سەرەکی » وتار » مستەفا محەمەد » سیناریۆی عەفرین لە خۆرهەڵاتی فوراتدا…

شەن و كەو

سیناریۆی عەفرین لە خۆرهەڵاتی فوراتدا…

سیناریۆی عەفرین لە خۆرهەڵاتـی فوراتدا دووبارە دەبێتەوە؟

ساڵێک بەر لە ئێستا سوپای تورکیا بەهاریکاری چەند باڵێکی تیرۆریستی ئۆپۆزسیۆنی سوریی بەزەبری هێز و بەکوشت و بڕێکی کەم وێنە، هێرشی کردە سەر « عەفرین و ئیعزاز و جەڕابلوس» و بەبیانوی لێدانی گروپەکانی نزیک لە پارتی کرێکاران و دورخستنەوەی مەترسیەکان لەسەر ئەمنیەتی قەومی تورکی ئەو ناوچانەی داگیر کرد، لەوساوە تا ئەمڕۆش حوکمی ئەوسێگۆشە جوگرافیەی بە دەستەوەیە و حزوری سەربازیی تیایدا تۆکمەیە .
لە ڕابردوودا ئەو ناوچانە هێزەکانی هەسەدە کۆنتڕۆڵی کردبوون و لەژێر سایەی هەژموونی ڕوسیادا پارێزراو بوو، بەڵام بۆ پارێزگاری لەمانەوەی حکومەتەکەی ئەسەد و بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هەرێمایەتی وەک دیاریەک مۆسکۆ پێشکەشی ئەنکەرەی کرد ، لەئەمڕۆشدا دوای ساڵێک لە ڕوداوەکانی عەفرین ، باس و خواسی کشانەوەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی فورات گەرمە ، لەم نوسینەدا دەمەوێ شرۆڤەی ئەو گریمانەیە بکەم کە ئایە هاوشێوەی عەفرین ، ئەمریکا ئامادەیە خۆرهەڵاتی فورات بۆ ئەجندای تورکی جێ بهێڵێ .
لێندسی گراهام « کۆنگرێسمانی کۆماریی کە بە داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەشی لە ئەنجومەنی سینات لە قەڵەم دەدرێ ، لە سەروبەندی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریادا ڕایگەیاندکە بڕیارەکەی ترەمپ دەبێتە مایەی خۆڕێکخستنەوەی داعش و گروپە تیرۆریستیەکان و هاتنەناوەوەی ئەندامی تازە و دروستبوونی ڕێکخراو و گروپی هاوشێوەی داعش، هاوکات دەروازەی ئاشوبێکی گەورەش بەڕووی ڕۆژهەڵاتی فوراتدا دەکاتەوە ، بە توندیش دژی هێرشی تورکیا لە دژی ڕۆژئاوا وەستایەوە ، تەقینەوەکەی مەنبەجیش بەڵگەیەکی زیندوو بوو کە هێشتا داعش وەک گراهام ئاماژەی بۆ کرد دوا هەناسەکانی نەداوە، بەڵکو جموجۆڵەکانی لە سوریا و بەشێکی ناوچەکانی عێراقیش تا ئەوپەڕی چالاکن.
ئەم سیاسەتوانە ئەمریکیە بۆ سەلماندنی سەرنجەکانی هیچ کاتی بەفیڕۆ نەدا و دوای گفتوگۆیەکی دوور و درێژ توانی ترەمپ لە کشانەوەیەکی بەپەلە لە سوریا پاشگەز بکاتەوە ، هەر وەک لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا سەردانی تورکیای کرد بۆ دانانی نەخشەڕێیەکی زیرەکانە بۆ کشانەوەیەکی بە بەرنامەی هێزەکانیان لە سوریادا تا لە ئاییندەدا ئەجندای ئەمریکی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەریەک هەڵنەتکێ کە چەندین ساڵە بودجەیەکی زەبەلاح و قوربانیەکی بێ شوماری لە پێناودا دراوە .
سەردانەکەی گراهام لەلایەک بۆ دانانی چوارچێوەی نەخشەڕێیەکی تازەیە لە قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکا ، لەلایەکی تریشەوە بۆ خوێندنەوەی نیەتی تورکیا بوو لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە کە بەهاوپەیمانی ئەمریکا ناسێندراون و لە خۆرهەڵاتی فوراتدا بڵاوبوونەتەوە ، ئەم مەسەلەیە بەنیسبەت ئەمریکاوە بابەتێکی جدیە و ئیدارەکەی ترەمپ دەیەوێ بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکا، چونکە هاوبیرانی گراهام نەیانشاردۆتەوە کە جێهێشتنی تەواوەتی ئەو ناوچانە بەمانای کارەسات و تراژیدیا دێ بەسەر پێکهاتەیەکی گرنگی سوریا کە کوردە ، هەر بۆیە بەدوای پلانی « ب « دا دەگەڕێن کە لانی کەم نیگەرانیەکانی ئەنکەرەشی تێدا ڕەچاوبکرێ.
نەخشەڕێگەکەی ئەمریکا هەر چیەک بێ ، ئەکید دەبێ لە موعادەلە گشتیەکەدا ناکۆک نەبێ لەگەڵ خواستی زلهێزەکانی تردا بەتایبەت روسەکان، ئەویش بەو ئومێدەی کە هاوشێوەی عەفرین ئاشوبێکی تر لە خۆرهەڵاتی فوراتدا دوپات نەبێتەوە ، پێشم وایە ئەو مەراییەی گراهام لە ئەنکەرەوە بۆ تورکیای دۆستی کرد لەبارەی ئەوەی باڵی سیاسی یەکینەکانی پاراستنی گەل گرێدراوی پارتی کرێکارانن ، لەو سۆنگەیەوە دێ کە تورکیا ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا بەهاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا و کاراکتەرێکی بەهێزی حیلفی ناتۆ دەزانرێ ، بەڵام لەولاشەوە لەگەڵ ئێران و ڕوسیادا هەماهەنگی بەهێزی هەیە و لە ئاییندەدا دەشێ ببێتە مایەی تەنگژە و ئاڵۆزیی بۆ بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن ، هەر لەبەر ئەو فاکتەش نەخشە ڕێگەکەی ئەمریکا بە باشی دەزانێ بۆ دورخستنەوەی مەترسی پێکدادانی سەربازیی حزوری هێزە کوردیەکان لەسنورەکانی تورکیا دوور بخاتەوە، دواجاریش بۆ ڕازی کردنی ئەنکەرە ئەگەر پێویست بکا چەکی قورسیش لەبن دەستی هێزە کوردیەکان دەربهێنرێ !
ئەگەرچی تا ئێستا «جەنەڕاڵ دانفۆرد « میکانیزمی کرداریی گوێزانەوەی هێزە کوردیەکانی بۆ هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا ڕوون نەکردۆتەوە و ڕەزامەندی هێزە کوردیەکانیش بۆ وەرنەگیراوە ، بەڵام پرسیاری جدی ئەوەیە لە ئەگەری گوێزانەوەی هەسەدە لەو ناوچەیە ، ئەمریکا بەخواستی ئەنکەرە رازی دەبێ لە پڕکردنەوەی جێگەی هەسەدە بە هێزە مەشق پێکراوەکانی سوپای سوریای ئازاد؟ بەبڕوای من وڵامەکەی نەخێرە ، هەربۆیە ئەم پێشهات و ئەگەرانە دەیسەلمێنن پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا زۆر خاو دەکرێتەوە ، تا نەخشەڕێیە تازەکە زامنی پاراستنی کوردەکانی خۆرئاوا نەکا و هەژموونی ئەمریکا و دۆستەکانیشی لە ناوچەکەدا پارێزراو نەبێ ئەستەمە ترەمپ چنگی لە سوریا وا بەئاسنی بەربدا.
گۆڕانکاری لەهەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکا لە بارەی کوردەوە پێشهاتێکی دڵخۆشکەرە و لەجوڵە دیبلۆماسیەکانی ئەم دواییەشدا ڕەنگی داوەتەوە ، تیمی ئەمریکی لە « جۆن بۆڵتۆنەوە بۆ لینزی گراهام « مەبەستیەتی لەگەڵ تورکیادا بۆ پارێزگاری لە کورد لە ڕۆژهەڵاتی فورات بگاتە ڕێکەوتن ، ئەگەرچی لەمڕۆدا کورد دەتوانێ سود لەم کرانەوەیە وەربگرێ و خوێندنەوەیەکی ورد و واقعی بۆ دۆخەکە بکا ، بەڵام بەداخەوە تائێستا خاوەنی پڕۆژەیەکی تەبەننی کراوی جدی نیە و نازانێ چی دەوێ!
بە بڕوای من ئەگەر هێزە کوردیەکان تاک لایەنە لەسەر حیسابی دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە دۆستایەتی کوێرانە لەگەڵ ئەمریکادا هەڵبژێرنەوە زیانمەندی سەرەکی دەبن ، چونکە درەنگ یان زوو ئەمریکا لەوناوچانە دەکشێتەوە و داهاتووش میللەتی کورد بێ ناونیشان دەمێنێتەوە ، کەواتە کورد پێویستە نەخشی لە ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی زلهێزەکاندا هەبێ و پەیوەندیەکانیشی لەگەڵ هیچ کام لە جەمسەرە سەرەکیەکانی کەی سەرەکیەکانی کەیسی سوریدا نەپچڕێنێ ، وە هاوکێشەکە بەستراتیژیەتێکی گشتی ڕوونەوە لە بۆتەی بەرژەوەندی هاوبەشدا هاوسەنگانە لە قازانجی خۆیدا ڕابگرێ ، خۆ ئەگەر ئەمە نەکرێ دواجار کورد سفر بە دەستەوە لە هاوکێشەکە دەکرێتە دەرەوە ، ئەوساش هیچ جێگە و پێگەیەکی خۆرهەڵاتی فورات لە هەوڵی پاوانخوازیی تورکیا و هاوپەیمانەکانیدا هێڵی سور نابێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كورد چۆن سوود له‌ كابینه‌كه‌ی…

كورد چۆن سوود له‌ كابینه‌كه‌ی مه‌هدی وه‌رده‌گرێ؟ له‌ كه‌وتنی‌ رژێمی‌ ...