سەرەکی » ئابووری » قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا ئاشكرا دەكرێت

جێبەجێكردنی بڕیاری پێناسی گومركی یەكگرتوو

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا ئاشكرا دەكرێت

یەکەی ئابووری

مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی هاوردەو ناردنكارانی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ، لە بارەی گرنگی و كاریگەری جێبەجێكردنی بڕیاری پێناسی گومركی یەكگرتوو لەهەرێمی كوردستان‌و هەڵگرتنی خاڵە گومركییەكانی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هەروەها قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان قسەی كردوە.

ئۆتۆمۆبێلە مۆدێل بەررزەكان
مستەفا عەبدولڕەحمان دەڵێت: «یەكخستنی پێناسەی گومركی لە نێوان عیراق و هەرێمی كوردستان كە لەم هەفتەیەدا چووە بواری جێبەجێكردنەوە لەناوخۆدا گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت لەوەی بازرگانان و هاوردەكاران لە گشت سنوورەكانەوە بە شێوەی یەك پاكێج دەتوانن كاڵاكانیان هاوردە بكەن بۆ هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پێناسەیە زۆربەی پشتی بەستووە بە رسوماتی گومركی هەرێم كە ئەوەش خاڵێكی باشەو رسوماتی گومركی هەرێم كەمترە لە عیراق، بەڵام لە هەندێك كاڵادا پشت بەستراوە بە بەهای گومركی عیراق بەوەش نرخەكان زیاد دەكات بە تایبەت لە ئۆتۆمۆبێلە مۆدێل بەررزەكاندا».
ئەو وتی: «بە شێوەیەكی گشتی یەكخستنی پێناسی گومركی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق هەموو سنوورەكانی هەردوولا پێكەوە دەبەستێتەوەو بازرگانان‌و هاوردەكاران بە شێوەیەكی راستەوخۆ دەتوانن لە هەر سنوورێكەوە بیانەوێت كاڵای خۆیان هاوردەی هەرێم و عیراق بكەن».

كاریگەرییەكی زۆر خراپی هەبوو
پێش چەند رۆژێك بڕیاری هەڵگرتنی خاڵە گومركییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شارەكانی تری ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراق چووە بواری جێبەجێكردنەوەو ئەو خاڵە گومركییانە هەڵگیران كە پێشتر لەلایەن حكومەتی عیراقەوە داندرابوون و كاریگەری گەورەی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروستكردبوو.
سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان لەو بارەیەوە وتی: «ئەو خاڵە گومركییانەی حكومەتی عیراق لە نێوان هەرێم و عیراق داینابوو كاریگەرییەكی زۆر خراپی هەبوو لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و شارەكانی تری عیراق، بەلابردنی ئەو خاڵە گومركییانەش بوژاندنەوەیەك دروست دەبێت لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا بۆ ئەوەی بتوانرێت پێكەوە ببەسترێنەوەو كارخانەكانی هەردوولا لەگەڵ شارەكانی تر كار بكەن و ئەو نرخانەی بەهۆی ئەو خاڵە گومركییانەوە زیاد بووبوون دادەبەزێتەوەو هەرێمی كوردستانیش زیاتر دەبوژێتەوە».
راشیگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ساڵی 2016 و 2017 كەمتر بووە، بەڵام لە ساڵی 2018 تواندراوە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە زیاتر بكرێت، بەشێوەیەك بۆ ئەمساڵ 2019 پێشبینی بەرەوپێشچوونێكی باش دەكەین لە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عیراق و وڵاتانی دەرەوە، هەروەها هەرێمی كوردستان بەهۆی لابردنی خاڵە گومركییەكانەوە هاوشێوەی ساڵانی 2010 و 2011 دەبێتە سەنتەرێكی بازرگانی بۆ ناو شارەكانی عیراق.

بگاتە 13 تا 14 ملیار دۆلار
سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان باس لەوەش دەكات، لابردنی خاڵە گومركییەكان كاریگەری گەورەی لەسەر زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت توركیا دەبێت و پێشبینی بەرزبوونەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان دەكات.
ئەو وتی: «قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە ساڵی 2018دا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی‌و توانرا ئاڵوگۆڕێكی بەرفراوان بكرێت بە شێوەیەك قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو ساڵەدا نزیكەی 12 ملیار دۆلار بووە، بۆ ئەمساڵ 2019 پێشبینی دەكەین ئەو قەبارەیە بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت و بگاتە 13 تا 14 ملیار دۆلار».

هێنانی ئۆتۆمبێل
پێشتریش، نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی حكومەتی هەرێم، رایگەیاندبوو، بەشێوەیەكی گشتی ئەو كاڵایانەی دێتە هەرێمی كوردستانەوە، (52 %)ی لەڕێگەی توركیاوە دێت كە ئەویش لەڕێگەی مەرزی ئیبراهیم خەلیل-ەوەیە، هەروەها (48 %)ی كاڵاكانیش دیكە لەڕێگەی مەرزەكانی دیكەی ئێرانەوە دێنە هەرێم‌و عیراقەوە.بەپێی ئامارەكانمانیشمان ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە دێنە هەرێمی كوردستانەوە رێژەی (84 %)یان لەڕێگەی مەرزەكانی ئێرانەوە دێنە هەرێمی كوردستان، هەروەها (16 %)یشی لەڕێگەی مەرزی ئیبراهیم خەلیلەوە دێن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

زیاتر لە ملیارێك دینار بۆ كەسوكاری شەهیدانی سلێمانی خەرجكراوە

ئا: سامان فەریق لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2019دا نزیكەی ...