی كە كاریان لەگەڵدا كردووم، بە پلەی یەكەم بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكان، دەزگای تەندروستی پێشمەركە بە سەرۆك ‌و بەڕێوەبەی گشتی ‌و پزیشك ‌و كارمەندەكانی ‌و بە هەموو ئەو كەسانەی كە لەبوارەكاندا كاریان كردووە، ئێمە بەیەك تیم كارمانكردووە، هەموشمان ئامانجێكمان هەبووە، ئەویش خزمەتكردنی نەخۆش بووە، ئەوەی بۆمان دابینكراوە لە دەرمان ‌و پێداویستی ‌و پزیشكی درێغیمان نەكردووە و وتیشی: پێموایە بواری تەندروستی بوارێكی قۆڵ ‌و فراوانە، بۆیە هیچ مەرج نییە لە سیستمە جیهانییەكانی تەندروستیدا هەموو كەسێك لە بواری تەندروستی رازی بێت، بۆیە ئێمە ئەوەی كە پێمان كرابێت لە بواری تەندوستییدا درێغیمان نەكردووە.
هەر لە درێژەی قسەكانیشیدا باسی لە هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتی تەندروستی عیراق ‌و وەزارەتی تەندروستی هەرێم كرد‌و ئاماژەشی بەوە دا كە لەگەڵ وەزاەرتی تەندروستیی بەغدادا هاوئاهەنگی باشیان هەیە.
لەبارەی كوردستانی نوێ ‌و رۆڵی لە پشتیوانیی كارە باشەكان‌و خستنەڕووی گرفتەكانیشدا وەزیری تەندروستی وتی: كوردستانی نوێ یەكێكە لەو رۆژنامانەی كە ئێمە شانازیی پێوە دەكەین. وتیشی رۆژنامەیەكە هەر لە مامی گەورەو یەكەیەكەی رۆشنبیرەكانی ناو ی.ن.ك، كوردستانی نوێیان كردۆتە قەڵایەكی باڵابەرزی قەڵەمی بەبڕشت، هزری جوان نووسین، هیواشی خواست تەمەنی ئەم رۆژنامەیە درێژو پڕخوێنەرتر بێت و پڕ زانست تر بێت ‌و دەتوانم بڵێم كوردستانی نوێ ماڵی رۆشنبیریی هەمووانە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئایا ئه‌و پزیشكانه‌ی.. له‌ كاتی قه‌یرانه‌كاندا كاره‌كانیان به‌جێ هێشت.. بۆشاییان دروست كرد له‌ بواری خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستیدا

محەمەد ره‌زا خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی به‌ گشتی له‌ كوردستان پێشكه‌وتن و ...