سەرەکی » ئەدەب و هونەر » وێبسایتێك، بۆ قه‌ڵه‌م و مه‌عریفه‌ت

وێبسایتێك، بۆ قه‌ڵه‌م و مه‌عریفه‌ت

 ژینۆ عه‌بدولڵا*
*له‌یه‌كه‌م ڕۆژی دامه‌زراندنی وێبسایت و تۆڕی سۆشیال میدیای  www.galawezh.com   بیر له‌وه‌كراوه‌ته‌وه‌ زۆرترین بینه‌رو خوێنه‌ر ببێته‌ میوانی و به‌تایبه‌ت توێژه‌ران و مامۆستاو خوێندكارانی زانكۆو نووسه‌ران و ئه‌دیبان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌بیاتی گه‌لاوێژ و خوێنه‌ر هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بێت به‌ تایبه‌ت كه‌ ئه‌لبرتۆ ئیكۆ خوێنه‌ر به‌ چه‌قی كاری ئه‌ده‌بی و داهێنان داده‌نێت.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زمونه‌ بۆ نووسه‌رانی كورد تاڕاده‌یه‌ك ناوازه‌یه‌، نووسه‌رێك وێبسایتی تایبه‌ت به‌ كارو به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی هه‌بێت، ئێستا ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ گوێره‌ی ئه‌و داتایانه‌ی له‌به‌رده‌ستماندایه‌ رێژه‌ی خوێنه‌رانمان له‌زیادبووندایه‌.
*له‌ساڵیادی دامه‌زراندنی وێبسایتی گه‌لاوێژ دا، سه‌ره‌تا جوانترین پیرۆزبایی ستافی وێبسایت له‌سه‌رجه‌م بینه‌ران وخوێنه‌ران و به‌شداربووانی ئه‌م وێبسایته‌ ده‌كه‌ین، به‌هه‌ستێكی زانستی و ڕوشنبیریشه‌وه‌ سڵاوی ستاف بۆ خاتوو گه‌لاوێژخان كه‌هه‌میشه‌، وه‌ك خه‌مخۆرێك بۆ ڕۆشنگه‌ری ئه‌ده‌بیاتی كوردی،هانده‌رو یارمه‌تده‌رێكی ئه‌كتیڤ بووه‌.
*كردنه‌وه‌ی ئه‌م وێبسایته‌ پێویستییه‌كی ئه‌ده‌بی وڕۆشنبیری وڕه‌خنه‌یی بوو كه‌ئومێد ده‌كه‌ین له‌ئاینده‌یه‌كی نزیك یان دوور سه‌رجه‌م نووسه‌ره‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌كان له‌نێو وێبسایتی تایبه‌ت و گشتگیریدا خۆیان  ببیننه‌وه‌. *نووسه‌ر،گه‌لاوێژ، خاوه‌نی نزیكه‌ی بیست وحه‌وت به‌رهه‌مه‌، ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ ئاوێنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردی نیشان ده‌دات.له‌هه‌مان كاتیشدا ده‌ستنیشانی هێز وڕۆڵی نووسه‌رێكی ژن ده‌دات كه‌هونه‌ره‌كه‌ی شانبه‌شانی هونه‌ری پیاوان له‌خزمه‌ت نه‌ته‌وه‌كه‌یدایه‌.ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌م وێبسایته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌خوێنه‌رێكی باشی هه‌یه‌ و ئومێدیش ده‌كرێت كه‌كێش و قه‌باره‌و هێزه‌كه‌ی له‌گه‌شه‌یه‌كی نموونه‌یدا بێت یان له‌ئاستی پێویستییه‌ مه‌عریفی و فیكری و ئه‌ده‌بییه‌كاندا بێت.خوێنه‌ر و به‌شداربووان له‌وێبسایته‌كه‌ جۆراوجۆرن. به‌شێكیان، وه‌ك كارێكی پسپۆڕی,جه‌خت له‌سه‌ر چه‌مكه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌ تازه‌گه‌رییه‌كان ده‌كه‌ن به‌نموونه‌ی هه‌ردوو پرۆفیسۆر، زاهیر له‌تیف كه‌ریم و نیان نه‌وشیروان فوئاد مه‌ستی. به‌شێكی تریان بایه‌خ به‌سیاقه‌ مێژووییه‌كان وئه‌وانی تریش به‌فیكری سیاسی وڕۆشنبیرییه‌كان.هه‌موو ئه‌مانه‌ بێگومان له‌خزمه‌ت بونیادی به‌رهه‌مه‌كانی گه‌لاوێژخان دایه‌.هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌، ستافی وێبسایت،  له‌ڕێگه‌ی بانگه‌وازێكه‌وه‌، داوای له‌سه‌رجه‌م نووسه‌ران وڕه‌خنه‌گران وئه‌كادیمیان كردووه‌ كه‌به‌ڕۆحێكی كوردانه‌ی ڕوشنبیرانه‌وه‌ به‌شدار بن به‌نووسین ولێكۆڵینه‌وه‌ وگوتار وسیمنار وچاوپێكه‌وتن له‌سه‌ر ده‌قه‌كانی گه‌لاوێژ وده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ كه‌خزمه‌ت به‌ئه‌ده‌بیاتی كوردی به‌گشتی و گه‌لاوێژ به‌تایبه‌تی ده‌كات.
*له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا هه‌وڵ ده‌درێت كه‌سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی گه‌لاوێژ، به‌شێوه‌ی پ.د.ئێف، داببه‌زێت،  ئه‌مه‌ش له‌پێناو كارئاسانی له‌به‌رده‌م خوێنه‌راندا تا له‌نزیكه‌وه‌ سوود له‌و به‌رهه‌مانه‌ ببینن و كاری ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌یی له‌سه‌ر ئه‌نجام بده‌ن.ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا زۆربه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ له‌كتێبخانه‌كاندا ژماره‌یان نه‌ماوه‌ یان به‌رده‌ست نین.
*به‌ڕێوەبه‌ری سایتی
www.galawezh.com

 448 جار بینراوە