سەرەکی » وتار » د.كاوە رەزا » جەنگ و دنیای منداڵ

کلیک

جەنگ و دنیای منداڵ

(12)

جەنگ نەتەنها سێبەرێكی سامناك‌و نەتەنها تارماییەكی نێو ژیانی مرۆڤە، بەڵكو چەشنی ڤایرۆسێكی كوشندە ئاوێتەی جەستەو عەقڵی مرۆڤ بووەو كاری لەهەموو جومگەو كایەكانی ژیانی كردووە، هەروەك خستنەوەی كەلێنی ئابووری، ژینگەیی، كشتوكاڵی، وێڕای ئەوەش ئەم بەردەوامبوونی جەنگە بەبێ جیاوازیی لەنێوان تەمەن‌و رەگەزی مرۆڤدا، هەم كارەساتی گەورەی مرۆیی خوڵقاندووە، هەم بە ملیۆنان مرۆڤیشی لەناوبردووە.
عیراق لەدوای هەشتاكانەوە تا ئەمڕۆ لەگەڵ خۆی ‌و دەرەوەی خۆی لەشەڕێكی بەردەوامدایە، وەك جارێك لەگەڵ ئێران ‌و جارێكیش لەگەڵ كوێت، زۆرجاریش جەنگەكانی ناوخۆ، خاكی ئەم وڵاتەی بە درێژایی مێژوو تەنیوە، بەتایبەتیش لەدوای ساڵی (2003)ەوە ئەم جەنگە بەشێوەیەكی دیكە بەردەوامە و بە دەیان هەزار كەس بوون بە قوربانی شەڕی حزبی ‌و ئایینی ‌و مەزهەبی.
پاش هێرشەكانی داعش بۆ سەر موسڵ ‌و داگیركردنی ئەو شارە، عیراق بووە دۆزەخێك لەخوێن ‌و كوشتن ‌و كاولكاری، بەشێكی زۆری قوربانییەكانیش چ لەڕووی دەرونی ‌و چ لەڕووی نەمانیەوە، منداڵی ئەم نیشتمانەن.
لێرەدا ئەمەوێ بڵێم، سەمەرەیی عیراق لە خوێنڕشتندایە رێك وەك ئەوەی پایتەختی شەڕەكانی جیهان بێت!! نەوە دوای نەوە بە شەڕ ئاشنادەبێت، رۆژێك بێ كوشتن و بڕین، بێ تەقینەوە و رفاندن ‌و كارەساتی مرۆیی تێناپەڕێت، ساتێك نییە كە دڵەڕاوكێ ‌و ترس ‌و بێزاری تێدانەبێت، ئەوەندەی نەماوە هەموو ببین بە ئەنیشتاین، هەڵبەت لە زانستدا نا، بەڵكو لە خۆشویستنی چیرۆكی پۆلیسیدا، ئەمەش زادەی ئەم دۆخەی عیراقە، كە چیرۆك ‌و فیلمێك بەرهەم دەهێنێت، بەجیاوازیی فیلم ‌و چیرۆكەكانی ئەنیشتاین، راستەوخۆ پەخش دەكرێن ‌و دەبینرێن بێ ئەوەی كەس لە ئەنجامی فیلمەكە، یان چیرۆكەكە دڵنیا بێت. كەس نازانێت ئەم كەشتی وڵاتی جەنگە، كەی ‌و لەكوێ لەنگەردەگرێ؟.
منداڵیش وەكو كاراكتەرێكی سەرەكی كۆمەڵگە، كە ئایندەی وڵاتی لەسەر بنیاتدەنرێت، بەرەو ڕووی زۆرترین مەترسی بۆتەوە، بەدەرلەوەی جەنگ ئومێدەكانی دەكوژێ، خوێن ‌و كوشتن و بڕینیش دەبن بە بێبەهاترین شت لای منداڵ، بەو مانایەی لای منداڵ شتێك نییە بەناوی ترسەوە لەخوێنڕشتن ‌و سەربڕیندا، بێگومان هۆكاری ئەمەش بۆ میدیاكان دەگەڕێتەوە، چونكە ئەم شەڕانە بە بەردەوامی لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندنەوە پیشان دەدرێن، ئەگەر پێشتر منداڵ ئەو بوونەوەرە بووبێت، كە سڵی لە خوێن ‌و كوشتن كردبێتەوە، ئەوا ئێستا لە سایەی تەكنەلۆژیا و ئامرازەكانی راگەیاندندا، ئەو چینەی كۆمەڵگەن، كە چێژ لە رشتنی خوێن ‌و كوشتارگە و مەیدانی جەنگەكان وەردەگرن.
شەڕەكانی ئەمدواییەی داعش لە هەریەك لە سوریا و عیراق، منداڵی ئەم وڵاتانەی خستە بەردەم مەترسییەكی تری ژیانیەوە، بە جۆرێك منداڵەكان بەردەوام چاوەڕێی فیلم ‌و ڤیدیۆی نوێ‌ ‌و چالاكییەكانی شەڕدەكەن، لەبەرئەوە جەنگ راستەوخۆ مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئایندەی منداڵەكان.
هونەرمەندی شێوەكاری كورد رێبوار سەعید لەسیمینارێكدا بە بەڵگەی پراكتیكی، كاریگەریی لاوەكی ئەم جەنگەی لەسەر كەسێتی منداڵی كورد خستەڕوو، هەروەك باسی لەوە كرد كە لەكاتی سەردانیكردنی كەمپی عەربەتدا، چەند پەڕەیەكی وێنەكێشانی بەسەر منداڵە كوردەكاندا دابەشكردووە و داوای لێكردون هەریەكە و بە ئارەزووی خۆی وێنەیەكی بۆ بكێشێت، ئەوەی جێگەی تێڕامانی هونەرمەندی شێوەكار بووە، كێشانی وێنەیەكی زۆر تراژیدیی بووە لەلایەن منداڵێكەوە كە وێنەی دایكێكی دووگیان بووە، بەجۆرێك ئەم دایكە دووچاری چەكی سەربازێك بۆتەوە بۆ خۆبەدەستەوەدانی، ئەمیش لەگەڵ كۆرپەكەی نێو سكیدا دەستیان هەڵبڕیوە و پێكەوە خۆیان بەدەستەوەدەدەن، ئەم وێنەیە بەرجەستەكردنی ئەو واقیعەیە كە عەقڵ ‌و خەیاڵ ‌و فەنتازیای منداڵێكی وا بەرهەم دەهێنێت ‌و ئەو راستییە دەخاتەڕوو كە تەنانەت جەنگ كاریگەری لەسەر ئەو كۆرپەلانەش هەیە كە هێشتا نەهاتوونەتە بوونەوە.
ئەم تابلۆیە و چەندین تابلۆی تریش ئەو هۆشیارییەمان دەداتێ، كە پێویستە و دەبێت دەزگاكانی راگەیاندن بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بكەن ‌و لەئێستا بەدواوە هەستی منداڵ ‌و كاریگەرییەكانی جەنگ لەبەرچاوبگرن.
لەپێناوی سەلامەتی هەمووان ‌و بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست، پێویستە میدیا لەكاتی رووماڵكردنی رووداوەكاندا ئاگای لە منداڵەكان بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كشانەوەكەی ئەمریكا و ئایندەی رۆژئاوای كوردستان

(10) لەچەند رۆژی رابردوودا، لەبڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، ...