سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا ئەوروپاییەكان هاندەدات لە رێكەوتنی ئەتۆمی پاشەكشە بكەن

ئیسرائیلیش هەڵوێستی خۆی هەیە

ئەمریكا ئەوروپاییەكان هاندەدات لە رێكەوتنی ئەتۆمی پاشەكشە بكەن

مایك بنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، ئەوروپاییەكان هاندەدات لە ڕێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پاشەكشەبكەن كە تۆمەتباری دەكات بە لەقكردنی سەقامگیری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتریش دەكات بەسەر تاراندا.
مایك بنس، لە وتارێكیدا لەلە كۆنگرەی وارسۆ لەبارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە ئیسرائیل و نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی بەشدارییان تێدا كردبوو، ئێرانی بە «گەورەترین مەترسی» لە ناوچەكەدا وەسفكردووە و ئاماژەی بە خۆئامادەكردنی وڵاتەكەش كردبوو بۆ دروستكردنی «كورەیەكی نوێی سوتاندن» بەهۆی خواستە ئیقلیمییەكانی.
جێگری سەرۆكی ئەمریكا، ئیدانەی دەستپێشخەرییەكەی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای كردبوو كە ئامانج لێی ڕێگەدانە بە كۆمپانیا ئەوروپاییەكان تا بەردەوامبن لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، وێڕی سزا ئەمریكاییەكان.
بە گوتەی بنس»ئەوە ڕێوشوێنێكی نا حەكیمانەیە و دەبێتە مایەی پتەوكردنی (پێگەی) ئێران و لاوازكردنی یەكێتی ئەوروپا و دروستكردنی كەلێنی گەورە لەنێوان ئەوروپاییەكان و ویلایەتە یەكگرتووەكان».
بنس رایگەیاندبوو»كاتی ئەوە هاتووە هاوبەشە ئەوروپاییەكانمان لەو ڕێكەوتنە پاشەكشە بكەن كە پەیوەندی بە ئەتۆمی ئێرانەوە هەیە».

ئەوروپا ڕەتیدەكاتەوە
لەگەڵ یادكردنەوەی كۆماری ئیسلامی بۆ چل ساڵەی روخانی حوكمڕانی شا محەمەد ڕەزا پەهلەوی، جێگری سەرۆكی ئەمریكا بەڵێنیدا ئەوپەڕی گوشارەكان بخرێنەگەڕ، بەڵام بەئاشكرا داوای گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی نەكرد.
لە وتارەكەیدا نبس ڕایگەیاندبوو»لەكاتێكدا ئابوری ئێران لە داڕمانی بەردەوامدایە و گەلی ئێرانی دەڕژێنە سەر شەقەمەكان، دەبێت ئەو وڵاتانەی داوای ئازادی دەكەن یەكبگرن و بەرپرسیارێتی ئەو شەڕەنگێزی و توندوتیژییەی دەرهەق بە گەلەكە و ناوچەكە و تەواوی جیهان دەكرێت، بدەنە پاڵ حوكمڕانی ئێران».
ئاماژەی بە زیاتر توندكردن و قورستركردنی سزاكانیش كردبوو» تا ئەو كاتەی ئێران هەڵسوكەوتە مەترسیدارەكانی كە بونەتە مایەی لەقكردنی سەقامگیری دەگۆڕێت».
بەڵام پۆڵەندا كە بەشداری لە ڕێكخستنی كۆنگرەكەدا كردبوو لەگەڵ ولایەتە یەكگرتووەكان و یەكێكە لە ئەندامانی یەكێتی ئەوروپا، لەگەڵ یەكێتییەكەدا پێشتر داواكارییەكانی ئەمریكایان ڕەتكردبۆوە سەبارەت بە پاشەكشەكردن لەو ڕێكەوتنە مێژووییەی لەگەڵ ئێراندا لە ساڵی 2015 لە ڤیەننا ئیمزاكرا.
فیدریكا موگرینی، بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا كە بەشداریی لە كۆنگرەی وارسۆدا كردبوو، ڕایگەیاندبوو»بەرپرسانی ئەوروپا هاوڕان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان سەبارەت بە نیگەرانییەكان، بەڵام جیاوازن لەگەڵیدا لەبارەی رێكەوتنەكە».
موگرینی لە برۆكسل بە رۆژنامەوانانی ڕاگەیاندبوو»سەبارەت بە ئێمە، جێبەجێكردنی ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران، پرسێكە پەیوەندی بە ئاسایشی ئەوروپاوە هەیە، و ئامانج لێی خۆبەدوورگرتنە لە پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، تێبینی جێبەجێكردنی (رێكەوتنەكە)ش دەكەین».
بە گوتەی بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا»سەبارەت بە ئێمە بەردەوامبوون لە كاركردن بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكە دەستپێكی كارەكانە».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، نێڵس ئانن دیپلۆماتكاری ئەڵمانی بە رۆژنامەوانانی ڕاگەیاندبوو»ئەوروپا سەبارەت بە پرسی ئێران لەنێوخۆیدا دابەشنەبووە. ئەوروپا پشتیوانی لە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە دەكات لەگەڵ ئێران».
ئامانج لە كۆنگرەی وارسۆ كە لە 14ی شوباتی 2019 دەستی بەكارەكانی كرد، چڕكردنەوەی گوشارەكانە بۆسەر دەسەڵاتدارانی ئێران، وێڕای ئەوەی وڵاتە ئەوروپاییەكان بایەخێكی گەورە بە وتوێژەكان دەدەن لە سایەی هەڵوێستی بەئاگابونیان بەرانبەر بە خواستەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا.
ئاژانسی (فرانس پرێس) لە زاری دیپلۆماتكارێكی ئەوروپایی كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات بڵاویكردۆتەوە»ئێمە هەموومان كۆكین لەسەر پێویستی زیاتركردنی گوشارەكان لەسەر ئێران لەبارەی بابەتە گرنگەكانی وەك موشەكەكان و تیرۆرەوە».
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەوروپاییە»بەڵام هەموو ئەو سیاسەتانەی دەبنە مایەی پەلكێشكردنی ئێران بۆ ئاڵۆزكردنی ڕەوشەكە، بە تایبەت لە بواری ئەتۆمیدا، بە هەڵەیەكی گەورەی دەزانین و بە توندی ڕەتیدەكەینەوە».
لە واقیعدا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، نوێنەرانی پلە دووی وڵاتەكانیان ڕەوانەی وارسۆ كردبوو.

ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل
لای خۆیەوە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كە هاوپەیمانی یەكەمی واشنتۆنە، لە دوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی عەرەب كە یەكگرتووبوون لە دژی ئێران، كۆنگرەی وارسۆی بە «وەرچەرخانێكی مێژوویی» دانابوو.
نەتانیاهۆ هیوای خواستبوو، ئەو بەرەیە ببێتە مایەی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، خۆشحاڵی خۆی نەشاردبۆوە كاتێك لە ئێوارە خوانێكدا كە لە 13ی شوباتی 2019 لە كۆشكی شاهانە لە وارسۆ لەسەر یەك مێز لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سعودیە و ئیمارات و بەحرێن كۆبووەوە كە هەموویان دان بە دەوڵەتی عیبریدا نانێن.
نەتانیاهۆ بۆ رۆژی دواتر ڕایگەیاندبوو»لە هۆڵەكەدا نزیكەی شەست وەزیری دەرەوە دانیشتبوون كە نوێنەرایەتی دەیان حكومەتیان دەكرد، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیرەكانی دەرەوەی وڵاتە گەورەكانی عەرەبن پێكەوە بە گوڕ و بە ڕوونی و یەكگرتووییەكی نائاساییەوە قسەیان لەسەر ئەو هەڕەشە هاوبەشە كرد كە رژێمی ئێرانی دروستی كردووە».
بە گوتەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل»پێموایە ئەمە بەڵگەیە لەسەر گۆڕانكاریی و تێگەیشتنێكی گرنگ بەرانبەر بەو مەترسییەی هەڕەشە لە ئایندەمان دەكات».
لەنێوان وڵاتانی عەرەبیدا، ئیسرائیل تەنیا پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ میسر و ئەردەن هەیە. بەڵام سەركردەكانی وڵاتانی كەنداو بە تایبەتیش محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانەی سعودیە، هاوڕایە لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە نیگەرانییەكان بەرانبەر بە ئێران.
لە لوتكەیەكی تایبەت بە سوریا كە لە سوچی باشووری خۆرئاوای روسیا سازكرا و حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران لەگەڵ سەرۆكەكانی ڕوسیا و توركیادا كۆبووەوە، ڕۆحانی ئیدانەی كۆنگرەكەی وارسۆی كرد و بە «مایەپوچ و بێ‌ ئەنجام» وەسفیكرد.
لە كۆنگرەی وارسۆ، جارید كۆشنەر ڕاوێژكار و زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە دانیشتنێكی داخراودا، پێشنیاری ئەمریكای بۆ ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو كە بڕیارە بەشێوەیەكی ڕەسمی لەدوای هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل لە نۆی نیسانی داهاتوو، ڕابگەیەنرێت.
لە كۆنگرەكەدا دەسەڵاتی فەلەستینی بەشداریی نەكرد كە بە «پیلانێكی ئەمریكایی» ناوی برد و ناوبژیوانی ئەمریكاش لە ناكۆكییەكاندا ڕەتدەكاتەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا شاری قودسی وەك پایتەختی ئیسرائیل ناساند.

كۆنگرەی وارسۆ
كۆنگرەی وارسۆ كە ناسراوە بە كۆنگرەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە سەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە وارسۆ، لە 13 و 14ی شوباتی 2019 لە وارسۆی پایتەختی پۆڵەندا سازكرا.
پۆڵەوندا و ویلایەتە یەكگرتووەكان میوانداریی كۆنگرەیەكەیان كردبوو، بەپێی بەیاننامەی ڕەسمی هاوبەشی كۆبوونەوەی نێوانیشیان، ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ڕووداوەكەوە هەیە، بریتین لە:»تیرۆر و توندڕەوی، و پەرەپێدانی موچەكەكان و بڵابوونەوەیان، و بازرگانی دەریایی و ئاسایشی دەریایی، و ئەو هەڕەشانەی گروپە بەكرێگیراوەكان لەڕێی ناوچەكەوە دروستی دەكەن».
لە سەرەتای مانگی شوباتی 2019، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو»ئامانج لە كۆنگرەكە، جەختكردنەوەیە لەسەر «كاریگەریی ئێران و تیرۆری وڵاتەكە لە ناوچەكەدا»، لەگەڵ ئەوەشدا و دوای ئەوەی ئەوروپا رێگریی نواندا بەرانبەر بەو ئامانجە، ویلایەتە یەكگرتووەكان ناچار بوو پاشەكشەبكات بۆ پلاندانان لەپێناو دروستكردنی هاوپەیمانییەكی جیهانی لە دژی ئێران. لەوتكەكەش نزیك بوو لە كۆنگرەی ساڵانەی میۆنیخ بۆ ئاشتی كە لە 15-17ی شوباتدا سازكرا.
ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ناوەڕاستی كانوونی دووەمی 2019 ڕایگەیاندبوو»كۆنگرە وەزارییەكە بۆ پتەوكردنی ئایندەی ئاشتی و ئاسایشە لە خۆرهەڵاتی وەڕاست»، ئەمەش یەكەم كۆنگرەی لوتكەی لەو جۆرە بوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...