سەرەکی » دۆسێ » هەندێك لە سیاسەتمەدار: عیراق بە تەواوەتی لە داعش پاك نەكراوەتەوە

«نەینەوا و دیالە لە مەترسیدان»

هەندێك لە سیاسەتمەدار: عیراق بە تەواوەتی لە داعش پاك نەكراوەتەوە

سەركردەیەكی ئیئتیلافی نەسر كە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراقەوە سەركردایەتی دەكرێت، هۆشداریی دەدات لەبارەی گەڕانەوەی رێكخراوی داعش بۆ پارێزگای نەینەوا، بەپێویستیشی دەزانێت لەڕێی گەڕانەوەی دوورخراوەكانەوە، كەموكوڕی و كەلێنەكانی دەزگا ئەمنییەكان لە پارێزگاكەدا پڕبكرێنەوە.
جەمیلە عوبەیدی، سەكردەی ئیئتیلافی نەسر، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە»شاری موسڵ بە تەواوەتی لە شانە تیرۆریستییەكان پاكنەكراوەتەوە، لەم ماوەیەی دواییدا لە نێو شارەكە، هەندێك جموجۆڵی شانە تیرۆریستییەكان بەدیكرا».
بە گوتەی ئەو سەركردەیەی نەسر»شارەكە پێویستی بە پرۆسەی جۆری هەیە كە پشت بە هەوڵە هەواڵگرییە وردەكان ببەستێت لەپێناو دۆزینەوەی هەر چالاكییەكی ئەو شانانە بەر لەوەی كارە تیرۆریستییەكانیان ئەنجام بدەن»، تەئكیدیشی لە پێویستی كەوتنەخۆی بەپەلەی حكومەت و بەگەڕخستنی هاوڵاتیان بۆ دەستبەركردنی زانیارییە هەواڵگرییەكان كردبۆوە.

گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ نەینەوا
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 8ی شوباتی 2019، تەئكیدی لەسەر بوونی چالاكی ئەندامانی سەر بە رێكخراوی داعش كردبۆوە لە پارێزگای نەینەوا و جەختیشی لەسەر گرنگی گەڕانەوەی پێشمەرگە كردبۆوە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە پارێزگاكە.
خەلیل لە لێدوانێكی بۆ یەكێك لە ماڵپەڕە عیراقییەكان رایگەیاندبوو، پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری، چالاكی رێكخراوی داعش بەخۆوەدەبینن، و موسڵیش پێویستی بە پرۆژەیەكی هاوشێوەی ئاسایی كردنەوەی وەك پارێزگای كەركوك هەیە، كە دەبێت پێكهاتە سەربازییەكان تێیدا پاشەكشە بكەن و دۆسێی ئەمنی تەنیا لە دەستی پۆلیسی خۆجێییدا بمێنێتەوە و سوپای عیراق و پێشمەرگە لەو كارەدا پاڵپشتی لە پۆلیس بكەن.
ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت:»گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگای نەینەوا زۆر پێویستە لەپێناو كۆنترۆڵكردنی چالاكییەكانی داعش و رێگرتن لە جموجۆڵەكانی رێكخراوەكە كە رووداوی ئەمنی مەترسیدارییان لێدەكەوێتەوە».

«دۆخێكی فشەڵ لە نەینەوا»
هەر لەو بارەیەوە ئەسیل نوجێفی، سەركردە لە هاوپەیمانی قەرار پێیوایە، ئەو دۆخە فشەڵەی لە نەینەوادا هەیە، یاریدەدەرە بۆ تێپەڕبوونی هەموو ئەجێندا دەرەكییەكان، ئیتر زیانیان هەرچەند بێت، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیشدا رایگەیاندبوو»نەبوونی هۆشیاری سیاسی لای هێزە عیراقییەكان و بایەخی سەرەكییان بۆ لاوازكردنی نەیارەكانیان بەبێ‌ گوێدانە بەرەنجامەكان، وایكردووە متمانەی شەقام لە دەستبدرێت و رەوشەكە لە موسڵ هەر بە فشەڵی بمێنێتەوە».
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 7ی شوباتی 2019 رایگەیاندبوو»رێكخراوی داعش كەمتر لەسەدا 1ی لە سوریا و عیراقدا لەبەردەستدا ماوە»، ئاماژەی بە هێرش و هەڵمەتی هێزە كوردییەكانیش كردبوو لە سوریا كە «بونەتە مایەی كەكردنەوەی ئەو رووبەرانەی لەلایەن داعشەوە دەستییان بەسەرداگیرابوو».

«داعش لە دیالە چالاكی هەیە»
هەر لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا، باس لە گەڕانەوەی رێكخراوی داعش دەكات بۆ پارێزگایەكی دیالە و دەڵێت، هۆكارەكەی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكەیە.
عەدنان ئەسەدی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالیكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە:”ناكۆكی نێوان پێكهاتەكان، هۆكاری كەوتنی موسڵ و كەوتنی سەڵاحەدین و هۆكاری كەوتنی هەندێك شاریش بوو لە كەركوك”.
بە وتەی ئەسەدی:”ناكۆكی نێوان پێكهاتەكان وادەكات، بەبێ‌ چاوپۆشین پێكهاتەیەك روو لە داعش بكات، بۆیە پێویستە پێكهاتەكان كۆتایی بە ناكۆكی نێوانیان بهێنن، چونكە هەر ناكۆكییەكی سیاسی یان ئەتینی لەنێوان پێكهاتەكاندا دروست ببێت، دەبێتە مایەی سەرلەنوێ‌ گەڕانەوەی داعش”.
ئەسەدی كە لە هەمان كاتدا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە پەرلەمانی عیراق، هۆشداریی دەدات لەبارەی دۆخی پارێزگای دیالە و دەڵێت”لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوایان لە هێزە ئەمنییەكان و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كردووە، رۆڵییان هەبێت لەو بوارەدا و هەوڵە ئەمنییەكانیان چڕبكەنەوە”.
عەدنان ئەسەدی پێیوایە” لەگەڵ چڕكردنەوەی هەوڵە ئەمنییەكان، پێویستە هەوڵی عەشایەری و نیشتمانییەكانیش چڕبكرێنەوە، لەپێناو پێكهاتنەوەی نێوان عەشایەرەكان، چونكە لە ناكۆكییەكاندا جگە لە داعش و باندە تیرۆریستییەكانی تر، كەسی تر سودمەند نابێت”.
ماوەیەكە لە ناوچەكانی سەر بە پارێزگای دیالە، جموجۆڵی چەكدارانی رێكخراوی داعش بەشێوەیەكی بەرچاو دەستییان پێكردۆتەوە، لەو بارەیەشەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاماژەی بە كۆنترۆڵكردنی چوار گوندی سەر بە ناحیەی ئەبو سەیدا كرد لە پارێزگاكە، وێڕای چەند چالاكییەكی چەكداری تری رێكخراوەكە لە سنوری دیالەدا.

بۆچونێكی جیاواز
سەبارەت بە دوایین راپۆرتی (پنتاگۆن) لەبارەی دەستپێكردنەوەی چالاكییەكانی رێكخراوی داعش لە هەندێك ناوچەی عیراق و مەترسی گەڕانەوەی رێكخراوەكە بۆ موسڵ، باقر جەبر زوبەیدی وەزیری ناوخۆی پێشووتر و ئەندامی دەستەی سەركردایەتی ئەنجومەنی باڵا پێیوایە، راپۆرتەكە هەوڵێكە بۆ شەرعیەتدان بە داگیركاریی و بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق.
زوبەیدی لە 9ی شوباتی 2019، لە نوسینێكیدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) بڵاویكردبۆوە»چاومان بە راپۆرتەكەی پنتاگۆن كەوت كە ئاماژە بە گەڕانەوەی خبێرای رێكخراوی داعش دەكات بۆ عیراق».
بە گوتەی سەركردەكەی ئەنجومەنی باڵا»پیلانەكەی داعش لە ساڵی 2014، دووبارە نابێتەوە، بونی رێكخراوەكەش بریتییە لە چەند شانەیەكی بچوك كە لە چەند ناوچەیەكی سنوردار لەچوارچێوەی سێ‌ گۆشەی مەرگ (مەكحول، خانوكە، چیای حەمرین) بڵاوەیان كردووە، ئەو گروپانەش چەند مەفرەزەیەكن كە ژمارەیان لەنێوان (10-20) چەكداردان و ناوبەناو لە باشووری موسڵ و هەندێك ناوچەی ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە دەستدرێژی و پەلامار ئەنجام دەدەن، بۆیە ناكرێت هیچ چاودێر و پسپۆڕێك لە كاروباری ئەمنی و سەربازی بیرۆكەكەی (پنتاگۆن) لەبارەی ئەو بڵاوبوونەوە سنوردارە قبوڵ بكات».
باقر جەبر زوبەیدی دەڵێت»داعش لە سەرەمەرگدایە و لە سنورەكانەوە لەنێوان هەندێك گوندی ئەنبار و موسڵدا هاتووچۆ دەكات، و پاشان لە چەند ناوچەیەكی تر، بەپێی زانیارییەكانیش، ئەو گروپانە لە شێوەی (گورگە دابڕاوەكاندان) و مەترسی لەسەر سوپای نیشتمانی و پۆلیسی فیراڵی و حەشدی شەعبی و عەشایەری دروست ناكەن، لەكاێكدایە چەندان ملیۆن هەن كە ئامادەن ببنە خۆبەخش بۆ پارێزگاریی لە یەكێتی خاكی وڵات».
زبەیدی پێیوایە»ئامانج لە راپۆرتەكەی پنتاگۆن، شەرعیەتدانە بە داگیركاریی ئەمریكایی بۆ عیراق و دۆزینەوەی بیانووە بۆ بەردەوامبوون لە مانەوە لەسەر خاكی وڵات لە باكووری عیراق و عەین ئەسەد و تەنەفی سوریا و لە شورای وڵا لەگەڵ سوریا و ئەردەن و بنكەی تاجی و قەیارە و بڵاوبوونەوەیان لێرەو لەوێ‌».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سوپای سوریا ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ״بەرەی نوسرە״ كۆنترۆڵ دەكات

سوپای سوریا لە شەوی 14ی ئایاری 2019، دەستیكرد بە هێرشكردنە ...