سەرەکی » مانشێت » پێشنیازێك بۆ لیژنەی هاوبەشی ئامادەكاری رەشنووسی رێكەوتننامەی سیاسیی یەكێتی و پارتی

پێشنیازێك بۆ لیژنەی هاوبەشی ئامادەكاری رەشنووسی رێكەوتننامەی سیاسیی یەكێتی و پارتی

لەتیف نێروەیی

بۆئەوەی هەڵەی جێبەجێكردنی رێكەوتننامەی ستراتیژیی نێوان یەكێتی و پارتی دووبارە نەبێتەوە، رێكەوتنەكە تەنها لەسەرەوە قەتیس نەبێت، بەڵكو لەسەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕببێتەوە و لەخواریشەوە بۆ سەرەوە پشتگیریی لە سەرخستن و جێبەجێكردنی بكرێت. گرنگە راو پێشنیاری ئۆرگان و كادرانی یەكێتی دەڤەری زەردو ئۆرگان و كادیرانی پارتی لە دەڤەری سەوز وەربگیرێت، چونكە ئەوان زامنی سەرخستن و سەرنەخستنی رێكەوتنەكەن.
هەروەها هۆكاری شۆڕنەبوونەوەی رێكەوتننامەی ستراتیژیی بۆ خوارەوە دەست نیشان بكرێت، بۆئەوەی لەم رێكەوتننامەیەدا میكانیزمێك بدۆزنەوە كە ببێتە هەوێنی ئاشتەواییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی سەرتاسەری.
یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی شۆڕنەبوونەوەی رێكەوتننامەی ستراتیژی بۆ خوارەوەو پابەند نەبوونی كادیرو ئەندامانی هەردوولا بەو رێكەوتننامەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەیەكی ستراتیژی ئەو دوو حزبە، ئەویش رێكنەكەوتنیان لەسەر بەشداریكردنی پارتی لە ئیدارە خۆجێییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و بەشداریی كردنی یەكێتی لە ئیدارە خۆجێییەكانی هەولێر و دهۆك.
لەئەنجامی بەشدارینەكردنی پارتی لە ئیدارە خۆجێییەكانی دەڤەری سەوز بەجۆرێك لەجۆرەكان پارتییەكانی دەڤەری سەوز لەماوەی چەند خولێكی حكومەتی هەرێمدا بوونەتە ئۆپۆزسیۆنی ئەو حكومەتەی كە سەرۆك وەزیرانەكەی بەرپرسێكی باڵای پارتەكەیانە، بەهەمان شێوە یەكێتییەكانی دەڤەری زەردیش كاتێ بێبەشبوون لە بەڕێوەبردنی ئیدارە خۆجێییەكانی دەڤەری زەردو ئەوانیش بوونەتە ئۆپۆزسیۆنی ئەو حكومەتەی كە جێگری سەرۆك وەزیرانەكەی كوڕی سكرتێری گشتیی حزبەكەیانە.
هەروەها میدیای پارتی لە سنووری دەڤەری سەوز شانبەشانی میدیای ئۆپۆزسیۆن درێغی ناكات لە گوشار خستنەسەر دامەزراوە حكومییەكان و رۆڵی میدیایەكی سەرسەختی ئۆپۆزسیۆن دەبینێت، لەبەرامبەردا میدیای یەكێتیش بەهەمان شێوە لە دەڤەری زەرد بەپێی توانای خۆی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینێت.
لەكاتی خۆپیشاندانەكانی سنووری دەڤەری سەوزدا بەشێك لە كادرو ئەندامانی پارتی شانبەشانی كادرو ئەندامانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەشداریی لەخۆپیشاندانەكاندا دەكەن و گوشار لەسەر دامەزراوە حكومییەكانی ئەو دەڤەرە دروست دەكەن و هەندێك جار بەهۆی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكانەوە ناسەقامگیریی ئیداری دروست دەبێت، حكومەت ناتوانێت بەرنامەی خۆی جێبەجێ بكات. لەبەرامبەردا بەهەمان شێوە بەشێك لەكادرو ئەندامانی یەكێتی لە سنووری دەڤەری زەرد بەشداریی لە خۆپیشاندانەكاندا دەكەن. بەڵگەی ئەو راستییەیە ئەگەر ئەم دوو لایەنە لەسەر ئیدارە خۆجێییەكانی سەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێم رێكنەكەون، هیچ رێكەوتنێكی سیاسی لەسەرەوە بۆ خوارەوە بەشێوەیەكی سەركەوتووانە جێبەجێ ناكرێت و تەنها لەسەرەوە قەتیس دەبێت.
لەلایەكی دیكەوە بە بەردەوامی بەشێك لە پارتی و بەشێكیش لە یەكێتی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینن و حكومەتێكی یەكگرتووی سەرتاسەریی فەراهەم نابێت، لەوكاتەدا ناتوانین رەخنە لە لایەنەكانی دیكەی كوردستان بگرین و پێشیان بڵێین قاچێكتان لەناو دەسەڵاتە و قاچەكەی دیكەتان لەناو ئۆپۆزسیۆن.
كەواتە بەشداریكردنی ئەو دوو لایەنە لەناو ئیدارە خۆجێییەكانی دەڤەری سەوزو زەرددا زامنی سەرخستنی رێكەوتننامە سیاسییەكە دەبێت و بەمەش جەماوەر و میدیای هەردوولا پشتگیریی لە رێكەوتننامەكە و سەرخستنی بەرنامە و ئەركەكانی حكومەتی هەرێم دەكەن.
بۆیە زۆر گرنگە لە رێكەوتنی ئەم جارەدا بڕگەیەكی تایبەت هەبێت بە پرسی ئیدارە خۆجێییەكان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئامادەكاریی بۆ بودجەی 2020 دەكرێت

ئامادەكاریی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2020 دەكرێت. ...