سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و راپۆرت » لووتکەی ئابووری عەرەبی لە لوبنان

لووتکەی شكست

لووتکەی ئابووری عەرەبی لە لوبنان

دوێنێ 20.1 لە بەیروت چوارەم لووتکەی ئابووری عەرەبی بەسترا، کە ئەمەش هاوشێوەی کۆبوونەوەی سەرانی عەرەبییە، بەڵام ئەم لووتکەیە زیاتر تایبەت دەبێت بە پرسی ئابووری. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، زۆربەی سەرانی عەرەبی ئامادە نەبوون بەشداری لەم لووتکەیەدا بکەن، هەرئەمەش لوبنانی تووشێ ئیحراجبوونێکی سیاسی گەورە کردەوە. میدیا لوبنانی و عەرەبییەکانیش بە لووتکەی « شكست» ناوی دەبەن. هۆکاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ بوونی ناکۆکیی و جیاوازییەکی زۆر لەناو وڵاتە عەرەبییەکان لە بارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی سوریا و گەڕانەوەی بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی، هەروەها بوونی هەژمونی بەهێزی حزبوڵڵا و ئێران لە لوبنانیش، هۆکارێکی سەرەکی بوو، بۆ بەشدار نەبوونی سەرانی عەرەب. ئەمەش هێندەی تر کێشەکانی لوبنانی قووڵتر کردەوە.

بەرنامەی لوتکە ئابووریەکە
بەرنامەی لووتکەی ئابووری چوارەم کۆمەڵێک بابەتی گرنگی لەخۆگرتووە، کە بە پێ ئەو بەرنامەیەی دانرابوو، دەبێت قسەوباس لە سەر 29 بڕگەی ئابووری و سیاسی بکەن. لەناویاندا چۆنێتی هاوکاریکردنی ئەو وڵاتانەی کە ئاوارەی سوریای تیدایە، هەروەها کارکردن بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی کە تێیدا وڵاتانی جیهان و رێکخراوە مرۆییەکان بەشداربن ، بۆئەوەی رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی سوریا.

یەمەن
خاڵێکی تری ئەم کۆبونەوەیە یەمەن و کێشە زۆرەکانییەتی. بە پێی ئەو بەرنامەیە بێت، دەبێت کار بکرێت بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی یەمەن و لە رووی ماددیی و مەعنەوەییەوە یارمەتی بدرێت، ئەوەش لەرێگەی وڵاتە عەرەبی و رێکخراوە مرۆییەکانەوە. هەروەها داواش لە بانک و دەزگا دارییەکان بکرێت، بۆئەوەی یارمەتی حکومەتی یەمەن بدرێت، بۆ ئاوەدانکردنەوەی یەمەن کە جەنگ وێرانی کردووە.

سوریا و گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی
خاڵی ناکۆکی گەورە لەناو ولاتانی عەرەبی چۆنێتی مامەڵەکردنە لەگەڵ رژێمی ئەسەد و گەڕانەوەی بۆ ناو کۆمکاری عەرەبییە. هەفتەی پێشوو أحمد أبو الغيط ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە بە میدیاکانی راگەیاند: پرسی گەڕانەوەی سوریا بۆ ناوکۆمکاری عەرەبی ، پێویستی بە رێکەوتنی عەرەبی هەیە .

سوریا بەشدار نەبوو
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، پێشتر حکومەتی لوبنان بە فەرمی بانگهێشتی حکومەتی سوریای کردبوو بۆئەوەی بەشداری ئەم کۆبونوەیە بێت، لێ سوریا رەتیکردەوە. لەمبارەیەوە باڵیۆزی سوریا لە لوبنان بە میدیاکانی راگەیاند: هۆکاری بەشدار نەبوون و رەتکردنەوەی بانگهێشتەکە، دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی چەوتی کۆمکاری عەرەبیی بەرامبەر بە سوریا، کە ماوەی چەندین ساڵە ئەندامێتی سوریای لە کۆمکاری عەرەبی هەڵپەساندووە. ئەمەش هەڵە و تاوانێكی گەورەیە کە بەرامبەر بە سوریا کراوە. جێگەی ئاماژەیە لە پاش سەرهەڵدانی جەنگ و توندتیژی لە سوریا ، لە ساڵی 2011 ەوە ئەندامێتی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی هەڵپەسێنراوە.

لیبیا
خاڵێکی تر کێشەی کوژرانی زانای ئایینی موسا سەدر کە لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا، گومان دەکرێت لەلایەن موعەمەر قەزافیی سەرۆکی پێشوی لیبیاوە کوژرا بێت. بزووتنەوەی ئەمل و حزبوڵلاش حکومەتی نویێ لیبیایان تاوانبار کرد، کە نایەوێت ئەو تاوانە ئاكشرا بکات و پێش کۆبونەوەکەش ئاڵای لبیبیایان لە شەقامەکانی بەیروت داگرت، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی حکومەتی لیبیا و چەند دەوڵەتێکی تری عەرەبی.

بوونی هەژموونی ئێران و حزبوڵڵا
زۆرێک لە چاودێڕانی سیاسی و میدیاکانی جیهانیش باس لەوە دەکەن، هۆکاری بەشدارنەبونی سەرانی عەرەبی لەم کۆبونەوەیەدا، زیاتر دەگڕێتەوە بۆ بەهێزبونی هەژموونی حزبوڵڵا بەسەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی لوبنانیدا، ئەم حزبەش لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت. هەربۆیە بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی سعودیە و هاوپەیمانەکانی، ئامادەنەبوون بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بکەن.

تەنها میری قەتەر و سەرۆکی مۆریتانیا بەشداربوون
جێگەی ئاماژەیە لە تەواوی سەرانی عەرەبیدا تەنها الشيخ تميم بن حمد آل ثاني میری قەتەر و محمد ولد عبد العزيز سەرۆکی مۆریتانیا ئامادەبوون کە بەشداری کۆبونەوەکە بکەن، تەواوی وڵاتانی عەرەبی لە رێگەی نوێنەر یان وەزیری دەرەوە بەشداریان کرد . عیراقش لەرێگەی وەزیری دەرەوە بەشداری لە کۆبونەوەکە کرد.

کێشەکانی لوبنان قووڵتر دەکات
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، ئەم شکستە سیاسییە ، هێندەی تر کێشە ناوخۆییەکانی لوبنان قووڵتر دەکات، کە ماوەیەکە ئەم وڵاتە بەهۆی بوونی هەژمونی بەهێزی ئێران و سعودیە، رووبەروی کێشە زۆر گەورە بۆتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

 83 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*