سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » دوێنێ بەسرە، ئەمڕۆش موسڵ فیدراڵی دەوێت

دوێنێ بەسرە، ئەمڕۆش موسڵ فیدراڵی دەوێت

پشتگوێخستن‌و پەراوێزخستنی پارێزگانی عیراق لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە، خەڵك‌و لایەنە سیاسییەكانی ئەو پارێزگایانەی نیگەران كردووە‌و تادێت دەنگی ناڕەزایی بەرزدەبێتەوە‌و كار گەیشتۆتە ئەوەی داوای بە هەرێمبوونی پارێزگاكانیان بكەن، چونكە ئەوە بە تەنیا رێگە دەزانن بۆ چارەسەری كێشەكانیان.

هەوڵەكانیان خستۆتەگەڕ
ئەوەتا دوای هەفتەیەك لە هەوڵی پارێزگای بەسرە بۆ بە هەرێمكردنی پارێزگاكە، لایەنە جەماوەری‌و سیاسییەكانی موسڵیش هەوڵەكانیان خستۆتەگەڕ بۆ پێكهێنانی هەرێمێكی فیدراڵی‌و ناڕازین بەرامبەر ئەو كۆت‌و بەندە توندانەی حكومەتی فیدراڵ لەڕێی تەرخانكردنی بودجەی كەم‌و پەراوێزخستنی دۆسێكانی ئاوەدانكردنەوە‌و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان، بەسەر ئەو پارێزگایەدا سەپاندوویەتی.
ئەم هەوڵەی موسڵ دوای گوشاری جەماوەریی دێت لەسەر لایەنە سیاسییەكانی ئەو پارێزگایەو بەوهۆیەوە داواكارییەكەیان ئامادەكردووە‌و بڕیارە بەشێوەیەكی رەسمیی پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی بكەن، بۆئەوەی رێوشوێنی لەو بارەیەوە بگرێتەبەر.

دەنگی گەل یەكلاكەرەوەیە
بەرپرسێكی حكومەتی خۆجێیی پارێزگاكە بە سایتی (العربی الجدید)ی راگەیاندووە: مامۆستایانی زانكۆ‌و كەسایەتی‌و سەرۆك هۆزەكانی موسڵ، ناڕازین لە دەست بەسەرداگرتنی مافەكانیان لەلایەن بەغداوە، وتیشی: لایەنە سیاسییەكان لە حكومەتی خۆجێی پارێزگاكە، پشتیوانی ئەو هەوڵە دەكەن‌و دەستیانكردووە بەكۆكردنەوەی ئیمزاو بڕیارە لەماوەی هەفتەیەكیشدا داواكارییەكە پێشكەش بكرێت.
روونیشیكردەوە: هۆكاری هەوڵەكانی بەهەرێمكردنی موسڵ، دەگەڕێتەوە بۆ تەرخانكردنی بڕێكی زۆر كەمی بودجە بۆ پارێزگاكە‌و پشتگوێخستنی ئاوەدانكردنەوە‌و نۆژەنكردنەوەی ناوچەكانیەتی، كە بەهۆی شەڕ‌و پێكدادانەكانەوە وێرانبوون. وتیشی: داواكارییەكە بە دوو ئاراستەدا دەڕوات، یاسایی‌و جەماوەریی. دەنگی گەل بۆ داواكارییەكە یەكلاكەرەوەیە، چونكە دەبێت راپرسییەكی جەماوەریی بكرێت بۆ پەسەندكردن یان رەتكردنەوەی بەهەرێمبوون.
پاكێجێك بۆ پێكهێنانی هەرێمێك
لای خۆیەوە ئەیمەن حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی (ئیسڵاح) لە پارێزگاكە بەسایتی (العربی الجدید)ی راگەیاند: داواكاریی جەماوەر‌و رۆشنبیران‌و كەسایەتییەكانمان كردۆتە پاكێجێك بۆ پێكهێنانی هەرێمێك، چونكە ژیان لە موسڵ ناگوزەرێ‌و زۆربەی ناوچەكانی بۆ نیشتەجێبوون دەستنادەن. وتیشی: حكومەتی فیدراڵ نەك هەنگاوی بەرەو ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكە نەناوە، تەنانەت هەنگاوی بەرەو كۆكردنەوەی داروپەردووەكەشی نەناوە، بەوهۆیەشەوە ژیان لە زۆربەی ناوچەكانیدا زۆر سەختە. هەروەها رەوشی ئەمنیی بەشێوەیەكی مەترسیدار پاشەكشەی كردووە، بۆیە هەنگاونان بەرەو بەهەرێمبوون بۆتە تاكە چارەسەری تەنگژەكانی پارێزگاكە، لەبەرئەوەی بەغدا ناتوانێت دۆسێكانی پارێزگاكە بەڕێوە ببات، چونكە هەست بە چەرمەسەرییەكانی ناكات.
روونیشیكردۆتەوە: زۆربەی پەرلەمانتار‌و ئەندامانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ هەنگاوی بەهەرێمبوونن، كە فۆرمێكی یاسایی هەیە تا دۆسێكە رەوتی ئاسایی خۆی وەربگرێت.

دەمانەوێت مافەكانمان بەدەستبهێنین
هەر لەو بارەیەوە، شێخ بورهان شممەری یەكێك لە سەرۆك هۆزەكانی پارێزگاكە بە سایتی (العربی الجدید)ی راگەیاند: پشتیوانی لە هەوڵەكانی پێكهێنانی هەرێم دەكەین، چونكە دەمانەوێت مافەكانمان بەدەسبهێنین. وتیشی: مانەوەی موسڵ لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەنددا، ئومێدی ژیانێكی ئارام ناهێڵێت‌و هەزاران خێزانی پارێزگاكە هەر لە ئاوارەییدا دەمێننەوە. چونكە حكومەت هەستی بە نەهامەتییەكانمان نەكردوووە‌و هەستیشی پێناكات، ئەوەش وایكردووە بەو ئاراستەیەدا هەنگاو بنێین.
بەپێی دەستووری عیراقی، پارێزگایەك یان چەند پارێزگایەك ئازادن لەوەی داواكاریی بەهەرێمبوون بەرزبكەنەوە، بەڵام دوای ئەنجامدانی راپرسییەكی جەماوەریی لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە‌و پێویستە زیاتر لە نیوەی بەشداربووانی راپرسییەكە پەسەندی بكەن، بۆئەوەی هاوشێوەوی هەرێمی كوردستان ئیدارەی خۆی بدات.

سایتی العربی الجدید

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەرژەوەندییەكان لە گەروی هورمز وڵاتان كۆدەكاتەوە

دوای پەلاماردانی كەشتییەكی نەوتهەڵگری سعودیە ‌و كەشتییەكی بارهەڵگری ئیماراتی ‌و ...