سەرەکی » راپۆرت » قوباد تاڵەبانی: كۆدەنگیی لە پرسە چارەنووسسازەكاندا

قوباد تاڵەبانی لە مەڵبەندی بەغدا:  گەشبینم بەگەشەكردنی باشتری حزبەكەمان

قوباد تاڵەبانی: كۆدەنگیی لە پرسە چارەنووسسازەكاندا

لەدرێژەی دیدارو كۆبوونەوەكانیدا لەبەغدا، دوێنێ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە، كۆبۆوەو باسیان لەڕەوشی سیاسی‌و ئابووری‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداو دواگۆڕانكارییەكان، كرد.
لەدیدارەكەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەرئەوەی كە هاووڵاتیانی كوردستان‌و عیراق پێویستیان بەئارامی‌و خزمەتكردن‌و خۆشگوزەرانییەو هیچ بیانوویەكیش لەبەردەم لایەنە سیاسییەكاندا نەماوە بۆ بەدینەهێنانی داواكارییەكانی هاووڵاتیان، بەتایبەت پاش تەواوبوونی شەڕی داعش. لەوڕووەشەوە، قوباد تاڵەبانی، وتی: پێویستە لایەنە سیاسییەكان تێگەیشتنیان بەرامبەر یەك باشتربێت‌و لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان كۆدەنگی دروستبكرێت‌و رێكبكەون، بۆ ئەوەی بتوانین لەئاستی داواكارییەكانی شەقام بین.
لای خۆیشییەوە، عەممار حەكیم، باسی لەڕۆڵ‌و پێگەی سەرۆك مام جەلال كرد، كە توانیبووی لەو سەردەمەی كە سەرۆك كۆمار بوو، كۆكەرەوەی لایەنە ناكۆكەكان بێت‌و كێشەكان چارەسەربكات، كە ئێستاش پێویستمان بەو رێبازە هەیە بۆ ئەوەی ئارامیی سیاسی بەدیبێنین.
لەلایەكی دیكەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كوردسات نیوز لەبەغدا رایگەیاند، دیداری رافیدەین دەرفەتێكی باش بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسەكانی بەغدا لە نزیكەوە یەكتر ببینین‌و لە بارەی رەوشی ئێستای عیراق گفتوگۆ بكەین.
لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداش، قوباد تاڵەبانی وتی: نییەتێكی باش لە نێوان هەرێم‌و بەغدا هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەکانی نێوان هەردوولا، بۆیە پەیوەندییەكانی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار بەرەو پێشەوە چووە‌و پتەوتر بوو‌و لە ئێستادا پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغدا ئاسایی بوونەتەوەو ئێمەش لەگەڵ لایەنەكاندا هەوڵی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە دەدەین.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، دەمانەوێت بۆ چارەسەری كێشەكان، دەستوور بە بنەما بگرین‌و لە رێی دەستوورەوە كێشەكان یەكلایی بكەینەوە.
لە بارەی رەوشی هەرێم‌و چاكسازییەكانی كابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی ئەوەی خستەڕوو، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا پڕۆسەی چاكسازیمان دەستپێكردووەو هەوڵی زۆرمان داوە بۆ رێكخستنەوەی حكومەتی هەرێم.
قوباد تاڵەبانی لە دیدارەكەیدا لەگەڵ كوردسات نیوز، ئاماژەی بەوەشكرد، رەوشەكە گونجاوە بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان‌و هاووڵاتیانی هەرێم خوازیاری ژیانێكی باشترن. هیواشی خواست لایەنەكان لە كۆبوونەوەكانیاندا قووڵببنەوە‌و بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووش دابڕێژن. هەروەك دەبێت كابینەی داهاتوو كار لە سەر چاكسازییەكانی كابینەی هەشت بكات‌و پەرەیان پێبدات.
سەبارەت بە حوكمڕانی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد: من دڵنیام لەوەی كە بە تەنها یەك حزب ناتوانێت حوکمڕانی هەرێم بكات‌و هەرێم بەڕێوەبەرێت.

 

قوباد تاڵەبانی لە مەڵبەندی بەغدا:  گەشبینم بەگەشەكردنی باشتری حزبەكەمان

هەردوێنێ، قوباد تاڵەبانی سەردانی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی كرد.
لەمیانی سەردانەكەیدا، قوباد تاڵەبانی، پیرۆزبایی لە پۆڵا سیروان تاڵەبانی كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك بەرپرسی نوێی مەڵبەندی بەغداو لەمیانی كۆبوونەوەیەكیشدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند، گفتوگۆیان كرد لەسەر رۆڵ‌و پێگەی یەكێتی، كە پێویستە وەك جاران هێزو توانای هەبێت لەناوچە جیاجیاكانی عیراقدا.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەبینینی كادرو ئەندامە بەتواناو دڵسۆزەكانی‌ یەکێتی لە بەغداو رایگەیاند: گەشبینم بەگەشەكردنی باشتری حزبەكەمان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كەركوك ‌و خانەقین؛ بەغدا و هەرێم دەخاتە جووڵەی بەپەلەوە

کوردستانی نوێ و یادگار عەلی: كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان ...