سەرەکی » وتار » د.عیزه‌دین مسته‌فا » دیسان بۆ یادی د. ئیحسان فوئادپەڕە 2

ئه‌م كونجه‌ش

دیسان بۆ یادی د. ئیحسان فوئاد

ئێمە گوایە (بەشیر یست) بووین. واتە لە دوكانەكەی یا (یانەكەی) ی مامۆستا بەشیر موشیر دادەنیشتین ‌و گوێمان لەخەڵك دەگرت ‌و موناقەشەمان دەكرد. بەڵام من دوكتۆر ئیحسانم لای بەشیر نەدیووە. كەچی ئەو بەشیری هەر بەسەر دەمەوە بوو ‌و قسەكانی ئەوی دەگێڕایەوە. ئەوەندەی لەبەر بوو كە وامان دەزانی شەو ‌و ڕۆژ هەر لای بەشیرە.
تەنانەت- باسی بەشیر ‌و قسەكانی چ لێرە- لە سلێمانی ‌و لە بەغدا ‌و چ لە مۆسكۆ-بەشی زۆری كاتی خۆی دەبرد و دەبوو ئێمە گوێ لەو بگرین. بێگومان خۆشی قسە ‌و گاڵتەی بۆ دروستدەكرد. باسی بەشیر ‌و نوكتەكانی بەشی زۆری ژیانی ئەوی داگیركردبوو. تەنانەت ڕۆژێك بەخۆشی یەوە هات ‌و ووتی: مژدەت ئەدەمێ لە سوودان كودەتایەك بووە. من ووتم: جا ئەوە مژدەی بۆچی یە ڕەنگە كوددەتایەكی كۆنەپەرستانە بێت. چونكە بەهۆی برادەرێكی سوودانی یەوە كە لە مۆسكۆ لەگەڵمانا دەیخوێند زۆر باسی سوودان ‌و زۆر باسی شەهید (عەبدولخالق مەحجووب) م دەزانی. دوكتۆر ئیحسان ووتی: نە‌ء نە‌ء. بزانە ناوی سەركردەی كودەتاكە چی یە. ووتم چی یە. ووتی: عومەر حەسەن ئەلبەشیر (عمر الحسن البشیر)ە. پرسیم: كاك ئیحسان جا كێ دەڵێ ئەم كودەتایە باشە. ووتی. ئای وام دەزانی لە شت دەزانی. كودەتاكەی سەرۆكەكەی ناوی (البشیر) بێت- چۆن خراپ دەبێ. جا (بەشیر موشیر) بەو جۆرە چووبووە ناخی یەوە.
بەشیر موشیر لەعەزرەت كوردانە وا بەپیری
ئارەق دەكا ‌و لەگەرمان- لەناو دوكان دەسووتێ
برادەرێك دەیووت: وا بەغدا گەرمە ‌و بەشیر لەدوكانەكەدا پانكەی نی یە-ئیتر بۆ لەعەزرەت كوردان بێت. دیارە ئەوكاتە بۆ خۆ فێنك كردنەوە پانكە هەبوو ‌و ئەم (ئێركولەر) ‌و شتانە نەبوو. بەڵام بەشیر وا چووبووە ناخی كاك ئیسحانەوە-كە ئەوەشی هەر بەلاوە شیعری جوان بوو. ڕەنگە خۆی بۆی نووسیبێ.
ئەمانە یادگارن ‌و هەر كەسەتان چۆنی تێ ئەگەن- تێی ئەگەن. بەڵام بەلای منەوە، یادگاری نەوەیەكی پێشووە ‌و بەكوردی یەكی باش دەنووسرێ. نازانم لای ئێوەش هەر وایە، یان نا- چونكە لای خۆم لەم كوردی یە سەقەتەی ئەمڕۆ ناچێ.
وا بزانم كاك ئیحسان-چیرۆك یا ڕۆمانی (مەسەلەی ویژان) ی ئەحمەد موختار جافیشی چاپ كرد. خۆی بۆی دەگێڕامەوە- كە ئەو چیرۆكە شتێكی ڕاستەقینەیە ‌و قارەمانەكەی كەسێك یا خزمێكی ئەحمەد موختار جافە-كە ئەو خۆشی نەئەویست. بەڵام ئەوە نابێ باس بكرێ. بۆ یادی دوكتۆر ئیحسان فوئاد زۆر قسەم پێ ماوە.با بمێنین ‌و حەزم ئەكرد بێجگە لە براكانیتری كە باسم كردوون. شتێك لەبارەی (عەتا) ی ڕەحمەتی براشیەوە بنووسم. كە زۆر زیرەك بوو-بەڵام لەماڵ نەدەهاتە دەرەوە. بەهەموو حاڵ بنەماڵەی (خەندان) یەكێكن لە بنەماڵە ڕەسەن ‌و كۆنەكانی سلێمانی ‌و تا ڕادەیەك پشت گوێ خراون.
هیوام وایە دەرفەتم ببێ ‌و وەك هەموو جار دەڵێم: (پیری ‌و نەخۆشی) دەرفەتم بدەن- شتێكی گەورە ‌و جوان- لەسەر ئەو بنەماڵەیە ‌و یادی هاوڕێی نەمر دوكتۆر ئیحسان فوئاد بنووسم.
بێگومان لە ڕیزی نەمراندایە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هوورا

– له‌گه‌ڵ ڕه‌حمه‌تی كاكه‌ حه‌مه‌ (حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم) و ڕه‌حمه‌تی ...