سەرەکی » دۆسێ » میسر و رۆژهەڵاتی ناڤین لە دیدی ئەنوەر ساداتەوە

خوێندنەوەیەک بۆ بیرەوەرییەکانی سادات

میسر و رۆژهەڵاتی ناڤین لە دیدی ئەنوەر ساداتەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

میسر لەدێر زەمانەوە خاوەنی شارستانییەتێکی گەورەبووە، جگە لە بوونی شوێنێکی ستراتیژی گرنگ لە ناوچەکە ، کە هەر دوو کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا بەیەکەوە دەبەستێتەوەو دەکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاستیش، کە شوێنی بەیەکگەیشتنی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بووە. لەرووی ژمارەی دانیشتوانیشەوە، هەمیشە لەچاو دەوڵەتانی تری ناوچەکە، ژمارەی دانیشتوانی زۆرتربووە. هەرئەمەش وایکردووە کەلە مێژووی سیاسی ناوچەکە وجیهانیشدا، شوێنی خۆی هەبێت.
دیارە میسری سەردەمی فیرعەونی تەواو جیاوازە لەمیسری سەردەمی ئیسلامیی و خەلافەتی ئەیبوبیی و عوسمانی، بەهەمانشێوەش میسری سەدەی بیستەم بەتایبەتی میسری جەمال عەبدولناسر، تەواو جیاوازە لەمیسری ئەمڕۆ، لێ هەمووکاتێک ئەم وڵاتە رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە رووداوەکانی ناوچەکەو تارادەیەکیش کاریگەری بەسەر ئێمەی کوردەوە هەبووە. هەربۆیە گرنگە ئێمەی کورد، ئاگاداری رووداوەکانی ئەم وڵاتە گرنگەی رۆژهەڵات بین.
ئەنوەر سادات یەکێکە لەسەرکردە دیارەکانی میسر و گێتی عەرەبی بوو، ئەو لەپاش جەمال عەبدولناسر سەرۆکایەتی میسری گرتە دەست،بەدڵنییایەوە میسری سەردەمی ئەنوەر سادات، تەواو جیاوازە لەمیسری ناسر. هیچ سەرکردەیەکی عەرەبیش لەجیهاندا هێندەی ئەنوەر سادات قسەوباسی لەبارەوە نەکراوە، سیاسەتەکانی هەمیشە مایەی مشتومڕی گەورەبووە لەجیهانی عەرەبیدا، هەتاوەکو ئێستاش لەناو گێتی عەرەبیدا لەبارەی ئەم سەرکردەی میسرەوە دوو بەرەی دژ بەیەک هەیە.
خەڵکانێک بە سەرکردەیەکی خیانەتکاری دادەنێن، چونکە پشتی لەتەواوی گێتی عەرەب کردو بەتەنها چوو لەگەڵ ئیسرائیل رێکەوتنی کرد،لەکاتێکدا هەموو وڵاتە عەرەبییەکان لەجەنگی ئۆکتۆبەر و پێشتریش، یارمەتی میسریان دا. هەربۆیە بەکەسێکی خیانەتکار و هەلپەرست وەسفدەکرێت.
گەرچی بەرەی دووەم سادات بە سەرکردەیەکی مەزن و بە پاڵەوانی ئاشتی و جەنگی دادەنێن، چونکە لەسەردەمی ئەودابوو، کە بۆیەکەمجار سووپای عەرەبی بتوانێت سەرکەوتنێکی چکۆلانە لەجەنگی ئۆکتۆبەردا بەسەر ئیسرائیل تۆماربکات، هەرچەندە دواتر ئیسرائیل توانی خۆی لە شکست رزگاربکات. لەلایەکی تریشەوە سادات یەکەمین سەرۆکی عەرەب بوو کە ئازایەتی ئەوەی تێدابوو، لەبەرخاتری ئاشتیی و سەلامەتی خاکو هاوڵاتییانی ، بچێت سەردانی ئیسرائیل بکات و دەرگای ئاشتی بکاتەوە ، ئەو لەپێش سەرکردەکانی تری عەرەبەوە لەو راستییە گەیشتووە، کەدەبێت عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل دابنیشن و دان بە بوونی گەلی جوولەکەدا بنێن بەڵام سەرکردە عەرەبەکانی تر دوای چەندین ساڵی تر، ئینجا گەیشتوونەتە ئەو راستییە و ئەوانیش بەناچاری لەگەڵ ئیسرائیل دانیشتن لەپێش هەمووشیانەوە فەلەستینییەکان.
سادات یەکەمین سەرکردەی عەرەب بووە کە لە رۆژئاوادا رێزی گەورەی لێگیراوەو لەکۆتایشدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت، کە هەتاوەکو ئێستا هیچ سەرکردەیەکی تری عەرەبی ئەو خەڵاتەی وەرنەگرتووە.
لەماوەی پێشوودا هاورێی هێژام کاک ژینۆ عەبدوڵلا کتێبی « البحث عن الذات، قصه‌ حیاتی» بۆ هێنام ، کە بریتییە لە یادەوەرییەکانی ئەنوەر سادات، ئەم کتێبە سادات لە ساڵی 1978 دا ، کە هێشتا لەحوکمدا بووە نووسیویەتی، تێیدا بەشێکی زۆری ووردەکارییەکانی ژیانی تایبەتی خۆیی و میسرو ناوچەکەی خستۆرتە روو.
جێگەی ئاماژەیە ئەم کتێبە بۆ 13 زمانی جیهان وەرگێراوە، جگەلەوەش لەکاتی خۆیدا پێش ئەوەی چاپبکرێت، لە کۆمەڵێک رۆژنامەو گۆڤاری جیهانیدا بڵاوکراوەتەوە لەوانە : گۆڤاری تایمی ئەمریکا و گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانیا، هەروەها رۆژنامەی پاری ماچی فەرەنسا و لەریپۆبلیکای ئیتالیا و ئۆبزڤێرتی بەریتانیا. ئەمەش گوزارشت لە گرنگی ئەم کتێبە دەکات، دەنا ئەو رۆژنامەو گۆڤارە جیهانییانە، شتێکی زۆر گرنگ نەبێت، هەروا بەئاسانی ناهێڵن بڵاوبێتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ، داهاتی ئەم کتێبەش بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندی « میت ئەبو ئەلکوم» گوندەکەی سادات، تەرخان کراوە.
من لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند دێرێک لەبارەی ئەم کتێبەوە بنووسم وسەرنج و بۆچوونەکانی خۆم بخەمە ڕوو.

کوڕێکی هەژاری لادێی
بەپێچەوانەی زۆرێک لە سیاسەتمەدارەکانی رۆژهەڵات و وڵاتی خۆشمان، ئەنوەر سادات بەوپەڕی راستگۆییەوە باس لەژیانی منداڵی خۆیی و خێزانەکەی دەکات و بە شانازیشەوە دەڵێت:
– من کوڕێکی هەژاری جووتیار بووم، کە لە گوندێکی چکۆلانەی سەر رووباری نیل دەژیاین.
دواتریش بەووردی باسی ژیانی هەژاریی و نەبوونی خۆیان لەگوندی « ئەبو کوم» دەکات، کەچۆن ئەم گوندە لە هەموو خزمەتگوزارییەکی شارستانییەوە دووربووە. لێ ئەم کوڕە هەژارە گوندییە، هەر لەمنداڵییەوە خەون بە پاڵەوانە گەورەکان دەبینێت کە کەلە گوندەکەیاندا باس لە حکایەتی ئازایەتی ئەو کەسانە دەکەن کەدژی داگیرکەری بەریتانیا جەنگاون و ئەمەش دەچێتە ناو مێشكی ئەم منداڵەوەو خەونی ئازادی تێیدا دەچێنێت.

سادات و سینەما
دواتریش سادات باسی خۆی دەکات کەچۆن رووبەروی ئەو گۆڕانکارییە شارستانیانە بووەتەوە کە کاتێک ماڵیان بۆ شاری قاهیرە گواستراوەتەوە، بۆنموونە باسی یەکەمجار دەکات کە چۆتە سینەماو دەڵێت: کاتێک یەکەمجار چوومە سینەما، فیلمێک بوو کە شەمەندەفەرەکە لە شاشەکەوە وا دەهاتەبەرچاوم دێتە دەرەوە، منیش یەکسەر دەستم بەچاومەوە گرت و رامکردە دەرەوەو هاوارم کرد، فریام کەون، وامدەزانی شەمەندەفەرەکە بۆم دێت.
سادات بەوپەڕی راستگۆییەوە باسی ژیانی گوندی خۆی دەکات و نەهاتووە خۆی بەکەسێکی شارستانی دابنێت.

خەون بە سەرۆکایەتی وڵاتەوە
لەکاتی باسکردنی منداڵیدا دەڵێت:
– کاتێک کە خۆم و هاوڕێ خوێندکارەکانم بەلای کۆشکی « القبه‌» دا دەرۆیشتن، کەیەکێک بوو لە کۆشکەکانی مەلیک فوئاد، بەترسێکی زۆرەوە دەچووین بەری دارەکانمان لەدەرەوە لێدەکردەوە ، هیچ کاتێک لەو باوەڕەدا نەبووم کە رۆژێک لە رۆژان، خۆم وهاورێکانم بێینە ئەم کۆشکەو حوکمی میسر بگرینە دەست. بەواتایەکی تر لای سادات و زۆرێکیش لە میسرییەکان، رووخانی مەلیک خەون بووە.

بەشداری لەکاری سیخووری و تیرۆریستی
خاڵێکی گرنگی تر کە لەم کتێبەدا مایەی سەرنجم بوو، سادات بەوپەڕی راستگۆییەوە باسی مێژووی خۆی دەکات بەتایبەتی پێش کودەتای ساڵی 1952 . دیارە من پێشتر فیلمی « سادات» م دیبوو، تێیدا باسی ژیانی ساداتی تێدایە پێش کودەتای 1952 ، لەوێندەر باسی پەیوەندی سادات لەگەڵ ئەڵمانیا دەکات، بەڵام لەم کتێبەیدا بە ووردی باسی ئەو پەیوەندییە نهێنییەی لەگەڵ سیخورانی ئەڵمانیا دەکات، کە بە بۆچوونی ئەو تەنها بۆ رزگاریکردنی میسربووە لە چنگی کۆڵۆنیالیستی بەریتانیا. بەڵام دواتر لەلایەن پۆلیسی نهێنی میسریەوە دەگیریت و زیندانی دەکرێت.

بەشداری لەکاری تیرۆریستی
پاش ماوەیەک کە لە زیندان رادەکات و دواتر ئازاد دەبێت، دیسانەوە سادات تێکەڵی ژیانی سیاسی ئەوکاتی میسر دەبێت. ئەمجارە لەگەڵ کۆمەڵێک لاوی میسری بەشداری کوشتنی سیاسەتمەداری ناسراوی میسری « ئەمین عوسمان» دەکات، هەرئەمەش وادەکات کە دووبارە لەلایەن پۆلیسەوە بگیرێت . لەم شوێنەدا سادات باسی ژیانی میسری پێش کودەتای ساڵی 1952 دەکات، کەچۆن تیرۆری سیاسی بۆتە بەشێک لەژیانی سیاسی ئەوکاتەی میسر، کە ساداتیش خۆی لەو کارانەدا بەشداربووە.
سادات و ئیخوان موسلمین
پەیوەندی نێوان سادات و ئیخوان موسلمین یەکێکە لە خاڵە شاراوەو پر ئاڵۆزەکانی ژیانی سیاسی و تایبەتی سادات. هەمیشەش مایەی رەخنە لێگرتن بووە. لەم کتێبەیەدا سادات هەندێک لەو پەیوەندییە نهێنییە باس دەکات. سەرەتای ناسینی ئیخوان موسلمین و حەسەن بەنای رابەری بزووتنەوەکە دەخاتە روو، سادات ناشی شارێتەوە، کە زۆر بە حەسەن بەنا سەرسام بووە.

سادات دەڵێت:
– سەرەتای ناسینم بە ئیخوان موسلمین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1940 کاتێک لە فەوجەکەماندا، هەندێک ئیخوانی تێدابوو، یەکێکیان هاتە لام لەپەنا گوێمدا ووتی: بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێخەمبەرەوە، پیاوێکی ئایینی دەیەوێت هەندێک قسەمان بۆ بکات و ووتاری ئایینی بە سەربازەکان پێشکەش بکات، منیش کاتێک زانیم شیخ حەسەن بەنایە خۆشحاڵ بووم و ڕازی بوووم.

دواتریش دەڵێت:
– زۆر سەرسام بووم پێی پیاوێکی خاکیی و رووخۆش و لەسەرخۆ بوو، زۆر حەزم دەکرد گوێی بۆ بگرم. هەرئەمەش وایکرد کەبەشداری جەلسەکانی مورشیدی ئیخوان بکەم، کە رۆژانی سێ شەممان لە بنکەی سەرەکی ئیخوان موسلمین پێشکەشی دەکرد.ل33
واتە خۆی دانی پێدا دەنێت کە بەشداری دانیشتنە تایبەتییەکانی حەسەن بەنا بووە. بەڵام دەڵێت:
– من یەکەمجار وامزانی کە گرووپێکی ئایینییە، بەڵام دواتر بۆمدەرکەوت کە گروپێکی سیاسیین و خەریکی خۆرێکخستنن بەتایبەتی لەناو سوپاشدا خەریکی خۆرێکخستن و راکێشانی سەرباز و ئەفسەرەکانی سوپان. لەپاش ئەمە ووردە ووردە وازی لێهێناوە. ل 35

مانگانە 10 جنیەی مسیری لە ئیخوان وەرگرتووە
دواتر هەرخۆی دەڵێت:
– کاتێک ساڵی 1954 زیندانیکراوەو وەزعی زۆر خراپبووە بەتایبەتی ماڵی خۆیان، لەوکاتەدا مانگانە 10 جنیەی میسری لەلایەن حەسەن بەنا رابەری ئیخوان موسلمین بۆ بنەماڵەکەی بڕاوەتەوە. هەرچەندە بەڕوونی باسی ناکات بۆچی ئەم پارەیان بۆ بڕاوەتوە؟ ئایا گەر ئەندام و دۆستی ئەوان نەبووە، چۆن دەکرێت ئیخوان کارێکی وابکەن.؟!

سادات و حکومی ناسر
خاڵێکی گرنگی تری ئەم کتێبە، دەرخستنی بۆچونی ساداتە لەسەر ناسر. دیارە سادات یەکێک بووە لە هاوڕێ نزیکەکانی پێشەوای ناسراوی میسری جەمال عەبدولناسر، کەماوەیەکی زۆر لەناوگێتی عەرەبدا، ئەستێرەیەکی بەرچاوبوو، ئەوەی من هەستم پێکرد، هێشتا لەوکاتەشدا بەدوو دڵیەوە و بەشەرمەوە رەخنە لە ناسر دەگرێت،چونکە هێشتا ناسر هەواداری زۆری لەناو میسرو گێتی عەرەبدا هەبووە. ئەمە لەکاتێکدا ئەندێشەی سیاسی سادات، تەواو پێچەوانەی ناسر بووە.

سادات دەڵێت:
– من میراتییەکی ئئیجگار قوورسم لە ناسر وەرگرت. لەلایەک جەنگی ئیسرائیل و داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی میسر، لەلایەکەی تر ئابووریەکی وێران و پێڕەوکردنی ئابووری جەنگ.
لەهەمووشی خراپتر بەلای ساداتەوە، ئەو رژێمە تۆقێنەرەبووە کە ناسر بەسەر گەلی میسردا سەپاندوویەتی. سادات دەڵێت» منداڵ سیخووری بەسەر باوک و بنەماڵەکەیانییەوە دەکرد و هیچ باوەڕ بەخۆبوونێک لەناو تاکی میسریدا نەمابوو ئەمەش وەکو رژێمە فاشیستەکانی ئەوروپا وابوو.
دەشڵێت: گەورەترین هەڵە کە کردبێتمان بەرامبەر بە بەمافی تاکی میسری ئەوەبو، کەئێمە ترسمان لەناخی تاکی میسریدا چاند، لەجیاتی ئەوەی تاکی میسری دروست بکەین، هەموو ئەرکمان ئەوەبوو کە ترس لەناخی تاکی میسریدا بچێنین ، ترسیش گەورەترین هەڕەشەیە کەدەبێتە هۆی لەناوبردنی کەسێک یان گەلێک ل289

ناسر خۆی دەوڵەت بوو
دواتر سادات رەخنەکانی لەناسر توندتر دەکاتەوەو دەڵێت:
لەسەردەمی ناسردا هیچ گوێ و کار بۆ وەزارەتی دەرەوە نەدەکراو هیچ سیاسەتێکی دیراسەکراو نەبوو ، تەنها سەرۆک هەبوو، هەموو بڕیارەکانیش لەوەوە دەردەچوون ، هەموو بڕیارەکانیشی لەسەر بنەمای عاتیفەو هەڵچوون دەردەکرد. ل 289
لەمبارەیەوە باس لە دوو رووداو دەکات ، یەکێکیان لەساڵی 1964 کاتێک یەکێک لە راوێژکارەکانی باس لەوە دەکات، کە باڵیۆزی ئەمریکا لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەپرسێکی وەزارەتی دەرەوی میسر باسیان لە یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ میسر بەشێوەیەکی سووکایەتی پێکردن کردووە، ئەمەش دەبێتە مایەی تووڕەبوونی ناسرو لەکاتی ووتار داندا لەبەردەم جەماوەردا دەڵێت: با ئەمریکا بچێت ئاوەی دەریا بخواتەوە. جگەلەوەش چەندین قسەی ناشرین و جنێوی بە ئەمریکا دا. دواتر باڵیۆزی ئەمریکا ناڕەزایی دەردەبرێت، چونکە ئەو دەڵێت قسەی وای نەکردووە، بەڵام ناسر بەبێ ئەوەی هیچ لێکۆڵینەوەیەک بکات، بڕیار دەدات. دواتریش داوا لە سادات و وەزیری دەرەوەی میسر دەکات کە هەوڵی باشکردنەوەی ئەو هەڵەیە بددەن.
رووداوێکی تریش پەیوەندی بەشای ئێرانەوە هەیە، کە تێیدا هەندێک لەراوێژکارەکانی باس چەند قسەیەک دەکەن، کە گوایە شای ئێران بەناسر و میسری گووتوە، ناسریش لە کاتی وتاردانی لەناو ئاپۆرەی جەماوەریدا رایگەیاند: میسر هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دەپچڕێنێت، دواتریش دەردەکەوێت کە شا قسەی وای نەکردووە. دووبارە ناسر داوا لە سادات دەکات، هەوڵبدات پەیوەندییەکان باشبکاتەوەو عوزرخوایی بۆ شا بهێننەوە. ل291

وێرانکردنی ئابووری
خاڵێکی تر کە سادات بەتووندی رەخنەی لێدەگرێت پەیوندی بەسیاسەتی ئابووری ناسرەوە هەیە،بەتایبەتی پێڕەوکردنی سیستەمی سۆسیالیستی و لەناوبردن و دەستگرتن بەسەر کەرتی تایبەتی میسریدا، گەورەترین زەربەی لەئابووری میسر داوە، کە کاریگەری بۆنەوەکانی د اهاتوش بەجێهێشتووە. ل 294

کودەتا یان شۆڕشی 1952
کودەتاکەی ساڵی 1952 کە کۆتایی هێنا بە رژێمی پاشایەتی لە میسر، خاڵێکی گرنگە لەمێژووی میسر و ناوچەکە، لێرەوە ئیتر میسر هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێ دەنێت میسری سەردەمی ناسر تەواو جیاواز دەبێت لەمیسری سەردەمی شانشینی. ساداتیش بەشێکی گرنگی لە کتێبەکەی بۆ ئەم قۆناغە داناوەو ووردەکارییەکان و چۆنێتی دروستبوونی کۆمەڵەی «ئەفسەرانی ئازاد» و دواتریش کودەتاکە بە روونی باسکردووە.

رەخنە لەخۆگرتن
سادات یەکەم ئەندامی کۆمەڵەی « ئەفسەرانی ئازادە» کەبەشێوەیەکی رەخنەگرانە سەیری کودەتاکەی ساڵی 1952 دەکات، بەپێچەوانەی هەڤاڵەکانی تریەوە کەکەسیان بۆچوونێکی رەخنگرانەیان لەبارەی ئەو کودەتایەوە نەبووە.
سادات لەمبارەیەوە دەڵێت:
– ئەوەی کەدوایی بۆمان دەرکەوت ئەوەبوو،ئێمە خۆمان باش بۆ شۆڕش ئامادەنەکردبوو، پێشتر هیچ ئامادەسازیی و نەخشەیەک نەبوو بۆ دەسەڵات حوکمڕانی وڵات. ئێمە هەموو ئامانجمان ئەوەبوو، کە وڵات لە پارتە سیاسییە گەندەڵەکان پاکبکەینەوەو تیمێکی نوێ لە سیاسەتمەدارەکان، حوکمی وڵات بگرنە دەست.
دەشڵێت:
– ئێمە لەسەرەتادا هیچ ئامانجمان نەبوو، خۆمان دەسەڵات بگرینە دەست و ببینە وەزیر، بگرە دەمانویست وڵات تەسلیمی خەڵکی مەدەنی بکەین و خۆشمان لە دوورە چاودێری حوکم بکەین، بەڵام دواتر پێچەوانە دەرچوو، خۆمان چووینە دەسەڵات و بووینە وەزیر. ل161-162

سادات و یەکێتی سۆڤیت
ئەوەی لەم کتێبەدا بۆم دەرکەت ئەوەیە، کە سادات بەڕق و کینەیەکی زۆرەوە سەیری یەکێتی سۆڤێت دەکات و هیچ کاتێکیش لە کتێبەکەیدا دانی خێریان پێدا ناهێنێت، ئەمە لەکاتێکدا میسر یەکێک بوو لەو دەوڵەتانەی کە زۆرترین یارمەتی سەربازیی و ئابووری وتەنکیکی لە یەکێتی سۆڤیت وەرگرتووە، تەنها ئەوەندە بەسە کە یەکێتی سۆڤێت، گەورەترین بەنداوی بۆ میسر دروستکرد، ئەمەش لەکاتێکدا ئەمریکا ئامادەنەبووە، یارمەتییان بدات. جگەلەوەش یەکێتی سۆڤێت لەرووی سیاسیی و سەربازیی و دیپلۆماتییەوە زۆر پشتگیری میسری کرد، بەڵام لەم کتێبەدا سادات هێرشی توند دەکاتە سەر سیاسەتی یەکێتی سۆڤێت و بە نیفاق و دووڕویی وەسفیان دەکات.

سادات و ئەمریکا
بەپێچەوانەی یەکێتی سۆڤێتەوە سادات زۆر بە پۆزەتیفی باسی ئەمەریکا دەکات، لەزۆربەی قۆناغە گرنگەکانی مێژووی مسیریشدا بەباشی وەسفیان دەکات جگە لە جەنگی 1967 و 1973. بۆنموونە هەر لەسەرەتاوە ئەمریکا دژی کودەتاکەی 1952 ی گرووپی ئەفسەرانی ئازاد نەبووە، ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر راستە، چونکە ئەمریکا دەیویست خۆی جێگای بەریتانیا بگرێتەوە.
هەروەها سادات پێی وایە لە کاتی خۆماڵیکردنی نۆکەندی سویس 1956 لەلایەن ناسرەوە، ئەوە هەڵوێستی ئەمریکا بوو ، کەوایکرد فەرەنسا و بەریتانیا وئیسرائیل بکشێننەوە، دەنا یەکێتی سۆڤێت هیچ رۆڵی باشی نەبووە.
هەرخۆشی دەڵێت:
_ ئێمە لەکاتی خۆماڵیکردنی نۆکەندی سویسدا لەرووی سەربازییەوە شکسکتمان هێنا، بەڵام دوایی ناسر لەروویی سیاسیەوە جەنگەکەی بردەوە، ئەوەش بەهۆی فشاری ئەمریکاوە بووە.

هەموو وەرەقەکان بەدەستی ئەمریکان
دواتر زۆر وەسفی ئەمریکا دەکات کە یارمەتیداون لە کردنەوەی قەناتی سوێس و هەروەها دانوستانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و میسر. بەبڕوای سادات پێشتریش گوایە جارێکیان ناسر بە ساداتی ووتەوە: هەموو وەرقەکانی یاری رۆژهەڵاتی ناڤین بەدەستی ئەمریکایە ل 258.
هەرچەندە مێژوونوسانی میسری دژی ئەم بۆچوونەی سادات دەوەستنەوەو پێیان وایە ، ئەمە قسەی سادات خۆیبووە بەناوی ناسرەوە کردوویەتی.
بەڵام سادات هەرخۆی دان بەو راستیەدا دەنێت، کەئەوان بۆیە لە جەنگی ئۆکتۆبەری 1973 دا شکستیان هێناوە لەبەرئەوەی ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ دابەزیوەتە جەنگەکەوەو پردێکی ئاسمانی بۆ هێنانی تانک و موادی سەربازی لە ئەمریکاوە بۆ ئیسرائیل دروستکردووە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا سادات هەر وەسفی ئەمریکا دەکات، دیارە نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت ، ئەم کتێبە لەکاتی دانووستانی نێوان ئیسرائیل و میسر نووسراوە،کەبە رابەرێتی ئەمریکا ئەو رێکەوتنی ئاشتییە چێبوو، لەوکاتەشدا سادات زۆر پێویستی بە ئەمریکا هەبووە بۆیە ئاوا وەسفیان دەکات. لەلایەکی ترەوە سادات دارێژەری سیاسەتێکی نوێیە لەناوچەکە ئەویش ئەوەیە: پێویستە وڵاتە عەرەبییەکان پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا باشبکەن، چونکە ئەوە لەبەرژەوەندی عەرەبە و دژی ئیسرائیلە، لەکاتێکدا ناسر دژی باشکردنی پەیوەندی بوو لەگەڵ ئەمریکا چونکە بە یارمەتیدەری ئیسرائیلی دادەنا.

جەنگی 1967
لەبارەی جەنگی 1967 کەبە جەنگی حەوت رۆژە ناودەبرێت عەرەب پێی دەڵێن « نەکسەی 1967» سادات بەگشتی ئۆباڵی ئەم شكستە دەخاتە سەر عەبدول حەکیم عامر سەرۆک ئەرکانی سووپای میسر،ئینجا ناسر. جگەلەوەش باسی رەوشی گشتی میسر دەکات کەلەو کاتەدا لە جەنگێکی خوێناویی بووە لە یەمەن لەدژی نەیارانی کۆماری یەمەنی شۆڕشگێر کە سعودیە پشتگیری دەکردن، جگەلەوەش میسر لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتە عەرەبییەکان پەیوەندی باش نەبووە بەتایبەتی سعودیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، سادات زۆر وەسفی میر فەیسەڵ دەکات و بەدۆستی میسری دادەنێت، لەکاتێکدا میر فەیسەڵ گەورەترین زەربەی لە سووپای میسر لە یەمەن دا و تا دواهەناسەی دژی هەژموونی ناسر و میسر لە گێتی عەرەبیدا دەجەنگا.
لە رووی جیهانیشەوە میسر لەجەنگێکی بەردەوامدا بووە لەگەڵ رۆژئاواو ئەمریکا هەموو ئەمانەش لەبەرژوەندی ئیسرائیلدا بووە.
لەرووی ناوخۆیشەوە جەنگێکی سەخت لەنێوان حەکیم عامرو ناسردا هەبووە، ئەمەش شۆڕبۆتەوە بۆ زۆربەی دەزگاکانی دەوڵەت و حکومەتی تووشی ئیفلیجی بکردووە، جگە لە سەپاندنی سیستەمێکی تۆقاندن و ترساندنی خەڵکی و حوکمی پۆلیسی.

جەنگی 1973
دیارە جەنگی ئۆکتۆبەر یەکێکە لەدەستکەوە گەورەکانی حوکمی سادات و بە خاڵێکی گرنگی مێژووی میسر و عەرەب و ناوچەکە دادەنێرێت. دیارە لەم جەنگەدا کەمێک عەرەبەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و ئیسرائیلیان تووشی سووکە شکستێک کرد. لەم کتێبەشدا پانتاییەکی زۆری بۆ داگیرکراوە،بەڵام سادات باسی سێ خاڵی گرنگ ناکات.
یەکەم: راستە سەرەتا میسرییەکان توانیان سەرکەوتن بەدەستبهێنن ، بەڵام دوایی ئیسرائیلیەکان دەستیانکردەوەو دووبارە میسرییەکانیان راوناو تووشی کێشەی گەورەیان کردن، سادات زۆر بەکەمی باسی ئەم خاڵە دەکات و ئۆباڵی تەوقدانی لەشکرەکەشی دەخاتە سەر شانی سەعدەدین شازلی سەرۆک ئەرکانی پێشووی میسر، کەدوایی لەگەڵ سادات تێکچوون و تاکۆتایی ژیانی، لەدژی سادات و رێکەوتنی ئاشتی وەستایەوە.
خاڵی دووەمیش کە باسی لێوە ناکات، سادات وا پیشانی جیهان دەدات، کەتەنها خۆی هەوڵیداوە ئامادەکاری بۆ جەنگەکە بکات و ئەوە ئەو بووە سووپای میسری پرچەککردۆتەوەو بەهیچ شێوەیەک باسی ناسر ناکات، چونکە لەپاش شكستی 1967 ەوە ، ناسر سووپای میسری بۆ جەنگێکی نوێ ئامادە دەکرد، لێرەدا سادات هیچ باسی رۆڵی ناسر ناکات.
سێهەمین خاڵیش کە سادات باسی لێوە ناکات، رۆڵی گرنگی یەکێتی سۆڤێتە لەپڕچەککردنی سووپای میسری، چونکە گەر یارمەتییەکانی یەکێتی سۆڤێت نەبوایە، ئەوا بە دڵنییایەوە سووپای مسیری دووبارە نەیدەتوانی جەنگ لەدژی ئیسرائیلیەکان بکات، نەک میسرییەکان بگرە سووریەکانیش توانای جەنگیان نەبوو. لێ بەداخەوە سادات بەئەنقەست رۆڵی یەکێتی سۆڤێت نەک بە باشی باس ناکات، بگرە بە خراپەش باسی رۆڵیان دەکات .

فەرامۆشکردنی رۆڵی وڵاتانی عەرەبی
خاڵیکی تر کەمایەی سەرنج و هەڵوەستە لەسەرکردنە، سادات بەهیچ شێوەیەک باسی رۆڵی وڵاتە عەرەبییەکان بەتایبەتی نەوتییەکان ناکات، چونکە لەئەنجامی جەنگی 1973 دا کاتێک وڵاتە عەرەبییەکان زانییان کە میسرو سوریا خەریکە جەنگەکە بدۆرێنن، گەمارۆی نەوتییان خستە سەر وڵاتانی رۆژئاوا، ئەمەش کارداناوەیەکی ئێجگار گەورەی لەسەر سیاسەت و ئابووری جیهان هەبوو، هەرئەمەش وایکرد، کە جیهان بەوپەڕی گرنگییەوە سەیری ناوچەکە بکات و هەوڵی دۆزینەوە رێگا چارە بۆ کێێشەی عەرەب‌و ئیسرائیل بدۆزێتەوە. لێ سادات بە وشەیەکیش باسی گرنگی ئەم هاوکارییە گەورەییەی وڵاتە عەرەبییەکان ناکات، کە بە بڕوای من، گەورەترین هاوکاریی میسر و کێشەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و عەرەبی کردووە.

پرۆسەی ئاشتی و ئیسرائیل
یەکێک لەو خاڵە سەرنج راکێشانەی کە لە ژیانی ساداتدا وایکردووە بێتە مایەی گرنگی پێدان، ئامادەبوونی بوو بۆ دانیشتن لەگەڵ ئیسرائیل و مۆرکردنی رێکەوتنی ئاشتی بوو. من وەکو خۆم یەکێک لە خاڵە سەرنج راکێشەکانی ئەم پیاوە، پەیوەندی بەو ئازایەتییەوەیە، کە لە ناخییدا هەبووە، ئامادە بووە رووبەری زۆرینەی میسرییەکان و تەواوی وڵاتانی عەرەبی بێتەوە، بۆئەوەی بچێت ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل مۆر بکات و کۆتایی بە جەنگی نێوان میسر و ئیسرائیل بهێنێت، بەتایبەتی چوونی بۆ ناو کنێستی» پەرلەمان» ئیسرائیل و داواکردنی ئاشتی، یەکێکە لەو خاڵانەی کە تووشی سەرسامی کردووم بەم سیاسەتمەدارە. باوەڕ ناکەم لەمێژوویدا هیچ سەرکردەیەک ئەو ئازایەتییەی هەبووبێت یان ئەو «شێتییە» ، یان هەرچیەکی پێدەڵێیت، کە بە رۆژی رووناک بچێت سەردانی ماڵی دوژمنەکەی بکات.
سادات لەم کتێبەشدا گرنگی بەم پرسە داوە لە دوایین بەشی کتێبەکەدا فەسڵێکی بەناوی « رێگای ئاشتی « داناوە.
سادات لەبارەی ئاشتییەوە دەڵێت:
– من لەو باوەڕەدام پێویستە مرۆڤ کار بۆ سەرخستنی ئاشتی بکات، چونکە هیچ شتێک لەجیهاندا یەکسان نییە بەئاشتی. ل 364
بەدڵنیاییەوە رێکەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل خاڵێکی جوانی ئەم سەرکردەیەیی میسرو عەرەبە، هەرچەندە لەچاوی نەتەوە پەرستەکانی عەرەبەوە، سادات کەسێکی خائینە، بەڵام مێژوو سەلماندی بۆچوونەکانی سادات راست دەرچوون، چونکە دوای ئەو، هەموو دەوڵەتانی عەرەبی دەستیان بە پرۆسەی ئاشتی کرد. تەنانەت کەسە رادیکاڵەکانی وەکو عەرەفات و ئەسەدیش هاتنە ریزی پرۆسەی ئاشتییەوە.

کورد
بەداخەوە ئەم سەرکردە میسرییە هەرچەندە زۆر ئاگاداری رەوشی گەلی کورد بووەو لەنزیکیشەوە پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک مام جەلال هەبووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک تەنانەت بە وشەیەکیش باسی کورد ناکات. ئەمەش مایەی نیگەرانی بوو لە لای من.

دەرئەنجام
بمانەوێت یان نا، ئەنوەر سادات یەکێکە لەسەرکردە گرنگەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین، کە توانی رێرەوی مێژووی میسر و ناوچەکەش گۆڕانکاری تێدا بکات، گەورەترین گۆڕانکاریش پەیوەندی بە جەنگی عەرەب و ئیسرائیلەوە هەبوو، چونکە دوای ئەوەی کە میسر رێکەوتنی ئاشتی واژۆ کرد، چیتر عەرەبەکان نەیانتوانی جەنگی گەورە لە دژی ئیسرائیل بکەن. لەلایەکی تریشەوە دەتوانین کرانەوەی سادات لەبەرامبەر رەوتە ئیسلامییەکان، بە خاڵێکی نێگەتیفی دابنێین، چونکە ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر کۆمەڵگەی میسریی و رۆژهەڵاتی ناڤینیش دانا، چونکە سادات رێگای خۆشکرد، بۆ بەهێزبوونی رەوتە ئیسلامییەکان، کە هەتاوەکو ئێستاش، رۆژهەڵاتی ناڤین باجی ئەو سیاسەتەی سادات دەدات.
بەدڵنیاییەوە ئێمەی کورد دەتوانین سوود لە ئەزموونی سیاسیی ئەم سیاسەتمەدارە وەربگرین، چونکە لە رووی سیاسیی و فکریشەوە، رۆڵی گەورەی لەناوچەکەدا گێڕاوە.

سەرچاوە:
انور السادات. البحث عن الذات. . قصه‌ حیاتی. المکتب المصری الحدیث.1977

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...