سەرەکی » ئابووری » پەسەندكردنی بودجەی عیراق هەنگاوێكی گرنگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە

پەسەندكردنی بودجەی عیراق هەنگاوێكی گرنگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە

دوای ئەوەی لەشەوی 23 لەسەر 24ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عیراقی پەسەند كرد، پەرلەمانتاران لە لیژنەی دارایی پەسەندكردنی یاسای بودجە بە هەنگاوێكی گرنگ دەزانن بۆ باشبوونی رەوشی ئابووری و دارایی عیراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەت باشتركرنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و لابردنی پاشەكەوتی مووچە كە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت.

250 هەزار بەرمیل نەوت
لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆ
بەگوێرەی یاسای بودجەی 2019ی عیراق كە بڕكەی بە 133 تریلیۆن و 107 ملیار و 616 ملیۆن دینار خەمڵێنراوەو 100 تریلیۆن و 591 ملیاری بۆ خەرجی بەكاربردن و 33 تریلیۆن و 48 ملیاری بۆ بواری وەبەر هێنان تەرخانكردووە، كۆی داهاتەكانیش بە 105 تریلیۆن و 569 ملیارو 686 ملیۆن دینارە، لەو بڕەش 93 تریلیۆن و 741 ملیار دیناری داهاتی نەوتەو 11 تریلیۆن و 728 ملیاری داهاتەكانی دیكەیە، هەروەها لە بودجەی ئەمساڵ 27 تریلیۆن و 538 ملیار كورتهێنان دەبێت.
لەو بارەیەوە، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تایبەت بە كوردستانی نوێی راگەیاند، لە یاسای بودجەدا هاتووە كە پشكی هەرێمی كوردستان (12,67%)ە كە بڕكەی دەكاتە 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار، هاوكات حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە هەناردەكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆ لە رۆژێك و تێیدا گرەنتی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەی كردووە، تەنانەت ئەگەر حكومەتی هەرێمیش نەوتەكەی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ نەكات، ئەوا مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە هەر رەوانە دەكرێت.

یەكهەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكان
وتیشی: «هەر بە گوێرەی یاسای بودجە كە پشكی هەرێمی كوردستان مانگانە دەكاتە 454 ملیار دینار، جگە لەوەش 68 ملیار دینار مانگانە بۆ پێشمەرگە رەوانە دەكرێت، كەواتە لەمەودا مانگانە لە بەغداوە بڕی 522 ملیار دینار تەنیا بۆ مووچە دەدرێتە هەرێم، كەواتە حكومەتی هەرێم دەتوانێ بەو پارەیەی كە لە بەغداوە دێت لەگەڵ داهاتەكانی ناوخۆ مووچەی فەرمانبەران بەبێ پاشەكەوت دابەش بكات».
پێشیوابوو، پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵ لەلایەن عیراقەوە بەمشێوەیە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانە یەكهەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان لە عیراق، هەروەها هاتنە پێشەوەی زەمینەیەكی تازە لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق‌و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەردوولا هاتۆتە پێشەوە.

ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا
لای خۆیەوە محەمەد ئەمین فارس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە هەمانشێوە ئاماژەی بە گرنگی پەسەندكردنی بودجەی گشتی عیراق كرد و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە پێمانوایە پەسەندكرنی بودجەی گشتی عیراق لە بەرژەوەندی هەرێمی كورستانە، بۆ ئەمەش هەموو فراكسیۆنە كوردستانیەكان هەموو هەوڵەكانمان بۆ ئەوەبوو كە شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان لە بودجە جێگیر بكرێت، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان، جگە لەوانە پێویستە حكومەتی عیراق هەموو ئەو قەرزانە بداتەوە جووتیارانی كوردستان كە لە ساڵی 2014ەوە لەلایەن بەغداوە نەدراوە، ئەمەش لە یاسای بودجە جێگیر كراوە.
وتیشی: «دوای ئەو گۆڕانكاریانەی لە عیراق هاتە پێشەوە هەروەها ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كەشێكی تازەی دروستكرد كە بتواندرێ پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ بەم شێوەیە دەربچێت كە باشتر بێت لە ساڵانی رابردوو، جگە لەوەش فراكسیۆنەكان بەیەكەوە كاریان كرد و بەژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانیان كردە هێڵی سوور تا زۆربەی مافەكانیان لە پڕۆژەیاسای بودجە جێگیر بكرێت.

دەڵنیایی بدرێتە فەرمانبەران
هەر لەسەر ئەو بابەتە، عوسمان سێودەلی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە كوردستانی نوێی راگەیاند، ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان گەشبینین بەوەی لە دوای پەسەندكردنی بودجەی گشتی عیراق رەوشی فەرمانبەران باشتر دەبێت و حكومەتی هەرێم بتوانێ بەبێ پاشەكەوت مانگانە مووچە بە فەرمانبەران و پێشمەرگە سەرجەم مووچەخۆران بدات.
وتیشی: «لەكاتێكدا ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەو هەنگاوە نەنێ، ئێمە لە پەرلەمان دەتوانین قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەین بەجۆرێك دەبێ دەڵنیایی بدرێتە فەرمانبەران تا لەكاتی خۆی مووچەیان پێبدریت، بۆیە ئێمە لە پەرلەمان لە هەموو حاڵەتێكدا داكۆكی لە مافی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەكەین، بەتایبەت جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە دەبێ كۆتایی بە پاشەكەوتی مووچە بێت و نەمێنێت».
ئاماژە بەوەشكرد، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان زیاتر سود لە بودجەی عیراق وەربگرن، پێویستە لە هەرێمی كوردستانیش یاسای بودجە پەسەند بكرێت، ئەوكات حكومەتی هەرێم باشتر دەتوانێ بەرنامەو پلانی خۆی دابنێت و خەرجی و داهاتەكانی خۆی دیاری بكات.

سیستمی پاشەكەوتی مووچە
هەر لەبارەی پەسەندكردنی بودجە و زامنكردنی مووچەی فەرمانبەران، ئارام حەكیم ئابووریناس لەشاری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند، پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵی عیراق بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە جۆرە دڵنیاییەك دەداتە فەرمانبەران و مووچەخۆران كە مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە وەردەگرن و بازاڕەكان گەرموگوڕیان تێدەكەوێت، بەمەش جموجوڵی بازرگانی و كڕین و فرۆشتن خێراتر دەكات، هیچی تر مووچەخۆران لەوە ناترسن بە دوو مانگ و سێ مانگ مووچەیان پێنەدرێت.
وتیشی: «جگە لە گرنگی دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا كە وەك لە یاسای بودجەی ئەمساڵی عیراقدا هاتووە، لەكاتێكدا ئەگەر حكومەتی هەرێم سیستمی پاشەكەوتی مووچە لاببات ئەوكاتە رەوشەكە بەجۆرێكی تر دەبێتەوە، خەڵك بەهۆی زیادكردنی مووچەكەیان جگە لە دابینكردنی پێداویستییە سەرەتایی‌و گرنگەكان، پارە بە شتە لاەوەكیەكانیش دەدەن بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان كە ماوەی چەند ساڵێكە نەیانتوانیوە بیكڕن. بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە كەلوپەلی ناوماڵ و گەشتوگوزار و شتی دیكەوە هەیە».

سوودمەندی یەكەم دەبن
پێشیوابوو، لە هەموو حاڵەتەكان بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەو پابەندبوونی هەرێم بەلابردنی پاشەكەوتی مووچە پارەیەكی زۆر دێتە ناو بازاڕەكان و پڕۆژەكان بەگڕدەخرێتەوە، بەمەش توێژی فەرمانبەران و مووچەخۆران تەنانەت كاسبكاران سوودمەندی یەكەم دەبن لەگەڵ ئەوەش هاووڵاتیان جۆرە ترسێكیان هەردەمێنێ لەوەی ئەو پارەی ئەمجارە دێتە دەستیان دەستی پێیوە بگرن، تا ئەوكاتەی بەتەواوەتی لە رەوشەكە دڵنیا دەبنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

وێستگه‌ی كارۆئاوی دوكان..

وێستگه‌ی كارۆئاوی دوكان به‌ده‌ست كه‌می فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ ده‌ناڵێنێت وێستگه‌ی كارۆئاوی دوكان ...