سەرەکی » دۆسێ » ناكۆكی لە نێوان حەكیم و خەزعەلیدا دروست دەبێت

سەرۆك كۆمار ناوبژیوانی دەكات

ناكۆكی لە نێوان حەكیم و خەزعەلیدا دروست دەبێت

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، چارەسەری ناكۆكییەكانی ئەم دواییەی نێوان (رەتی حیكمە) بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم و (بزوتنەوەی ئەهلی حەق) بە سەركردایەتی قەیس خەزعەلی دەكات.
سەرچاوە سیاسییەكان بە (روسیا الیوم)یان راگەیاندووە»بەرهەم ساڵح ، پەیوەندی بە عەممار حەكیم و قەیس خەزعەلییەوە كردووە، تا ئاگاداری دوایین پەرەسەندنی ئەو ناكۆكییە بێت كە لەنێوانیاندا دروستبووە، داواشی لە هەردوولا كردووە واز لە شەڕی راگەیاندن بهێنن و بەدوور لە چاوی میدیاكان، گفتوگۆكانیان دەستپێبكەن».
هەر بەگوتەی ئەو سەرچاوانە»ساڵح بە حەكیم و خەزعەلی راگەیاندووە كە پێویستە ناكۆكییەكانیان لەماوەی چەند رۆژێكدا كۆتایی پێبهێنن، و هەموو دیاردەكانی هەڵچوون كۆتایی پێبێت، دەستبەرداریی ئەو خۆپیشاندانانەش ببن كە داوا لە جەماوەری هەردوولا كرابوو سازبكرێن».
لەم دوو رۆژەی دواییدا، میدیاكانی سەر بە حەكیم و خەزعەلی، بەشێوەیەی بێ‌ پێشینە لە دژی یەك راوەستان، بەجۆرێك كە كەناڵی فوراتی سەر بە حەكیم، بزوتنەوەی ئەهلی حەقی بە دزینی پاڵاوگەی بێجی تۆمەتبار كرد، سەركردەكانی بزوتنەوەی ئەهلی حەقیش، لە تویتەكانیاندا، حەكیمیان بە بەكرێگیراوی تۆمەتبار كردبوو.
بەو هۆیەشەوە، هەریەك لە حەكیم و خەزعەلی، داوایان لە جەماوەرەكانیان كردبوو، وەك ناڕەزایی بەرانبەر بە تۆمەتباركردەكان، خۆپیشاندان سازبكەن، بەڵام لەدوای هاتنەناوەوەی سەرۆك كۆمار، پێدەچێت لەئێستادا دۆخەكە بەرەو هێوربوونەوە بچێت.
رەوتی حیكمە كە لەلایەن عەممار حەكیمەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لەسەر داوای بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، دواخستنی خۆپیشاندانی رەوتەكەی كە بڕیاربوو لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا سازبكرێت، رادەگەیاندبوو.
لە 12ی كانوونی دووەمی 2019، بەلیغ ئەبو كەلەل، ئەمینداری جێبەجێكار لە رەوتی حیكمەی نیشتمانی لە نامەیەكیدا كە رەوانەی لایەنگرانی رەوتەكەی كردووە، دواخستنی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ بۆ كاتێكی تر رادەگەیەنێت، هۆكاری ئەو هەنگاوەش بۆ داوایەكی سەرۆك كۆمار دەگێڕێتەوە.
ئەبو كەلەل لە نامەكەیدا دەڵێت:»لەبەر نێوەندگیری فەخامەتی سەرۆك كۆمار، كە داوای دواخستنی خۆپیشاندانەكانی رەوتی حیكمە و هێوركردنەوەی رەوشەكە و زاڵكردنی بەرژەوەندی نیشتمانی كردبوو، بڕیاردرا خۆپیشاندانەكان دوابخرێن، ئەمەش وەك رێزگرتنێك بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی لەلایەن بەڕێزییانەوە پێشكەشكرا».
لە كۆتاییدا، ئەمینداری جێبەجێكار لە رەوتی حیكمەی نیشتمانی، زۆر سوپاسی سەرۆك كۆماری كردبوو لەبەرانبەر «خەمخۆری و بەتەنگەوەهاتنی بۆ عیراق و گەلەكەی».
ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر رەوتی حیكمەی نیشتمانی كە لەلایەن عەممار حەكیمەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، داوای لە لایەنگرانی رەوتەكە كردبوو، لە 12ی كانوونی 2019، خۆپیشاندانێكی گەورە سازبكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەناردەی نەوتی ئێران كەمی كردووە

سەرچاوەیەكی كەرتی نەوت رایگەیاندووە، بەهۆی سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكاوە رێژەی هەناردەی ...