سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » خانمێك کە چەندین جار ئاوارەیی کۆڵی پێ نەدا لە گەیشتن بە خواستە زانستییەکانی

گفتوگۆی نەرمین عەسمان لەگەڵ ئاشتی حەمە ساڵح حسێن

خانمێك کە چەندین جار ئاوارەیی کۆڵی پێ نەدا لە گەیشتن بە خواستە زانستییەکانی

چەند ژنە کەسایەتییەکی ناسراو لە مێژووی کورددا هەن کە لەبواری جیاجیادا کەسانی لێوەشاوەو چالاک بوون، بەڵام هەرگیز ئەو چالاکییانەیان نەکردووەتە بانگەشەو کایەیەک بۆ خۆناساندن، لەوبارەیەوە لە ماوەی رابردوودا خاتوو نەرمین عوسمان کە بۆ خۆشی ژنێکی چالاکی بواری پەروەردەو تێکۆشەرێکی کایەی سیاسیشە زنجیرەیەک سەردان و بەسەرکردنەوەی دەستپێکردووە بۆ گفتوگۆو هەڵدانەوەی لاپەڕە پرشنگدارەکانی ژیان و کارو چالاکیی ئەو خانمانەی کوردستان کە وەک سەربازی ون خزمەتێکی زۆریان بە چەند نەوەیەک کردووە لە بواری جیاجیادا، بەڵام نەوەی نوێ وەک پێویست ئاشنا نییە بە بەخشش و کۆششە مرۆڤدۆستانەکانیان، بۆیە بەسوپاسەوە خاتوو نەرمین پوختەی ئەو گفتوگۆیانە و ئەرشیفی وێنەو بیرەوەرییەکانی ئەو خانمە چالاکوانانە دەنووسێتەوەو بۆ دەربازکرنیشیان لە فەوتان و لەبیرچوونەوە، پێشکەشی کوردستانی نوێ-ی دەکات و کوردستانی نوێش ناوبەناو وێنەکان و چیرۆکی ژیانی پڕ بەخششی ئەو کەسایەتییانە بڵاودەکاتەوە.

گفتوگۆی ئەم جارەم لەگەڵ خاتوونێكە سەرەتا بەم چەند دێڕە ئاخافتنە دەستی پێكرد : بەدڵنیایی ژیان تاڵی زۆرە بەڵام لەهەمانكاتدا شیرینیشە، هەركات خزمەتێكی راستەقینە پێشكەش بكەین شاد دەبین ، بەڵام ئەوكاتەی تەرازوو لاردەوەستێت و مافەكان بە بەرچاومانەوە وەك گەڵای پایز دەوەرن ، ئەوكات تاڵییەكان تام ئەكەین لەگەڵ ئەوەشدا دبێت دان بەخۆماندا بگرین .
خاتوو ئاشتی حمە ساڵح حسین گێڕایەوە و وتی:
لە ناوەراستی شەستەكانی سەدەی رابووردوو لە گەڕەكی مۆردانەی شاری هەڵەبجە (كەئێستا پێی دەڵێن كانی عاشقان) و دواتر تەخت كرا، لەدایك بووم، باوكم ناوی نام ئاشتی بەو هیوایەی ئاشتی لە كوردستان بەرقەراربێت.
لەسەرەتای حەفتاكاندا وەك مناڵێكی قسەخۆش دەركەوتم، زۆر حەزم لە مەجلیسی گەورەكان بوو، زوو زوو دەچووم بۆ لادێ بۆماڵی باپیرو و پورم ، بۆ من زۆر خۆشبوو، چونكە ئەوان زۆرگرنگیان پێدەدام . لەگەڵ نەنكم و خزمان دەچووم بۆ مەڕدۆشین و لێكردنەوەی بەڵاڵوك و قەزوان و قاپ شتن و جل شتنی سەركانی .
لەگەڕەكی خۆمان كۆمەڵێك هاوڕێیم هەبوو زۆركات خەریكی یاریكردن بووین ، رۆژانی هەینی لەگەڵ ، گەورەكان دەچووین بۆ سەیران بۆ (گوڵان و كانی شیخ ) چەند خێزانێك پێكەوە یاپراخ یان چەرەساتیان دەهێنا و تا ئیوارە لەوێ دەبووین . لەگەرەكی خۆشمان چەرخ و فەلەكی لێبوو زۆرجار لەوی كۆدەبووینەوە، زۆربەی رۆژەكانمان وەك جەژن وابوو ـ
مناڵێكی وریاو دەستڕاست بووم ، زۆربەی جار لە یاریكردندا دەمبردەوە، بەتایبەتی یاریی مووروێن كەم كەس لێی دەبردمەوە. خاوەنی یەك كیسی گەورە مورو بووم، زۆرجار دەمكردن بەپەتەوە چەند ئەوەندەی باڵای خۆم دەبوو!
هەڵەبجە لە یادەوەریی ئاشتیدا
لەمیانی گفتوگۆكەمان پرسیم: بەڵای تۆوە هەڵەبجە چەند شتێك دەگەیەنێت، ئەو بیرەوەریانە لای تۆ چین؟
وتی: بیرەوەرییەكان زۆرن لەوانە: دیمەنی ژنانی دەستڕنگینی هەڵەبجە، بیرم دێ ژنانی هەڵەبجە زۆر دەستڕەنگین بوون لە ئیشی دەست وچنیندا ، زۆربەی ژنان و كچانی و بگرە زۆربەی ماڵەكان ژنێك یان كچێكی دەستڕەنگینی تێدابوو ، دایكیشم یەكێك بوو لە ژنە دەست رەنگینانە وهەروەها من و خوشكەكانیشم بەهەمانشیوە، ئەو ژنەی یان ئەوكچەی ئەو كارانەی نەزانیایە بەبێ سەلیقە سەیر دەكران. بەرگی پشتی چەرچەف بەئەتەمین دەچنران هەروەها بلوز و عەززیی خوری ، هەروەها شتێكی زۆر جوان دروست دەكرا بۆ قەد دیوار هەڵدەواسرا بۆ جوانی و بۆ گەرمكردن (كارتۆنەكیان دەهێنا بەشەش پاڵو دەیانبڕی پاشان لەبەرگی سورمەو قوماشی جوان دەگیراو هەمووی پێكەوە جارێكی تر بەیەكەوە دەدورانەوە، بە بەپێی پێوانەی دیواری ماڵەكە دروستیان دەكرد ، زۆر بۆنەیەكی خۆش بوو ئەو شەوەی كارەكە تەواو دەبوو دراوسێكان كۆدەبوونەوە ودەچوون بۆ پیرۆزبایی . ئەو خۆشی و جوانییە هێشتا لەبیرەوەرییەكانمدا ماوە.
یەكێك لەو ژنە پیشەوەرانەی هەڵەبجە پورە ئاڵتوون بوو ، ژنێكی بەتەمەن و ناسراو بوو بوخچەیەكی دەكردە كۆڵی و بەهەموو شاردا دەگەڕا شتی بۆ خەڵك دەفرۆشت ، كە دەهات بۆ گەرەكی ئێمە ژنان لێی كۆدەبوونەوە و بوخچەكەی دەكردەوە، شتی زۆری پێ بوو ئاڵتوون وجل و بەركی بەكار هاتوو، بۆ فرۆشتن ، هەركەس شتێكی زیادەی هەبوایە دەیدا بە پورە ئاڵتوون بۆی بفرۆشێت .ژنێكی زۆر رۆح سوك گیرفان گەرم كەرەوە بوو .
وانەی فێرکردنی چنین و دروومان
لەخاتوو ئاشتیم پرسی: كەی و چۆن خوێندنت دەست پێكرد ؟ گێڕایەوە ووتی: لەپێش بۆردومانەكەی ساڵی 74 بەهۆی هەندێ هۆكارەوە ئەو ساڵە فریای چوونە قوتابخانە نەكەوتم بەڵام بەهەوڵدانی خۆم و پرسیاركردن لە برا گەورەكەم (مامۆستا واحد) و خاڵم كە مامۆستای هەمیشەییم بووە، ئاستی خوێندنەوە و نووسینی خۆمم باشكردبوو ، تەمەنم 8 ساڵ بوو لەقوتابخانەیەكی پیشەیی (شاهۆ) لەگەل كچانی تر دەستم بەخوێندن كرد، ئەو قوتابخانەیە جگە لە خوێندندنەوە و نووسین بەرنامەی فێركردنی چنین و درومانیشیان هەبوو، زۆری نەخایاند بوومە جێی سەرەنجی مامۆستاكانم ، لەبەر ئەوەی مناڵترینی پۆلەكەم بووم، هەروەها توانای ئەوەم هەبوو بائاسانی وانەی پۆلەكانی تریش بخوێنمەوە وبنوسمەوە . ئەمانە هۆكاربوون بۆ ئەوەی تاقیكردنەوەیەكی خێرایان بۆ ڕێك خستین، من یەكێ بووم لەوانەی پەڕیمەوە بۆ قۆناغی دوو.
لەبیرەوەرییەكانی تری كاتی مناڵی گێڕایەوەو وتی : لەدوای بەیاننامەی 11 ی ئازار، ساڵانە فیستیڤالێكی گەورە لە هەڵەبجە سازدەكرا ، قوتابخانەكان چالاكی خۆیان نمایش دەكرد و شانۆگەری و گۆرانی تێدا دەكرا، هاوكات 12 سوارەی مەریوان نمایشی خۆیان دەكرد وەك نەریتێكی كوردەواری و وەبیرهێنانەوەی ئەو نەبەریدییە كە كردیان بۆ گرتنەوەی قەلای مەریوان و دەرهێنانی لەدەستی سەفەوییەكان، ئەو رۆژانە بۆ كورد وەك چەژن ئامادەكاری بۆ دەكرا، جل وبەرگی كوردیمان دەكڕی وبەشداری یادەكەمان دەكرد.
یەکەم ئاوارەبوون و وێرانکاریی
هەروەها بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەكان و یادەوەرییەكان ، وتی: زۆری نەبرد بارودۆخی هەڵەبجە تێك چوو، كەوتینە ناو مەترسی بۆردومان كردنی شار، رۆژانە یان لە ژێر زەمینەكان یان بۆ دەرەوەی شار (چاوگ و باوەكۆچەك)، خۆمان حەشار دەدا ، یەكێك لەو رۆژانەی كە لەناو شاربووین لە دوای نیوەرۆیەكی بەهاری ساڵی 1974 ڕژێمی بەعس بە ناپاڵم بۆردومانی هەڵەبجەی كرد چەندین قوربانی لێكەوتەوە .
پاش ئەوەی دوومانگ لەلادێ لەزێدی باو باپیرن بووین، بەرەو ئیران كەوتینە رێ، لەكوێستانەوە بەرەو گەرمیان . لەوێ خزمەتگوزاری باشتر بوو، قوتابخانەیان بو دروستكردین و منیش بەئاواتی خۆم گەیشتمەوە و چوومەوە قوتابخانە، تا كۆتایی قۆناغی (3 )ی سەرەتایی بەردەوام بووین، بەڵام بەداخەوە دوای داڕمانی شۆڕشی ئەیلول لەگەڵ خزمان بۆ هەڵەبجە گەراینەوە. هێندەی باوكم غەمبارم بەتێكچوونی ئەو بارودۆخە، چونكە هەستی كوردایەتی و خۆشەویستی نەتەوەكەم لەباوكمەوە وەرگرتبوو .
لەهەڵەبجە دووبارە تووشی كێشەی خوێندن بوومەوە، ئیدارەی ئەوكاتەی قوتابخانەی هەڵەبجەی كچان قبوڵی نەدەكرد لەقۆناغی(3)بخوێنم ، لەهەمانكاتدا بەلاشیانەوە حەیف بوو لە قۆناغی پێشتریش دەست بەخوێندن بكەم . زۆر ساڵێكی ناخۆش بوو باوكمم هەراسان كردبوو تا كێشەكەم بۆ چارەسەر بكات، ئەوەبوو بەبڕیاریكی ئەو كاتە لەگەڵ چەند قوتابییەكی هاوشێوەی خۆم ، تاقیكردنەوەیەكیان بۆ كردین و چووینە قۆناغی چواری سەرەتایی. ئیتر لێرەوە رۆژی خەونەكانم هەڵهات، زۆر بەجدی خەریكی خوێندن بووم. بەشداری چالاكییەكانی قوتابخانەكەمم دەكرد لە تیپی سویدی و كەشافە، لەفێستیڤاڵەكانی هەڵەبجە .
سروودی کوردایەتی
لەتەنیشت مونەزەمەی بەعسەوە
خاتوو ئاشتی بەردەوام بوو لەگێڕانەوەو وتی: لەقوتابخانەی سازگاری كچان كە لەتەنیشت مونەزەمەكەی حزبی بەعسەوە بووین، هەفتەی ڕۆژێك لەگۆرەپانی قوتابخانە ریزدەكراین بۆ ئاڵا هەڵكردن ، بەڵام كاتێ ماموستا داوای دەكرد سرودێك بڵێین ، ئیمەش زۆربەی جار بە (ئەی رەقیب، یان ، من پیشمەرگەی كوردستانم) دەستمان پێ دەكرد ئیتر نەیاندەهێشت تەواوی بكەین و لێمان تورە دەبوون. راستەوخۆ لەدوای بیستنی ئەو سرودانە وەفدی مونەزەمەكە دەهاتنە ناو قوتابخانەكە و سەرزەنشتی ئیدارەیان دەكرد. ماموستایەكمان هەبوو زۆر كورد پەروەربوو هەمیشە فێری كوردایەتی و ئازایەتی دەكردین ناوی (حمدیە رسول) بوو ئیستا لەدەرەوە دەژی زۆر پشتگیری دەكردین ,
لەهەڵەبجە شوڕش بەردەوام بوو، هەڵەبجە بەشەو بەدەست پێشمەرگەوە بوو تەقەیان دەكرد و چالاكی پارتیزانییان دەكرد، بەرۆژیش بەدەست دەسەڵاتەوە بوو . هەڵەبجە بەگشتی و گەرەكی مۆردانەش بەتایبەتی زۆر دۆستی شۆرشگێران بوون، زۆرباش لەبیرمە كاتێ پێشمەرگە دەهاتنە ناو شار ، ئیدی ئەو ئیوارەیە زۆر جیاواز بوو خەڵك لەنێوان مەترسی و خۆشحاڵیدا ئەو شەوەیان بەڕێ دەكرد، هەستێكی خۆشم لەلا دروست دەبوو كاتێ لەدوای نوێژی مەغریب پیاوی گەرەك دەهاتنەوە و پۆلێك پێشمەرگەیان لەگەڵ بوو بەسەر ماڵەكاندا دابەشیان دەكردن بۆ نان خواردن و پشوودانێك. لەبەر ئەوەی ماڵی ئێمە دراوسێی ماڵی بەرێز (فاتیحی شیخ حەیدەر ) بوو كە پێشمەرگەیەكی چالاك بوو ، پاشان بوو بەیەكەم شەهیدی شۆرشی نوێ . ئەم بابەتە زوو زوو دوبارە دەبوویەوە.
بەرەو خوێندنی قورئان
لەوەڵامی پرسیارێكمدا بۆ ئاشتی خان ، خوێندنی ئاینی چۆن دەستی پێكرد؟ لەوەڵامدا وتی:
لە 5 ی سەرەتایی بووم هاوڕێكەم ناوی كەژاڵ بوو، لەلای نەنكی دەژیا، رۆژێك پێی وتم : من لەلای (دادەخان ) قورئان دەخوێنم تۆش بۆ نایەیت؟ . منیش ئەو باسەم لای دایكم كردەوە بەخۆشحاڵییەوە ڕێگەی پێدام و دواتریش لەگەڵ خوشكەكانم بەیەكەوە دەرۆیشتین قورئانمان لەبەر دەكرد، مانگانەیەكمان دەدایە (دادەخان)، ئەو ژنێكی زۆر زمان پاراو بوو بەدەم ئیشكردنەوە رۆژانە وانەی بە 10-12 مناڵی ئەو كاتە دەوتەوە، هەندێجار ئیشیشی پێ دەكردین و زۆریش حەزمان لێ بوو. رۆژی تەنها دوو ئایەتی پێ دەوتین هەرچەندە حەزمان دەكرد زۆرتر بخوێنیین، بەڵام لێمان تورە دەبوو دەیووت: زۆربێ و بۆربێم ناوێ! چەند بەشێك لەقورئانم لەلای ئەو مامۆستایە لەبەركرد (رۆحی شادبێت زۆر قەرزاری ئەوم ).
خوێندنی ناوەندیم دەستیپێكرد ولە هەردوو قۆناغی (یەك و دوو) لە تاقیكردنەوكانی كۆتایی ساڵ بەخشرام . بەڵام لە 3 ی ناوەندی ئاستی نمرەكانم نزمبوونەوە بۆ 80 ، باوكم زۆر هەوڵیدا بڕۆم بۆ خانەی ماموستایان لەسلێمانی، هەرچۆنێك بێت قایلمكرد بەوەی شەش تەواو بكەم. بەڵام كە دەستم بە خوێندن كرد لە قۆناغی 4 بارودۆخەكە خراپتر بوو، بەهۆی زۆری سەرقاڵیم و هەروەها دروستبوونی بارودۆخێكی نەخوازراو لە ململانێی نێوان لایەنەكان، خراپی مامەڵەی هەندێك لەمامۆستایانی ئەوسەردەمە لەگەڵ كچانی لەچك بەسەر ، دوای ئەوەی زانیم بەرگەی ئەو ململانێیە ناگرم ، ئاراستەی خوێندم گۆڕی ، دوای هەوڵێكی زۆر و لەژێر فشاردا باوكم رەزامەندی دەربڕی كە بچم بۆ ئامادەیی بازرگانی لە سلێمانی .
بۆ خوێندنی ساڵی 1982-1983 لە ئامادەیی بازرگانی دەستم بە خوێندن كرد، لە بەشی ناوخۆیی ئیسكان نیشتەجێ بووم. یەكەم تاقیكردنەوەمان كرد ، مامۆستای وانەكەمان كەناوی (ست لەیلا) بوو نمرەكانی بۆ خوێندینەوە زۆر دڵخۆشی بووم بەوەی نمرەی تەواوم بەدەست هێنابوو. دەستخۆشی لێكردم و وتی: لەدوای تەواو بوونی وانەكە وەرە بۆلام بۆ ئیدارە. كەرۆیشتم چاوەروانی دەكردم ، پرسی:باوك و دایكت ماون؟ ووتم: بەڵی. ووتی ئەی بۆچی هاتوویت بۆ ئیرە بخوێنیت تۆكچێكی زیرەكیت بڕۆ شەش تەواو بكە ، من بەهەموو شێوەیەك پشتیوانیت دەكەم . منیش بەگوێم كردو هەموو ئەو شتانەم بیر چوەوە كە دۆخی هەڵبجە لەچیدایە وچەند بەسەختیش باوكمم قایلكردووە . بەهەرحاڵ بەهۆی دوواكەوتنمەوە چووم بۆ مەكتەبی ئێواران ، قۆناغی چوارم بەئاسایی تەواو كرد ، بەڵام بۆ پۆلی 5 خۆم بۆ كۆلێژی ئەندازیاری یان پزیشكی ئامادە دەكرد خەریكی ئەوەبووم بناغەیەكی باش بۆ پۆلی شەش دابنێم . بەڵام هیندەی پێنەچوو پرۆسەی هاوسەرگیری هاتە پێشەوە، بەحوكمی ئەوەی لەناو خوێندندا بووم، زۆر لە بیری هاوسەرگیریدا نەبووم، زۆر بەشێوازێكی تەقلیدی پرۆسەكە تەواو بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەپۆلی شەش هەر بەردەوام بووم تا 1/1/1986 ئەو كاتەی بوومە خاوەنی مناڵی یەكەمم. ئیتر تەواو كردنی خوێندن بۆ من بوو بە خەونێكی بەدی نەهێنراو .
خاتوو ئاشتی بەدڵێكی پڕ لەئازارەوە لە گێڕانەوەی بەسەر هاتەكان بەردەوام بوو ، ووتی: لەخەونێكی گەورەوە بەرەو ژیانێكی سادە كە هیچ ئامادەكارییەكم بۆ نەكردبوو، ژیانم هەمووی گۆڕا بۆ كاری رۆژنە. ناچاربووم خۆم بگونجێنم لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیە ، لەچالاكیەكانم دووركەوتمەوە ، یەكێك لەمامۆستاكانم (م. حسین عبدالكریم) نامەیەكی بۆ ناردم نووسیبووی:( ئێمە وتمان «اتموا نصف دینكم بالزواج» بەڵام نەمانووت واز لەنیوەكەی تری بهێنە) .
تەختکردنی کانی عاشقان
لەدوای خۆپیشاندانەی مانگی پێنجی ساڵ 1987 جموجوڵی سیاسی لەهەڵەبجە دەستی پێ كرد ، و گەنجان لەڕێكخستنی ناوخۆی لایەنەكان ، خۆپیشاندان لە گەرەكی كانی عاشقانی ئیستا هوتافیان دەكێشان و برۆخی بڕوخێ دەستی پێكرد. ئەمە لەكاتێكدا حكومەتی بەعس بریارێكی دەركردبوو لەهەر كۆلانێك خۆپیشاندانی تێدا بكرێت ئەو كۆلانە دەڕوخێنن! تائیستاش من لەوە نەگەیشتووم بۆچی گەرەكی كانیعاشقانیان بۆ خۆپیشاندان هەڵبژارد ، ئەمە لەكاتێكدا نە (كانی)یەكە لەو گەرەكە بوو، نە گەڕەكەكەش ناوی (كانی عاشقان) بوو، ئەو گەرەكەی خاپوركرا ناوی (مۆردانە) بوو.
دوای ئەو خۆپیشاندانە ئارامی شار بەتەواوی تێك چوو، هەرڕۆژەو دەیان ماڵیان ئامادە دەكرد بۆ تەقاندنەوە و هاوار و شیوەنی خەڵكی ئەو گەرەكە ئاسمانی تەنیبوو. دوو دیمەن هەرگیز لەیادم ناچنەوە. یەكەمیان دراوسێیەكمان نەیزانیبوو كاتی تەقاندنەوەی خانووەكەیانە، چووبوون بۆ گواستنەوەی گوڵ و ئینجانە و كەل وپەلەكانیان، لەو كاتەدا خانووەكەیان تەقێنرایەوە ، باشی لەوەدابوو لەحەوشەكەیا بووبوون، بەڵام زۆربەیان بریندار بوون . دووەم دیمەنی بۆمب ڕێژكراوی ماڵی باوكم كە خانوویەكی گەورە بوو دواجار تەقێنرایەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا كۆمەڵك خەڵكیان گرت و لە سەروو بامۆك زیندە بەچاڵ كرابوون، هاوكات كۆمەڵك پیاو ماقوڵیشیان گرت، باوكم یەكێك بوو لەوان ، چووبوون بۆ تكاكردن، لەگەڵ مونەزەمەكی حزبی بەعس بەڵام بێسود بوو پێیان وتبوون ئەگەر بێدەنگ نەبن ئێوش لەناو دەبەین .
یەکەم ئاوارەبوون بەرەو ئێران و تێکەڵبوون بە کاری سیاسی
لە17 رەمەزانی ساڵی 1987 لەدوای بەربانگ كردنەوە بەرەو ئێران هەڵهاتین، سەعات 10 ی شەو مانگ هەڵهات زۆر مەترسیدار بوو چونكە ئەو ڕێگایە شوێنی قەدەغەكراو بوو لەلایەن رژێمەوە هەموو ساتێك چاوەروانی رەمی بووین . هەرچۆنێك بێ گەیشتینە ئێران ، نەیاندەهێشت بپەرینەوە ، پرسیاریان لێ كردین ئیوەش لەگەڵ مەلاكانن؟ ئەوانەی لەگەڵمان بوون ووتیان بەڵێ ، بەڵام بۆ من جێی سەرسوڕمان بوو،چونكە یەكەمجار بوو بزانم ئەم هاتنەمان پەیوەندی هەبێت بە هیچ لایەنێكەوە ، تەنها ئەوەم دەزانی كە هاوسەرەكەم عەسكەری فیرار بوو.
سەیارەیەكی بارهەڵگری عەسكەری هات و ئێمەی برد بۆ سەریاس ، لەوی بوینە دراوسێی دوو سەركردەی ئیستای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان. هاوكات ماموستا مەلا عوسمانی رەحمەتیشی پاشماوەیەك ئیعلانی بزوتنەوەی ئیسلامی كرد و بانگی گەنجانی سەریاسی كرد بۆ كۆبوونەوە لە دەوری بزوتنەوەكە، بەڵام هەندێك لەوان چوون و هەندێكیش بەبێ لایەن مانەوە و ئەوكاتە خەتی یەك و دووی ئیخوان بەتەواوی دەركەوتن، منیش وەڵامی هەندێ لەپرسیارەكانی خۆمم دەستكەوت كەپێشتر وەڵامەكەییم نەدەزانی.
من و هاوسەرم كەوتینە بەرەی ماموستا سەلاحەدین بەهادین. هەرچەندە من مامۆستام نەدەناسی و تا ئەوكاتەش هیچم لەبارەیەوە نەدەزانی.
ژیانم لەئێران زۆر زەحمەت بوو چونكە هیچ لەهیواكانم لەوێ بەدی نەدەكرد . زۆربەی كات خۆم ومناڵە بچوكەكەم بەتەنها لەو چادرەكەدا بووین هەتا ئێوارە . لەوێ ماینەوە تا ئێوارەی بەفرەكە، هەواڵیان پێداین كە ئەو شوێنە چۆڵ بكەینە چونكە بەفری زۆر دەبارێت و چادرەكان دەكەون ، ئیمەش چووین بۆ ماڵی فەتاح بەگی خاڵۆی دایكم لە دوریسان . لەناوەراستی زستاندا بووین پێشمەرگەیەكی خزممان هات بۆ ماڵمان و دوو قیناعی بۆ هێناین بۆ خۆپاراستن لەگازی كیمیاوی، باسی لەوەكرد كە ئەوان لە بەهاردا دەرۆن هەڵەبجە ئازاد دەكەن و ئەگەری ئەوەش هەیە ڕژێم كیمیاوی بوەشێنێت ، و لەوانەیە مەترسی بۆ لای ئێمەش هەبیت. من زۆر ترسام زوو هەواڵم نارد بۆ ماڵی باوكم و خزمان كە هەڵەبجە چۆڵ بكەن بەڵام ئەوان لەو كاتەدا توانای بەجێهێشتنی هەڵەبجەیان نەبووە ، ئەوە بوو 16/3/1988 پاسداری ئێرانی بەهاوكاری پێشمەرگەی هەموولایەنەكان چوون بۆ ئازاد كردنی هەڵەبجە و (صدام حسین)یش بەچەكی كیمیاوی بۆردومانی شارەكەی كرد و 5000 هەزار خەڵكی بێگوناح بوونە قوربانی لەناویاندا كەسی نزیكی ئێمەش بەركەوتن . زۆرێكیش لەبەركەوتووانی ئەو چەكە كۆمەڵكوژە تا ئیستاش بەدەست دەردی كیمیاوییەوە دەناڵێنن، لەوانە ماڵی پورم و مامم .
دوای 16/3/ ژیانی من هەمووی گریان و شیوەن بوو بۆ ماڵی باوكم و خزمان وخەڵكی شارەكەم . وام دەزانی هەموویان تیاچوون ، چەندین شەو وڕۆژ من لەسەر رێگا وبانەكان ، ئەو ئۆتۆمبیلانەم دەپشكنی كە لە عیراقەوە دەهاتن بەمەبەستی سۆراخكردنی كەس وكارم ، لەكۆتاییدا یەكێك لەهاوڕێكانم هەواڵی سەلامەتی ئەوانی پێ ڕگەیاندم ، لەكۆتایی بەهاردا بوو ، حكومەتی بەعس بڕیاری لێبوردنی دەركرد، ئێمەش گەڕاینەوە، لەعەربەت دایان بەزاندین و ژن ومناڵ و پیاوانیان جیاكردەوە قسە لەسەر ئەوە هەبوو بمانبەن بۆ نوگرە سەلمان ، دواتر بەهۆی كاغەزەكەوە كە بۆ ماڵی ئامۆزایەكی هاوسەرەكەمم نووسیبوو ، هاتن بەهانامانەوە و شوێنیشیان بۆ دابین كردبووین لە ماڵی ماموستا (شێخ محمد شێخ سەمیع ) . دواتر بۆ بژێوی ژیانمان ماوەیەك چووین بۆ بەغداد ، چەند مانگێك لەوێ ماینەوە، دواتر گەراینەوە بۆ سلێمانی .
گەڕانەوە بۆ خوێندنی و دیسانەوە ئاوارەبوون
لە سلێمانی ساڵی 1990 پاش 4 ساڵ دابڕان لەدواناوەندی شیرینی كچان بەپاڵپشتی بەرێزان (دایكم و دادە قەتحە) دەستم بەخوێندنی قۆناغی شەش كردەوە. ماوەیەكی ویست تا خۆم رابێنمەوە لەگەڵ دەوامی بەیانیان و دانیشتن لەسەر كورسی خوێندن، هەرچەندە قۆناغەكە بۆمن قورس بوو بەڵام چێژی خۆی هەبوو. لە هاوپۆلەكانم گەورەتربووم ، بەڵام دواتر بوونە هاوڕێم . مەخابن ئەمجارەش بارودۆخی شاری سلێمانی و كوردستان بەگشتی تێك چوو و رەوی دوو ملێونی دەستی پێكرد . ئێمەش چووین بۆ ئێران .
ساڵی 1991 ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان دەستی پێكرد. بەپێی سەعات هەواڵەكان دەگۆران زۆرێك پێیان وابوو ئیتر دەسەڵاتی حزبی بەعس تەواوبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو بۆچوونە زۆر سەری نەگرت میللەتەكەمان تووشی نەهامەتی كۆرەوێكی دووملیۆنی كردەوە ئێمەش لە بەیانی 4/4/1991 لەڕۆژێكی لێزمە باراندا بەرەو وڵاتی ئێران بەرێكەوتینەوە .
كاتێ كوردستان كەوتە ژێر هێڵی پاراستنی نیودەولەتی ئومێدێك بۆ ژیان گەرایەوە ، ئێمەش گەڕاینەوە بۆ سایەی دەسڵاتی كورد و كوردستان ، یەكەم جاربوو لە ژیانما هەوای ئازادی وەرگرم، زۆر خۆشحاڵ بووم ئیتر بۆ ئێمە هەڵەبجە قەدەغە كراو نەبوو .
كە هاتینەوە دوای چەند رۆژێك سەردانی مەكتەبی شیرنم كرد بۆ ئەوەی بەشداری تاقیكردنەوەی پۆلی شەش بكەم ، وتیان تەسكەرەو وێنە، هتد. بهێنە، با هەویەت بۆ دروست بكەین بەڵام بەهۆكاریكی تایبەت نەمانتوانی پێڕابگەین، ئیدی جارێكیتر چانسی خوێندن بۆ من بوویەوە بەخەون .
خاتوو ئاشتی بەردەوام بوو لەگێڕانەوە ووتی: لەسلێمانی نیشتەجێ بووین، زۆری نەبرد دۆست و هاوڕێكانم بینییەوە، دەستمان كردەوە بەوانە خوێندن و وانە وتنەوەی ئاینی، وانەی ئێمە لای بەرێز ماموستا (صدیق گەڵاڵی) بوو و دواتریش لای مامۆستا بەرێز مامۆستا (عمر عبدالعزیز) سەرەتا ئێمە چەند كەسێك بووین ، بەرێزان: (بەیان نووری، تاڤگە محمد، پاكیزە مستەفا، شەوبۆ خان ، صبریە غفار ، سومەیەخان)، دواتر بازنەكە گەورەتر بوو، تا گەیشتینە 6/2/ 1994 لەبارو دۆخێكی ئاڵۆزی كوردستان و شەری ناوخۆدا . یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕاگەیەنرا ، ئیمە بووینە ستافی لق و دواتریش بووینە ستافی سكرتاریەتی خوشكان، لەنەوەدەكانی لەگەڵ ئەو بەڕێزانە لەناو ئیشی پەروەردەكردن و ڕێكخستنی كاری خوشكانی سلێمانی كوردستان بەگشتی بەردەوام بووم .
هاوكات بەهۆی نەمانی ئومێدیك بۆ خوێندن هەر لەسەرەتای نەوەدەكانەوە تا كۆتایی نەوەدەكان بیرم لە رۆیشتن بۆ دەرەوە دەكردەوە ، بەڵام كەزانیم تەنها دەنگێك هیچی پێ ناكرێت . ئیدی پاش تێپەربوونی زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر خوێندنمدا بەترسێكەوە باسی تاقیكردنەوەی دەرەكیم كرد، هاوڕێكانم زۆر سەیربوو لەلایان هەریەك بەسوعبەتەوە شتێكیان پێ دەوتم ، تەنها دایكم بەم بابەتە خۆشحاڵ بوو، ساڵی یەكەم زاكیرەی خۆمم تاقیكردەوە و تەنها 3 ئیمتیحانم كرد و دەرچووم، ئیتر باوەرم بە وە كرد كە زاكیرەم ئامادەیە بۆ خوێندن ، ساڵی (1999 -2000 ) خاوەنی 5 مناڵ بووم و دووانیان شیریان دەخوارد تاقیكردنەوەی شەشم ئەنجامدا و دەرچووم.
بەرەو کاری میدیاو خوێندن لەو بوارەدا
دواكاریم پێشكەش بەبەشی ڕاگەیاندن كرد و رۆژی چاوپێكەوتن هاتە پێشەوە خەڵكێكی زۆر 200 بەشدار زیاتر بوو ڕیزكرابووین بۆ چاوپێكەوتن :(دكتۆر مۆفەق دەرگەڵەیی و د. نەبەز ئەو كاتە ڕاگر بوو) چاوپێكەوتنەكەیان لەگەڵ ئەنجامدام . دكتۆر نەبەز پرسی: ئەم بابەتانە خۆت نووسیوتن ؟ وتم: بەڵێ . پاش چەند وتووێژێكی تر دكتۆر مۆفەق، پرسی: تۆ وا هەست ناكەیت لەگەڵ ئەم گەنجانە ناتوانیت دەربچیت و دوایی هەست بە كەمی بكەیت؟! وتم : نا بەپێچەوانەوە، هەوڵ دەدەم لەوان باشتر بم! كەمێك بە سوعبەت و گاڵتە ئامێزەوە، وتی: ئئئا! لەوان باشتر بێت؟! باوەڕم بەخۆم هەبوو چونكە لەخوێندنەوە و نووسین دانەبڕابووم ، تەنانەت زمانی ئینگلیزی كە تەلەبەی ئەو سەردەمە بەزۆری لە ئینگلیزدا دەكەوتن، من باش بووم . پاش ماوەیەك زانیم لە چاوپێكەتنەكەدا دەرچووم و و دواتر لە بەشی راگەیاندن وەرگیرام .
چوار ساڵی جیاواز لەژیاندا ، وام دەزانی تازە لەدایك بووم ، ساڵانێك پڕ لە گفتوگۆ و خوێندن و تاقیكردنەوە هەرچەندە ئاسان نەبوو بەڵام چێژی خۆی هەبوو، لەدوا قۆناغدا دەبوو هەر خوێندكارێك بەتەنها رۆژنامەیە دەربكات، و بەناوی خۆیەوە یان هەرناوێكی تر، منیش رۆژنامەكەم دەركرد بەناوی خۆمەوە، هەندێك لە ئاوات و حەزەكانم لەو رۆژنامەیەدا بەرجەستەكرد ، دواتر بیرم لەوە كردەوە كە بەردەوامی بەو رۆژنامەیە بدەم .
نیگەرانیەکانی ئاشتی لە دەرەنجامەکە چی بوو؟
تەنها شتێك لەزانكۆ جێی نیگەرانیم بوو ئەو دەرەنجامە بوو كە لەكۆتاییدا وەرم گرتەوە. من بەدرێژایی ئەو چوار ساڵە لەسەر ئاستی هەردوو بەشەكە (رۆژنامە و تەلەفزیۆن) ئاستی پێنجەم یان شەشەمم هەبوو بەڵام كە نمرەی كۆتاییم وەرگرتەوە ئاستەكە زۆر جیاواز بوو ، لەگەڵ ئەوەی كە ساڵی چوارەم زۆر خۆمم هیلاك كرد بۆ ئەوەی نمرەكانم باشتر بێت و بتوانم لەسلیمانی ماستەر بخوێنم ، بەڵام كە نمرەكانم بینی زانیم دەبێ خۆم لەم بارودۆخە رزگار بكەم و بۆ خوێندنی ماجستێر بچم بۆ بەغداد .
هاوكات لەگەڵ پرۆسەی خوێندن و ماڵ بەڕێكردن بەشداریمكردووە لەدەیان كۆنفرانسی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم وعێراق كردووە، لەوانە بەشداری كردنم لە كۆنفرانسی ژنانی سەركردە لە عەمان هەروەها . بەشداریم لە خولێكی دوو مانگی لە بەیروت لەپەیمانگای ستراتیجی عیراقی.هتد .
هەروەهابەردەوام بووم لە بەرێوە بردنی رۆژنامەكەم و كارگەیشتە ئەوەی مۆڵەتی وەزارەتی رۆشنبیریشم بۆ وەرگرت و مانگی دوو ژمارەم لێ دەردەكرد . رۆژانە خەریكی كاری رۆژنامەكەبووم ، لەهەمانكاتیشدا خەریكی ئامادەكردنی داواكارییەكانی خوێندنی ماجستێر بووم لەبەغداد. داواكاریەكانم پێشكەش كرد، تاقیكردنەكەوەشم ئەنجامدا ، لەنێو ( 240 ) خوێندكاری عێراق كە پێشبڕكێیان بۆ 35 كورسی خوێندن دەكرد، دەرچووم و وەرگیرام. ئیتر پرۆسەی خوێندن دەستی پێكردەوە بەڵام لە سلێمانییەوە بۆ بەغدا و لەساڵانێكی پر مەترسیدا .
خوێندن، سەرنووسەریی و بەغدا
لەبەشی ناوخۆیی بابولموعەزەم نیشتەجێبووم ، ساڵانە 100 هەزار دینارمان دەدا. تا تەواو كردنی ماستەر نامەكەم 98 جار بەعوزێمی خەتەرناكدا تێپەڕیم. دەیان كارەساتی دڵتەزێنم بینی . بەرێگای مەترسیداردا رۆیشتم، بەڵام مام ونەمردم . هەموو دووشەممەیەك لەدوای وانەكانم بەڕێدەكەوتمەوە بەرەو سلێمانی. هەرلەڕێگاوە دەستم دەكرد بە ڕۆژنامە كرین و ئامادەكردنی بابەت بۆ ڕۆژناكەم .
تا سێ ڕۆژ لەسلێمانی دەمامەوە، لەسلێمانیش جگە لەكاری رۆژنامەكەم كە بەلامەوە زۆرگرنگ بوو دەبوایە سەرقاڵی ئەركی ماڵ و منداڵ و خواردن .هتد. ببم. ئارەزووم دەكرد میلی كاتژمێر بوەستایە تا فریایی كارەكانم بكەوم .
ئەو سێ رۆژە ، زۆربەی بابەتەكانی ڕۆژنامەكەم ئامادە دەكرد، لەماوەی دوو هەفتەدا ژمارەیەكم تەواو دەكرد و بڵاوم دەكردەوە چەند ڕۆژنامەیەكم دەبردە هەولێر بۆ بەریوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هونەر ، بۆ دڵنیابوونیان لە بەردەوامی رۆژنامەكەم و وەرگرتنی هاوكارییەكەی ، بۆ رۆژی هەینی دەگەرامەوە بۆ بەغداد، بەڵام هەینیەكان بۆ من ناخۆش بوون: جادەیەكی چۆڵ بەهۆی قەدەغەكردنی هاتووچۆوە، پەرینەوە بەهاوكاری ئەمریكییەكان و سەگەوەڕی ناو زانكۆ و بەشە ناوخۆییەكەم . ئەمانە هەمووی لەلام لەتەقینەوە و بۆمبباران مەترسیدارتر و ترسناكتر بوون .
دەرئەنجام دوای سێ ساڵ ماجستێرەكەم بەپلەی زۆر باشە وەرگرت. بەڵام بەداخەوە بەهۆی زۆری ئەركەكانم و زۆری تێچوون ی خوێندنەكەم، دەستبەرداری رۆژنامەكەم بووم چونكە نەمدەتوانی بەردەوامی پێبدەم و كەسێكیش لەڕووی داراییەوە هاوكارم نەبوو.
زۆرجار پەشیمانم لەوەی بۆ خوێندنەكەم وازم لە رۆژنامەكەم هێنا! چونكە بڕوانامەكەم بوو بە بەڵا بۆم . زۆر هەوڵمدا تا دامەزرام، بەڵام هەتا ساڵ و نیوێك بەبێ ئیش دەوامم دەكرد، ڕێگەیان پێ نەدام وانە بڵێمەوە. تەنها مووچەی بنەڕەتیشم وەردەگرت، بەڵام من سوربووم لەسەر مانەوەم . زۆربەی مامۆستایانی هاوڕێم لەو هێمنییەی من سەرسام ببوون .
پێشبڕکێ بۆ خوێندنی دکتۆرا
خاتوو ئاشتی بەهێمنییەكەی خۆیەوە لە گێرانەوەی سەرگوزشتەی ژیانی بەردەوام بوو وتی: كە زانیم رێگەم پێنادرێت وانە بڵێمەوە، چوومە پێشبڕكێی دكتۆراوە لەلای خۆمان لە بەشی راگەیاندن، خۆمم بۆ ئامادەكرد و هەموو داواكارییەكانم پێشكەش كرد، دوو كورسی بوو بۆ رۆژنامە و دوو كەسیش بووین، هیچ گومانێك و بیانوویەك نەبوو بۆ وەرنەگرتنم، چونكە هەموو مەرجەكانم تێدابوو، تاقیكردنەوەشم ئەنجامدا زۆر بەباشیش وەڵامم دابۆوە ، عەرەبییەكەشم باش بوو.بەڵام كە ناوەكان راگەیەندرا ناوی من كانسڵ كرابوو، نە لە كەوتووەكان و نە لە دەرچووەكان، منیش تووشی شۆك بووم، چووم بۆ خوێندنی باڵا، بەڵام هیچ هۆكارێكیان نەدا بەدەستەوە .
كە سەردانی كۆلێژم كرد بۆ زانینی راستییەكان، جەنابی راگر هەندێك دڵی دامەوەو داوای لێكردم بۆ ساڵی داهاتوو خۆم ئامادە بكەمەوە. بەڵام ساڵی داهاتوو نە جەنابی ڕاگر لە راگرایەتی مایەوە، نە سۆراخی كردنەوەی دكتۆراش هەبوو .
دوای ئەو رووداوانە خولیای خوێندن لە دەرەوەی وڵات كەوتە سەرم ، داوام بۆ تواناسازیی (وەجبەی یەكەم) پێشكەش كرد، بەساڵێك تەمەن چانسەكەم سوتا، دواتر خۆم و كچەكەم پێكەوە چووین بۆ لوبنان و ئەو بۆ ماستەر‌و منیش بۆ دكتۆرا داوامان پێشكەش كرد. ئیش و كارەكانی ئەوێمان تەواو كرد، لەوێ ببووین بە دەنگ و باس، دایك و كچێك لە سلێمانییەوە هاتوون بۆ خوێندن. تەنانەت زانكۆكەش هەندێ داشكاندنی بۆ كردین . كچەكەم لە خوێندنی ماستەر لە یاسا بەردەوام بوو، منیش گەڕامەوە . لە گەڕانەوەمدا لە بەیروت ئاشنابووم بە زانكۆیەكی حكومی لە لوبنان و پاش ماوەیەك خوێندنەكەم گۆڕی بۆ ئەو زانكۆیە، چونكە بۆ دكتۆرا بەهێزتر بوو، پاشان چوومە پێشبڕكێی وەرگرتن و دوای ساڵێك بە قبوڵ و متابعە وەرگیرام ، ئیدی خەمەكانم سوك بوون، یان گۆڕا بۆ خەمێكی تر . تێچوونی سەفەرو خوێندنەكەش زۆر قورس بوون، ئۆتۆمبێلەكەشم بۆ فرۆشت و هیچ جۆرە زێڕو زیوێكمان بەخۆمانەوە نەهێشت .
لوبنان بووەتە وڵاتی دووەمم ، زۆربەی پشوەكانم لەوێ تەواو دەكەم، تەنانەت بۆ بەشداریی سیمنارێك یان بۆ ئیمزاكردنێك دەچم بۆ بیروت . لەوێ زۆر سوودم وەرگرت، چ لەڕووی زانستی و چ لەڕووی كۆمەڵایەتی، لەوێ فێری پشوودرێژیی و كەلتوری پێكەوە ژیان بووم،
لە زۆربەی شوێنەكان (مەسیحی، شیعە، سوننە) هاوڕێی یەكن، پێكەوە كاردەكەن، هەموو خەریكی ژیانی خۆیانن، رۆشنبیرن و جیاوازییەكان و ئایدۆلۆجیایان تێپەڕندووە.
لەوەڵامی پرسیارێكمدا لەبارەی ئەوەی كە چۆن پەیوەندیی بە بە رەوتی ئیسلامی سیاسییەوە كردووەو هۆكاری چی بووە؟ بۆ خاتوو ئاشتی وتی:پەیوەندیم لەگەڵ مامۆستایانی سەحوەی ئیسلامی بەڕێكەوت بوو، وەك هەركەسێكی موسڵمان دەرسم دەخوێند ، فەرمودەیەكی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت زۆر كاری تێكردبووم (خیركم من تعلم القران و علمە) ئیتر حەزم لێبوو زیاتر بخوێنم و زیاتریش خەڵك فێربكەم .
سەرەتای ئەو پەیوەندییە لەڕێی دوو هاورێمەوە دەستیپێكرد كە یەكێك بوون لەوانەی سەرسام بوون بە زیرەكی و تواناكانم، بانگیان كردم بۆ قورئان خوێندن بۆ ماڵی بەڕێز ماموستا سدیق عەبدولعەزیز، چەند مانگێك لە ماڵی ئەوان دەرسی قورئان و تەفسیرمان خوێند، دواتر گوێزامانەوە بۆ مزگەوتی ماموستا مەلا ساڵحی گەورە، لەوێ بینایەكی چۆڵكراوی لێبوو، خۆمان پاكمان كردەوەو بۆیاخمان كرد ، لە خزمەت كۆمەڵیك مامۆستادا دەستمانكرد بە لەبەكردنی قورئان و حەدیس و تەفسیر هەروەها فیقهی ئیسلامی .
دوای تێپەربوونی دووساڵ وردە وردە مامۆستاكانمان دەگۆڕان من نەماندەزانی بۆچی؟ دواتر زانیمان كە كێشەی نێوان جیاوازیی ئاراستە سیاسییەكانی ئەو سەردەمە بووە. من وەك خۆم ئەو بابەتەم زۆر بەسادەیی وەرگرتبوو هاوڕێیەتیم تێك نەدابوو. لەو مزگەوتە وانەم دەخوێند، هاوكات وانەشم بەهەندێك لە تەلەبەی ئەوكاتە دەوتەوە لەناویاندا كچانی ماموستایانی گەوری هەڵەبجە بوون. جگە لەوەش لە مزگەوتی (خالید)یش لە نزیك ماڵی خۆمان وانەم بەمناڵان دەوتەوە . بەم جۆرە هێشتا تەمەنم نەگەیشتە 15 ساڵ لەقەبی مامۆستاییم پێبەخشرا .
هۆکارەکان روون دەکاتەوە
لەوەڵامی پرسیارێكی ترم كە بەڕای ئەو خاتوونە، هۆكاری گەشەكردنی سەحوەی ئیسلامی لە هەڵەبجە چی بوو؟ وتی:چەندین هۆكار هەن، بەڵام ئەوی من لە توێژینەوەكاندا خوێندوومەتەوە، مێژووی ئەم پەرەسەندنە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و دەركەوتنی چەندین كەسایەتی ئاینی لە جیهانی ئیسلامیدا، كە كاریگەرییان داناوە لەسەر مامۆستایان و زانایانی ئاینی ئیسلام لە كوردستان ، لەناویشیاندا زانایانی هەڵەبجە ، جگە لەمانە هۆكاری هەڵوەشانەوەی خەلافەتی ئیسلامی لە چارەكی یەكەمی سەدەی رابردوودا، هاوكات دروستبوونی دەوڵەتی عیراق . ئەمانە بوونە پاڵنەریك بۆ دروستكردنی چەندین رێكخراو و جەمعیاتی ئاینی، هاوتەریب لەگەڵ ئەو جەمعیات و كۆمەڵانەی لەو سەردەمەدا دروست دەبوون . پاشان لە ناوەراستی سەدەی رابوردوودا حزبی شیوعی عیراق دەركەت و لەبەرامبەریشدا مامۆستایانی سەحوەی ئیسلامی هەوڵیان داوە بەرامبەر ئەو رەوتە نوێیە بوەستن، بەوجۆرە حاڵەتی مەدو جەزر لە كوردستان دەستی پێكردووە، ئەم روداوانەش بەگشتی كاریگەرییان هەبووە لەسەر بەهێزكردنی رەوتی ئیسلامی و جووڵاندنی هەستی ئیسلام پەروەری خەڵكی هەڵەبجە .
پرسی فرەژنی لە توێژینەوەکەیدا
خاتوو ئاشتی كە خۆی خاوەنی توێژینەوەیەكە لەسەر (پرسی فرە ژنی لە ئایین و كەلتورە جیاوازەكاندا)، لەسەر ئەو بابەتە پرسیارێكم لێكرد راو بۆچوونی لەسەر فرەژنی چۆنە؟ وتی:
ئیشكالییەتی ئەم بابەتە بریتییە لە لاوازیی رەگەزی وردی لە باسكردنی فرەژنی و وشاردنەوەی زانیارییەكان دەربارەی ئایاتی فرەژنی، بۆ زانیاریتان تەواوی ئایەتەكانی فرە ژنی لە سورەتی نیسائدا باسكراون و ئاراستەیان بۆ پاراستنی مافی ئەو كچانەیە كە بێ باوك بوون، ئیتر چۆن مافی ژن پێشێل دەكەن؟ . ئایەتەكانیش بریتین لە :
( وَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تُقْسِطُواْ فِي الْيَتَامَى فَانكِحُواْ مَا طَابَ لَكُم مِّنَ النِّسَاء مَثْنَى وَثُلاثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تَعْدِلُواْ فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ذَلِكَ أَدْنَى أَلاَّ تَعُولُواْ) (النساء:3)
وَلَن تَسْتَطِيعُواْ أَن تَعْدِلُواْ بَيْنَ النِّسَاء وَلَوْ حَرَصْتُمْ فَلاَ تَمِيلُواْ كُلَّ الْمَيْلِ فَتَذَرُوهَا كَالْمُعَلَّقَةِ وَإِن تُصْلِحُواْ وَتَتَّقُواْ فَإِنَّ اللّهَ كَانَ غَفُورًا رَّحِيمًا ( النساء:129 )

لەناو ئەم ئایەتە پیرۆزانەدا تەنها ئایەتێك زۆر مەشهور و ناسراوە ئەوەش بریتییە لە نیوەی ئایەتی( 3) سورەتی (النسا‌و ) زۆربەی كەس لەبەریان كردووە بەتایبەت پیاوان و هەركەسیش بیەوێت فرەژنی بسەلمێنێت وەك سوننەت یان (جاری وا هەیە) وەك واجب . ئەم ئایەتە وەك دەلیل باس دەكات .
لەراستیدا ئەم ئایەتە لەسیاقی خۆی دەرهێنراوە، لەسەرەتای ئایەتەكەوە بەشێكی تەواوی بەجێهێڵراوە، بۆیە زۆر كەس وادەزانێت كە ئایەتەكە لێرەوە دەست پێ دەكات:
(انكِحُوا مَا طَابَ لَكُم مِّنَ النِّسَاءِ مَثْنَى وَثُلاثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تَعْدِلُوا فَوَاحِدَةً )
وتیشی: بەرای من سوننەتە نەهێڵی كەسێك ژنی دووەم بهێنیێ! چونكە پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێت نەیهێشتووە عەلی كوڕی ئەبو تالیب ژن لەبەنی هیشام بەسەر فاتیمەی كچیدا بهێنێت!( فاتیمە هات بۆلای باوكی شكاتی لە مێردەكەی كرد كە بەنی هیشام هاتوون ئیزنیان لێ وەرگرتووە كە عەلی كچەكەی ئەوان بهێنێت، (پێغەمبەر سێ جار فەرمووی ئیزنی نییە ئیزنی نیە ئیزنی نییە ) . كەواتە ئیزن نییە .
بە زیاتر لەوە گەیشتووە کە ئاواتی بۆ خواستووە
ئێمە بۆ هەموو شتێك دەڵیین:؟ (كات و زەمان گۆرراوە) ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كۆمەڵگە هۆشیار ببێتەوەو لە ئایەتی تەعدد تێ بگات ؟ ئایا مەرجی تەحقیقكردنی عەدالەت نەگۆراوە ؟
كۆتا پرسیارم بۆ خاتوو ئاشتی ئەوە بوو ، ئایا لە كۆتاییدا گەیشتۆتە ئامانج و خەونەكانی؟ لەوەڵامدا وتی: لەدوای ئەو هەموو هەوڵ و ئاڵەنگارییەی لەژیانمدا كردم، گەیشتم بە زۆرتر لەو ئاواتانەی كە هەمبوو، نەك شەشی ئامادەیی كە ئاواتی هەمیشەییم بوو، بگرە بەكالوریوس و ماستەر .هتد ، دەیان دەستكەوتی تریش كە رۆژێك لە رۆژان خەونی من نەبوون . لەوانەش گرنگتر بوومە جێگای متمانەی چەندین كەسایەتی نیشتمانپەروەرو مرۆۆڤ دۆست و چەندین كەناڵی راگەیاندن كە زوو زوو پەیوەندیمان هەیە لەگەڵیان .
هەروەها دواجار زانیم هەموو ئەوانەی كە روویاندا لە ژیانمدا لە بەرژەوەندیی من بوون ! بۆم دەركەوت ئەوەش خێری تێدا بووە، چونكە فراوانكردنی بواری زانستی بۆ مامۆستای زانكۆ زۆر گرنگە . ئەوەی جێی خۆشحاڵیمە جگە لە بواری ئەكادیمی، لەبەرئەوەی پسپۆڕییەكەم لە بانگەشەی هەڵبژاردندایە و زۆر بابەتێكی پێویست بووە بۆ هەرێمی كوردستان، لەو بوارەشدا بەپێی توانا درێغیم نەكردووە لە بەخشینی ئەو زانستە بۆ جەماوەر بەگشتی و لایەنە سیاسییەكان و كاندیدەكانیان بەتایبەتی. لە زۆر شوێنەوە سوپاس كراوم . سەدان چاوپێكەوتن و سیمینار و لێدوان و شیكردنەوەم بۆ كەناڵەكان ئەنجامداوە بەبێ بەرامبەر.
لەكۆتاییدا منیش دەڵێم هەركەسێك ئیرادەی بەهێز بێت و هەوڵ بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی بدات ئەوا بێگومان لەگەڵ هەموو رێگریی و بەربەستەكانی ژیان دەگاتە ئامانج .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئایا ئه‌و پزیشكانه‌ی.. له‌ كاتی قه‌یرانه‌كاندا كاره‌كانیان به‌جێ هێشت.. بۆشاییان دروست كرد له‌ بواری خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستیدا

محەمەد ره‌زا خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی به‌ گشتی له‌ كوردستان پێشكه‌وتن و ...