سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » پەیوەندی عەرەبستانی سعودیـە و مەغریب بەرەو خراپی دەچێتپەڕە 17

قەتەر هۆکاری سەرەکییە

پەیوەندی عەرەبستانی سعودیـە و مەغریب بەرەو خراپی دەچێت

هەفتەی پێشوو لە تەواوی میدیای عەرەبی و تاڕادەیەک جیهانیش پانتاییەکی زۆریان بۆ خراپبوونی پەیوەندی نێوان عەرەبستانی سعودیە و مەغریب تەرخانکرد،ئاژانسی ئەسۆشیت پرێس لە راپۆرتێکیدا دەڵێت: لە ئێستادا بەهۆی بوونی کۆمەڵێک دۆسێوە، پەیوەندی ئەم دوو شانشینە زۆر خراپ بووە. هەندێک چاودێری سیاسیش پێیان وایە، هیچ کاتێک هێندەی ئەمڕۆ پەیوەندی نێوان ئەم دوو شانشینە واخراپ نەبووە. هەندێک سەرچاوەی میدیاییش هۆکاری ئەم کێشەیە بۆ قەتەر دەگەڕێننەوە، چونکە مەغریب ئامادە نەبوو پەیوەندی خۆی لەبەر خاتری سعودیە لەگەڵ ئەم میرنشینە تێکبدات. گەرچی هەندێکی تر پێیان وایە، پەیوەندی نێوان ئەم دوو شانشینە زۆر بەهێزەو ئەوەی ئەمڕۆ روو دەدات، تەنها جەنگێکی میدیایی و کاتییە.

پەیوەندییەکی مێژوویی
شانشینی مەغریب و شانشینی سعودیە ، دوو وڵاتی گەورەی عەرەبین چ لە گێتی عەرەبی و چ لە جیهانیشدا، پێگە و گرنگی خۆیان هەیە. شانشینی مەغریب زیاتر کراوەیە و کاریگەری کولتووری ئەوروپیی بەسەریدا زاڵە و تاڕادەیەکیش سیماکانی شارستانی ئەوروپی بەسەر کۆمەڵگەی مەغریبیدا دیارە، گەرچی شانشینی سعودیە ، زیاتر سیمایەکی خێڵەکیی و ئایینیی و مەزهەبیی بەسەریدا زاڵە و هزری وەهابیزم سەرچاوەی بیرکردنەوەو کۆڵەکەی سەرەکی ئەم شانشینەیە.

پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووریی و سیاسیی
بەڵام لەگەڵ ئەم جیاوازییانەشدا، لە رووی ئابووریی و سیاسییەوە، هەمیشە ئەم دوو شانشینە پەیوەندییەکی زۆر باشیان پێکەوە هەبووە. لەمەشدا پارە و پترۆڵی سعودیە رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، چونکە شانشینی مەغریب ، وڵاتێکی هەژارەو پێویستی بە باربۆ و یارمەتی سعودیە هەبووە. جگەلەوەش سەرمایەگوزاری سعودیە، لەم شانشینەدا زۆر بووە، بەتایبەتی لە کەرتی گەشتیاریی و سامانە سروشتییەکاندا. بەڵام لە ماوەی پێشوودا، چەند دۆسێیەکی سیاسی و ئابووری، ساردی خستە نێوان هەردوو شانشینەکەوە.

جەنگی یەمەن
شانشینی مەغڕیب یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە بەشداری هاوپەیمانی سعودیە لە دژی یەمەن کرد، لە رووی سەربازیی و سیاسیشەوە، پشتگیری تەواوی سعودیە‌ی کرد، بەڵام لە ماوەی پێشوودا لەزاری چەند بەرپرسێکی مەغریبییەوە رایانگەیاند، کە لەو هاپەیمانێتییە دەکشێنەوە. دوایین جار «ناصر بوريطة» وەزیری دەرەوەی مەغریب رایگەیاند: مەغریب لەو هاوپەیمانێتیە دەکشێتەوە. ئەمەش بووە مایە‌ی نیگەرانی لای سعودییەکان.

بیابانی رۆژئاوا
هۆکارێکی تری ئەم کێشەیە ، بڵاوکردنەوەی راپۆتێکی کەناڵی « العربیة» ی سعودیە بوو لە بارەی هەرێمی « بیابانی رۆژئاوا»، لەو راپۆرتەدا کەناڵەکە سووپای مەغریبی بە سووپای داگیرکاری وەسفکردووە. جێگەی ئاماژەیە کێشەی « بیابانی رۆژئاوا» لای مەغریبییەکان کێشەیەکی حەساسە و هەموو کاتێکیش ئامادەبوون لەسەر ئەم مەسەلەیە لەگەڵ ولاتانی تر پەیوەندییان بپچڕێنن. هەمیشە حکومەتی مەغریب، هەرێمی بیابانی رۆژئاوا بە مافی خۆی دەزانێت، گەرچی گەلی رەسەنی بیابانی رۆژئاوا، داوای سەربەخۆبونی هەرێمەکەیان دەکەن.

قەتەر
هۆکارێکی تری ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە هەتاوەکو ئێستا مەغریب پەیوەندی لەگەڵ قەتەر تێکنەداوە، بگرە بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکانیان لەچاو ساڵانی پێشتر باشترە، لەماوەی پێشوودا کاتێک شا محەمەدی شای مەغریب، سەردانی وڵاتانی کەنداوی کرد، سەردانی قەتەریشی کرد. ئەمەش بۆتە مایە‌ی نیگەرانی سعودییەکان، چونکە لە ئێستادا لەگەڵ ئەم میرنشینە لە کێشەیەکی گەورەدان.

نەگەیشتنی یارمەتییەکان
هۆکارێکی تری ئەم کێشیە، پەیوەندی بە لایەنی ئابوورییەوە هەیە. لەمبارەیەوە «محمد مصباح» لێکۆلەوەری سیاسی لە ئەنستیتوی مەغریبی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی بە کەناڵی دۆیتچە ڤێللەی ئەڵمانیای راگەیاند: یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کێشەیە پەیوەندی بە وەوە هەیە، هەتاوەکو ئێستا سعودیە و ئیماراتیش، ئەو یارمەتییە داراییانەی کە وابڕیار بوو بۆ مەغریبی بنێرن، نەیانناردووە. راشیگەیاند: ئەم هاوکارییە دارایانەش، بۆ ئابووری مەغریب گرنگن.

تەنها جەنگێکی کاتیی و میدیاییە
گەرچی هەندێک چاودێری سیاسیی پێیانوایە، پەیوندی نێوان ئەم دوو وڵاتە زۆر بەتینە و پێناچێت هەروا بە ئاسانی تێکبچێت، لەمبارەیەوە «مبارك آل عاتي» رۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی سعودی بە کەناڵی دۆیتچە ڤێللەی راگەیاند: پەیوندی نێوان هەردوو وڵات زۆر بەهێزە و ئەمەش تەنها کێشەیەکی کاتییە. وتیشی: دەتوانم بڵێم تەنها کێشەیەکی میدیایی و کاتییە، چونکە هەتاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لە لایەن بەرپرسانی مەغریبی و سعودیەوە لەمبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە. هەربۆیە کێشەکە هێندە گەورە نییە.

کێشەکە گەورەیە
گەرچی زۆرێک لە چاودێری سیاسی پێیان وایە، لە ماوەی پێشوودا بەتەواوەتی پەیوەندییەکانی مەغریب و سعودیە خراپ بووە، بۆ نموونە کاتێک «میر محەمەد بن سەلمان» جێنشینی شا سعودیە ویستی سەردانی مەغریب بکات، کۆشكی شانشینی مەغریب ئامادەنەبوو پێشوازی لێبکات بە بیانووی ئەوەی کە شا محەمەدی شای مەغریب سەرقاڵە. هەروەها ئەم ساڵ شا سەلمانیش ئامادە نەبوو پشووی کۆتایی ساڵی لە شاری « تەنجە» ی مەغریب بەسەربەرێت.
لەبەرئەوە زۆر چاودێری سیاسی پێیان وایە، بەمزوانە پێناچێت هەروا بە ئاسانی پەیوەندی نێوان ئەم دوو شانشینە چاک بێتەوە.

سەرچاوە: دۆیتچە ڤێللەی ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کورد بە گەرمی پێشوازیی لە ئەمریکا کرد و بە ساردیش ماڵئاوایی لێکرد

بریارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا تەواوی جیهانی تووشی سەرسامیکرد و ...