سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » ئەجێندای ساڵی نوێ

ئەجێندای ساڵی نوێ

هەرچەندە هێشتا هەنگاوەكان سستن و وەك پێویست نین بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ئێستاوە مشتومڕ هەیە لەسەر ئەولەویەت و ئەجێندای حكومەتی نوێ.
لە سەروبەندی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش و پێش و پاش ریفراندۆم، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا رووی لە خراپی و غلۆربوونەوە كردوە ئەمەش لە چەندین بواردا گرفتی گەورە و بونیادیی بۆ هەرێم دروست كردوە كە هەندێكیان پێشتر یان ئێستا و داهاتوو هەڕەشەكانیان دەبەنە ئاستێكی گەورەتر كە رەنگە گرفت بۆ بوون و مانەوەمان دروست بكات.
ئەو گرفتانەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستانی دروست كردوە، هەندێكیان گرفتی سزایی یان كاردانەوەی سیاسی نین بەڵكو هەندێكیان پەیوەستن بە خودی ئەو گرفتانەی دروست بوون. بۆ نموونە، مەسەلەی نەوت یەكێكە لە گرفتە قوڵ و ستراتیجییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
هەرێمی كوردستان یەكێك لەو ناوچانەی كە لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش خاوەنی سەروەت و سامانێكی گەورەی سروشتییە بە تایبەتی نەوت و غاز.
ئەم خاوەندارییەش چەندێك مایەی خۆشحاڵی بێت ئەوەندەش مایەی خەمبارییە. چونكە بە درێژایی ئەو ماوەیەی لەسەر خاكی كوردستان نەوت و سامانە سروشتییەكانی تر دۆزراوەتەوە، خەڵكەكە سوود و خێرێكی ئەوتۆیان نەبینووە، بەڵكو بۆتە مایەی كێشە و گرفتی گەورە.
لە سەروبەندی شەڕی داعش، هەرێمی كوردستان هەوڵێكیدا لە رێگەی هەناردەكردنی نەوت و جۆرێك لە ئابووریی سەربەخۆ لە ژێر ئەو رەوشە دەربچێت، بەڵام چونكە مەسەلەكان وەك پێویست بیریان لێنەكرابۆوە و پلانی گونجاو نەبوو و گەندەڵیش تەمێكی رەش بوو بەسەر كوردستانەوە، كوردستان تووشی شكستێكی گەورە بوو.
ئێستاش بۆ ئەوەی لە ژێر جەبری زەرەر و زیانەكانی هەناردەكردنی نەوت و ئابووریی سەربەخۆ و تەنانەت ریفراندۆم بین، پێویستمان بە رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانە لە نێوان هەرێم و بەغدا.
لە رووی تیۆری و كردارییەوە، كوردستان هێشتا بەشێكە لە عیراق و ساڵانێكی تریش رەوشەكە هەر بەو جۆرە دەمێنێتەوە، بۆیە بیركردنەوە تەنانەت قسەكردن لەسەر هەندێك مەسەلە نەك سوودی نابێت بەڵكو زیانی گەورەشی لێدەكەوێتەوە.
ئێستا كاتی ئەوەیە كە كوردستان هەوڵبدات پەیوەندییە خراپ و روو لە غلۆربوونەوەكەی لەگەڵ عیراق بەرەو ئاسایی بوونەوە و هاوسەنگ بوونەوە بەرێت. بۆ ئەوەش دەبێت ئامادەیی فیكریی و سیاسی و ئابووری و تەنانەت كۆمەڵایەتیشی هەبێت كە باج بدات، بێگومان بەو مەرجەی كە بەغداش خواست و رەوایی هەبێت و بەدەنگەوەهاتنی هەبێت.
ئێستا لە بەغدا حكومەتێك هەیە كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی دەكات. كورد هەڵە دەكات ئەگەر پێیوابێت ناوبراو دەتوانێت هەموو شتێك بكات بۆ كورد ئەگەرچی دۆستی دێرین و مێژوویی كوردیش بێت، چونكە ئەو رەوشەی عادل عەبدولمەهدی كردۆتە سەرۆك وەزیران قبوڵی ناكات كە ناوبراو هەموو شتێك بۆ كورد بكات ئەگەر خودی ناوبراویش بە نیازی شتێكی وابێت.. بێگومان ئەمەش دووبارەكردنەوەی ئەزموونی رابردووە كە كورد لە عیراق مەسەلە و كێشەكانی بە كەسێكی حوكمڕان و باڵادەست لە بەغدا ببەستێتەوە وەك چۆن لەگەڵ نوری مالكی تووشی كێشەیەكی لەو جۆرە بووین و پێمان وابوو ناوبراو سەرچاوەی هەموو كێشە و ئاریشەكانە.
یەكێتی كارێكی باشی كردوە كە بە نیازە بە یەك پاكێج مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكانی كەركوك و كابینەی نۆیەم و عیراق بكات، چونكە ئێستا ئەولەویەتی گرنگی كوردستان خۆ رێكخستنەوەیە بە تایبەتی لەگەڵ عیراق و چوارچێوەی عیراق.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سیناریۆكانی چوار ساڵی داهاتوو

سەرەڕای تێبینی و مشتومڕەكان، عیراق و هەرێمی كوردستان دوو هەڵبژاردنیان ...