سەرەکی » راپۆرت » پاپا داوای ئازادی ئاینی و راگرتنی جەنگ دەکات

پاپا داوای ئازادی ئاینی و راگرتنی جەنگ دەکات

بۆیەکەمجار لە مێژوودا، رۆژی یەک شەممە 3/2 پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان سەردانی ئیماراتی کرد، ئەمەش یەکەمجارە کە پاپای ڤاتیکان سەردانی وڵاتێکی نیمچە دوورگەی عەرەبی بکات. وابڕیارە ئەم سەردانەی پاپا، سێ رۆژ بخایەنێت و لەگەڵ بەرپرسانی ئیمارات کۆبێتەوە. رۆژی دوو شەممەش بە ئامادەبونی هەزاران کەس، لە ستادیۆمی زاید مەراسیمێکی گەورەی ئایینی ساز کرد و داوای ئازادیی ئایینی و راگرتنی جەنگی لە سوریا و یەمەن و عیراق کرد. شێخی ئەزهەریش لە وتەیەکیدا، داوای لە ئامێزگرتنی مەسیحییەکانی رۆژهەڵات کرد، راشیگەیاند: مەسیحییەکان کەمینە نین بەڵكە هاوڵاتی رەسەنی ئەو وڵاتانەن کە لێی دەژین. ئەم سەردانەی پاپای ڤاتیکانیش لە میدیای عەرەبی و جیهانیشدا، کاردانەوەی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا.

یەکەم سەردان
بۆیەکمجار لە مێژوودا پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان سەردانی ئیماراتی کرد و چاوی بە بەرپرسانی حکومی کەوت و پاشانیش لە ستادیۆمی زاید مەراسیمێکی گەورەی ئایینی سازکرد و دواتریش بەشداری کۆنگرەی»مؤتمر الأخوة الإنسانية» کرد و وتارێکی گرنگی پێكشەشكرد.

یەک ملیۆن کاسۆلیکی
ئیماراتی عەرەبی تاکە وڵاتی نیمچە دوورگەیە عەرەبە کە ژمارەیەکی زۆری کاسۆلیکی تێدا دەژی و ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس. جگە لەوەش 8 کڵێسای کاسۆلیکیان لەو وڵاتە هەیە. بەشێکی زۆری ئەو کاتۆلیکانە، کرێکاری بیانین و لەو وڵاتەدا کار دەکەن.

وڵاتی هەموو ئایینەکان
لە ئێستادا ئیمارات دەیەوێت خۆی وا پیشانی جیهان بدات، کە وڵاتێکە لێبوردەیی ئایینی تێدا بەرقەرارەو کۆمەڵێک ئایینی جیاواز لەم ولاتەدا بەئاشتی دەژین، تاڕادەیەکی زۆریش لەمەدا سەرکەوتووبوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە ناوچەکە جەنگی مەزهەبیی و ئایینی بەسەریدا زاڵە، بەتایبەتی لە سوریا و یەمەن و عیراق.

ئازادی ئایینی
لە وتەیەکیدا لە ستادیۆمی زاید، پاپا فرنسیس رایگەیاند: لەناو جۆرەکانی ئازادیدا، داوای ئازادی ئایینی دەکەم» لەهەمانکاتیشدا داوای مافی هاوڵاتی بوون بۆ هەموو هاوڵاتییانی ناوچەکە کرد، بەبێ گوێدانە سەرچاوەی ئایین و مەزهەب.

راگرتنی جەنگ
لە بەشێکی تری وتەکەیدا پاپای ڤاتیکان، تیشكی خستە جەنگەکانی ناوچەکە و رایگەیاند: داواکارم لە هەموو لایەنەکان کە جەنگ لە سوریا و لیبیا و یەمەن وعیراق رابگیرێت. وتیشی: جەنگ هیچ سوودیی نییە جگە لە ماڵوێرانی نەبێت، چەکیش تەنها کوشتن بەرهەم دەهێنێت. راشیگەیاند: باهەموومان پێکەوە دژی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بوەستینەوە.

بەکارهێناننی ناوی خودا
لە درێژەی وتەکەیدا پاپای ڤاتیکان رایگەیاند: نابێت ناوی « الله» بەکاربهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی توندڕەویی و رق و کینە و ئازاردانی براکانمان. وتیشی: ئەمەش بەکارهێنانێکی زۆر خراپی ناوی « الله» یە.

مەسیحییەکان کەمینە نین
لای خۆشیەوە أحمد الطيب شێخی ئەزهەر لە وتەیەکیدا رایگەیاند: داوا لە موسڵمانانی رۆژهەڵات دەکەم، کە برا مەسیحییەکانیان لە ئامێزبگرن. وتیشی: مەسیحییەکان کەمینە نین، بەڵکە ئەوان هاوڵاتی رەسەنی ئەم وڵاتانەن و لە ئەرک و ماف دا هاوبەشن. لەهەمانکاتیشدا داوای لە موسڵمنەکانی رۆژئاوا کرد، لەناو ئەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژین، خۆیان تێکەڵ بکەن و رێز لە یاساکانیان بگرن.
جێگەی ئاماژەیە ئەم سەردانەی پاپای ڤاتیکان لەناو میدیای عەرەبی و جیهانیدا ، گرنگی زۆری پێدرا و بە گرنگییەوە وتەکانی پاپای ڤاتیکانیان بڵاوکردەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەوڵەكانی ژاپۆن بۆ نێوەندگیریی..

هەوڵەكانی ژاپۆن بۆ نێوەندگیریی لە نێوان ئێران و ئەمریكادا رەوتەكان- ...