سەرەکی » ئابووری » سیاسەتی گەشەپێدان.. بیركردنەوە بۆ داڕشتنی

سیاسەتی گەشەپێدان.. بیركردنەوە بۆ داڕشتنی

فەیسەل عەلی*

لەوتاری پێشوو پرسی سیاسەتی گەشەپێدان‌و ئاستی پێویستیی دەوڵەتانمان خستەڕوو، بۆ ئەوەی لێوەی ئەو كێشانەی لە بوارە جیاوازەكاندا هەیانە چارەسەر بكەن و هەنگاو بەرەو ئایندە هەڵبنێن.
لەو وتارە باسی زانكۆی هارڤاردمان كرد كە چۆن پێی هەڵدەستێت، كە لەم بوارەدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناودارترین‌و گرنگترین زانكۆكانی جیهانە، باسی ئەوە كرا كە هارڤارد لە ئامادەكردنی ئەم جۆرە سیاسەتانەدا میتۆدێكی خۆی هەیە، بەڵام باسی ئەو میتۆدە نەكرا.
مەبەستی ئەم وتارەی ئەمڕۆ خستنەڕووی ئەو میتۆدەو قسەكردنە لەسەر هەنگاوەكانی، بۆ هەڵێنجانی هەندێك پێدراوە لەسەر بابەتەكانی، گرنگی ئەم پرسە لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێت كە سیاسەتی گەشەپێدان‌و پەرەپێدان بۆ هەموو یەكەیەكی ستراتیجی پێویستە، هەر كەسی تاكەوە تا دەگاتە خێزان‌و دامەزراوەو دەوڵەت، رەنگە بۆ كۆی جیهانیش دروست بێت.

شەش هەنگاو لە خۆدەگرێت
میتۆدی هارڤارد لە دیزاینكردنی سیاسەتی گەشەپێدان‌و پەرەپێدان‌و كاركردن بۆ پراكتیزەكردنی شەش هەنگاوی سەرەكی لە خۆدەگرێت. هەنگاوی یەكەمی بە پێناسەكردنی Identify ئەو پرسەی بۆ گەشەپێدان خراوەتەڕوو و خستنەڕووی تەواوی حەقیقەتەكانی دەست پێدەكات.
دووەمیان بایەخ بە لێكۆڵینەوەی ئەو پرسە دەدات‌و دەستنیشانكردنی Diagnose ئەو كێشانەی رووبەڕووی دەبێتەوە. هەنگاوی سێیەمیش، باس لە دیزاینی Design سیاسەتێكی دروست بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكات‌و رێگای گەشەپێدان‌و هەنگاونان بۆ ئایندە دادەڕێژێت. پاشان هەنگاوی چوارەم دێت كە گرنگی بە پراكتیزەكردنی Implement ئەو سیاسەتە دەدات، بۆ دۆزینەوەی شێوازی گونجاوی ئەو پراكتیزەكردنەیە. هەنگاوی پێنجەمی هەوڵی ئیختباری ئەو شێوازانە دەدات‌و دواتر هەڵسەنگاندیان بۆ دەكات تا باشترینیان پیادە بكات، دوا هەنگاویش بۆ باشتركردنی ئەو سیاسەتەی بڕیاری پەیڕەوكردنی دراوە كار دەكات، لەڕێی پێداچوونەوەیەكی رەخنەگرانەی هەموو ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ ئەوەی دەرئەنجامی دروست پێشكەش بكرێت. لێرەو تیشكی زیاتر دەخەینە سەر هەریەك لەو شەش هەنگاوەی سەرەوە.

پێناسەكردنی ئەو
پرسەی جێی باسە
هەنگاوی یەكەمی تایبەت بە پێناسەكردنی ئەو پرسەی جێی باسە، بە دەروازەی مەعریفی هەموو هەنگاوەكانی تر دادەنرێت، لەبەر ئەوە دەبێ ئەو زانیارییانەی بۆ ئەم هەنگاوە بەدەست دەهێنرێن راست‌و دروست بن، هەروەها دەبێ تەواوكار و بێ كەموكورتی بن، ئەگەر هاتوو هەر كەموكورتییەكی تێدا بێت، ئەوا رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەنگاوەكانی تر دەبێت. لەبەر ئەوە لەم هەنگاوەدا دەخوازرێت، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بەم پرسە بەشداری پێبكرێن، واتە هەموو ئەوانەی لەسەر ئەرزی واقیع ئاگادار و لەم پرسەدا دەژین. هاوكات هەموو ئەو توێژەرانەی لە ئامادەكردنی ئەم سیاسەتەدا بەشدارن، بەشدارییان پێ بكرێت. هەروەها دەخوارێت ئەو زانیارییانەی بۆ ئەم مەبەستە بەدەست دەهێنرێن بەپێی ئاستی گرنگییان پۆلێن بكرێن. لەسەر بنەمای تەواوبوونی بەدەستهاتنی زانیارییەكانی ئەم هەنگاوە بەشێوەی دروست، هەنگاو بەرەو ستێپی دووەم دەنرێت.

هۆكارە دارایی‌و
ئابووری‌و كۆمەڵایەتییەكان
ئەم هەنگاوە كار بۆ خوێندنەوەی رەوشی ئەو پرسەو دەستنیشانكردنی كێشەكانی دەكات، لەم كارەشدا پشت بەو زانیاری‌و داتایانەی لە هەنگاوی یەكەمدا كۆكراونەتەوە و پۆلێن كراون. ئەم هەنگاوەدا تەنیا پێویستی بە شرۆڤەو شیكار و بیركردنەوەی توێژەران ناكات بەتەنها، بەڵكو بە بیروبۆچوونی ئەوانەی بەم پرسەشەوە پەیوەستن دەكات، ئەمە خوێندنەوەیەكی قوڵ و وردتری شیكاری هۆكارەكانی ئەو كێشانەی هەن، دەكات. لە پرسە هەمەجۆرەكانی گەشەپێدان‌و پەرەپێدان زەرورەتی لەبەرچاوگرتنی هۆكارە دارایی‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتییەكان بەدیار دەكەوێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بەو پرسەی جێی لێكۆڵێنەوەیە، هەروەها دەبێ لەسەر ئەوانەوە لە پێداویستییەكانی بكۆڵرێتەوە، لەگەڵ زەرورەتی پێدانی بەڵگە Evidence بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی لەم هەنگاوەدا پێی دەگەیت، تەوسیق بكرێت.

دیزاینكردنی سیاسەتی گەشەپێدان
دوای ئەمە هەنگاوی سێیەمی تایبەت بە دیزاینكردنی ئەو سیاسەتی گەشەپێدانەی كە دەخوازرێت دێت، ئەم هەنگاوە وێڕای دەرهاویشتەكانی دوو هەنگاوەكەی پێشوو، پێویستی بە بیركردنەوەی ورد و قوڵتری هەموو لایەنە جیاوازەكانی ئەو كێشانەی خراونەتەڕوو هەیە، بۆ ئەوەی داهێنان لە پێشكەشكردنی چارەسەری گونجاودا بكرێت، هەروەها پێداویستییەكانی بخەمڵێندرێت‌و دیزاینی ئەو سیاسەتەی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە پێویستە پراكتیزە بكرێت.
هەنگاوی چوارەم ئەو پێدراوەكانی ئەو سیاسەتەی لە هەنگاوی دیزاینكردندا دیاری كرابوو، وەردەگرێت، بۆ ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع بیخاتە بواری جێبەجێكردنەوە. دەشێ لێرەدا چەند شێواز و رێگەیەك بۆ پراكتیزەكردن هەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، دەشێ پراكتیزەكردنەكە بە هەندێك پڕۆژەی سەرەتایی رێنیشاندەر دەستپێبكات كە تەركیزی لەسەر لایەنێكی دیاریكراوی ئەو پرسە هەیە، پێش ئەوەی بەرەو لایەنەكانی تری پرسەكە بچن. هەنگاوی پێنجەم كە تایبەتە بە تێستكردن پشت بە چاودێری و پێوانەكردن لەمیانی ئەو نیشانانەی پەیوەستن بە سروشتی ئەو پرسەی خراوەتەڕوو دەبەستێت.

هەنگاوی باشتركردن
هەنگاوی شەشەم‌و كۆتایی، هەنگاوی باشتركردنە Refinement كە كار لەسەر چاوخشاندنەوە بە پێدراوەكانی هەموو هەنگاوەكانی پێشوودا دەگێڕێتەوە، خاڵە نەرێنی‌و خەوشەكانی دیاری دەكات و كار بۆ چارەسەركردنیان دەكات. لەپێناوی باشتركردنی بەردەوامی ئەو سیاسەتەی دەرئەنجامی هەنگاوەكانی پێشووی دیزاین كراوەو خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم هەنگاوە بەشێوەیەكی دەوری هەنگاوەكانی پێشوو دووبارە دەكاتەوە. ئەم كارە لەگەڵ بابەتەكانی گەشەپێدان‌و پەرەپێداندا كە بە بەردەوامی هۆكاری نوێ دێتەپێش دەگونجێت، بەجۆرێك دەكرێ بەهۆی دووبارەكردنەوەی ئەو هەنگاوانە ئەو هۆكارە نوێیانە ئیستیعاب بكرێن‌و پێداویستییەكانیان دابین بكرێن.
میتۆدی ئەو شەش هەنگاوی باسكران‌و پرسی دووبارەكردنەوەی دەورییان، یەك لە داهێنانەكانی هارڤارد نییە، لەبواری داڕشتنی سیاسەتەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی گەشەپێدان‌و پەرەپێدانی بوارە جیاوازەكان. بەڵكو میتۆدی تریش هەن كە هەنگاوی نزیك لەم هەنگاوانەی هارڤاردیان، هەیە، نمونەی میتۆدی شەش رەهەند Six Sigma بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی ئیداری، كە ئەم میتۆدە پێنج هەنگاوی سەرەكی لەخۆدەگرێت، ئەوانیش، پێناسەی Define رەوشی ئێستا، هەڵسەنگاندنی Measure لە میانی پێوانە گونجاوەكان، شیكاری Analyze پێدراوەكانی و دواتریش باشتركردنی Improve، دوای ئەویش كاراكردنی ئەو باشتركردنە لەڕێی كۆنتڕۆڵكردنییەوە Control، سەرباری ئەوانەش بەشێوەیەكی دەوری پراكتیزەكردنەكە دووبارە دەكرێنەوە.

بیركردنەوە بەرەو داهێنان
لەوەی سەرەوە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، كە میتۆدی هارڤارد لە دیزاینكردنی سیاسەتەكان‌و بەردەوام پەرەپێدانی، هەروەها میتۆدی شەش رەهەند لە پەرەپێدانی بەردەوامی ئیدارییدا، میتۆدە هاوشێوەكانی تریش، لەسەر بنەمای بیركردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی لۆجیكی دامەزراوە، هەر هەنگاوێكی پشت بە هەنگاوی پێش خۆی دەبەستێت‌و رێخۆشكاری هەنگاوی دوای خۆیەتی، لە زنجیرەیەكی بەردەوامدا دەبێت‌و لەدووبارە كردنەوەی دەورییدا گۆڕانكاری و پێدراوە نوێیەكان لەخۆدەگرێت. دەشێ لێرەدا پێویست بكات ئاماژە بكرێت بۆ ئەوەی كە بیركردنەوەی لەچوارچیوەی ئەم هەنگاوانەدا وەك دەستنیشانكردن‌و شیكاری‌و دیزاین، مەرج نییە بەدوای یەكدا بێن، بەڵكو دەكرێ دەستپێكی لایەنە جیاوازەكانی ئەو پرسە بێت كە دەخرێتەڕوو، بۆ ئەوەی چارەسەر و سیاسەتێكی داهێنەرانە پێشكەش بكات. بەو جۆرە بیركردنەوە لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەدا بەدوای یەكدا دێن.
بەو جۆرە دەردەكەوێ كە بیركردنەوەی زنجیرەیی بەدوای یەك، لە هەموو هەنگاوەكانی داڕشتنی سیاسەتەكانی گەشەپێدان‌و پەرەپێداندا هەیە، بیركردنەوە بەرەو داهێنان لەناواخنی هەندێك لەو هەنگاوانەدا هەیە. ئەگەر لەم بوارەدا لە یەكە ستراتیجییە بەیەكەوە گرێدراوەكان بڕوانین، وەك ئەوانەی یەك ئیدارەی هاوبەشیان هەیە، یان ئەوانەی لە یەك بواردا كار دەكەن، بە گونجاو دەزانریت لەداڕشتنی سیاسەتەكانی گەشەپێداندا یەك میتۆدی یەكگرتوو پەیڕەو بكەن، یان دەشێ لە بیركردنەوە داهێنەرەكانیاندا هاوبەشی بكەن، چونكە ئەوە دەبێتە هۆكاری كاراكردنی تواناكانیان لەسەر بەردەوامیدان‌و هاوكاری كردنی یەكتری‌و گۆرینەوەی شارەزایی تا وەك باشترین ئەنجام بەدەست بهێنرێت.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

زیاتر لە ملیارێك دینار بۆ كەسوكاری شەهیدانی سلێمانی خەرجكراوە

ئا: سامان فەریق لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2019دا نزیكەی ...